لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

خەسڵەتی پۆزەتیڤ و بنیاتنەری دڵەڕاوکێ ئەوەیە کە مرۆڤ لە زیندانی شتە پڕوپووچەکانی ژیان رزگار دەکا. دڵەڕاوکێ "دەچێتە ناو رۆحیەوە و لە شتە بچووک و سنووردارەکان خاوێنی دەکاتەوە." لە رێگای دڵەڕاوکێوە مرۆڤ دەرفەتەکان دەبینێ و دەبێ بە "شاگردی دەرفەتەکان". 

 

دڵەڕاوکێ لای سۆرن شیرکەگۆرد ٥

نووسینی: هانس هەرلوف گرێلاند

 

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

قسەی لەم چەشنە خۆی لە قەرەی کایە بە وشەی 'هیچ' دەدا. لە لایەکەوە 'هیچ' بە مانای ئەوە دێ 'شتێک لە ئارادا نیە' و، بەڵام لە فۆڕمی زمانی دا وەک دیاردەیەک دێتە گوێ کە بوونی هەیە (سوبستانس). دەبێ ئەوە بڵێین شیرکەگۆرد لێرەدا کایە بە وشە دەکا. ئەو، زمان لە رێگای رستەی سادەوە بەکاردەبا بۆ باسکردنی ئەو شتانەی باسکردنیان ئاسان نیە، بەڵام هاوکات لە پەیوەندی لەگەڵ شتی تردا مانادەدەن. هەست لە پێش بیرەوە دێت و، دەرفەتی وێناکردنی ئەو شتەی دەدا هێشتاکە فۆڕمی بیری وەرنەگرتووە. ئەمە رێک ئەو شتەیە دڵەڕاوکێ دەگرێتەوە. جا ئەو شتە چیە 'هیچ' ئاماژەی پێدەکا؟ نووسەر لە کتێبەکەیدا بە شێوازی راستەوخۆ پێناسەیەکی لێ پێشکەش دەکا:

"دڵەڕاوکێ سەرگێژەی ئازادییە، کاتێک ئازادی لە دەرفەتەکانی خۆی رادەمێنێ."

دوواتر سەبارەت بە ئادەم کە لە لایەن خوداوە خواردنی میوەی بەهەشتی لێ قەدەغە کراو، دەڵێ:

"قەدەغە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، چونکە قەدەغە دنەدەری بەئاگاهێنانەوەی دەرفەتی ئازادییە. بێگوناهی وەک 'هیچ'ی دڵەڕاوکێ لە ئادەم دا تێدەپەڕێ، بەڵام کە دێتەوە خۆی دیسان دەگاتەوە هیچ،... ئەوەی کە پێی دەگوتری توانین و کەچی لە راستیدا دەرفەتێکە پڕە لە دڵەڕاوکێ."

لەم بیگوناهییە خۆبەخۆ و سروشتییەدا ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە کە دەرفەتی هەڵبژاردنمان هەیە، هەربۆیە خاوەن وشیارییەکی روون سەبارەت بەو دەرفەتانەی بۆمان دەڕەخسێن نین، ئەو دەرفەتانەی وا بنەمای ئازادیین، ئەو ئازادییەی وا بەتووش سەرگێژەوەمان دەکا. دەتوانین بڵێین دڵەڕاوکێ 'هەستی ئازادییە'. لە دڵەڕاوکێ دا وشیاریی سەبارەت بە ئازادی خۆی حەشارداوە کە زیاتر لە هەر بیرێکی تر گرینگە. واتە ئەو تێگەیشتن و زانیارییەی وەک مرۆڤ لەسەر ئازادیی خۆمان هەمانە.

دڵەڕاوکێ خۆی لە کێشمەکێشی نێوان ئەو ترسناکی و سەرنجڕاکێشییەی لە دەرفەتی ئازادیدا هەیە پیشان دەدا. ئەم خاڵە لە لایەن شیرکەگۆردەوە لە کتێبەکەیدا باس دەکرێ. ئەمە وڵامی ئەو پرسیارەیە لەمەڕ ئەوەی بۆچی هەستی ئازادیی ئەوەندە ئازاراوییە. لە کتێبەکەیدا شیرکەگۆرد دەڵێ کە دڵەڕاوکێ "سیمپاتییەکی تێکەڵ بە نەفرەتە و، نەفرەتێکی تێکەڵ بە سیمپاتی". ئەو دەنووسێ: "دڵەڕاوکێ پەیوەست بوون بەو حاڵەتەیە مرۆڤ لێی دەترسێ، نەفرەتێکی تێکەڵ بە سیمپاتییە. دڵەڕاوکێ هێزێکی بێگانەیە مرۆڤ دەگرێ و ناتوانێ خۆی لێ دەربازبکا. دڵەڕاوکێ ئەو حاڵەتەیە مرۆڤ نایەوێ چونکە لێی دەترسێ، بەڵام هاوکات ئەم ترسە دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێش بوونی."

دڵەڕاوكێ لەم کێشمەکێشەدا خۆی دەنوێنێ. ئەوەی کە گەلێک دەرفەت لەبەردەم مرۆڤدا هەیە ترسناکە، ئەو دەرفەتانەی حەزمان لێیان نیە، ئەو دەرفەتانەی کە سەرنجی ئێمە بەرەو خۆیان رادەکێشن، بەڵام هاوکات جورئەتی هەڵبژاردنیانمان نیە. ئەمە بەو واتایە دێت کە لە دڵەڕاوکێدا شتێکی سەرنجڕاکێش هەیە ئێمە بەرەو خۆی رادەکێشێ. بۆیە هاوکات شیرکەگۆرد قسە لەسەر "دڵەڕاوکێی شیرین" و "بوونەوەرێکی شیرین" دەکا. ئەو دەنووسێ: "کاتێک لە منداڵان دەڕوانین دەبینین لەواندا دڵەڕاوکێیەک هەیە کە بە شوێن حەقایەت و ئەو چیرۆکە سەیروسەمەرانەوەیە پڕن لە سەرسوڕمان و عەجایبات. ئەم دڵەڕاوکێیە ئەوەندە تێکەڵە بە منداڵ کە نایەوێ لە دەستی بدات و ئەو ئازارە دەخاتە قاڵبی ئەو ئاژەڵانەوە خۆشی دەوێن."

گەورەساڵانیش کە جاروبارە لە منداڵ دەچن، دەیانەوێ ئەزموونی سەرسوڕمانی خۆیان لە فیلمی ترسناک، یاخود لە سەفەرێکی نادیار، یان وەرزشێکی پڕ لەخەتەردا ببیننەوە. بەڵام لە پێش هەر شتێکدا ئێمە ئەم هەیەجانە لە نێوان ترس و حەز لە سێکس دا دەبینیننەوە، کە ئەمە پێوەندیی نێوان دڵەڕاوکێ و سێکس نیشان دەدا کە کتێبەکەی شیرکەگۆرد دەچێتەوە سەری.

دووا پاژ لەمەڕ دڵەڕاوکێ بریتییە لە "دڵەڕاوکێ وەک رزگاریدەرێک لە بڕوادا"، لێرەدا شیرکەگۆرد لە دڵەراوکێ وەک هێزێکی بنیاتنەر دەڕوانێ. کە مەبەست لە بڕوا، تایبەتمەندییەکە لە رووانین لە ژیاندا کە تێێدا: "زانیارییە دەروونییەکانی ئێمە بەشوێن نەمرییەوەن." خەسڵەتی پۆزەتیڤ و بنیاتنەری دڵەڕاوکێ ئەوەیە کە مرۆڤ لە زیندانی شتە پڕوپووچەکانی ژیان رزگار دەکا. دڵەڕاوکێ "دەچێتە ناو رۆحیەوە و لە شتە بچووک و سنووردارەکان خاوێنی دەکاتەوە." لە رێگای دڵەڕاوکێوە مرۆڤ دەرفەتەکان دەبینێ و دەبێ بە "شاگردی دەرفەتەکان". ئەوجا ئاکام بریتی دەبێ لە دۆخێکی تازە کە مرۆڤ تێیدا لە لایەکەوە زۆر بە ئاسانی دڵەڕاوکێی لە کۆڵ نابێتەوە و لە لایەکی ترەوە دەبێ بە خاوەن ژیانێکی سەرنجڕاکێش، ژیانێک کە تێیدا هەر شتێکی بچووکیش دەبێ بە خاوەن مانا. ئەو دەنووسێ: "دەرفەت بدە بە کەسێک و لە بیابانێک داینێ، واتە شوێنێک هیچ شتێکی تیا روونادات و تەنیا شتێک کە روودەدات فڕینی ئارامی شاخی ئاژەڵێکە. ئەم کەسە هەموو شتێک بە شێوازێکی کامڵتر ئەزموون دەکا، کامڵتر و وردتر لەو کەسانەی لە شانۆیەکدا دانیشتوون و چەپڵە لێدەدەن، بە مەرجێک دەرفەتی تری لەبەردەمدا نەبێ.

ئەمە دەتوانێ ئێمە بیری 'چان' یان 'زێنبودیسم' لە 'ساتوری' دا بخاتەوە کە تێیدا دیاردە رۆژانەییەکان کتوپڕ مانایەکی سەیر وەردەگرن. ئەم ئەزموونە لە شیعرێکی چینی دا بەم شێوەیە وەسف دەکرێ:

"ئەمە زۆر شتێکی سەیر و سەمەرە نیە

ئاودێنم و دار دێنم."

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین ئەم پاژە لای شیرکەگۆرد کورتە و سەرنجێکی وەهای نەداوەتێ.

Image result for eksistensialisme

بازدید: 925