ما 5100 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 فەڕۆخ نێعمەتپوور

راستییەکەی ئەوە بوو شوانەکە هاتبووە سەر ئەو رایەی کە ژیان بریتییە لە هەندێک بڕیار و بەس. ئەو بڕیارانەی وا تەنیا جیاوازییان لەوەدایە هەندێکیان دەگەنە ژیانێکی درێژ و هەندێکێان ژیانی کورت. هەندێ دەبنە مانگا قەشان و هەندێ گوێرەکە.

 

مانگاقەشانی ژێر درەختەکە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

مانگا قەشان لەوەتەی پیربووە، دەتوانێ لە ژێر تاقەدرەختی ئەم دەشت و بەرە، لە کاتێکدا شوانەکە گوێرەکەکان دەڵەوەڕێنێ، پاڵی لێبداتەوە و لەبن سێبەرەکەیدا سەیری دونیای گەرمی دەورووبەری بکا. مانگا قەشان زۆر پیرە، ئەوەندە کە تەنانەت تاقەتی کاوێژیشی نەماوە و تەنیا بە گوێرەی عادەتی کۆن دەم و لەوچی بادەدا وهەڵیدەسوڕێنێ. لە کاتێکدا لیکێکی خەست بە دەم و فڵچی دا بەردەبێتەوە و هەرچی مێش و مەگەزی دونیایە لێی دەئاڵێ، بە تەمبەڵی چاوەکانی دەترووکێنی و لە دەروونەوە پێکەنینی بە گەمژەیی و پیسخۆریی مێشەکان دا دێتەوە. لیکەکەی، زۆر جار ناگاتە عەرزی و بە حەواوە دەمێنێتەوە تا گەرما سەرئەنجام لەگەڵ خۆی دەیبا. هەرچەند مانگا قەشان زۆر لەسەر ئەم رایە نیە و پێی وایە تەنیا مێش و مەگەزەکانن تا دووا قەترە هەڵیدەمژن و دەیخۆنەوە.

مانگا قەشان تەنیا مانگای ئەم سەحرایە و گوندەکەی ناویەتی، پێی ناوەتە پیری. تەمەن یاریدەدەری بووە. هاوتەمەنەکانی ئەو نەماون و هەرچی ئەو گوێرەکانەی تریشن کە لەم دەرودەشتەدا بڵاوبوونەتەوە و دەلەوڕێن، لە شوێنی ترەوە هێنراون. بەڵام سەیر ئەوەیە هیچ کام لەمانەیش وەک هاوتەمەنەکانی مانگا قەشان و نەوەی سەربە ئەو، پیر نابن و پێش ئەوەی بەرەو حەوا باڵابکەن و بەرەو کەنار پان و فش ببنەوە، بە دەردێک دەمرن. دەردێک کەس نازانێ چییە، جگە لە مانگا قەشان.

ئەگەر دەردی پیرنەبوونی گوێرەکەکان نەبایە، ئەوا دەمێک بوو مانگا قەشانیان سەربڕیبوو و لە کۆڵ خۆیانیان کردبووەو گۆشتەکەیان بە ناو گونددا بەشیبوو. راستییەکەی ئەوە بوو ئەویان هێشتبووەوە بۆ ئەوەی بیری گوێرەکەکان بخەنەوە کە دەکرێ ئەوانیش رۆژێک پیرببن و هەر زوو بە گەنجیەتی نەفەوتێن. هێشتنەوەیەک کە تا ئیستاکە هیچ سوودێکی نەبووە و رۆژ نیە گوێرەکەیەک، یان دووان و سیان ون نەبن و بۆ هەمیشە ئاسەواریان نەمێنێ.

مانگا قەشان خەنی بەوەی تەنیا ئەو بوو بە رازەکەی دەزانی، قەت باسی نەدەکرد و راحەت هەموو رۆژێ لە بن سێبەری درەختەکەدا پاڵی لێدەدایەوە و بە چاوە پیرەکانی لە دونیای فانیی دەڕوانی. ئەو دەیزانی هەر باسی رازەکەی بکردایە، ئەوا بە دۆزینەوەی هۆکار، دەردەکە چارەسەر دەکرا و ئیتر دەستبەجێ ملی ئەو دەکەوتە بەر رەحمەتی چەقۆی ئە قەسابەی هەنووکە ساڵانی ساڵ بوو تیغی بە ملی هیچ مانگایەکدا نەهێنابوو. ئەو چەقۆیەی لە خەڵوەتی خۆیدا ژەنگی هێنابوو و بڕینی لەبیر چووبووەوە.

بەڵام رازەکە چ بوو؟

رازەکە ئەوە بوو ئێستاکە چەند نەوەیەک لە گوێرەکەکان بیریان دەکردەوە گەر بچوونایە بۆ ئەو شاخە هەڵەمووت و بەرزەی وا زۆرلێرە دوور نەبوو و بە بژوێن و پڕی گیای تەڕ و ئاوداری بنار و لوتکە بوو و وەک بزنە کێوییەکان لەوێ لەوەڕیبان، ئەوا لە بوون بەو مانگا پیرەی گاڕانەکەیان کە هەموو رۆژێ شوانەکە لەبن سێبەری درەختەکە پاڵیدەخست و لێی دەگەڕا هەتا ئێوارە بە دەوری خۆیدا مۆڵ بخوا و هەوا کاوێژ بکا و بکاتەوە، رزگاریان دەبوو و دەبوون بەو مانگایانەی تا دووا هەناسەکانی ژیانیان چوست و چالاک دەژیان. بۆیە هەموو شەوێ، گوێرەکەکان بە گوێرەی پلان رێگای هەڵاتنیان بۆ چەند دانەیەک لە هاوڕێکانیان خۆش دەکرد و بەرەو شاخە هەڵەمووتەکە بەڕێیان دەکردن.

راستییەکەی ئەوە بوو قەت شوانەکە بەم بەزمەی نەزانی و نەیدەزانی بۆچی هەموو شەوێک هەندێک لە گوێرەکەکانی کەمدەکەن. ئەو کە زەینی دەچووە سەر گورگ و چەقڵ، زۆر جار بە وردی بە دەوری تەویلەکەدا دەهات و دەچوو و چاوەدێری دەکرد، بەڵام قەت نەگەیشتە بینینەوەی ئاسەوارێک لەم گیانلەبەرە گۆشتخۆرە ترسناکانە. بگرە بیریشی لە هەبوونی رۆح و خێو و شتی لەم بابەتەیش کردەوە و، بە هەڵواسینی چەندین نوشتە بەدەوری ئاخوڕەکەدا هەوڵی دوورخستنەوەیانی دا. کارێک کە ئەویش هیچ یارمەتییەکی نەدا. گوێرەکەکان وەک هەمیشە یەک بە دووای یەک دا بزردەبوون.

ساڵان دەگوزەرا و گوێرەکەکان بەو هەوایەی، ئیستا هاوڕێکانیان لەو شاخە، بەهرەمەند لە بژوێن و گیای هەمیشە تەڕ و ئاوداری بەهاری، ژیانێكی شاهانە بەسەردەبەن، گوێرەکەی دیکەیان بەڕێ دەکرد. غافڵ لەوەی گوێرەکەکان هەر یەکەم رۆژ کاتێک دەگەیشتنە شاخەکە، بەو لاپاڵ و هەورازە سەخت و رژدانەوە خۆیان نەدەگرت و لە کاتێک دا تام و بۆنی گیای سەوز و تازە، مەست و ناهۆشیاری دەکردن، لەبەر چاوی پڕ لە سەرسووڕمانی بزنە کێوییەکاندا خلۆردەبوونەوە و هەپرون بەهەپرون دەبوون. ئەوسا دوواتر لاشەکانیان دەبوونە تەعامی ئەو هەڵۆ چاوبرسیانەی وا بە دەوری شاخەکەدا سووڕیان دەخواردەوە و بە تەمای نێچیر نەدەسرەوتن. بزنە کێوییەکان کە لەم بەزمە نەدەگەیشتن، بە لوتکەکانەوە و بەو شوێنانەوە تەنیا لاقی ئەوانی دەگەیشتنێ، بەزەییان بەو دوو سمانەی تردا دەهاتەوە کە بە رەگەز لە ئەوان بوون و کەچی لە توانا و لە لێهاتوویدا یەکجار دوور لەوان. بەم شێوەیە گوێرەکەکان، نەوە دووای نەوە، بە تەمای ژیانێکی باشتر و دەستخستنی لە شاخ، خۆیان فیدا دەکرد.

شوانەکە، کە ساڵانی ساڵ بوو هیچ خێرو بێرێکی لە گوێرەکەکانی نەبینیبوو و هەر لەسەر ئەو چکە شیرەی دەژیا گوانە پیرەکانی مانگا قەشان دەیدایە، سەرەڕای پیربوونی زیاتری مانگا قەشان و ئەگەری مردنی کتوپڕی، دەستی نەدەچووە سەربڕینی. ئەو کە لە خێری ئەوەیش گوزەرابوو مانگا قەشان دنەدەری گوێرەکەکانی بێت بۆ بەمانگابوون، سەرئەنجام بڕیاری دا بۆ ئەوەی گۆشتی ئەویشی لەکیس نەچێ، سەری ببڕێ. مانگا قەشان هەر بەمەی زانی، بڕیاری دا رازەکە لای شوانەکە بدرکێنێ، تا بەڵکو ئەمە ببێتە هۆی پاراستنی ژیانی و زیندوومانەوەی تا چەند سەباحێکی تر. بۆیە رۆژێکیان هەر کە شوانەکە ئەوی بەرەو تاقەدرەختەکە بەڕێکرد، دەستی کرد بە گێڕانەوەی رازەکە. شوانەکە بە بیستنی، واقی وڕما و بۆ چەند ساتێک بێ جووڵە لە جێی خۆی راوەستا. دووای ئەوەی وردورد و بە نیگای قووڵەوە لە مانگا قەشانی رووانی، رۆیشت. مانگا قەشان بزەیەکی هاتێ و دڵنیا لە بەردەوامیی ژیانی رۆژانی داهاتووی، دیسان مۆڵی خواردەوە و دەستی کردەوە بە کاوێژی تەمبەڵانەی، بەردانەوەی لیک و بیرکردنەوە لە مێش و مەگەزەکان.

شوانە زۆر بیری کردەوە کە چۆن چۆنی بەر بەم کارەساتە بگرێ. سەرئەنجام بڕیاری دا لە گەڵ گوێرەکەکانی قسە بکا. بۆیە ئێوارەیەکیان کاتێک لە لەوەڕ دەگەڕانەوە، لە ئاخوڕەکە کۆی کردنەوە و دەستی کرد بە قسەکردن بۆیان. گوتی کە هەر ئاژەڵە و بۆ شوێنێک دەشێ، وتی کە ئەوان وەها نیە هەمیشە گیای زەرد و وشک بخۆن ئەوە نیە بەهاران گیای تەڕ و سەوز دەخۆن و جاری وایشە لە گیاجاڕ دەخۆن کە شتێکی وەهای لە گیای ئەو کوێستانانە کەم نیە، باسی ئەوەی بۆ کردن کە ئەوانەی بە دەم ئاواتەوە رۆیشتن هەر هەموویان مرداربوونەتەوە و چیتر لە ژیاندا نەماون، وتی دەبێ ئاوات بە گوێرەی توانا و لێهاتوویی بێت ئەگینا سەرتیادەبا، وتی ئێمە هەموو بۆ ئەوە هاتووینەتە ژیانەوە بۆ ئەوەی رۆژێک لە رۆژەکان پیربین و هەموو تەمەنمان بژین، وتی مۆڵخواردن لە ژێر درەختدا و لە کاتی پیری تام و چێژی خۆی هەیە، وتی... ، بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو گوێرەکەکان چاو و گوێیان لای شوانەکەیان بوو و خەیاڵیان لە شوێنێکی تر. ئەوان پێیان وابوو تەنانەت مردن لەو شوێنەیش خۆشە،... پێیان وابوو ساتێک ژیان لەوێ بەسەربردن هەموو ساڵەکانی ئێرە دێنێ،... پێیان وابوو رەنگە شوانەکە درۆیان بۆ دەکا بۆ ئەوەی پەشیمانیان بکاتەوە لە سەرفەری خۆشبەختی، ئەگینا لە راستیدا هەموو ئەو گوێرەکانەی وا رۆیشتبوون هەنووکە لەوێ بە شادی و بە خۆشی دەژیان.

بەڵام وەها نەبوو شوانەکە نیگای گوێرەکەکانی خۆی نەخوێنێتەوە. بۆیە بڕیاری دا هەموو شەوێک دەرگای تەویلەکە بەجوانی دابخا و جگە لە یەک دوو رۆچنە بە سەر بانەکەیەوە، کونی تر چییە لە دیوارەکاندا نەهێڵێ. هەروەها چەندین سەگیشی هێنا بۆ نیگابانیی شەوانە، بەڵام مەگەر ئەمە چارەساز بوو؟ وەک هەمیشە هەموو شەوێک چەند گوێرەکەیەک وندەبوون و بەرەوکوێستانی هەڵەمووت و رژد رێگایاندەبڕی.

ئەوسا شوانەکە بە بڕیارێکی تر گەیشت. بیری کردەوە واچاکە مانگا قەشان سەربڕێ. مانگا قەشان وەها پیر ببوو کە ئەم هەرچی سەیری دەکرد هیچ هێمایەکی وەهای تیا بەدی نەدەکرد بۆ دنەدانی گوێرەکەکان بۆ ژیان و بۆ پیربوون لەم ناو ئەم دەشت و بەرەدا. ئەسڵەن بیری کردەوە کە هەر لە سەرەتاو هەڵەی کردبوو ئەم مانگایەی هێشتبووەوە. بۆیە لە قەسابی راسپارد و رۆژێک بە چەقۆ ژەنگاوییەکەیەوە قەسابەکە خۆی کرد بە ژێر تاقەدرەختەکەدا. مانگا قەشان کە وزەیەکی وەهای تیا نەمابوو، بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی خۆی، زۆر ئاسان خۆی بە دەستەوە دا و زۆریش ئاسان گیانی لەدەست دا. خەیاڵی لیک و مێش زۆر یاریدەدەر بوون.

بەڵام شوانەکە دیسان بینی کە دۆخەکە نەک هەر نەگۆڕدرا، بەڵکوو خراپتریش بوو. راستییەکەی ئەوە بوو گوێرەکەکان لە چارەنووسی مانگا قەشان یەکجار ترسابوون و وەها ئەم شیوازی مردنە لە سەریان کاریگەریی دانابوو کە ئەمجارە بە کۆ لە بیری هەڵاتن و رووکردنە کوێستانەکە بوون.

هەر وایشی لێهات. شەوێک هەر هەموو گوێرەکەکان پێکەوە رۆیشتن. شوانەکە کاتێک سەرلەبەیانی زوو رووی کردەوە تەویلە چۆڵەکە و لە کۆی بەسەرهاتەکە ئاگادار بووەوە، ئارام لە تەنیشت دەرگاکە لە سەر کۆتەرە دارێکی نیوەسووتاو دانیشت و، لەپی دەستی خستە ژێر چەناکەی و بە شێنەیی لەبەردەمی خۆی و ئەوجا لە دوورەکانی رووانی.

راستییەکەی ئەوە بوو شوانەکە هاتبووە سەر ئەو رایەی کە ژیان بریتییە لە هەندێک بڕیار و بەس. ئەو بڕیارانەی وا تەنیا جیاوازییان لەوەدایە هەندێکیان دەگەنە ژیانێکی درێژ و هەندێکێان ژیانی کورت. هەندێ دەبنە مانگا قەشان و هەندێ گوێرەکە.

 Related image

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت