لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

گۆڕانێکی سەرنجڕاکێش کاتێکە هایدگر سەبارەت بە ترس دەدوێ و بۆچوونی شیرکەگۆرد سەبارەت بە جیاوازیی ترس و دڵەڕاوکێ دەکا بە خاڵی دەستپێکی قسەکەی. لای ئەم بیرمەندە ترس لە دڵەڕاوکێوە سەرچاوە دەگرێ، واتە ئەوە دڵەڕاوکێیە کە ترس پێکدێنێ و لەراستیدا ترس جۆرێک دڵەڕاوکێی نابەجێیە.

 

دڵەڕاوکێ لای مارتین هایدگر ٦

نووسینی: هانس هەرلوف گرێلاند

 

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

کتێبی سەرەکیی هایدگر 'بوون و کات'، لە ساڵی ١٩٢٧ نووسراوە. لەم کتێبەدا کە دوواتر لە فەلسەفەی مودێڕندا گرینگییەکی گەورە پەیدا دەکا، هایدگر باسی خەسەڵەتە بنەڕەتییەکانی بوونی مرۆڤ دەکاتەوە بە کەڵک وەرگرتن لە فینۆمینۆلۆگیای هوسرەل. هەڵبەت مەبەستی هایدگر ئەوە نیە ئانترۆپۆلۆگی (واتە تیۆر لەسەر مرۆڤ) پێشکەش بکا. مەبەستی ئەو زیاتر ئاراستەکردنی ئێمە بەرەو رەوتی سەرلەنوێ دۆزینەوەی جیهانی ژیانە وەها کە تێیدا سەرلەنوێ شتە راستەقینەکان لەبەر چاوماندا بەرجەستەر ببنەوە. چونکە لە ژیانی رۆژانەدا مرۆڤ بە هۆی جۆری پەیوەندیی ئەبزاریانە لە گەڵ جیهان و خۆی، شتە بنەڕەتییەکانی لەدەست داوە. ئەو دەیەوێ مرۆڤ بگەڕێنێەوە بۆ راستەقینە، بۆ ئەو راستەقینەیەی راستەقینەیە، بۆ ئەوەی هەیە، بۆ 'بوون'. ئەمە لە فەلسەفەی پێش هایدگردا کەمتر گرینگی پێدەدرا و بەڵام هەنووکە گرینگی پێدەدرا. هایدگر 'دڵەڕاوکێ'ی چاک دەناسی. ئەو دەستەواژەیەی لە فەلسەفەی ئەودا وەک دەستپێک دەوردەگێڕێ.

هایدگر مانایەکی تایبەت دەدا بە دڵەڕاوکێ، مانایەک وەک دەربڕی حاڵەت، یان رەنگە دەتوانین بڵێین حاڵەتێکی بنەڕەتی یاخود حاڵەتی ژیان کە پەیوەند لەگەڵ راستی دەنوێنێتەوە. لە لایەکەوە هایدگر دەڵێ دڵەڕاوکێ حاڵەتێکە کە لە مرۆڤەکاندا خۆی خۆی دەنوێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە دەڵێ دڵەڕاوکێ دەمانترسێنێ چونکە خودی 'بوون'ە. بۆ هایدگر هەر دووکی ئەم حاڵەتانە یەک مەوزوعن. کاتێک ئێمە بەرامبەر بوون دەبینەوە، خۆمان ئاشکرا دەکەین، ئەمە سەرەڕای ئەو دەرفەتانەن بۆمان دەڕەخسن. بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤ هەوڵدەدا خۆی لەم دڵەڕاوکێ بنەڕەتییە، لە جیهان وەک بوون و وەک دەرفەت دوور رابگرێ، ئەو دەرفەتانەی وا فڕێمان دەدەنە ناو بوونێکی غەیرە شەخسییەوە، بۆ وێنە دەرفەتگەلی وەک 'مرۆڤ دەبێ ئاوا و ئاوا بژی'، یان 'مرۆڤ دەبێ بەم شێوازە هەلس و کەوت بکا' و، شتی تری لەم بابەتە. بۆیە مرۆڤ، لە دەست دەرفەتەکانی بوون بە مرۆڤێکی راستەقینە، واتە مرۆڤێک کە خۆیەتی، هەڵدێ. بەڵام ئێمە ناتوانین لە خۆمان قوتاربین، بۆیە هەڵاتن یاخود خۆ دوور راگرتنەکەیشمان شێوازێکە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خۆمان. جێگرەوە بریتی دەبێ لە دڵەڕاوکێ، ئەو دڵەڕاوکێیەی وەک دەرفەتێک خۆمان لە بەرامبەر خۆمان دا ئاشکرا دەکا، وەک شیرکەگۆرد دەڵێ دڵەڕاوکێ وەک سەرەگێژەی مرۆڤە کاتێک بەرامبەر دەرفەت دەبێتەوە. بە گشتی هایدگر لە دڵەڕاوکێ وەک دیاردەیەکی پوزەتیڤ دەڕوانێ، ئەگەرچی دڵەڕاوکێ ئاماژەیەکە بەو ترسەی مرۆڤ هەیەتی بەرامبەر بەو بوونەی لەبەرامبەریدا راوەستاوە، ئەو بوونەی هەوڵدەدەین لێی دوورە بکەوینەوە و خۆمانی لێدەرباز بکەین.

ئەوەی دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، نەک بوونێکی کۆنکرێت و دیار، یان شتی سادە، بەڵکو 'بوون'ە. هەربۆیە دڵەڕاوکێ خۆی لە بێ سنووری دەدا. هەروەها چونکە ئەم دیاردە ترسناکە لە شوێنێکی تایبەت دا نیە، وەها لێمان نزیک دەکەوێتەوە کە هەناسەمان پێ سواردەکا.

گۆڕانێکی سەرنجڕاکێش کاتێکە هایدگر سەبارەت بە ترس دەدوێ و بۆچوونی شیرکەگۆرد سەبارەت بە جیاوازیی ترس و دڵەڕاوکێ دەکا بە خاڵی دەستپێکی قسەکەی. لای ئەم بیرمەندە ترس لە دڵەڕاوکێوە سەرچاوە دەگرێ، واتە ئەوە دڵەڕاوکێیە کە ترس پێکدێنێ و لەراستیدا ترس جۆرێک دڵەڕاوکێی نابەجێیە.

لە لێکدانەوەی دڵەڕاوکێ لە کتێبی 'بوون و کات'دا چەند جارێک بە شێوەی کاتی و راگوزاری گوێمان لە وشەی 'هیچ' دەبێ. بە شێوەی راگوزاری، چونکە 'بوون' شتێک نیە وەک 'هیچ' خۆی بنوێنێ. لە درێژەی باسەکەیدا تەئکید لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بوون بریتی نیە لە هیچیەتییەکی تەواو، چونکە لە پێناوی شتێکدایە، شتێک وەک جیهان بە گشتی، شتێک وەک بوون.

دەستەواژەی 'هیچ' و پەیوەندییەکەی لە گەڵ دڵەڕاوکێ دا لە وانەگوتنەوەیەک لە ژێر ناوی 'میتافیزیک چییە؟" لە لایەن هایدگرەوە وەک پرۆفیسۆر لە هایدبەرگ بە تێروتەسەلی باسی لێدەکرێ، واتە دوو ساڵ دووای ئەوەی کتێبی 'بوون و کات' درایە دەرەوە. هایدگر لە قسەکانیدا نایەوێ بە گشتی وەڵامی پرسیاری 'میتافیزیک چییە؟' بداتەوە، بەڵام هەولدەدا وەڵامی بداتەوە بە باسکردن لە سەر پرسیارێکی سادەی میتافیزیکی، واتە پرسیار لەسەر هیچ و مانای هیچ.

'هیچ' شتێکە خۆی نیشان دەدا، یان شتێکە ئێمە لە بەردەمیدا راوەستاوین، بە تەئکید بە هۆی ئەوەوە ئیمە رووبەرووی 'بوون' دەبینەوە. بە هۆی ئەوەوە کە 'بوون' دەبێ بە جێگای لێکدانەوە چونکە 'بوون' بە تووش 'نەبوون'ەوە دەبێ، واتە بە تووش 'هیچ'ەوە. لێرەدا قسە لەسەر زانیاری ئێمە لەسەر وشە و دەستەواژەکان نیە، بە پێچەوانەوە قسە لەسەر ئەزموونە، شێوازێک کە جیهان خۆی پیشانی ئێمە دەدا. هایدگر لێرەدا نموونەیەکمان بۆ باس دەکا. ئەو باسی ئەو لەززەتەی دەکا سەبارەت بە مەعشوق کە لە ئاشق دا پێک دێت. هۆکاری ئەم لەززەتە تەنیا لەوەدا نیە ئەو کەسەی خۆشمان دەوێ، هەیە، بەڵکو لەو شێوازەدایە کە بوونی ئەو خۆی نیشان دەدا. واتە بە بێ ئەم لەززەتە، بوونی مەعشوق خۆی نانوێنێ.

هاوشێوەی ئەمە حاڵەتی دڵەڕاوکێیە کە ئێمە بەرامبەر 'هیچ' دەکاتەوە. هیچێک کە لە 'بوون'ێکەوە سەرچاوە دەگرێ خۆیمان لێ دووردەخاتەوە. ئەمە بەڕەوڕووی ئەزموونێکمان دەکاتەوە کە تێیدا بوون وەک گشتییەتێک و نە وەک شت (شتە سادە و بێ نرخەکان) خۆی دەردەخا. وەک بڵێی بوون هەمیشە خۆی لە شێوازێکی سەیروسەمەرەدا نیشان دەدا، واتە هاوکات وەک شتێک کە هەیە و هەر لەو کاتەدا وەک شتێک کە لێمان دووردەکەوێتەوە کاتێک ئێمە بەرامبەر 'هیچ' رادەوەستین.

ئەو دەنووسێ: "تەنیا بە هۆی کراوەیی 'هیچ'ەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێ لە هەبوونی خۆیدا دا بەرەو وجود بڕوات و بچێتە ناویەوە،... بە بێ کراوەیی 'هیچ'، نە 'بوون لە خۆیدا' هەیە و نە ئازادی." لاپەڕەی ١١٢

یان بە شێوازێکی زیاتر شاعیرانە:

"لە رۆشنایی شەوی دڵەڕاوکێی هیچ دا، سەرەتا کراوەیی بوون خۆی دەنوێنێ، وەک: بوونێک کە هەیە و نەک هیچ."

بۆ ئەوەی لە بێری هایدگر لەمەڕ هیچ و دڵەڕاوکێ وەک حاڵت بگەین، دەبێ خوێنەر واز لە هەندێ عادەتی زمانی بێنێ و خۆی بخاتە ناو چوارچێوەی تایبەتی زمانی هایدگرەوە. گەلێک کەس لەم بارەیەوە رەخنەیان لە هایدگر گرتووە. زمانی ئەم بیرمەندە خۆی لەقەرەی زمانی شیعری دەدا کە تێیدا مرۆڤ هەست دەکا دەتوانێ لە هەندێ شت بگا، بەڵام هاوکات بە بێ گفتوگۆیەکی رەخنەیی ناتوانێ درێژەی بدا. خوێنەر کاتێک بەرهەمی ئەو دەخوێنێتەوە، بیردەکاتەوە داخۆ خەریکی خوێندنەوەی دەقی فەلسەفییە یا دەقێک کە خۆی لە مانا دەروونناسییەکان دەدا؟ لێرەدا نموونەیەک دەتوانێ وشەی Nichts, بێت کە زۆرینە وەک سوبستانسێک لێکی دەدەنەوە لە پانتایی ژیانی زمانێکی تازەدا، وشەیەک کە تەنیا بە مانای 'هیچ' دێ و بەس. هایدگر دەڵێ کە 'هیچ' لە پێش رەدکردنەوە (یان ئینکار)دا دێ و 'هیچ' ئەو دیاردەیەیە کە دەرفەتی رەدکردنەوە (واتە ئینکار) دەڕەخسێنێ. ئەمە، گوتەی لەم چەشنەی بە شوێن دا دێ کە "هیچ لە پێش ئینکار دا دێ." بە گوێرەی هایدگر، لەو کاتەدا ئێمە لەسەر 'هیچ' زانیاری پەیدا دەکەین کاتێک کەڵک لە ئینکار وەردەگرین.

Image result for ‫هایدگر‬‎