ئەحمەدی مەلا
بۆیە لای ئەو، بەرجەستەکان، ماددەکان، چ سروشتی بووبێتن، چ ماددی ڕووت، کەوتوونەتە هەرەکەت و گیانیان لەبەرە. زمان لەسەر هێڵی بەیانی ئاراستەکراو بەکار نەهاتووە، بەڵکو لە ئاماژە، هەندێ جار ئەو ئاماژەیە بۆ خودی خۆی گەڕاوەتەوە.
بەها و هەڵەى پێشبینییەکان سەباح ڕەنجدەر
باجی جیانووسین: ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر
ئەحمەدی مەلا
شیعر لای سەباح ڕەنجدەر لە شیکلی جیهانێکدایە، کە نە سەرەتای دیارە نە کۆتایی، بەڵکو لە پەڵەی جوانیی، لە دەنگی نامۆ، لە بزاوتێک، لە ئاماژەیەک، لە ساتمەیەک، لە بیرەوەرییەک پێکهاتووە، لە کۆتاییدا، هەموو شتێک لای شاعیر دەبێتە ماددە و مایەی شیعر. ڕەنگە باس لە سەرەتایەک بکات، بەڵام سەرەتایەکی زەمەنی نییە، بەڵکو لە ئێستایەک پێکدێت، کە زەحمەتیشە دەستی بەسەردا بگرین. لە زمانی ئینجیلەوە ئەوە فێردەبین کە (لە سەرەتادا وشە هەبوو)، ئەگەر (وشە) مەبەست لە کردەی خەڵق بێت، ئەوە بە (کردار)یش دەکرێت لێکبدرێتەوە، بەڵام لە ژێر زمانی شاعیر ئەوە دەخوێنینەوە، کە (لە سەرەتادا تەنیا جوانیی هەبوو). جوانیی لای ڕۆمانسییەکان دنیایەکی خەیاڵییە، دنیایەکی دوورەدەستە، بەڵکو لە زۆرباریشدا، ئاوێتەی مەرگیش دەبێت. هەر ئەو جوانییەیە، دواتر ڕامبۆ بە (تاڵ) دەیچوێنێت.
لۆژیکی شیعر، لەسەر نالۆژیک بەندە، جیهانی ئەم شاعیرە وەکو نارنجۆکێک هەپروون بە هەپروون بووە، هیچی بەسەر یەکەوە نەماوە، پارچەکانی جارێکی دی مەحاڵە پێکەوە گرێ بدرێنەوە، بەڵام هەر پارچەیەک خۆی لە خۆیدا پێکهاتەیەکی شیعرییە. ئەم جیهانە ئینسان تووشی گێژبوون دەکات، ئەو گێژبوونەی کە ڕامبۆ دەیویست دەستی بەسەردا بگرێت. ئایا ئەم کردەیە بە شیعر ئەنجام دەدرێت، ئایا شاعیر دەتوانێت ئەم جیهانە لەیەکترازاوە، لە یەکداماڵاوە جارێکی دی بداتەوە دەم یەک و وەک سەنعەتکارێک، هەوڵی ئەوە بدات برین و شوێنەواری ئەو ئازارانە بسڕێتەوە:
شیعر دەستی لەسەر شانم دانا
گوتی لە دوورەوە هاتووم و نەزرم لە خۆم گرتووە
نیشانەی زیندووکردنەوە بناسم
شاعیر زۆر خولیای جیهانی خۆیەتی، هەست ناکات کە کات تێدەپەڕێت، هەست ناکات کە دەرەوە کاریگەریی بەسەر ئەزموونی ئەوەوە هەیە، بە پێچەوانەوە ڕەنگە بیەوێت، جیهانە شیعرییەکەی خۆی ببێتە مەرجەع، نەک ئەزموون، بۆیە هەست بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دەقە سەرەتایییەکانی و دەقە تازە نووسراوەکانی ناکەین. جیهانی شیعریی ئەو بەبێ کەلێن دروست بووە،، ڕەنگە بواریشمان نەداتێ هەناسەی تێدا بدەین. وەکو ئەوەی ئینسان لە دوا ساتەکانی خۆیدا بژێت و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا هەر شیعر بێت. بەرجەستەکردنی ئەو جیهانە بەبێ خاڵ، بەبێ وێرگوڵ، بەبێ مەسافەی نێوان وێنەکان، بەبێ سپێتی، بەبێ پەنجەرە و دەرگا. جیهانێکی سیخناخە بە خودی خۆی. دەق جێگای واقیع دەگرێتەوە:
وەک یەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانە
لافاو لەو جۆگەیە نیشتەوە
خوداناس بۆ دەستنوێژ گرتن دەچنە سەری
ئەو شەقامانەی هاتوچۆیان لێ بەستراوە
ڕێکخراوی جانەوەران بە دەستە بەدەکانیان
ڕووناکییان لە بن دروشمەکانیان درۆزن کرد
ئەم جیهانە سوریالیئامێزە، لە هەمان کاتیشدا لۆکاڵیشە، بە تێرم و موفرەدەی دەشتی دزەیی پڕ و پاراو دەبێت، بە ئاماژەیەکیش بۆ فەزای دەشتی هەولێر کۆتایی دێت،، پانتایییەکی خاوە، دووبارەبوونەوەی خودی خۆیەتی، کەمێک هەست بە تەڕایەتى بینین، چاو دەکرێت، بەرجەستەکان لەناو دژایەتی و بە دژایەتی خۆیان دەژین. هیچ شتێک لە کۆتاییدا، پەیوەندی بە هیچ شتێکەوە نەماوە. هەموو (پنت)ێک سەربەخۆییەکی تەواوی هەیە، بۆ خودی خۆی واقیعێکە. شاعیر کەس ئاشت ناکاتەوە، بانگەشەی کەس ناکات، قسە لەگەڵ کەس ناکات، نایەوێت دەمی ئاراستەی هیچ کەسێک بکات. ئینسان لە دەقی سەباح ڕەنجدەردا، بە بێ هیچ ئاراستەیەکی دیاریکراو هەنگاو دەنێت:
لە ژووری زێوانی خۆم گۆڕەپانێکی گشتیم چۆڵ و قەرەباڵغ
بۆیە لای ئەو، بەرجەستەکان، ماددەکان، چ سروشتی بووبێتن، چ ماددی ڕووت، کەوتوونەتە هەرەکەت و گیانیان لەبەرە. زمان لەسەر هێڵی بەیانی ئاراستەکراو بەکار نەهاتووە، بەڵکو لە ئاماژە، هەندێ جار ئەو ئاماژەیە بۆ خودی خۆی گەڕاوەتەوە. ئەم جۆرە شیعرە لەناو ئەدەبییاتی کوردیدا، ڕەنگە خوێنەری زۆری نەبێت، چونکە دەیان دەیەیە، شیعریان بەوە ڕاهێناوە کە (سیاسی) بێت و حەماسییانە بێتە دەنگ، پەیامی هەڵوێستبازیی هەبێت، لە یاوەر و مورید و چەپڵە بگەڕێت، یان (ڕۆمانسی) بێت، ختووکەی هەستە چەپێنراوەکان و داپلۆسێنراوەکان و مەحروومەکان بدات، ئەرکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی ببینێت، تەنانەت هەندێ جار وەکو وێنەی (پۆرنۆ)ی لێ بێت، لەپێناو فێنککردنەوەی دەروونێکی گڕگڕتوودا بەکارهاتبێت. سەباح ڕەنجدەر لەم دیدەوە دژە شیعر دەنووسێت.
ئەم دژە شیعرە دەمێکە لەناو ئەدەبییاتی کوردیدا دەنووسرێت، نەیاری لە یاوەر زۆرترە. هەندێ جار تۆمەتی ئەوەی دەدرێتە پاڵ کە لە پاشۆڵی ڕێتۆریکی تەقلیدی نەهاتووەتە خوارێ، بۆ پەردەی گوێی کوردان قورس و بەدفەساڵە، هەندێ جاریش گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە دیمەنی دڵڕفێنی خەیاڵیی ناکێشێت و دەمێکیش بە لاترازاو لە سیاقی گشتیدا دەخوێندرێتەوە.
ئەم تۆمەتانە هەند ڕاستن، ئەگەر نووسین وەکو تەقلیدێکی قوتابخانەیی سەیر بکرێت، نەک وەک ئافرێندراوێکی تاک، بۆیە دەبینین، ئەگەر لای شاعیر ئاماژەیەکیش بۆ جەستەی ژن کرابێت، ئەوە تەنیا هەر بەم جۆرە بە ژێر قەڵەمی شاعیردا تێپەڕیوە:
ئاو چاوی کوێر نەبوایە
بە لەشی نەرمی کیژان وشک نەدەبووەوە
یان ئەگەر بێتو ئاماژەیەک بۆ شەڕی ناوخۆ و شەڕی براکوژییەکانی دوای ڕاپەڕینیش کرابێت، ئەوە شتێکمان پێ دەڵێت، کە ڕەنگە تەنیا ئەو کەسانە هەستی پێ بکەن کە لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخەکە بوونە. بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاماژە بۆ دوو لەقلەقەکەی سەر منارەی مزگەوتی خانەقا دەکات. ئەو دوو تەیرە وەکو لە ئەبەدییەتەوە هاتبێتن و لەسەر ئەو منارەیە نیشتبێتنەوە. لە تەیرێتی خۆیان کەوتبێتن و بووبێتنە ڕۆحی زیندووی شارەکە، بەڵام مەخابن ئەم ڕۆحە بە دەستی (نیشتیمانییەک) وەکو نارنجۆک هەپروون بە هەپروون دەبێت. شاعیر بە تەوسێکەوە باسی لێوە دەکات. هەولێری دێرین دەبێتە باڵندەی دێرین. کێ کۆنترە: پیرە حاجی لەقلەق، یان شاری هەولێر؟ بێگومان لە کوشتنی باڵندەدا پەیامێکمان پێ وتراوە: (کوشتنی شار و ئینسان و شارستانییەتە). ئینسان بە تاقی تەنیا بە هیچ جۆرێک ئیمکانییەتی ژیانی نییە لەسەر ئەم خاکە بریندارە:
نیشتیمانییەک باڵندەی دێرینی هەولێری کوشت
هەروەها دەبێت ئاماژە بۆ خاڵێکی دیکە لە شیعری ئەم شاعیرەدا بکرێت، ئەویش زمانی سیحرە. شیعر و سیحر دوو دەستەخوشکن، بەڵکو دوو جمکانەن. ئەوەی بە کردار ناکرێت، بە خەیاڵ ئەنجام دەدرێت. ئەم دوو جمکانەیە پێکەوە سەریان هەڵداوە و پێکەوەش هەڵدەکەن. دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە سەرهەڵدانی زمان لە پێناو سیحرکردن بووە. سیحرکردن لە گەردوون، لە شتە بینراوە و نەبینراوەکان. واتە: ئاشتکردنەوەی دنیا لە ڕێگای زمانەوە، هەڵبەتە شیعر نزیکترین زمانی ئاشتکردنەوەیە. شیعر شەڕێکە لە پێناو ئاشتکردنەوەدا.
سەباح ڕەنجدەر شاعیری سرکە، ئەو وەکو ئەکرۆپاتانە گەمە بە وشەکانی دەکات، لەپێناو سڕینەوەی ئەو ناوەندە، شاعیر گەمەیان پێدەکات کە واقیع لە زمان جودا دەکاتەوە، هەوڵدانێکە بۆ ڕووخاندنی ئەو پردانەی کە ئینسان لە زمان جودا دەکەنەوە. گەڕانەوە بۆ زمانی منداڵیی، بۆ ئەوەی منداڵ و زمان ببنەوە بە یەک جەستە. ئیتر شتێک نییە بە ناوی فیکرەوە و شتێکی دیکەش بە ناوی زمانەوە، بەڵکو جەستە دەبێتە زمان و زمانیش وەکو جەستە هەڵسوکەوت دەکات. هەروەکو لە سەرەوەش ئاماژەمان پێی کرد، شیعر لای شاعیر لەسەر لۆژیک بەند نییە، بەڵکو دژە لۆژیکیش ئیش دەکات، لێرەوە وڕێنەکردن پانتایییەکی مەزن لە دەقی ئەم شاعیرە داگیر دەکات. وڕێنەی نەخۆشێک نا، بەڵکو چەماندنەوەی زمان بۆ ئاستێکی دی، زمان ئەو ئاسنە گەرمبووەیە، کە شاعیر بە کەیفی خۆی دەیچەمێنێتەوە، پاشانیش کە سارد دەبێتەوە، شیکلی سەیر و سەمەرەیان وەرگرتووە. هەڵدانی ماسی بۆ حەوزی شووشە، بە هەڵدانی وشەیەک ناکات بۆ ناو ڕستە:
ماسی هەڵدەدەمە ناو حەوزی شووشە
هەندێ جاریش بەرانبەر بە وێنەی سوریالیئاسا خوێنەر تووشی حەپەسان دەبێت، چونکە ئەم ئەکرۆپاتکردنەوە دەگەیەنێتە ئاستێک، کە ڕەنگە دوا سنووری خەیاڵ بێت. خوێنەری کەمخەیاڵ تەواو بێزار دەکات:
دەمی بە قاقبەقاقی ئاسوودەیی گەرم کرد
یان
پێغەمبەران لە شەرمی ڕووناکیدا مردن
شاعیر دەستەواژە ئاینییەکان، ئاماژەکردن بۆ پیاوچاکان و پێغەمبەران و ئەدەواتی بواری پیرۆز بەکاردەهێنێت، لەپێناو هەڵگەڕانەوە، یان لەپێناو ئاراستەیەکی دیکە بەکاریان دەهێنێتەوە، یان ئەوەتا زمان دەبەستێتەوە بۆ زەمانێکی دێرین، زەمانێکی بەسەرچوو و لە ژێر لێوەوە بە خوێنەر بڵێت ئەم دەقانە ڕەگوڕیشەیان هەیە. لەم هاوکێشەیەدا، ئینسان وەکو یەکەم کائین و یەکەم بوونەوەر و یەکەم بەرجەستە دێتە پێشەوە. ئینسان کائینێک نییە لە گۆڕانکارییە سروشتییە دێرینەکانەوە هاتبێتە کایەوە، بەڵکو سەرەتا ئەو دروست دەبێت، ئینجا ڕەگەزە بێ ئەژمارەکانی سروشت دروست دەبن. ئەم دیدە ئاماژە بۆ تێرمی (ئیومانیسم) دەکات و لە هەمان کاتیشدا ڕەگەزێکی ئۆرگانیکی دەقی سەباح ڕەنجدەرە:
ئاسمان لە دەمودووی هەور
پێش ئەوەی ببێتە
باران یان بەفر
تەرزە یان شەختە
ئێمەی دروست کرد
زۆر ڕەگەزی دیکە هەن دەکرێت هەڵوێستەیان لەسەر بکرێن و بهێنرێنە زمان. خوێنەر دەتوانێت لە تێرمی (گەرم) بڕوانێت و لە سیاقە جیاوازەکانی وردبێتەوە. چۆن ئەم موفرەدەیە تێکهەڵکێشی وێنەی شیعریی دەبێت و ڕەگوڕیشەکانی لە قووڵایی چ خاکێکدا، تەڕیی و گەرمایی دەقۆزنەوە. خوێنەر، یان توێژەر دەتوانێت لەسەر چەند ڕەگەزی دیکە بگیرسێتەوە و زیاتر پەی بە دنیای شیعریی شاعیر بەرێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو جیا دەنووسێت و باجی ئەم جیانووسینەش دیارە.
ئایارى 2012 ئیسپانیا
• لەم سەرچاوەیە گواستراوەتەوە:
گۆڤارى 23، ژمارە 8، هاوینى 2012، هەولێر لاپەڕە: 7 تا 12.
بەشی یەکەم
بوێریى ڕۆیشتن
حاجى لەقلەق بە تەواوى بوون مایەوە و هەنیسکى نائومێدى بەسەر شاردا هەڵدا
بارانیش کۆترى دەنیشێ و باڵ دەداتەوە
زەوى زمان بە لێوى دادەهێنێ و تەڕى دەکات
هەور دیکتاتۆر نییە
ئاسمان داگیر دەکات بەڵام ساتى ڕاستەقینەى دێ و ڕقی خاو دەبێتەوە
خۆى لەناو دەبا و ئەو ئازاد و ڕێز نەشکاو
بە دەورى بانگى یەکەم و زەنگوڵە و گومەزدا دەخولێنێتەوە
خۆریش ئاوا دەبێ پاش پێڵوو داخستنێک پەشیمان نابێتەوە
ڕاسپاردەى دڵیم بەوپەڕى دڵەوە خوێندەوە
زوو هاتمەوە و دەموچاوى گڵۆپى ماڵم
پڕ دەمار و خوێن کرد و ورەم خستنەبەر
ماڵ بە پەرستگا و یەکەم شووشتنى پیرۆز دەزانم و خەوێکى ئارام دەڕژێنێتە چاومەوە
سوارێکى پاکیزە پارچە پارچە کەلوو و ئاوازى هاوئاهەنگ و سێبوورى هەڵدەدایە ناو دەستمان
لەبەر ماڵى تەورات و ئینجیل و قورئانى دەم بە وێرد و نەواى مندا
لە ئەسپە بەهرەمەند و بلیمەتەکەى دابەزى
ڕێگا ڕکەبەڕکایەتى لەگەڵ نەکرد
ئارام و ڕۆشن وەک دەموچاوى ژنێک
تازە نۆبەرەکەیان لە تەنیشتى دانابێت
فرمێسک لە چاوی قاوەیی ڕژا و بە تۆڕى چلچرا سڕیم
بە هەویرى ئاردى گەنم کردمە پەیکەر
لاولاو بە دەست و پێى هەڵچوو
بووە یادەوەریى هەڵۆى کۆچەر کە دووکەڵ و بارووتى بۆردوومان بە چۆکیدا نەهێنا
چل پێغەمبەر بە چیچکانەوە لە دەورى دانیشتوون
حەوت شەو و حەوت ڕۆژ بیریان کردەوە و مانەوە
دواتر ڕێی هاتنەوە ناو خۆیان لێ ون بوو
کێ کڵپە لە سەرى هەڵسێ و بوێرى ئەوەى هەبێت بێرەدا بڕوات
نەخشى خەواڵوویی دەشکێنێت و باوێشک نادا
ماڵ بە پەرستگا و یەکەم شووشتنى پیرۆز دەزانێ و خەوى ئارام دەڕژێنێتە چاویەوە
شەو و ڕۆژیش باڵی شەمێ فڕێ دەدەن و دەگەڕێنەوە ماڵى خۆیان
ڕازێک ماڵى ڕووناک کردووەتەوە
هەموو کەسەکان ڕازن لە یەکەم شوێن دەگەڕێنەوە
ئەستێرە هێلانەى لە ناولەپی ئاسمانە بەڕۆژ بەتاڵى دەکات و بەشەویش دەگەڕێتەوە ناوى کە ڕۆژ بەتاڵى دەکات مەرگ هێرش دەهێنێتە ژوورێ لە دارەتەرم زیندانى دەکات ئەستێرە ئێمەیە من ئەوى دى ئەستێرەم و ئەوى دى شتێکى کۆنە ژیاوەتەوە خۆراکى سەر سینییەکەى هێشتان تێکنەچووە و کتێبە کراوەکانى دانەخراون پەشیمانى جوانترین وشەیە لە زمان ناسیم شیعریش یەکەم خوێن بوو ئادەمى لێ لەدایک بوو هێمنیی ماڵى ئەم نۆبەرە تاهەتایییەى پێ زانى و باڵندەى زمانبەد دان لە حەوشەوبانى هەڵناگرێتەوە و زریانى ڕەش لێی نادات سەرەتاى یەکەم سۆزى پڕ ئازار گەڕایەوە بۆ یەکەم شووراوى پیرۆز شووراوى پیرۆز بە دەنگێکى پیرۆز پێکەنى و بوو بە ئاوریشمى خاوى ناوقۆزاخە و بەسەر خورپەى ترسناکدا زاڵ بوو قۆزاخە ئەو شوێنەیە پێویستە بیزانیت نەک شتى لەبارەوە بڵێیت نقوومبوون لە ڕازى یاد و شوێنەکان خۆشبەختییەکى کورتخایەنە لە باروبوارێکى تایبەتى ژمارە و ئاوازدا وابزانم ئەوەى گوتوویەتى ئاواز هەڵەى کردووە ئازار پێش ئاوازە شوێن دڵۆپە ئاوێک بوو هات و دڵۆپە ئاوێکیش بوو ڕۆیشت جگە لە ڕازى یادەکان هیچ شتێکى تر لێرە نییە گێڕانەوەی باس و خواسی کۆشکى کۆتایی خولیایەکى هەڵەیە عۆل عۆل بە پەیژەى ئێسکى کلۆربوو سەردەکەوێ و فریاى ئەستێرە بینین ناکەوێت
یەکەکان لە ئاسۆى چاوەڕوانیدا
یەک دابەش و جاران و کەم ناکرێ
خودا
خۆر
من
لەمەوبەدوا بازنەى یەکەکان داخران
بەرگەى سەیرکردنمان بگرن
بۆنى هەر کەسێک دەدەین
دان و ئاوى کۆترەکانى بیر نەچێ و چڵى ناو دەمى ڕەش نەبووبێ
چاو ناپاکیى لەگەڵ زەمین ناکات پێش من خودا و خۆرى لێ بوو بەخێرهاتنى منیان کرد و گەنجینە لە دەستیان پڕ بوو ئێمە هەرسێکمان گەیشتین بە هەموو شت و کەسێک کەچی هەر تەنیاین و دەمانەوێ زمانى ئەو منداڵانە فێربین داوا دەکەن لەدایک بن ڕنۆکى دڕندە ڕوان و ئەوان هەر خواردنى ناوکى دایکیان دەخوارد و لەناو زگى دایکیان سەرگەردان نین و ئەو شوێنە دەناسن کە بۆى دێن هەموو شتێکیش جوان مایەوە دەستى هەموو جوان ماوەیەکمان گوشى لە چاوەڕوانى ڕوانەوەى لاسکە گوڵ لەناو لاپەڕەکانى کتێب ماوینەوە سێبەر کەوتە سەر بۆشایییەکان بۆشایییەکان پڕ مرۆڤن مرۆڤ دابارین و سەرزەوییان داپۆشى و بەیاننامەى درۆزنانەیان ڕاگەیاند حەزدەکەم هیچ کەسێک لە هیچ شوێن چاوەڕوانم نەکات
دیمەنێک لە خۆت
لە شۆستەیەکى خلیسک بەسەر سێبەرى خۆمدا پازم دا
زوقمم لەسەر گوڵ لادا و پەڕەمووچێکم لە باڵندە بە ئامانەت وەرگرت
دوو وێنەم پێکێشا
شمشێر و شمشاڵ
میوەیەکم دوولەت کرد
لەتێکم لە نزیک وێنەى شمشێر دانا
ئەویدیش لە نزیک شمشاڵ
توانیم ژمارە و ناوى هەموو کەلوپەلەکانى مۆزەخانە
لەسەر لەتى نزیک شمشاڵەکەدا بنووسم و بە ئامانەت داینێم
ڕێبوار ناتوانێ سکاڵا بکات
ڕێگا بریتییە لە خۆت
زەویش خەوى لێ تێک نەچووە
گوێى لە پەلەقاژەى ماسیی ناو تۆڕە و دڵ و هەستەکانى تێکەڵ دەبن
ڕەنگەکانى کۆبووەوەى ناو پەڕەمووچ بەختەوەرانە پێشوازى لە تابلۆى دەروازەى شارى ئەشق دەکەن و دروودى داگیرساو کڕنۆش بۆ مەى و مەیفرۆش و مەیگێڕ دەبا و خۆى دەدرکێنێت چۆن بەسەر سێبەرى خۆیدا پازى دا و تەماشاى دەموچاوى نیوە مردووى ماسی کرد و هاوارى کرد تاوێک هەر تاوێک چاوەڕوانبە بەڕێوەم بۆ قوربانى و هەناسە ساردەکانت هەڵدەمژم ماسی یازدەمین نەوەى من دەبێت و ناوى منیش هەڵدەگرێتەوە بێ هۆ نییە گوڵەستێرە دەڕژێ و شتێک پێشکێشى هیواکان دەکات و بەر لە ئاگرکەوتنەوە دەگرێ
لە هێزى درەوشانەوەدا
پیاوە زەنگوڵ جووڵێنەکەى ڕایەڵى وشە و شۆڕش کە کیشوەرێکى ترى پێ نەدۆزرایەوە
دوا قسەی بۆ کۆڵۆمبس کرد و بە دەرزیلە و سنجاقی دایکى
هێمنانە خوێنى خۆى ڕشتە کاسەى دڵخۆشییەوە
ئێمە ڕەنگى دڵیمان بینى
توانیمان لەبارەى تووڕەیی چیاکان و ڕەنگى ئەشق قسە بکەین
زەوى جلى خۆى لەبەر کردەوە
بە کورسییە بەتاڵەکەى هەڵیواسی
شەکر و خوێى لە ئاودا تواندەوە
قوڕى پێ خوساند
کوورەى داگیرساند
خشت بڕا
پێستى خاک بۆ بناغە لادرا
شار گەورە بوو
یەکەمین ئاهەنگ گێڕدرا و یەکەم جەنگ کوژایەوە
پەلکەزێڕینە کە لە ئاسماندا ون دەبێت
سڵاوى هەموو جەربەزەیەکى سەندووەتەوە
ڕوخسارى هەیە و دێتە ناو ڕیشاڵى ڕۆحت
ڕەنگى دڵى بینیوە و ڕەنگى ئەشق دەناسێت
پەنجەرەیەکى بەتاڵ لە سینگى دیواردا ئاسۆ و سنوورە
هەناسەى سازگارى خۆر تێیدا دێتە ناو جۆش و کوڵى کاروانەکان
کەسیشى تێدا بانگى دەرەوە ناکات
لە هێزى درەوشانەوەیدا دەردەکەوێت
هاوڕێى پاراو ئەگەر جەردە و چۆرتەمان لە بۆسەدا بینى
مەشق بە چاومان دەکەین و گۆرانى لە لێوى شار جێدەهێڵین
شار لە خەوێکى ئارامدا هەناسە دەدا
درەختى بە پەڕوباڵ بیرنەچوونەوەى شارى قووڵایی دەریایان پێ سپێردراوە
کازێوەى سپێدە
زەردەپەڕى ئێوارە
کاتن
کات بیرى شوێن دەکات و بۆنە خۆشەکانى لێ پەرت دەبێ
شەقام مۆر نەکراوە
دڵ مۆڵەت دەدا و بۆت دەکرێ جارێکى تر
بەسەریدا بچیتە شەڕى دەرزیلە و سنجاق
مووروویەکى تریش بکەیت بە نقێمى ئەنگوستیلەى قەدەغەکراو
هێڵەکانى ناو دەفتەرى گەورەش بژمێرى
هێلانە لە ترووکان هەناسە دەدا
شەوانى ڕەمەزانى هەولێر داوا دەکات
قۆڵ لە قۆڵى شکۆى بێ پەروایی هەڵکێشى و ئەو خەونە ببینێ کە گرینگ و زۆر پێویستە
کازێوەى سپێدە
زەردەپەڕى ئێوارە
ئەو داوایە ئاسایی دەبینن و پرسیارەکانى باوانمان دووبارە دەبنەوە
دەمامکى پاشایەکانیش وەک خۆرى نیوە ئاوابوو ڕەنگاوڕەنگن
پاشایەکان دەموچاویان پڕە لە ترسناکى و تۆقین پڕ دەدەنە تفەنگ و میل دەهێننەوە و پەنجە لەسەر پەلاپیتکە دەجووڵێنن تەقە لە ڕووناکییەکى تووڕە دەکەن و برسییەتى دەخەنە ناو تۆڕەوە و بە هەناسەبڕکێوە لە بەرزایییەکەوە داوەکە ڕادەکێشن و دەمانخنکێنن دڕکى پەنجەکانیشمان دەرناهێنن کەسەکەمان لە نێوان دووانماندا سێوێکى لەت نەکرد و وەفایەک نەمایەوە بەسەر هەورەگرمە دابەشی کردین و خوێنى وشەى ڕشت ڕووناکییە تووڕەکە خوێنەکەى بۆ کۆ نەکرایەوە و سەروبۆرى وشەکانمان کەوتن و مانامان لێ تێکچوو ناوى دڵبەرەکانى خۆمان بۆ نەخوێندرایەوە خوێنى وشەکان هەمووى درەوشانەوەى ڕووناکییە تووڕەکەبوو ڕووناکییە تووڕەکە دەستى خستە سەر دڵمان و بۆ ماڵئاوایی هاتبوو ئەو جامە ژەهرەى بۆمان ڕاگیرابوو دەستێکى لێدا و قڵپى کردەوە ئاوى پاراوى تا ناو گۆزەمان هێنا شوێنى خۆى نەگۆڕى و دوا دیمەنى بوو دەستى خۆى ڕاخستووە تا مرۆڤ بەسەریدا بێتەوە ماڵەوە پردى پاشاکان کەوت شەقام بانگى هەموو یادگارییەکانمان دەکات
لە بۆسەى خدرى زیندەدا
برین جۆشاون و گوێڕایەڵى یەکترن
درەختێکى ڕووت لە دوور
دوورییەکى سەیر دوور و ساکار ئەوپەڕى دنیا تێیدا خۆى دەناسێتەوە
گوێى لە تەوقەى گەرمى ئەو کتێبەیە
لەبارەى ناودارانەوە نووسیومە
دەڵێت ئەوانە ڕۆژنامەى ئێوارانن
ڕۆژنامەفرۆشى گەڕۆک بردوونى بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان
یان گیانى بەرزبووەوەن
بە ڕێگاى سرووشەوە براون بۆ دڵگۆیی و چاندنەوە
بەیانى دێنەوە هۆش و پشیلەى سەر بەز لەوێ نامێنن
وێنەکانى ڕۆحت لێى پێکهاتوون و تەزوون
لە چوارچێوەى سۆزى دیدار و خرۆشی
جەزبەى دەگرێ
لە شەقامە سەرەکییەکان هەڵیدەواسێ و دەڵێت
ورد سەرنجدەر و پێشبینى خەندەیەک دەکات
بەم شێوەیە هەموو شەوێک هەمان شت دووبارە دەبێتەوە
سبەی دەستوڕست بۆ کوشتنى خدرى زیندە لە بۆسە دادەنیشم
بەڵکو بۆم بکرێت بیکوژم و دۆنایدۆنی بم
زمانى بۆگەنکردووى باڵندەى بەدیش فڕێدەمە جیهانە ساردەکان
جیهانە ساردەکان ئێمەیان بەپێوە خەواند و جێ بەخۆ ناگرین سەکۆى سەما کەسی لێ نەما ئەو ڕۆشنایییەى لە ڕوخسارى ئێمەوە چووە سەر سەکۆ پرسیار بوو بەناو سووڕى ڕۆژەکانمان جووڵا شانەکانى هەنگوین بە هێمنى خۆیان پڕ دەبن لەمەوبەدوا بکوژى خدرى زیندە بەنهێنى لەگەڵمان نادوێ و بەسەر پشتى نەهەنگەکان ڕەتمان دەکات و خۆرێکى جوانەمەرگین لە جۆگەلەیەکى پڕدا بە زەمین ئاشنا دەبینەوە لە دۆنایدۆندا خوێنى زیندووبوونەوە پاشەکەوت دەکەین دواى ئەمە چی ڕوودەدا کەڵەبابى دڵخۆش ئەشقی دەپارێزێ و چێژ لە دەنگى خۆى دەکات و داهاتوو دەبێ بە هى ئەو
ئاوم بە خۆڵدا کرد و بۆنى خودا خۆش بوو
هەور لە شوێنى دروستبوونى خۆى ناسرا و بەسەر کێڵگەى لێوبەباردا تێپەڕى
بەهانەى سووتانى بۆ هێناین و بۆنى خۆڵەمێشى تەڕى کردین
گوڵدانى پڕى بەر پەنجەرە فێنکایی بۆ هات
گفتى بە ڕازى ژیان دا
پێستى ناونیشان بەسەر گۆشت و ئێسکم کشا و خەندەى دیدار ڕسکا
خونچە بۆ گوڵبوون چەند کراسى دڕاندووە
1- زێوان 1988 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
2- ڕووەکەکانى خوداوەند 1999 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
3- خەون وا خۆى گێڕایەوە 2004 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
4- شەڕى چل ساڵە 2005 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
5- مردوویەک ئاگاى لە هەمووانە 2008 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
6- سەد و یەکشەوە 2008 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
7- ساڵى سفر 2010 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
8- سروودى زەوى 2012 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
9- حەزدەکەم ئەوەندە بژیم 2015 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
10- دواکەوتن لە کەشتیى نووح 2018 داوەتمان دەکات بۆ قووڵایی ناولەپ و بەرزکردنەوەى گۆزەی بێدەنگى
براکانى ناخ دڵم سوار نییە و بەشدارم لە خوانى خودا و زیندانى واڵا
ئاوم بە خۆڵدا کرد و هیچ شتێکم بیر نەچووەتەوە و دیمەنەکان دەلاوێنمەوە
بە هەڵەش حەزم لە ژیان نەکردووە و پرسیویشمە ئادەم یان حەوا نۆبەر و دڵڕاتەکێنى زەوین
پەیدابوونى ناو دوێنێ بوو گەلێک تەلیسماوى نییە
ناو لە شوێنى لەدایکبوونى دەناسرێ
حەواى ڕوومەت حەفت ڕەنگ
هێز لە ئەژنۆت کۆکەرەوە و ڕاکە
تەنیایی بوومەلەرزەى خستە هێلانەى حاجى لەقلەقەکەى بەر لەوەى بمرێ
دەست ڕەنگاوڕەنگەکان مرداندیان
توندتر ڕاکە نواڵە
ژیان لە چاوەڕوانیدا چەند کراسی دڕاندووە
لەپڕ پەنجەرەیەک داخرا
خەیاڵ سۆماى نابینابوو
نەبووە ئاوێنەیەک خاڵى ناخى تێدا گەورە بکەمەوە
جاڵجاڵۆکەشم بینین کراس بۆ پەرییان دەچنن و پرچیان ڕست دەکەن
هەموو بەهانەکان بۆ ئەمەن ڕۆن بەسێرکدا بڕێژن و گا بخلیسکێ
زەوى بەئاسانى پەشیمان بووەوە
لە یاقووتە شینەکانى ڕژاندوویەتى
لە دوورییەکى ئارامدا ماومەتەوە
بۆنى خۆشی جەنگاوەرێکى بێ ئاگر و ئاسن لە بەرەیەکى نەرمدا دەپەیڤێ
پەیڤى و ژیان ئەشکەنجەى دابوو سەرنشینەکان لەپێش چاوى من سەرکەوتن و کەشتییەکە ڕۆیشت تا بەهەشت گەیاندم دڕکى لێ نەبوو بە پێخواسی بە ژێر گڵۆپی کەسک و سوور و قوللە و سەنگەردا پیاسەمان کرد و دانیشتین و خوانمان داخست و پێچایەوە پشت لە هەڵەکان کرا ئەوەى ئاوى چۆڕاوى داخ بوو پەیکەرى هەڵبژێردراوان لەناو باخچەى بەهەشت هەبوو پەیکەرى مێژوو بۆ نووسراوەکان کە جلى ڕەنگاوڕەنگى دزراو لە نێرگزى تەمەن درێژیان لەبەرە درێژە بە ژیان نادەم ئەو ژیانەى سەرى ئەشکەنجەى دانا ژیان ئەشکەنجە دەپاڵێوێت و هیواى نزیک لە دڵدا هەڵدەگرێت کەشتییەک بەکرێ دەگرم و گەشت لە ڕووبارى تەورات و ئینجیل و قورئان و شیر و شەراب و هەنگویندا نائومێدى دەکوژێت
ئەسپی باڵ داستان و ئەفسانە گەیشت
بە هەزار دڵ دەچمە ژوان و دیدەنى
مانگ لە ژوان و دیدەنى ناڕێکى زەوى شەرم دایگیرساند
بۆنى باوەش تووشى هەڵامەتى کرد
چنگ لەسەر دڵم هەڵگرە و لە کۆڕى یاران دوورکەوە ئەى پەتاى حەفت دەمار
دەستى پەرۆشى و تاسەکردن لە بەردەرگاى ماڵئاوایی
ئەلبوومە داخراوەکان دەکاتەوە و پەڕەکانى زۆرنین
خەونێک شەوى کورت کردم و بە دڵخۆشی خەبەرى کردمەوە
مرۆڤ بەیانییان وەک ئاو دەجووڵێ
شەقارى پاشماوەى برووسکێک دەمى گەیشتە پەنجەى پێم
ئەسپی باڵ داستان و ئەفسانە چوار ناڵەى دا
چوومە خەونى تایبەتیى نووسینەوە
گوناهى زەویم سڕییەوە و ناوچەوانیشیم ماچ کرد
خەو تازە چاوى زەوى گەرم کردووە
ئاى لە خودى خەون دڵنیام
ئەشقى گەرمە و ڕووبارى بەستوو دەکاتەوە
ئەى زەوى کۆترە پەیامبەرەکانت لەسەر شانى من دان بدە
بۆ شوێنێکى نەزاندراو نافڕن
ئەستێرە لەسەر شانى من ڕەنگیان ناگۆڕێ و نابن بە بەردى شەڕ
لەناو تەپوتۆزى تەڵخ و ئاسۆیەکى زەرددا پێم لە بەردى شەڕ گیربوو بەلاداهاتم و نەکەوتم کردم بە بەردەکێلى خوێنڕژاوە ئەسپی نامرادەکان بەردى شەڕیان جێهێشت نەچوونە سەر کانییەکى سازگار دوور ڕۆیشتن و چوونە سەر دەریا ئاوى سوێر بخۆنەوە لەسەر شۆستەى شەقامێکى چۆڵ دانیشتبووم وەک باى سبەینان بەسەر ئەو ناوەدا کشان لە لەخۆبوردوویی و خاکیبوونى خۆیانەوە دەبنە ماناى ژیانمان گوڵى سوورم بە دەستەوەیە و چاوەڕوانم چرای ناوچەوانیان داگیرسێنم و ئەوان قسە بکەن و منیش گوێیان لێ بگرم و تا قووڵایی ناخ بە داخ و زووخاوێکى زۆرەوە دەتلێمەوە و باڵندەیەکیش لە تەنکایی زەردەپەڕدا بانگم دەکات و دەڵێت لەناو تەپوتۆزى تەڵخ و ئاسۆی زەرددا وەرە دەرێ ئەوەش ببینە پیاوێکى کاسە چەور چەترى هەڵداوە و لەبەر بارانە خۆشی لەوە دڵنیاکردووە تەڕ نابێت ناشزانێ باڵندە کەى کۆچ دەکەن و بەچکە پەڕەسێلکەش چەند ڕۆژ لێویان زەردە و ئەو تفرە لە ساردى یان لە گەرمى فڕێدەدەن
شەونخوونیى شیردەرێک
ئەو ژنەى خۆى دەکاتە بەرات و قوربانى و شیر دەداتە کۆرپەکەى
ئەمەک و گۆرانى حەفت ڕێ چاو ساغى دەکەن
بۆنى لەناو ئاگرى ماڵدا چەک لە دەستى دیکتاتۆر دەکەوێنێت و مۆمى سەر گەنجینەیە
خۆڵەمێشى دواى سووتان نییە
کەوتە قەڵاى خودەوە کە لە ڕەنگێک زیاترە و پاراوى بۆ چاو دەگەڕێنێتەوە
خێوى ناقۆڵا
شەوە
دایکى ئاڵ
دڵەڕاوکێى سەرەتا و کۆتایییەکان
دەستیان بەست و کردیانەوە
بەبیرى هاتەوە ڕەنگە من کوردستانى بم
کوردستان گەدەى بەتاڵە و بە مەلوولى بەسەر ناوى خۆیدا دێتەوە
چووە ناوەندى ئاسۆ و تەماشاى دەریای کرد
نەیتوانى چارۆکەى بەلەمەکەى هەڵدات
پەناى بۆ دانبەخۆداگرتن برد
هێلکەى پرسیارێکى خستە هێلانەى ترووکاندنەوە
یادەوەریى ساردبووەوە گەرم نەبووە و گەشەى نەکرد
بەدواى تەنیاییدا سەرم باڵندەى
حەفت ئاسمانە و بە نۆژەنکردنەوەى چینەکان خەریکە
ئەرێ ئەو هەورەى بە سێیانەى
بەفر و
باران و
تەزرە دووگیانى
سۆراغى تەنیایی لە کێ دەکرێ
بەهێزترین کەس لە هەموو کەس تەنیاترە
پەپوولە پایزە سێبەرى خامۆشانى
بەدوات غار دەم دەتگرم
هەڵنەوەرێى هەڵبووەرێى بە کراسی یووسفەوە دەنووسێیت و ڕەنگت دەگۆڕێ
تەنیایی وای کرد لە جێگایەکى دابڕاو لە شار کە ڕووناک و پڕ گەرمییە چاوەڕوانى نەوەى بەهەشت و جنۆکە بکەم لەسەر سەکۆیەکى بە بەردى بە نرخ بەرزکرایەوە کە لە شارى گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان دەچێت حەوت بەرزایی هەیە هێز و ئازاییم پێدەدات زەوییە شۆرەکاتەکان داببڕم و بەرەو ئەو دەستانەى بگەڕێنمەوە دژى درەختى مووتوربەکراو بەحەوتبەر بەرز کراونەتەوە دڕکى بێ ئابڕوو دەتوانێت ناوچەوانى شاعیرێک بریندار بکات و دوو دڵۆپ خوێن بکەوێتە سەر دەموچاوى زەوییە شۆرەکاتەکان خوێنى گەرم لەکە نییە ئەشق و تکاى ئاشتى دڵە ئاشتیى دڵ لە زەوى شۆرەکات گەورەترە وڵاتى تێدا دروست دەکرێ
ئاهەنگێکى تەواو نەبیندراو
ئەمڕۆ ئاهەنگى لەدایکبوونى منداڵێکى گەڕەکمان بوو
هەویر و فڵچەى ددانم بۆ برد
مۆمێکم ڕفاند و هەڵاتم
چوومە سەر کورسییەکى حەسیر و مێزێکى بازنەیی
بە ناوەندى جیهانم زانى
ناوەندى جیهان هەقیقەتە
دەموچاوى یەکپارچە نەبووەتە گرژى و دەمارى ناڕەزایی
دەشمەوێ لە شەرم و شانازیى ئەو ئەستێرە دوورە بگەم
تەنیا پڕشنگى دەگاتە ئێمە
هەستەکانى خۆم خوڵقاند و سروودى ئایینیى مرۆڤایەتیم گوت
مۆم نەبووە ڕۆژ
تووڕەیی نەبووە واق وڕمان
باوێشک نەبووە نازى ئەستێرەى گەڕۆک
تەقەى دەرگا نەبووە ئاواز
هاژەى ڕووبار دەنگى زاڵى سروشتە
پەڕینەوە لە ڕووبار قەدەغە نییە
نەشمتوانى چى بە مەلەوانى و باڵوەشاندن بڵێم
لارەملى تەمەن و چەقۆى ڕێگران
گەرمایی ئەستێرەیان لێم دوور نەخستەوە
ئەى ترووسکایی لەخەو هەستاو و ئاهەنگى تەواو نەبیندراو
مایەوە تەماشاى دۆڵى ڕۆچوو بە ناوچەوانى زەوى بکەم
تکا دەکەم لە خەونەکەم بمێنەوە چراى بادە
زەویش تەخت نییە هاوشێوەى مرۆڤە
بە خەیاڵ ناسین ئاشق خومار و بەختەوەر دەکات
خەیاڵ بە ویست و زانینەوە داهێنەرى بوێریى لێدانى دڵە
هەر دەڵێی بەردێکى دەستى گەورەترین گوڵى پشکووتووم
هەڵدەدرێمە قووڵایی لێدانى دڵەوە
ئاوى شێتى ڕژا و دڵ لە حەکایەتى جوانییەوە لێى دا شنەى بەرەبەیان بیرەوەرییەتى و نایەوێ بە مردوویی بژى بێ ئەندازە گەورەیە و ڕاکردوو نییە لە خۆى ئەو خۆرەى سبەى هەڵدێ دەمانداتێ ستایش بۆ خودا کە لە لەدایکبوونمان دەدرەوشێتەوە نزایەکى پێشنوێژ خۆڵی خۆتم بمبەرەوە ناولەپی خۆت و ئاهەنگى ناشتن بگێڕن پرسیارێکى دواى نزاى پێشنوێژ ئایا لە بەهەشت نوێژ و دوعا دەکرێن یان کێ خاوەنى بەهەشتە ئەى ئەوانەى دەچنە ناوى وەک مێوان بەخۆڕایی تێیدا دەمێننەوە شمشاڵ داوێنە سەر جامى پڕ شیر هەنگ دەچنە ناوى لە کونەکانى دێنە دەرێ و بە باڵی تەڕ دەفڕن ئاوى شێتى کە ڕژا پاش مانەوەى بە ماوەیەکى کورت ڕەنگى وەک چا زەرد بوو لە ئاوێنەیەکدا نقووم بووم و خنکام خۆشاوى بادەى پیاوچاکانم گەیشتە دەست لێدانى دڵ تاریکە وەک خانەى فەرهەنگ و شارەکانى جیهان سەیرە خانەى فەرهەنگ و شارەکانى جیهان تاریکە و بەڕێکەوت ئایندەش هەیە لێدانى دڵ ڕووناکە وەک خانەى فەرهەنگ و شارەکانى جیهان سەیرە خانەى فەرهەنگ و شارەکانى جیهان ڕووناکە و بەڕێکەوت ئایندەش هەیە پێشبینییەکی بەرلەدایکبوون
ڕەگ لە دەم جۆگەى وشک هەناسە نادات
شەختە پێڵووى چاوى ئاوە و وەک چاو بێگەرد نییە
ڕووەکە خۆڕسکەکانیش لەناو بەردە ڕەش و قاوەیی و سپییەکانەوە دەردەکەون
چێژ لە بەردەکان وەردەگرن و بەڕەنگى خۆیان هەنگاو دەنێن
خودى خۆیانن و بەخۆیان وەرزى ساڵ هەڵدەبژێرن
ناوێکیان بۆ گەشەکردن هەیە
نازاندرێ بۆ ئاشکراى ناکەن
نیگاکانم دەنێرمە شوێنێک کە پەردە بە سەرچاوى نەکشاوە
سەیرى ناوە ئاشکرانەکراوەکە دەکەم
لەو شوێنەى هەموومان هەناسەمان گەرمە
ناوى یەکترى دەهێنین و خۆشاوى درەختى ئامۆژگارى دەخۆینەوە
بۆنى کەتانى تەڕیش دەکەین
ژیان لەوەش زیاتر بڕ دەکات
شاعیرى شێوە ئاو و ناو و تەقاندنەوەى تەڵەى بۆسەکان
ڕوومەتت لەسەر دەستت دانێ و زەین بدەرە شەڕى دەستنووسەکان
زەوى لە هەموو ڕەگێک تێدەگات و دوا وشەیان لێ وەردەگرێت
شەڕى دەستنووسەکان ئەم زەمینە ڕووخەونینەى کردە کوورەیەکى تووڕە و هەڵچوو نەمتوانى چاو لەسەر هێرشی ئاگرەکان هەڵگرم لەگەڵ ئەم دووکەڵە و تەنگەتاو کردنەش خانمى ماڵ پلیتى فانۆسەکەمانى بەڕێکى بڕى دووکەڵى نەکرد چڵکى بن نینۆکەکانم فڕێ دا و بەناو ئاگردا ڕۆیشتمە مێرگێکى پاراو قەیتانى پێڵاوەکانم نەسووتان تەماشاى چێڵێکم کرد گیاى تایبەتى دەخوارد تا شیرەکەى دوودڵى تێ نەئاڵێ و ئاسوودە و دڵشاد بڕژێتە دەمارەکان دەبێ زەمین بخرۆشێ و ببێتەوە منداڵێکى شیرەخۆرە و جلوبەرگى لە ڕووناکییەکى سوورپۆش بۆ بدرووین خێرا چاوەکانى بکاتەوە و بەهۆى پانتایییەکى پڕەوە بگەشێتەوە و بەهێز بمێنێتەوە
مایسى 2018 هەولێر
بەشی دووەم
لەدایکبوون و مردن
لە سەدەى بیست چاوم لە لاسکە ماندووەکان ئاڵا و سەرکەوت
لە سەدەى بیست و یەکدا
چاوى ئاڵاوم لە لاسکە ماندووەکان دەکەوێت
هەردوو سەدە لەو خرۆش و خولیایەى لە منیان ڕسکاند
کرمى ئاوریشم لەناو لەپیان کەوتە گڕوگاڵ
سەیر زۆر سەیر تەماشاى ئاگرى ناو شووشەى لامپای کرد
ئاوریشم بەشە میراتى منە
بەشە میراتى خۆم دەپارێزم و ڕۆژگار دەیهێڵێتەوە
لە زۆر بۆنەدا سینیی کێکی بەدیۆمم قڵپ کردووەتەوە و پەنجەرەى مۆنم شکاندووە
دەرگاى خەزنەم بە گەرمایى پەنجە کردووەتەوە
لەناو بەلەمى ڕاوچییەکان چرام داگیرساندووە و لە حیکمەتى چارەنووسم پرسیوە
پەپوولەم ئاشق کردووە و تەمومژى سەر ئاویشم لاداوە
تووڕەیی تێکەڵى بەزەیی نابێت
با شوێنى هەیە لێى هەڵبکات و خۆشى لە لووتکەى درۆزن لادا
لە بیریشى ناچێتەوە بۆچی هەڵیکردووە و لە چیشدا دەبێتە سروە
سروە باڵ دەجووڵێنێتەوە
لە ڕۆژێکدا کە خۆرەکەى زۆر ڕۆشنە
بە بزەیەکى ئاشنا خەڵاتم کە و دەستبەردارم مەبە ئاوریشم ڕوێن
لەدایکبوون پەڕەمووچی کۆترەکانى بڵاو کردمەوە و بۆم کۆ نەکرایەوە
مردن فریام کەوت و بۆ لاى هیچ شتێک نەگەڕامەوە
ئاگرى کەس لە ئاگرى کەسدا ون نەبووە
کەسیش بە ئاگرى کەس نەسووتا
لەبەر پەنجەرەى یەکیش تێپەڕین و خۆشحاڵین بە سەمای زەماوەند
سەیر زۆر سەیر تەماشاى ئاگرى ناو شووشەى لامپا دەکەین
ئەوسا و ئێستا
سروشت هەموو پرسیارەکانى ئێستا و ئەوساى کردووە و بۆ هەموو شت سەرەتایە
خەیاڵ سەرەتاى خۆى دەدوێنێ و هانا بۆ شکۆى خۆى دەبا
پەپوولە ئاگرى ڕاونا و کەوتە بۆسەی و کوشتى
گەرمایی لە دڵى جریوەى دەهات
بە ئاوى حیکمەت درەختى سێبووری گۆش کرا
ئاو ڕێڕەو دەگۆڕێ
بەڵام بیر ناگۆڕێ
لە دەرەوەى باخەکانى بەهەشت میوەکان ناسیمیانەوە
باڵ لە گەرمیى پێگەیینى میوە کرانەوە و بە خوداوەندەکان ئاشنا بووم
لە خۆشییاندا سوور هەڵگەڕام
خوداوەندەکان مژدەن و دێنە لام و باسی وەفاى دەریام بۆ دەکەن
میهرەبانانە سەوڵ دەکاتە دەستى منداڵێکى تازە لەدایکبوو
کاتێکیش جێمدەهێڵن بە سەرمدا زاڵدەبن و بیریان دەکەم
پرسیارەکانى ئێستا و ئەوسا لەبارەى ئەو شتانەى دەتوانم هەمبێت دووبارە دەکەمەوە
بۆ هەموو شت سەرەتام
سەرەتا پێویستى بەوەیە
هەموو ڕەگەکان لە شوێن پێی جوانی و لێبووردن بچێنێت و شتەکان دەست پێدەکەن
گوڵاو دێ تایبەتمەندترین نهێنیى گوڵ دەدرکێنێت
زەوى لە پەردەی ڕاز دێتە دەرێ
ڕازاندنەوەى خۆى دەداتە دەست هەموو ڕەنگەکان
گوڵ سەرسپاردەی گوڵاوە
وەچە و بنەچە
شوێنپێ ئەمەکى ڕێگا نادیارەکانن
جەللادیش دەیەوێ ئاسمان خامۆش بێت
چۆلەکەکانم لەناو ڕەشەبادا بەڕەڵلا نەکرد
دوور کەوتمەوە و هەڵمدان
بەشە مێوژى خۆم لە قەرتاڵەدا هەڵگرت
هەنجیر و گوێز و باویم داتەکاند و چوومەوە یاریی گومبەتانێ
بەرانبەر چیا وەستام و بزمارەکانى کەشتیی نائومێدانم توند کردەوە
بە پەرۆشم خودا بۆ داوەتى ماڵى خۆى بانگم بکات
پۆلە چۆلەکەکەى هەڵمدابوون بۆ ئەوەى خۆیان پێشانى برووسک دەن
لەگەڵم بنیشنەوە و دەنووک لە زایەڵەى سنگى
قەڵا بدەن و گۆرانییەک لە لێوى جێبهێڵن
ئاوى تۆفان و لافاو لەبەر دەستماندا مردن
شارمان لاواندەوە و وەچە و بنەچەی ئاگرمان ژمارد
کەمى نەکردبوو
شەقامەکان لەبن پێی ڕێبواران گڕِوگاڵیان بوو
ئەسپ و پاڵەوان و پەیکەرەکان پیرۆزەى دوو چاوى تێرخەو دەبەخشن
هەردوو تاى تەرازوویان مەل لەناوى مەشقی غاردان و باڵ دەکات
باوەڕ و گومان
هەستە تووڕەکان قولابیان لە ئاو کێشایەوە و باوەشم لە خودا وەرێنا
باوەڕ و گومان باوەشیان پێدا کردم و خۆیان نەدرکاند
دڵوپ و دڵۆپ کەوتنە ناو کاسە و کەوچکمانەوە
هەراسان و بێزار بووم
لە قسەى دووبارە لەبارەى ڕێنوێنییەکان
لە ئومێدى ئەوان هیچم بۆ نەگوازرایەوە
ڕووبەڕووبوونەوەى خۆدرکاندنم هەڵبژارد
گردۆڵکە و چیاکان سوور هەڵگەڕان
لەناو دەستە بەهێزەکانى تەفرەدان خۆم ڕاپسکاند و بوومە ترپە و ئاوازی نووسین
بەناو دارستانێکى گەورەدا ڕۆیشتم یانى جێگایەکى نەناسراو
درەختەکان بەدوامدا هاتن
دایکێکى ئەفسانەییم ناسی
کەروێشک لەگەڵى دەڕۆن بەرى درەختەکان کۆ دەکەنەوە
هەندێک نیشانەى ئاگریان دروست کرد
بەرەو گردۆڵکە و چیا سوور هەڵگەڕاوەکان بەرز بوونەوە
دەبێ تەماشا بکەین
خوێن سەر دەکات و فرمێسک خوڕەى دێ
کاروان دوانەکەوت و گەیشت
هێماى کلیل و کلیلسازى لەسەر تاج چنى و ئاسۆیەک پێکهات
بۆ فەرمان و بەرفەرمانى ئەوە بکە و ئەوە مەکە
زمانى کوردییان پێبەخشیم
لەسەر بەرد تۆمارم کرد و هەتا بڵێى ڕۆشن
لەکەدار و کلکدار
چەترى کاسەى سواڵ بپێچەوە پیاوى لەکەدار و کلکدار
وەک پشیلەى لە حەفت دەرگا میاویو چڕنووکت بەسەرماندا کردووەتە قەفەس
ئەسپى شەل ڕاوى پێ ناکرێ
چاو بە فرمێسک سڕە و دەخیلەى دڵشکاوانە
پایز دڵەڕاوکێى سروشتە
لاپەڕەکانى ناوچەوانى هەڵدەدەمەوە
مێشکێکى باش و سادە
کە خوێنى لێ دەتکێ سەردانى دەکات
ساتمە ناکات و ناکەوێ
لە مێژوویەکى زیندوودا پشوو دەدا
هێشووەکانى پێگەییون و دەستەکانى بۆ بەرز کردوونەتەوە
بووە هەتاوێک تانوپۆی ڕەش و سپی چنیوە
زۆر ڕامام تا لە چنین بگەم
خۆى لادا لە لێوى ڕەشى نزا خوێن
گوێى لە زمانێکى تر بوو
لە دەشتایییەکدا وێڵ مەبە
کلیلى شار بخەنە سەر ئاوێنەى زوڵاڵ کە زمانى نەرم دەهەژێتەوە
شەرمم لە برین نەکرد
شەرم لە برسییەتى دەکەم
هاتن و نەهاتن
کەسێکى چاوەڕێم لە هاتن و نەهاتندا تەنیا نەبم و قاچم زەوى نەگرێ
تەنیایی دڵ دەسووتێنێت
دەستیشم لە کردنەوەى پەنجەرەدا گیر بووە
پەنجەرە لە ژوورى زیندانیشدا دڵخوازى دیدارە
مێوان لەبەر پەنجەرە ئاڵوواڵاى ڕێژەنى ڕوخسارە
دڵى سپاردووە بە خۆرێک چاوى ئاڵۆز نەبووە و هەڵى نەگڵۆفتووە
تەنیا ڕەنگى هاتن لە چاویدا دەنیشێت
جۆرەها دەنگى تێکەڵ لەسەرت جێ بە یەکتر چۆڵ دەکەن
دەیانەوێ بچنە ئاسمان بزرینگێنەوە
بە خومارى سەیرى زەمینى خومار بکەن
بیر لەو تیشکەش بکەنەوە
بە نێوانى شاخى کەڵەکێوى ڕەت دەبێت و لە پەنجەرەى زیندان دەدات
تیشکێکى لەناکاو نییە
خۆر و پەنجەرە گۆرانیى یەکەمن
دەچنە ناو چارەنووسێک هێڵ و هێماکانى هیوایان لێ دەخوازرێ
خۆیان بەسەر نەهاتن دادەخەن و بەسەر هاتن دەکەنەوە
ڕاست و چەپ
ڕێوییەکى قوونگیراو لە ئاوێکى جادوولێکراودا ددانى شووشت
کاتژمێرى فێرە هەڵخەڵەتاندن کرد
ئەوەى چاوەڕوان دەکرا ڕووى دا
ڕاست ئەسپى چووە ڕێ
چەپ شەقامى ناهاوسەنگە و ڕێبوارانى لەگەڵ یەکتر نامێننەوە و بخوور دەکوژێننەوە
لە پشت شۆستەکانیەوە جورج دەمى یەکتر لە ئاوێنەى چێژدا بە پێوانە و قەوارە دەبینن
پیت و هێڵ و نیشانەکانى هاتوچوویان کڕاند
ئێمە تێکسووڕاین و گاکانمان لەناو کێڵگە بۆ نەهاتنەوە
هەر بە چاو شوێنپێیەکانى دزین
گوللەى قینى کوڵاوى تەقاند
گوللەى فرمێسکڕێژیشى بۆ هەلێکى تر هەڵگرت
لە خاکى ڕەنگەکان گۆپکە و چرۆ و خونچە و گوڵ
ژەهراوى دەکرێن ئەوجا پێیدەزانن
باخچەش لە تووڕەییدا ڕەشێنەی چاوى نەما
شەو و ڕۆژ
لە شەودا سینگ دەردەپەڕێنم و خۆم ئامادە دەکەم
بەناو ڕۆژدا بڕۆم و شتەکان دژى شەو هەڵگرمەوە
شەو زانى بێکەسم و بە سەرانسەرى دنیادا دەسووڕێمەوە
بەشێک لە کاتى خۆى کورت کردەوە و دنیا بووە پەنجەرە
لە ڕۆژدا دەست لەسەر سینگ دادەنێم و خۆم ئامادە دەکەمەوە
بەناو شەودا بێمەوە و شتەکانى هەڵمگرتووەتەوە
لە مۆزەخانەى پایتەختى دابنێم
ڕێگاکانى شەو و ڕۆژ وایان کرد
شانازى بە بێ شەو و ڕۆژى خۆم بکەم
شەو و ڕۆژ گومانیان هەیە
هەموو ئەو بەردانەى هەڵمدان
نرکە و ناڵەیەکیان نەخستە دڵى گۆمێکەوە
کامێراکەم ئامادە دەکەم وێنەى قڕژاڵێکى چاو پەلکەزێڕینەیى دەگرم لافاو لایداوە
گوڵەبەڕۆژە بەسەریدا چەماوەتەوە و سێبەرى لێ کردووە
ئەى ئەستێرەى بچووک بڕژێ
بە یەکەوە کۆچ دەکەین
نامەیەکیان پێ سپاردووم هیچ لە سەر زەرفەکەى نەنووسراوە
کۆن و نوێ
گوڵەبەڕۆژەى ئاسمان مانگ
ڕۆژێک سادەیی جوانیی
بە شتى کۆن سەرسام دەکەم و لەگەڵیدا هەڵبکات
نوێ بێدەنگ و بێجووڵە و لەخۆڕازى
بە ڕێگایەک کە ڕووناکییەکەى ئەشکەنجە نەدراوە و چووەتە ڕیزى سوپاى نیشتیمانى
بەرەو پیرمەوە دێ
ژیان بە کۆن بەناز و ڕێزلێگیراو ماوەتەوە
بە نوێ خەمڵیو و زەماوەندگێڕ و بە خانە و لانە
لە تەماشاکردنى ڕێى خولیا دەمارى دادەخورپێ
لەگەڵ خۆى هەڵدەکات و گوڵاوى بەسەردا دەڕژێ
دەنگى لە هەموو جێیەک نەوا و ئەنوایە
بێدەنگى ڕێگا لە کوێ دەیهێنێتەوە
هەموو بە ڕێگایەک کە ڕووناکییەکەى ئەشکەنجە نەدراوە و چووەتە ڕیزى سوپاى نیشتیمانى
بەهانایەوە دەچین
گوڵاوى پاراوى شەوییمان لێدەدا
بیر لە ئارەقەى بۆنخۆشى سەرەمەرگ دەکەینەوە
گوڵاو و ئارەقەى سەرەمەرگ ڕژاونەتە ناوێک
ڕووبارێک حەوت پردى بەسەرەوەیە
بە هەراوهۆریا لە ڕووبار نەپەڕیمەوە
ناولەپ و ناوچەوان
ڕەگ نازناوە بۆ لک و چڵ
لەبینینیان گلێنەى هەردوو چاوى گەورە دەبن
ناولەپ هێز و هێڵەکانى خۆى دایە ناوچەوان
ترووسکەى ئاویلکەیەک کۆى کردنەوە
بوون بە باڵا و سێبەرەکەیانم بینى
ئاگرى سێبەرەکەیان پێشوازى لە پیاوێکى بەختەوەر دەکەن
قۆچی گایەکى لە جەللادێک وەرگرتووەتەوە
ڕاوى گورگى دارستانى پێدەنێ
زەوى درەختەکانى خۆى کرد بە تێلدڕ
پێى گورگ سووتا و ئەو چڕنووکەى لە گۆشتى دەچەقاند هەڵوەرى
قۆزاخەى ڕووناکى کرایەوە
ئاشنابووم بە سروودى شۆڕشەکان
دەستەبەرز هەڵبڕاوەکان بەخشش و بەخشندە و مژدە پێدراون
مانگ مێوانى ئاسمانە و خودا بەخێرهاتنى کرد
دابەزى بۆ ناو دەستە بەرز هەڵبڕاوەکان و بە چاو و ناوچەوانى خۆیانەوە نا
ڕووەو هێمنى خوداوەندەکان غاریان دا
هێمنیى خوداوەندەکان بۆ دەستە بەرز هەڵبڕاوەکان گواسترانەوە
تەممووزى 2018 هەولێر
بەشی سێیەم
سەکۆى بانگەواز
شوێنپێ لە هەموو ڕێگایەک جێنامێنێ و زەویش لەناو ئاگردا دەیناڵاند مووچڕکێکى گران لە جەستەى دەگەڕا و دەرنەدەچوو ئادەم پاسەوانێکى بەزیوى زەوییە و گوتى ئەم مووچڕکە گرانە لە جەستەى زەوى دەرکە شەقامێکى ئاوێنەیی یەک یەکێکى ترى تێدا بانگ دەکات لە هێڵى ناوچەوانى پاڵەوانێک دروست دەبێت بەو شەقامەدا بڕۆ هێزێک هەڵدەقوڵێت بێتاوانێک کە لە قووڵایییەوە هەناسە هەڵدەکێشێت دیوارى بۆ دەشکێنێت و ڕزگارى دەکات بە ترس لە درزى بچووکى ئاوێنە نزیک دەبینەوە درزى بچووک ئاژاوە بەرپا دەکات و تارمایی لێ دێتەدەرەوە هەنگاو لەسەر درزدا زەوى ناگرێ و خوان سارد دەبێتەوە و دوژمن دەگا مووچڕکى گران تاهەتایە لە جەستەى زەوى دەرناچێ و هێزێک هەڵناقوڵێ لەسەر ئەستێرەدا ئاگرمان بۆ ناکرێتەوە و باڵی شەمشەمەکوێرەشمان پێنابەسترێ سوپاس سەکۆى بانگەواز
گوڵى نزا
ئەوەى خەیاڵ دەیڵێت چاوترووکان لە دەریا گەورەترە و پێڵووش لە کەنار لێک دوورترن نان و دەریا دوو کەسن لەناو یەکتر ناتوێنەوە و لە نیگایان چاودێرى نەتوانەوەیان دەکەن ئۆرفیۆس بێ پەروا بەناو دەنگە بەرز و نزمەکانى سروشتدا ڕۆیشت و چاوى لەسەر ناوکى خۆى ڕاگرت و بەردى ژێرپێى قایم بوو دەریا لەبەر خاترى ئۆرفیۆس گەڕایەوە لاى بە تاسە و ئارەزوویەک کە باڵندەی کۆچەری ڕاو دەکەن گوتى هیچ لەبارەى ئاوڕدانەوە مەڵێ گڕى شینى ڕوخسارى میهرەبانان کە بە هێزى دۆنایدۆنى ڕۆحەکان خانەدانن لە پێشەوەن جوانییان دانەخستووە قووڵ لایان پشوو بدە باران بەشێکە لە سەرکێشییەکان بەسەر پێیەکانتان دەبارێ و خۆشدەبێ بۆ ڕۆیشتن و سەردانى گوڵى نزا
پیتى ناوەکان
بە بێدەنگى هەڵمان گرت و لەژێر سێبەرى ئەو درەختەمان دانا کە خۆى لە حەوشەکدا چاندبووى و ئاوى بەدەمەوە کردبوو دەمى کرابووەوە وەک بڵێى ویستبووى ناوى کوڕ و کچەکانى بهێنێ و دوا هاوار بباتەوە ناو دەمى درەختەکەوە کاتێک پرسیارم لە گەشەى ڕەگ و چڵەکانى کرد گوتى دەمێکە دڵگەرمە هەموو پیتى ناوى کوڕ و کچەکانى بناسێت و لە دیوارى پشت سەرى خۆى بدات عەباس شووشە خاوەر سەباح کەتیبە سەربەست نزیکترین خاڵ لە خۆر خستییە بەر پەنجەرەیەک ببێتە باڵندە و قەرەبووى هێلکە شکاوەکانى بکاتەوە هەموو شتێک لە خونچە ئیسماعیل عومەر مایەوە بەناو باخێک گەڕا و هەموو پیتەکانى ویستى بناسێ ناسی و ژیان دەستیپێکردەوە لە نزیکترین خاڵ لە خۆر دانیشت و وەک خۆر خۆى پیشاندا و ئێمەش وەک تیشک مریشک و جووچکەکانى بەحەوشە وەربوونەوە کاتێکیش تاریکى دادەهات لە ترسى ڕێوى و چەقەڵ دەیخستنە سەر لک و چڵە بەرزەکانى درەختى حەوشە و شادمانى دەستى پێکرد سەیرى هەر دوازدە ئەستێرەى کەلووى کرد و شوێنى جەنگەکانى بینى خۆر لە ماڵەکەى ئاوا بوو ویستم دڵم بە مردنى دایکم بترسێنم سابیر حەسەن سلێمان هاوارى کرد لەمێژە لە دوور و نزیکەوە ئێشکگرى پێشوازیم و دەست بۆ ڕێبواران بەرزدەکەمەوە و چل حۆریم وەرنەگرتووە لەم دیدارە تایبەتییەدا ئاگرى تەنیاییم کوژایەوە لەبەر دەرگاوە پێشوازى حۆرى خۆم کرد و بۆ دواجار چەند پارچە نانێکى بۆ مراوییە هۆگرەکانى خستە ئاوەوە و دەستى ماڵئاواییم بۆ بەرزکردنەوە ڕێبوارەکە گەیشتە جێ و گەش گەش چووەوە ناو سەرچاوەی پیتى ناوەکان
دەنگى بەجێماوم
کرمى مڕ و مەستبووى ناو میوە چۆنى و چۆن پەڕۆی سوورت هەڵدەدەیتە سەر شاخى گاى سێرک مێروولەى سوور لەدەرەوە چاوەڕوانن هەناوى میوەکە تەواو بخۆیت و لە برساندا بۆ خواردنى هەناوى میوەیەکى تر ڕاکەیتە دەرەوە ئۆه لە ژیان و نهێنى دانیشتووانى ئەم ناوچەیە شارەزانیت هەورى نیشتووى سەریان مایەى واقوڕمانێکى هەمیشەیییە درەخت چەترى بەفریان بەسەر خۆیاندا هەڵداوە و کۆترى لانەوازیش بە هەموو لایەکدا دەسووڕێنەوە و هێلانەیان ساردە چاو زیت لە ئاسمان دەمێننەوە و گەمارۆى سەرمایان پێ ناشکێ ژێى عوود خاوبووەتەوە و دڵى عوودژەن چاوى مردووەکانمانن و ئەستێرەى بە زەوى سپێردراون و دەڵێن دوژمندارین و تاوانبار نین توورگێک بۆنى شوێنپێیەکانمان دەکات و کلکى بە دەفی لە پێستى سەگى دوو ڕەگ دروستکراو بادەدا بەر لە تۆ شتێ نەبووەوە بەدەر لە تۆش شتێ نابێ ئەى شیعر ئەى ئەستێرەى بە زەوى سپێردراو تاس بردوومییەوە و سڕ نەبووم پرچى سوورمەییت تۆڕى دابەشکردنى ئاوى شارە وەک ئەوەى با دەستى بەسەر شتێکى لە خۆم گەورەتر داگرتبێت و نەتوانێت بیبا دەنگى بەجێماوم
کانە خەڵووز
¬¬¬¬شیعرێک لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەخوێنمەوە زەوى تەنیا و بەس بۆ ئەو کەسەیە خوێنى ناوکبڕینى دەڕژێتە سەرى و داڵ لەبەر پەنجەرە دەردەکات ئەگەر ژیان بە شێوەیەکى ناساز دەستى ڕاست و چەپ کردى هیوایەک بخوازە و فوو لە مۆم بکە و بۆ شوێنێکى دوور کۆچ بکە کۆچ فریوت نادا و بەرزت دەکاتەوە و بۆ شوێنێکى وەک ئەو شوێنەى چۆلەکە تێیدا دەفڕێ توانا و حەزم هەیە ژیان درێژ بکەمەوە و ڕۆژێ شازدە کاتژمێر کاربکەم و پشیلە لەسەر شانم فڕێ بدەم دوا چاوەڕێ و چاوەڕێکراو ببینم و کتێب و تابلۆ و ئاوێنە و ڕووگەنما و پەیژەى نۆتە و پیانۆ ببەنە ناو کانە خەڵووز و بەشدارى خوێندنەوەى شیعرێک لە خوارەوە بۆ سەرەوە بکات با هەستى بۆنى پەپوولەى ناو کێڵگەى گەنم خۆش واڵا بن لەو کاتەوەى بە توانا و حەزەوە لەو شوێنەى چۆلەکەى تێدا دەفڕێ و دێمەخوارەوە و دەچمە ناو کانە خەڵووزەوە پرسیار لە مێژوو دەکەم تۆ ملکەچی یان نەرمونیان لە پرسیارەکە هەڵات و نەمتوانى بیگرمەوە بەڵام بزر نەبوو سەرەتاتکێى کردەوە کەواتە دەبێ خۆم ڕابهێنمەوە چۆن بچمەوە ناو کانە خەڵووز
خانەى پیران
پەپوولە بەدواى ئاگردا کەوتووە و دەیەوێ خۆى پێدا بکێشێ ئاگریش تاریکى دەبڕێ و ڕادەکات نایەوێ تەنیابێت پەپوولە بە نیازى خۆکوشتن لە ئاگر دەڕوانێ نایەوێ بچێتە خانەى پیران
ناکامى لەدایکبوون
پیاوە سەرچڵەکان بازیان دا و بەهوودە و بێ هوودە دەتوانن هەموو شتێک لەبارەى ژیانەوە بڵێن ژیان لە ئێمە زیاتر لەبارەى خۆمانەوە دەزانێت و دەمانگەڕێنێتەوە ناو کاتى گەیینى میوەى گریان مرۆڤ دەتوانێ هەموو شتێک لەبارەى ژیانەوە بڵێت و ناشتوانێت بە نهێنى بژى و شەو و ڕۆژیش بە دەوریدا بخولێنەوە شەو لەناو ڕۆژ بە بێدارى ماوەتەوە بە دواى هاوڕێکەى دەگەڕێ و ڕۆژیش لەناو شەو مرۆڤ لەناو هەردووکیان بازدەدا و دەگەڕێتەوە کاتى ناکامى لەدایکبوون
زمانە مۆمیاکراوەکان
یەکەم جارمە ئاگر دەبینم لەوانەیە بڕوا بکەیت و بڕوا نەکەى بە ئۆتۆمبێلى ئاگرکوژێنەوە دەچووین فریای ئاگرکەوتنەوەیەک بکەوین کە چەندان مرۆڤ تێیدا گیرببوو گۆرانییەک خوێنێکى بەجۆش و خرۆشى مرۆڤپەروەرى تێدا گەرمبوو لە ڕێگاى بەهانەوەچوون سى دى گۆرانییەکەمان خستبووە سەر موسەجەلەکە و گوێمان دابوویە و بیرمان لە ڕووداوى ناو گۆرانییەکە دەکردەوە و بە گەرووى گۆرانیبێژەکە بریندار و ئامادە گۆرانییەکەمان دەوتەوە و نقوومى خۆشحاڵییەکى سروشتى ببووین هیچی ترمان نەبوو لەبارەیەوە بدوێین بۆ تاهەتایەش فریای مرۆڤە گیربووەکانى ناو ئاگر ناکەوین و ئاسوودە نین دەچمە ژوورەوە و گڵۆپى خەو ڕۆشن دەکەم و پەنجەرە بەلای چەپدا دادەخەم ئەم خەمە سووکەش کە مرۆڤى تێدا دەسووتێ تێدەپەڕێت ئاگرێک لێمان دەڕوانێ و دەیەوێ لەبارەمانەوە بدوێت ئاگری زمانە مۆمیاکراوەکان
زەماوەندى ناکام
چاوە سادەکان یانى ڕووناکى شار بۆچی ئاوا زوو تووڕە دەبن بەتاى کراسێکى تەنک لەژێر بارستێک خۆڵ نوستووم ناخۆشی کەسم نەویست و ناخۆشیانویستووم ئەى ئاڵ لە ئەشق وێرد و نزا لە گریان بەکوڵترن منداڵەکانم زوو نەبنە هاوسێى ماڵ بە ماڵم و نەیەنە زەماوەندى ناکام
ئاشنای خودا
باخچە مردووە و داهاتووش پێویستى بە باخچەیە بۆ هەمیشە خاوەنى باخچە دەبم ئاسۆ لەخۆبایی و توند و تووڕەیە بێ پرس و ڕا هەوڵ دەدا پەڵەى ڕەش بباتە ناو ڕەنگى خۆر خۆریش زیاد لە پێویست سادەیە و ڕەنگ و شێوەى هى منە هى منى ناو تاجەگوڵینە و قۆزاخە بێ جەنگ ناتوانێ لەناو دەستم ڕایپسکێنێ و لەگەڵ بێدەنگى خۆر قسەم کردووە و دڵخۆش و دڵنیام لەناو تاجەگوڵینە و قۆزاخە بە سوارى بای پەڵە هاتووم و ڕاناکەم ئازارم چەشتووە بۆ ئەوەى لەگەڵ ناوى خودا و خۆر بمێنمەوە ئەستێرە کە دەڕژێ دێت چاوى من ماچ دەکات و دەست بەسەری زەوى دادەهێنێت هەست دەکات من خاوەنى زەویم و نەخشەیم بە هێڵى خۆر کێشاوە جەستەیەک لە نێوان تاجەگوڵینە و قۆزاخەدا خەریکە گیانى دێتەبەر بە وشەى گیانهاتنەبەر پێشوازى لێ دەکەم دڵم بە میوانێک خۆشە ئاشنای خودا