ما 5154 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەنتازیای گەورە

بیرەوەریی مرۆڤ هێڵ ئاسا نیە. واتە کاتێک ئێمە دەمانەوێ یادەوەرییەکی رابردوو بێنینەوە پێش چاومان، ناتوانین وەک شریتی فیلم بە چرکە چرکە بگەڕێینەوە ئەو کات. لە راستیدا ئەوەی لە یادی ئێمەدایە، بریتییە لە بیرەوەرییەک بە بێ گەڕانەوەی هێڵ ئاسا. وەک لای هوسرێل دەگوترێ ئەزموونکردنەوەی کاتی رابردوو هاوکاتە لەگەڵ کاتی ئیستا.

 

کەواتە هیچ بیرەوەرییەک بەم پێیە تەنیا بریتی نیە لەوەی لە رابردوودا روویدا، بەڵکو رابردوو لە ژێر کاریگەریی هەنووکەدایە و، لێرەوە بیرەوەریی لە دیاردەیەکی ئۆبیەکتییەوە زیاتر دەگۆڕدرێ بۆ دیاردەیەکی ئۆبژێکتی.

ئەمە خۆی لە خۆیدا وادەکا بیرەوەرییەکان سەرەڕای ئەوەی یک رووداو، یان وێنەی سادە بن، بتوانن بە شێوازی جۆراوجۆر خۆیان نیشان بدەنەوە. جگە لەوەی ئەو زەمەنەی وا نێوان کەوتووە کاریگەریی هەیە، روانگە و هەستی مرۆڤەکانیش دەتوانێ رووداوەکە بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر ئەزموون بکاتەوە.

لێرەوەیە کە یادەوەرییەک یان رووداوێک بۆ نووسەر دەتوانێ ببێ بە سەرچاوەی گەلێک گێڕانەوە. ئێمە دەتوانین رووداوێک یان بیرەوەرییەک بە بێ ئەژمار شێواز بگێڕینەوە. لە راستیدا لەم رێگایەوە ئێمە بەردەوام خەریکی گێڕانەوەی رووداوێکین کە سەرەتا سادە دەنوێنێ و بەڵام دوواتر دەبینین خاوەنی گەلێک رووە.

تێکەڵکردنی هەنووکە و رابردوو، سەرچاوەی فەنتازیایەکی گەورەیە.

سایتی قەڵەم

١٢ ئۆگۆستی ٢٠١٨

Related image

گەڕان بۆ بابەت