هیچی مێژوو
مێژوو کە دەکەوێتە جەغزی دووپاتبوونەوە، چەند دیاردە هاوکات روودەدەن: تەسلیمبوون بە ژیانی رۆژانە، چاوەڕوانی بۆ هاتنی فریادڕەسێک کە رەنگە لەوانی تر نەچێ و، سەرئەنجام قارەمانگەرایی.
هەڵبەتە لەم چاخەی ئێمەی تیادەژین تایبەتمەندییەکی تریشی پێ زیادبووە: دانیشتن لە بەردەم کۆمپیوتر و مۆبایل و... بۆ ئەوەی ئەم دیاردانە بسەلمێنینەوە!
لە نێوان دانیشتن و خەیاڵ، قارەمان راوەستاوە. باشتر بڵێین لە نێوان دووپاتبوونەوە و خەیاڵ، قارەمان راوەستاوە، هەرچەند ئەو قارەمانەیش هەمان قارەمانی جاران نیە، چونکە نە ئەوەی دانیشتووە تاقەتی جارانی ماوە و نە قارەمانەکەیش لەهەمان دەرفەتەکانی جاران بەهرەمەندە. بۆیە دیسان دۆخەکە دەکەوێتەوە ناو جەغزی دووپاتبوونەوەوە. قارەمان دیسان خۆی دووپات دەکاتەوە.
ئەو مێژووەی لە نێوان هەموو دەرفەتەکاندا راوەستاوە و ناتوانێ هیچیان هەڵبژێرێ، هیچ نیە، یاخود 'هیچ'ە. کە هەڵنابژێری، بۆت هەڵدەبژێرن. ژیان، شوێنی هەڵبژاردنەکانە.
سایتی قەڵەم
٢ یولی ٢٠١٨