هاورێ نەهرۆ

ئەویش دەستی بۆ ڕاوەشاند، دەستبەجێ مناڵەکەش وەڵامی دایەوەو دەستە بچوک و سپیەکەی بەرز کردەوە، ئەویش تەزوویەکی خوشنودیی و دڵنەوایی بە دڵی دا هات و لەناخی خۆی دا دەیگوت دونیا هیشتا خێری تیا ماوە!

 

فلاشە چیرۆک

دونیای پاکی

لە بەلەکونەکە دانیشتبوو، رۆژیکی خۆش بوو، خۆڕ بەتاقی ئاسمانەوە بوو، جاروبار سروەیەکی فێنک دەهات، تێکرای شانەکانی جەستەی بوژاندەوە، تەماشای رێگاکەی خوارەوەی دەکرد، بەیناوبەین ڕێبوارێک تێپەڕ دەبوو، ئەمجارەیان مناڵێک لە نێو عەرەبانەیەک بوو، باوکی پاڵێ پێوەی دەنا، لەو دەمەدا مناڵەکە تەماشای بەلەکونەکەی کرد، ئەویش دەستی بۆ ڕاوەشاند، دەستبەجێ مناڵەکەش وەڵامی دایەوەو دەستە بچوک و سپیەکەی بەرز کردەوە، ئەویش تەزوویەکی خوشنودیی و دڵنەوایی بە دڵی دا هات و لەناخی خۆی دا دەیگوت دونیا هیشتا خێری تیا ماوە!

ئەوروپا و سەگ

بەرەبەیان بوو لەبەلەکونەکە دانیشتبوو لە پەسا قاوەی هەڵدەقوڕاند، جاروبار تیلەی چاوی ئەگرتە ڕێبوارەکان، پیرەژنێک بە عەرەبانە دەڕوا بەڕێیەوە، ئاشق و مەعشوقێک دوو پایسکلیان پێیە، وردە قسە بۆ یەکتر فڕێ ئەدەن، لە دوا دیمەن دا ئافرەتێکە تەمەنی مام ناوەندییە سەگێکی بۆری پێ بوو لەدوای خۆی ڕایدەکێشا، لەپڕێک دا سەگەکە ڕاوەستاو پاشەڵی خۆی چەماندەوەو پیسایی کرد، یەکسەر بێ ڕاوەستان ئافرەتەکە دەستی برد بۆ گیرفانی کیسەیەکی ڕەشی دەرهیناو کردیە دەست کێش و پیساییەکەی هەڵگرتەوەو بەو نیازەی بیخاتە نزیکترین تەنەکەی خوڵەوە!

زەنگی کڵێسا

رۆژێ یەک شەممەیە، سەعات نزیکەی یانزدەی نێوەرۆیە، ئەو خۆی بە تەنیا دانیشتووە، بیر لە هیچ ناکاتەوە، لەپڕێک دا سەدای زەنگی کڵێسا گویچەکەکانی سماند، زەنگێک لە دوورەو ڕەشەبای پایز دەیهینا یەکسەر رۆمانەکەی هەمنگوایی بیر کەوتەوە بە نێوی (بۆ کێ زەنگەکان لێ ئەدەن) زەنگی کڵێسا ئارامی دەروونی یی پێ دەبەخشی، ئەو بە پێچەوانەی مارکس بیری دەکردەوە کە دەڵی ئایین ئەفیونی گەلانە! ئەو لەزەتی لەم ئەفیونە وەردەگرت، لە دڵی خۆی دا دەیگوت ژیان بە بێ ئەفیون تێپەڕاندنی سەختە مەبەستی ئەفیونی ڕیژەیی مەعنەوی بوو نەوەکو ئەفیونی ڕاستەقینە کە تەندروستی مرۆڤ داغان ئەکاو گێل و گەوجی دەکا!

کافێی زمان

هەموو رۆژێ چوار شەممە نزیکەی دوو سەعات کافێی زمان هەبوو لە پەرتووکخانە، ئەو یەکەمجار بوو بۆ ئەوێ بڕوا، دیالۆگیان لە نێوان خۆیان دەکرد یان کارتی پرسیاریان ڕادەکێشا و هەر کەسەو وەڵامی گونجاوی ئەدایەوە بە پێ ئاستی لە زمانەوانی دا، بۆ نموونە یەکی لە پرسیارەکان دەیگوت بۆ چی لەوڵاتی نەرویج تەڵاق زۆرە، سەرەتا بۆ وەڵامەکەی روودەمیان لەوی کرد ئەویش گوتی لەبەر ئیکونومی، لەبەر سەربەخۆبوون، لە بەر ئازادی کەسی، ئیدی هەر کەسەو لە ڕوانگەی خۆیەوە وەڵامێکی دایەوەو بەم شێوەیە بابەتەکەیان دەوڵەمەند کرد، بە ڕیکەوت ژنێکی پۆڵۆنی لە کاتێ خۆناساندن دا گوتی من خاوەن سێ منداڵم و بێوەژنم، کوڕیکی گەنجی ئیسپانی لە بەرانبەری دانیشتبوو لەکاتێ پشوو ژمارە تەلەفونی یەکیان گۆڕییەوە، ئەویش لە دڵی خۆی دا دەیگوت هەر کەسەو بەمەبەستێک دێ بۆ ئەم کافێی یە، مەرج نییە بۆ فیربوونی زمان بێن! ڕاستە گوتویانە مەنجەڵ لەسەر قەباغی خۆی دەگەڕێ!

 

تەگبیر

هەموو رۆژێکی یەک شەممە برادەرەکەی ئەهات بۆ لای تەنیا میوەو کافێ یان دەخوارد و دەخواردەوە، بۆ یەک شەممەی داهاتوو، ئەو بریاری دا مریشکێکی تازە بکرێ چونکە لە چەند رۆژێ داهاتوو دا بە رێکەوت جەژنە، کە رۆژێ یەکشەممە هات تەگبیری کرد مریشکەکە لەگەڵ برنج یان ساوەر لێ بنێ ! بەڵام لە پڕیک دا هاوڕێ یەکەی تەلەفونی بۆ کردو گوتی داوای لێبوردن ئەکەم ئەمڕۆ ناتوانم بێم، ئەویش لەوەڵام دا گوتی نیازم وایە بە بۆنەی جەژنەوە خواردنی لێ نێم، ئەم هەفتەیە مریشکم کڕیوە ! هاوڕێ یەکەی گوتی لە فریزەرەکە داینا بۆ هەفتەی داهاتوو!

ئەڤین

سی ساڵ پێش ئێستا کچێکی خوشەویست لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگیڕ بوو، هەردوو لا یەکتریان خوش دەویست بەڵام بەدحاڵی بوونێک هاتەکایەوە کە بۆ یەکتر نەبن، لەو سەردەمە گۆرانی یەکی حوسەینی شەریفی تینویەتی یی دەشکاند کە دەیگوت مەلە جوانەکەی سەرداری کانی، بۆ چ ئەناڵێ تاکو بەیانی، وەرە هەردووکمان ناڵەمان یەکخەین، بەڵکو بەو عیشقە نیشتمان سەرخەین، هیچ کەس ناتوانی تا رۆژ بناڵی، مەگەرعاشقی دیوانەی خاڵێ و هتد.

دوای سی ساڵ لە پایزی تەمەن دایە، هەر کاتێ گۆرانیەکەی لێ دەداتەوە کانیاوی عیشقی بۆ ئەو کچە پاراوتر دەبێ، گوڵی عیشقی سەرلەنوێ خونچە ئەکا ! بەڵام با هەمیشە بەدڵی کەشتی وان هەڵناکا، هەر بۆیە تا ئێستاش دوور لە یەک دەژێن ! بەڵام عیشقێکی شاراوە لە نێو دەریای بێ پایانی گەردوون شەپۆل ئەداو لەسەر بەردە دڵڕەقەکانی کەنار ئەتوێتەوە!

Bilderesultat for balkoni kunst