فەڕۆخ نێعمەتپوور

رووداو و شوێنە گرینگەکانی ژیانی هەر مرۆڤێک ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەوان کاکڵی بنەڕەتی ژیانن و لە راستیدا هەموو شتەکانی تر بە دەوری ئەواندا دەتەنرێن. ئەوان ئەو بەردەبازانەن ئێمە دەگەیەننە ئەو بەری رووبارەکە. هەموو ئەو خوڕە و هاژەیش گوێمان لێیە تەنیا بە دەوری ئەواندا سووڕدەخۆن.

 

وشە و دیمەنە دووپاتکراوەکان لای نووسەر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەر نووسەرێک لە بەرهەمەکانیدا، کاتێک دەیانخوێنیتەوە، دەبینی خاوەن کۆمەڵێک وشە و دیمەنە کە لە زۆربەیاندا دووپات دەبێتەوە. ئەم وشانە لە راستیدا ئەو شوێنانەن وا نووسەر لە رەوتی ژیانیدا زۆرتر ئەزموونی کردوون، یاخود بەشێکی گرینگ بوون لە ژیانی، بە تایبەت لە کاتی منداڵی و گەنجیەتیدا.

'ئورهان پاموک'ی نووسەری تورکیش لەم یاسایە بێ بەری نیە. کاتێک دوو رۆمانی 'ژنە قژ سوورەکە' و 'خانووی بێدەنگ' دەخوێنینەوە، دەبینین کۆمەڵێک وشە هەیە کە لەم دوو رۆمانەدا دووپات دەبێتەوە. وشەگەلی وەک 'داروخانە، ئەرەقی راکی و بیرە ئاو'.

دیارە مرۆڤ بە درێژایی ژیانی بە ناو زۆر رووداو و شوێن دا گوزەر دەکا و، هەندێ لەو رووداوانە شوێنی گرینگتر لە بیرەوەریی ئەودا چێدەکەن و هەندێ شوێنیش زیاتر لە تێپەرین پیایدا لە راستیدا دەبنە شوێنی بەردەوام و جێگیر لە زەیندا. ئەوەی کە بۆچی هەندێ رووداو و شوێن زیاتر لە زەین دا دەمێننەوە پێوەندیی بە کاریگەریی ئەو دووانە لەسەر زەین و هەروەها پێوەندیی بەوەوە هەیە زەین تا چەندە گرینگیان پێدەدا. بە تایبەت کاتێک رووداو و شوێن وەها ئاوێتەی یەکتر دەبن کە لێکجیاکردنەوەیان ئەستەم دەبێ.

دیارە ئەمە تایبەتمەندیی هەموو مرۆڤێکە و ئەم حاڵەتە لای هەمووان دەردەکەوێ. ئەوەی نووسەر لەوانی تر جیادەکاتەوە، توانای باسکردنە لەم دووانە بە شێوازی تر، واتە بە شێوازی هونەری و ئەدەبی کە تێیدا رووداو و شوێن گرێ دەدرێنەوە بە هەندێ دیاردەی تر کە دەبێتە هۆکاری بەرین بوونەوەی ماناکان.

رەنگە هەندێ کەس رەخنە بگرن کە ئەم دووپاتکردنەوانە جاری وایە خوێنەر ماندوودەکەن و، ئاماژەیە بەوەی نووسەر ناتوانێ فەزای نوێ بخوڵقێنێ. بە پێچەوانەوە، دەبێ بگوترێ هەموو قسەکە لەسەر ئەوەیە نووسەر تا چەندە دەتوانێ لەو رووداو و شوێنانە، فەزای تر دروست بکا و گرێیان بداتەوە بە هەندێ حاڵەتی ترەوە. کە بۆ ئەمەیش نووسەر پێویستە بە تایبەت چوارچێوە زەینییەکانی خۆی ببەزێنێ و بچێتە ناو سۆنگەی ترەوە بۆ رووانین. گرینگ ئەوەیە کاتێک خوێنەر بابەتەکە دەخوێنێتەوە، هەست بەوە بکا کەرەسەکان خەریکن خانوویەکی تریان پێ چێدەکرێ و ئەم خانووە ئیتر لە رەگەزی ئەوەی پێشوو نیە.

راستییەکەی ئەوەیە مرۆڤ ناتوانێ لە هەندێ رووداو و شوێن خۆی دەرباز بکا و، بەردەوام لەگەڵیدان. رەنگە هەموو فەلسەفەی نووسینیش ئەوە بێت کە نووسەر دەیەوێ لە رێگای نووسینەوە بە جۆرێک خۆیانی لێ دەرباز بکا و لە رێگای بە دەقکردنیان بیانکا بەو بوونەوەرانەی لە دەرەوەی زەینی ئەو درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن! ئەو بوونەوەرانەی کە لە دوو توێی کتێبەکاندا بەردەوام دەژین. لێرەدا کتێب دەبێ بە جێگرەوەی دەروون و زەینی نووسەر و ئەو زەرفە مادییەیە وێنەکان لە خۆیدا هەڵدەگرێ. بەڵام لەم حاڵەتەیشدا نووسەر نەیتوانیوە خۆی لەوان دەرباز بکا و تەنیا گواستوونیەتەوە بۆ ئەو شوێنەی وا بە ناچاری دەبێ لە رەفەی کتێبخانەکەیدا بۆهەمیشە رایانبگرێ! تازە ئەم راگواستنەیش بە مانای راگواستنی لە سەداسەد نیە.

رووداو و شوێنە گرینگەکانی ژیانی هەر مرۆڤێک ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەوان کاکڵی بنەڕەتی ژیانن و لە راستیدا هەموو شتەکانی تر بە دەوری ئەواندا دەتەنرێن. ئەوان ئەو بەردەبازانەن ئێمە دەگەیەننە ئەو بەری رووبارەکە. هەموو ئەو خوڕە و هاژەیش گوێمان لێیە تەنیا بە دەوری ئەواندا سووڕدەخۆن.

 

 Image result for ‫رودخانە خروشان‬‎