رەسوڵ سەفەریانی

ئێمە، کاروانی (بە وتەی ئەحزاب) شەهیدانمان هەر لە زیادکردندایە و کاروانی پێشخستنی خەباتیش هەر بە دوادا دەگەرێت. ئایا ناپرسن بۆچی؟ ئایا قەت خەسار ناسی ئەم شێوازی خەباتە کراوە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە بوێرانە ئەو شێوازە کۆنەی خەبات بدرێتە بەر رەخنە و لێکۆڵینەوە و بیر لە رێگایێکی نوێ بکریتەوە؟ 

 

پێشمەرگە پارەی دۆزراوە نییە

رەسوڵ سەفەریانی

 

پێشمەرگە خاوەن رێز و حورمەتێکی تایبەتە لە نێو کۆمەڵگای کوردەواریدا و، ئەم رێز و حورمەتەیشی ئارمان و ئامانجەکانی پێی بەخشیوە. پیشمەرگە چەک هەڵدەگرێت بۆ بەرگری و بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ دەسەڵاتە توتالیتەرەکاندا. پێشمەرگە خۆبەخشانە هەنگاو دەنێنە ئەو دونیایە و خۆی هەڵیدەبژێرێت کە چەک لە شان بکات. بەڵام پێشمەرگەش ئینسانە و کوڕی ئەو کۆمەڵگایە و وەک هەموو ئەو ئینسانانەی تر تەنیا یەک جار مافی ژیانی پێ دەبەخشرێت و حەزی لە ژیانە و نایەوێت بمرێت. ئەگەر پێشمەرگە تا ئەو ڕادە بە چاوی بێ بایەخی بیروانیایەتە ژیان و ژینی ئەمڕۆی، یانی نەیویستایێت ئیتر بەردەوام بێت لە ژیان، ئەوا دەبووە یەکێک لە چەکدارانی گروپە دینییەکانی وەک داعش و لە شوێنێکدا خۆی دەتەقاندەوە. پێشمەرگە خەبات دەکات بۆ باشتر کردنی گوزەرانی خۆی و کۆمەڵگاکەی. پیشمەرگە هیوای بە ژیانە و بۆ نەمانی کوشت و بڕ و وەدەسهێنانی ئازادی تێدەکۆشێت.

گەنجەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی ئێران لە ژێر گوشاری سیاسی و بەشێکیشیان گوشاری نالەباری ژیانی خێزانی و بنەماڵەیی و ئابوری ناچار دەبن کە دڵ لە هەموو شتێک بکەنێت و روو بکاتە بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکان و ببنە  پێشمەرگەی ئەوان. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ئەحزابی چەکدار ئەوان وەک پارەی دۆزراوە سەیر بکەن و هەر چۆنێک و هەر جۆرێک بیانەوێت خەرجیان بکەن. پێشمەرگە ئینسانە و کوڕی ئەو خەڵکەن. بۆیە رێبەرانی ئەحزابی چەکداری بۆیان نییە وەها بێ بایەخانە سەیریان بکەن کە بەشێوەی کۆمەڵ و گروپی بە کوشتیان بدەن. ئەحزابی چەکداری کوردی دەبێ ئێستا پاش دەیان ساڵ ئیتر لەوە گەیشتبێتن کە شەڕی چەکداری ناتوانێت جوابگۆ بێت و خەباتیش دەبێت مودێرن بێت. ئەوان دەبێت رابردوو بکەنە چرای رێگای ئەمڕۆیان. کوردستانی ئێران لە سەرەتاکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەی یەکپارچە ببوە گۆڕەپانی شەڕی چەکداری. گەورە و بچوک و دەوڵەمەند و فەقیر بە گوێرەی توانا یاریدەری خەبات بوو. سەرەرای ئەوەی ئەو کات کۆماری ئیسلامی کۆرپە بوو، بەڵام نەتیجە بۆ کورد تەنیا کوژران و ماڵوێرانیی بەربڵاوی لێکەوتەوە. باشترین و دڵسۆزترین رۆلەکانی ئەو کۆمەڵگا بوونە قوربانی، ئەو رۆلانەی کە هەر کامێکیان دەیانتوانی باشترین دەور و رۆڵیان لە پیشخستنی کۆمەڵگاکەیاندا ببوایێت.

ئەمڕۆ هەموو خاکی کوردستان وەک پادگانێکە کە بێ ئەژمار چەکداری شاراوە و ئاشکرا کاری بۆ دەکات. ئەمڕۆ موبایل کاری هاوکارانی دەسەڵاتی ئاسان کردوە. ئەو هاوکارانە کە دەتوانن نزیکترین کەسەکانی پیشمەرگەکان یان تەنانەت ئەو کەسانە بن کە ئەحزاب پیێان وایە کە پشتیوانیانن. بۆیە ناردنی پێشمەرگە بۆ نێو خاکی کوردستانی ئێران خۆکوژییە و زۆر جیاوازی لەگەڵ خۆتەقاندنەوەکانی توندڕەوەکان نییە.

جیا لە گۆڕانی گۆڕەپانی خەبات لە کوردستانی ئێران و تەنانەت گرینگتر لەوەش ئەوەیە کە دونیا زۆر گۆڕانی بە خۆوە بینییوە کە لە چاوی بەڕێوەەبەران و لایەنگرانی شەڕی چەکدارییەوە ونە و نابینرێت. ئەمڕۆ کەمتر کەس پشتگیری خەباتی چەکداری دەکات. گیانی ئینسانێک بەرزترین نرخی هەیە و توند و تیژی دزێوترین رەفتار و شێوە خەباتە. ئەحزابی کوردی دەبێ خۆیان لەگەڵ دونیای نوێ بگونجێنن و خۆ بپارێزن لە بە کوشتدانی بێدەربەستانەی رۆڵەی ئەو خەڵکە و گوڕاوگوڕ وێنە و رەسمی ئەوان وەک شەهیدی حیزبەکەیان بڵاو بکەنەوە. ئەمڕۆ ئیتر شەهید و شەهیدسازی نابێتە هۆی گەورەبوونەوەی ئەو حیزبانە، بە عەکسەوە دەخرێنە ژێر پرسیار و وەک ئەحزابی نامەسئول ناوزەد دەکرێن. شەهید وشەیێکی عەرەبی ئیسلامییە و تەنیا توندرەوە ئیسلامییەکان بۆ مێشک شۆردنەوەی لایەنگرانیان بەکاری دێنن بۆ ئەوەی ئاسان دەس لە ژیانی ئەم دونیا بشۆن و ببنە سەربازی گۆڕەپانی شەترەنجی رێبەرانیان. ئەوانن کە ژیانی ئەمڕۆ بۆ بەهەشتێکی نادیار قوربانی دەکەن.

رەنگە وەڵامیی ئەم باسە وا بدەنەوە کە دەسەڵاتداران دڕن و ئەوانن کە لەم شێۆازی خەباتە  زیاترهیچ زبانێک تێناگەن. ئەوانن کە ئەم شەڕەمان بە سەردا دەسەپێنن. بەڵام بەم وەڵامەش لاوازی و بێ توانایی خۆیان بەرانبەر رژیمی دەسەڵاتدار پیشان دەدەن و دەیسەلمێنن رژیم تەنانەت شێوازی خەباتیشیان بۆ دیاری دەکات. لە راستیشدا وایە چون ئەگەر رژیم هەستی بکردایێت ئەم شێوازە بچوکترین مەترسیان بۆ دروست دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی دەسترۆیشتوی رژیمی ئێران لە نیو هەرێمی کوردستان، دڵنیام دەتوانێ لە رێگای دەست و پێوەندەکانی خۆیەوە بنکە و بارەگاکانیان پێ کۆبکەنەوە.

ئەوەی کە ئێمە و هەموو ئەحزابی کوردی و ئۆپۆزیسیون لەسەری هاوڕا و هاودەنگین ئەوەیە کە رژیمی ئێران رژیمێکی بێڕەحم و پاوانخواز و پێشێلکاری هەموو مافە سەرەتاییەکانی مرٶڤە. بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە بایەخ بۆ گیانی لە خۆبووردوان و پێشمەرگە گیان فیداکان، کە رۆڵەی ئەو گەلە بندەستەن، دانەنێین و بیانکەینە گۆشتی بەر تۆپ و وەک پارەی دۆزراوە بە بێ بەزەییانە بیاننێرینە نێو ئاگری هەڵگرساوی رژیم و بیاندەین بە کوشت. پێشمەرگە تەنیا کاتێک بچێتە شەڕ کە شەڕەکەی و خوێنەکەی توانیبێتی هەنگاوێک کورد لە مافەکانی نزیک بکاتەوە. ئێمە کاروانی (بە وتەی ئەحزاب) شەهیدانمان هەر لە زیادکردندایە و کاروانی پێشخستنی خەباتیش هەر بە دوادا دەگەرێت. ئایا ناپرسن بۆچی؟ ئایا قەت خەسار ناسی ئەم شێوازی خەباتە کراوە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە بوێرانە ئەو شێوازە کۆنەی خەبات بدرێتە بەر رەخنە و لێکۆڵینەوە و بیر لە رێگایێکی نوێ بکریتەوە؟ رێگایێک کە کەم هەزینەتر و بەسودتریش بێت. یانی هەزینە و خوێنی کەمتر و سود و پێشخستنی زۆرتر. دەبێت لە بیرمان بێت کە هیچ شتێک لەم دونیا لە گیانی مرۆڤێک بەنرختر نییە. هەموو شتێک دەبێت لە خزمەتی پاراستنی گیانی ئینسان و دابین کردنی ژیانی باشتر بۆ مرۆڤ بێت.

Image result for ‫مدرنیسم‬‎