فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئیستاکە ئازاد سوبحی نەماوە و بۆ هەمیشە بە جێی هێشتوین. لە ئێوارەیەکی درەنگ وەختدا لە کاتێکدا دانیشتووم و ئەم دێڕانە دەنووسم، بیری دەکەم،... بە ناو پەیجی فەیسبووکەکەیدا بە دڵی پڕ کەیلەوە دەگەڕێم و یادی دەکەم. یادێکی ئەرخەوانی. یادی مرۆڤێک کە ویستی خۆی بێت، بە بێ هیچ پەنایەکی درۆیین.هاوڕێ گیان! بنوو،... بنوو. جیهان قەت نەبوو بەو شوێنەی خەونت پێیەوە دەبینی.

 

 

لە ژیانی ئاوارەییم دا لە کوردستانی عێراق، یەکێک لەو دەگمەن کەسانەی لە گەڵی ئاشنا بووم و هەر لە هەمان چرکەساتەکانی یەکەمەوە کاریگەریی لە سەرم دانا، ئازاد سوبحی شاعیر و رۆشنبیر بوو.

پێم وابێ ساڵی ١٩٩٩ ی زایین بوو، ئەو کات لە هەولێر سەردانی ئەو بەشەی رۆژنامەی "برایەتی" م دەکرد کە پەیوەندی بە ئەدەب و هونەرەوە هەبوو. لە یەکێک لە سەردانەکانمدا بۆ یەکەم جار بە تووش کوڕێکی گەنجی چاویلکە لە چاوەوە بووم کە بە روخسار سەرنجی راکێشام. لە گەڵی ئاشنا بووم. ناوی ئازاد سوبحی بوو. تازە لە بەشی ئەدەب و هونەری برایەتی دامەزرابوو.

ئیدی هەر وا ناوە ناوە لەوێ بە تووشییەوە دەبووم هەتا جارێکیان بەڕێز جەلیل کاکەوەیس داوای چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ کردم. چاوپێکەوتنەکە بە شێوەی گروپی بوو و دوواتر لە هەمان رۆژنامەدا بڵاوکرایەوە. ئەم وتووێژە سەرنجی ئازاد سوبحی راکێشابوو و هەر بۆیە جارەکەی تر کاتێک سەردانی برایەتیم کرد، بەرەو پیرمەوە هات و داوای لێکردم بچین لە بەشی رێستورانی رۆژنامەکە دابنیشین بۆ ئەوەی کەمێک پێکەوە قسە بکەین. لەو رۆژەوە ئیتر بە فەرمی پەیوەندیی ئێمە دەستی پێکرد. ئیتر لەوە بە دووا جار بە جار یەکترمان دەبینی و سەبارەت بە کێشە و بابەتە رۆشنبیری و ئەدەبییەکان پێکەوە دەدواین.

دوو شت کە لە کەسایەتی ئەودا سەرنجی رادەکیشام، خوێندنەوەی بەردەوام و بیری تیژی کاک ئازاد بوو. بە راستی بۆ ئەو کاتانەی بۆ خوێندنەوە تەرخانی دەکرد سەرسام بووم و، هەروەها بە وردبینییەکانی لە کاتی راڤەکردنی بابەتەکاندا. ئازاد سوبحی ئارامی و دڵنیایی دەبەخشی.

لە هەموو ئەو چاوپێکەوتنانەدا پێکەوە هەمان بوو، سێ بیرەوەری هەروا بە تۆخی لە بیرمدا ماون کە حەز دەکەم لێرەدا ئاماژەیان پێ بدەم:

بیرەوەریی یەکەم: ئازاد سوبحی بەردەوام شیعری دەنووسی و بە تایبەت لە گۆڤاری رامانی ئەو سەردەمەدا جاربەجار بڵاوی دەکردنەوە. جارێکیان وتی "ئەرێ شێعرەکەی ئەم جارەی منت خوێندوەتەوە، خۆ دڵم تۆقی، زەلام ناڵێ دەستت خۆش یاخود دەستت بشکێ."

ئەو کەسەی بەردەوام دەیخوێندەوە، کەس شتی ئەوی نەدەخوێندەوە!

بیرەوەری دووهەم: لە حەوشەی نادییەک لە تەنیشت حیزبی شیوعی ئێوارەکۆڕێک بوو. لەوێ یەکێک لە برادەرانی مەسئولی پارتی هەستا و قسەی کرد. وەک هەموو سیاسییەکی پاوانخواز کە پێی وایە دونیا دەبێ بە دەوری بیر و بۆچوونی ئەودا بسوڕێتەوە، باسی لە گرنگیی بیری نەتەوەیی و ئەوەی کە هەموو شتەکان دەبێ گرنگیی سەرەکیی بەم بەشە بدەن، کرد. ئازاد لەو کاتەدا هەستا سەرپێ (لە تەنیشت مندا دانیشتبوو) و گوتی: "بە دەر لە نێوەڕۆک، من رێک لەم شێوازی بیرکردنەوەیە دەترسم. ئەو بیرەی کە بەردەوام پێی وایە هەمیشە ئەو راستە." ئەمەی گوت و رۆیشت.

بیرەوەری سێهەم: ئازاد کە زۆر لە شوێنی کارەکەی خۆی رازی نەبوو، بەردەوام هەوڵی دەدا لە شوێنێکی تر کار پەیدا بکا کە یان پەیوەندی بە حیزبەوە نەبێ یاخود لەوێ کەمێک سەربەخۆتر بێ (کارێکی یەکجار دژوار، چونکە نان لە قوڕگی حیزب دا بوو) من کە ئەو کاتانە لە حزبی شیوعی کارم دەکرد، پێشنیارم پێکرد بێ لەوێ کار بکا. کارەکە هەڵبەت سەری نەگرت، چونکە حیزبی شیوعی پارەی نەبوو و نەیدەتوانی موچەی پێویست بە فرمانبەرانی خۆی بدات. هەر بۆیە ئیشەکە سەری نەگرت. کاک ئازاد هەر چۆنێک حسێبی دەکرد نەیدەتوانی بەو پارەیە ژیانی رۆژانە و مانگانە دابین بکا. کە لە نووسینگەی رێگای کوردستان هاتینە دەر، رووی کردە من و وتی راستی چۆن تۆ بەم پارەیە دەژی؟ لە وەڵامدا وتم ٥٠٠ دینار وەردەگرم، بایەعی لە تەنیشتیدا و سەرئەنجام دووسەد دینارێکیش پارەی ئەو وتار و بابەتانەی لەم لاو لا بڵاویان دەکەمەوە. بە سەرسوڕماوییەوە سەیری کردم.

ساڵی دوو هەزار من هەولێرم بەرەو تورکیا جێ هێشت و ئیتر کاک ئازادم قەت نەبینییەوە، بەڵام ئازاد یەکێک لەو کەسانە بوو بەردەوام بیرم لێدەکردەوە و لە بیرەوەرییەکانمدا مابوو، بە تۆخی مابوو. سەرئەنجام دووای دوانزدە ساڵ رۆژێک لە فەیسبووک پەیامێکیم بینی. بە راستی خۆشحاڵ بووم. نوامبری ٢٠١٢. دو ساڵ لەوە پێش. ئەمەیش دەقی ئەو پەیامانەی ئاڵ و گۆڕ کران:

9. november 2012 13:07

Kak farrokh birt akam ba agadari yaktr bin chawarey walamm chawakant mach akam

 

سلاو کاک ئازادی خۆشه‌ویست. به‌ راستی چآوم روون . ده‌زانی باوه‌ر بکه‌ هه‌میشه‌ له‌ بیرتدا بووم. هه‌میشه‌ له‌ خۆم ده‌پرسی که‌ چی لێ به‌سه‌ر هاتووه‌. خۆشحاڵم که‌ لێره‌دا یه‌کترمان بینیه‌وه‌. حه‌تمه‌ن زیاتر په‌یوه‌ندیمان ده‌بێ. له‌ گه‌ڵ رێز و حورمه‌تم

26. september 2013 01:55

هاورى كيان زورم خوش ئةوييت

28. september 2013 15:50

هاورى جوانةكةم من زورتر خوشم ئةوييت

28. september 2013 18:20

کاک ئازاد گیان! زۆر سوپاس. دەزانی دونیا بە بوونی کەسی وەک جەنابتەوە مانا پەیدا دەکا. رێز و خۆشەویستی بێ پایانی منیش وەرگرە و ژیانێکی خۆش و پڕ لە کامەرانیت بۆ ئارەزوومەندم.

28. september 2013 22:16

زور سوباس كةورةيى خوتانة

Chatsamtalen er avsluttet

 

ئیستاکە ئازاد سوبحی نەماوە و بۆ هەمیشە بە جێی هێشتوین. لە ئێوارەیەکی درەنگ وەختدا لە کاتێکدا دانیشتووم و ئەم دێڕانە دەنووسم، بیری دەکەم،... بە ناو پەیجی فەیسبووکەکەیدا بە دڵی پڕ کەیلەوە دەگەڕێم و یادی دەکەم. یادێکی ئەرخەوانی. یادی مرۆڤێک کە ویستی خۆی بێت، بە بێ هیچ پەنایەکی درۆیین.

هاوڕێ گیان! بنوو،... بنوو. جیهان قەت نەبوو بەو شوێنەی خەونت پێیەوە دەبینی.

 

هاوڕێ گیان! ئەم ئێوارەیە بە دڵ بۆت گریام.