ما 8362 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

نەورەسەکان لەدەوری کۆبوونەوە و خۆیان پیا ئەکێشا، لە کاتێ کە نەورەسەکان خۆیان پیا ئەکێشا هەستی بە لەش سوکی ئەکرد، پەیتا پەیتا یادەوری نەورەسەکان ئاوێتەی یادەوەری کابرای گیتار ژەن بوون بە شێوەیەک کە کابرا هێزو دەسەڵاتی پارەی بیرچووەوە، حەزی لە ژیانی خۆرسکی نەورەسەکان بوو.

 

ئەو مرۆڤەی بوو بە نەورەس       

کات: وەرزی پایز

شوێن: یەکێ لە گەڕەکەکانی شاری ئۆسلۆ

ئەگەر لەدەرەوە بڕوانین ساختمانێکی لاکێشەیی ئەبینین کە پێکهاتووە لە دوانزدە نهۆم، سەدو دە دانە شوقەی تیایە، زۆربەی دانیشتوانی شوقەکان پیاوی ڕەبەن و ژنی سەڵتن، تەمەنیان لە نێوان پەنجا تا هەشتا ساڵە، لە شوقەیەکی نهۆمی دوو، زەلامێکی ڕەبەن دەژیا، تەمەن نزیکەی پەنجا ساڵ دەبوو. لە ئێوارەیەکی پایزی پەنجەرەی شوقەکەی کردبووەوە، نم نم باران دەباری، لە تەنیشت شوقەکەی ڕێک لە ئاستی پەنجەرەکان دەنگی نەورەس دەهات، تا دەهات دەنگەکان زۆرتر دەبوون، ئەویش لە ڕێکای دەنگی نەورەسەکانەوە هەستی کرد کە برسییانە، هەر بۆیە سەمۆنێکی پارچە کراوی هەبوو لەسەر سەلاجەکەی، دەستی برد پارچەیەکی لێ دەرهێنا و وردی کردوو، لە پەنجەرەکە هەڵی دایە خوارەوە ئیدی هەر نەورەس بوو هەوڵی ئەدا بە دەنوک وردە سەمۆنەکە هەڵگرێتەوە. سەرەتا نەورەسە گەورەکان هەڵی هەڵگرتنەوەی وردە سەمۆنەکەیان زۆرتر بوو، چونکە نەورەسە بچکۆڵەکان لێیان دەترسان! زەلامەکە پارچە سەمۆنێکی تر ورد کرد و هەڵیدایە خوارەوە. بەم شێوەیە بەردەوام بوو. تا دەهات ژمارەی نەورەسەکان لە زیاد بوون دا بوو. زەلامەکە دیقەتی دا جگە لە ئەو کەسانێکی دی هەن وردە سەمۆن فڕێ ئەدەنە خوارەوە، سەری لە پەنجەرەکە هینایە دەرەوە ڕوانی دوو پیاو و ئافرەتێک بەهەمان شێوە وردە سەمۆنیان فڕێ ئەدا. ئەوانیش سکیان بە نەورەسەکان دەسووتا لەو ئێوارە پایزە باراناوی یەدا، هەر بۆیە لەو کردەوەدا رەهەندی مرۆڤ بوونی خۆیان دووپات دەکردەوە. زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە هاوڕێی و دوستی ژینگەن، بەڵام کابرای دانیشتووی نهۆمی دووەم بێگانە بوو، خەڵکی وڵاتێکی تر بوو، وڵاتێکی بێ ناونیشان، قەبارەی دەوڵەتی نەبوو. لەسەردەمی مناڵیەتی دا ڕاوی باڵندەکانی کردبوو بە تەڵەو دار لاستیک. ئەو ئێستا تەمەنی نزیکەی پەنجا ساڵە پەشیمانە لە کردەوەی مناڵیی، ڕەنگە لەبەر هەژاری بێ خەڵکی ئەو وڵاتانە ڕاوی باڵندە دەکەن، بەڵام خەڵکی ئەم وڵاتە دانیشتووانەکەی تێرن هەر بۆیە کەس هەوڵ نادا ڕاوی باڵندە بکا وێرای ئەوەش لە رووی یاساییەوە قەدەغەیە!

بەم شێوەیە لە پەنجەرەی چوار شوقەوە وردە سەمۆن فڕێ ئەدرایە خوارەوە، نەورەسەکانیش هەڵی زیاتریان بۆ رەخسا بە دەنوک وردە سەمۆن هەڵگرنەوە، لەگەڵ فڕێ دانی وردە سەمۆن، دەنگی نەورەسەکان زیاتر دەبوو، بەشێوەیەکی بازنەیی لە بەرانبەر پەنجەرەکان دەفڕین. ئیدی نەورەسەکان ئەوەندە وردە سەمۆنیان خوارد تا مڕبوون، ئەو زەلامەی کە یەکەم جار وردە سەمۆنی فڕێ ئەدا موسیقا ژەن بوو. دوو گیتارو فیولینێک لە ژوورەکەی دا بوون، دەستی دایە گیتارەکەی و وردە، وردە بە قاڵدرمەکان دا چووە خوارێ تا گەیشتە خوارەوەی ساختمانەکە لە دیوی دەرەوەدا، هاوشانی نەورەسەکان گیتاری دەژەنی. بەشیوەیەکی ئیمپریفیزاشون گیتاری دەژەنی. نەورەسەکان وەک بڵێی زەلامەکەیان دەناسییەوە، لەوانەیە بۆن دەستیان کرد بێ کە بۆن سەمۆنی لێ دەهات. نەورەسەکان بە ئەمەک بوون هەر بۆیە لە دەوری کابرای گیتار ژەن کۆبوونەوەو دەستیان کردە ژاوەژاو سەماو جوڵەی هارمۆنی، کابرای گیتار ژەن سەرەتا ترسی لێ نیشت پێ وابوو لە نێوی فیلمی باڵندەکانە ئەو فیلمەی کە دەرهێنەرەکەی بریتانی یەو نێوی هیتشکوکە، لەو فیلمە دا باڵندەکان نەخۆشی و پەتایان بڵاودەکردەوە، بەڵام دوای چەند ساتێک ئەو ترسەی ڕەوییەوە، نزیک بوونەوەی نەورەسەکان بە نیشانەی ئاشنا بوونی زیاتر دای لە قەڵەم. یەکێ لە نەورەسەکان جیقنەیەکی سپی بەردایەوە سەر شانی، یەکسەر بیری زەلامەکە چوو بۆ لای کچە رۆمانیەکان کاتێ کە دەیانگوت جیقنەی نەورەس بەر هەر کەس بکەوێ نیشانەی خۆشبەختیە!

لەو ساتەدا کابرای گیتار ژەن بیری ڤیکتور خارای وڵاتی تشیلی دەکردەوە کە چۆن لە ستادیومەکە بەرانبەر بە جەللادەکانی گیتاری دەژەنی تا وەکو پەنجەی خوێنی لێ دەچوڕا!

لەو کاتەدا شەبقەکەی بەرز کردەوە بۆ یادی ڤیکتور خارا و رێز گرتن لە هەڵویستەکانی، کابرا بڕوای بە یادەوەری گەردوونی هەبوو پێ وابوو هەموو ساتێک لە ژیان دا زیندووە و شایانی رێزە، دەکرێ مرۆڤ لە هەر ساتێک دا سڵاو بنێرێ بۆ گیانی پاکی شەهیدان!

چونکە روحیان لە ئەتموسفیرو فەزای گەردوون چەشنی گەردیکە دێن و دەچن! یەکی لەو گەردیلانە گیانی پاکی فیکتور خارایە کە ئەو بەهرەی لێوەردەگرت وەک گیتار ژەنێکی شۆرشگیڕ!

نەورەسەکان لەدەوری کۆبوونەوە و خۆیان پیا ئەکێشا، لە کاتێ کە نەورەسەکان خۆیان پیا ئەکێشا هەستی بە لەش سوکی ئەکرد، پەیتا پەیتا یادەوری نەورەسەکان ئاوێتەی یادەوەری کابرای گیتار ژەن بوون بە شێوەیەک کە کابرا هێزو دەسەڵاتی پارەی بیرچووەوە، حەزی لە ژیانی خۆرسکی نەورەسەکان بوو، بۆ ساتێک ماڵئاوایی کرد لە خەمی دانی کرێی خانوو و کرێی کارەبا، ماڵئاوایی کرد لە خەمی کڕینی خوراکی گرانبەها و خەمی پاشکەوت کردنی پارە بۆ رۆژی ڕەش!

حەزی دەکرد وەک نەورەسەکان دوور لە دونیای پارە بژێ، حەزی دەکرد بەسەر دەریاکان لە شەقەی باڵ بداو، هەر کاتێ بیەوێ جێگۆرگی بکا! ئەشێ دوستایەتی و خزمایەتی لە نێو نەورەسەکان هەبێ، بەهەست لەوانەیە هەستی شەشەم یەکتر بناسنەوە، دەبێ قەدەر چ خەریتەک دانا بێ بۆ هاتۆ چووی نەورەسەکان، کاتێ نەورەسێک دائەبڕێ چۆن دوایی شوێن پێ ی و هیلانەی هاوڕێیەکانی دەدۆزێتەوە!

ئەم دونیایە تا بڵێ قووڵە، کەم کەس پەی بە ژیانی پڕ نهێنی باڵندەکان دەبا ! لەوانەیە هەر باڵندەیەک هەڵگری روحی یەکی بێ لە نێو گەردوونی بێ پایان.

لەم کەین و بەینەدا بوو تا نەورەسێک نیشتە سەر کلکی گیتارەکەی، ئەم ئاشنا بوون لێک نەترسانەی پێ خۆش بوو، کابرای گیتار ژەن مەست بوو بە روحی نەورەسەکان، ساتیک چاوەکانی نوقاند، کاتێ کە چاوی کردەوە نەورەسی سەر کلکی گیتارەکە بوو بە کیژوڵەیەکی بیست وحەوت ساڵی، روبێک کە لە پەڕ دروست کرا بوو بەسەر شانییەوە بوو، دوو مەمکی خڕو قوتی هەبوو ئیدی نەورەسەکان کە زانییان وا عاشق و مەعشوقێک لەبەرانبەر یەک دان، ئاسمانی ئەو ناوەیان جێ هێشت، تەنیا کابرای گیتار ژەن و کیژوڵەکە مانەوە، کابرا گیتارەکەی لە پشتی قایم کردو دەستی خستە سەر شانی کیژوڵەکەو ماچێکی گۆنای کرد، ماچەکە تامی ئاوی سوێری دەریا ئەدا، ئەوە یەکەم جارە لەگەڵ کچێک دا بێ روحی نەورەس لە جەستەی دا بێ!

کابرای گیتار ژەن کیژوڵەکەی لە باوەش کرد، کێشێ زۆر سوک بوو، لە قاڵدرمەکانەوە سەری خست بۆ شوقەکەی خۆی لە نهۆمی دووەم، بە ئەسپایی دەرگای شوقەکەی قوفڵ دا و دواتر پیتزایەک لە نێو سەلاجەکەی دەرهێناو خستیە نێو تەباخەکە تا گەرم بێتەوە ئیدی لە تەک کیژوڵەکە دانیشت و ماچێکی ناو دەمی کرد، تام و بۆنی وردە سەمۆنی لێ دەهات ! کیژوڵەکە گوتی، یەکەم نەورەس من بووم کە تامی وردە سەمۆنی تۆم کرد! بۆیە بریارم دا تینویەتی تۆ بۆ مێ یەنە بشکێنم، ئەوە ئێستا جەستەم لەبەر دەستت دایە! جەستەیەک سپی وەک بەفەر، لووس و بێ موو، سەرەتا کابرا مەمکە قیتەکانی دەگوشی و نەرمە گازی لێ دەگرت ئیدی دەستی وەردایە تێکرای جوگرافیای جەستەی و یەکتریان ڕاموسی و جووت بوون! ئیدی روحیان ئاوێتەی یەکتر بوون دوای ماوەیەک بێهۆشی توانەوەو بوون بە دوو نەورەس، نەورەسێکی مێ، نەورەسێکی نێر، پەیتا پەیتا بەرەو پەنجەرەی ژوورەکە چوون و لەشەقەی باڵیان دا وەک دوو عاشق و مەعشوق لە ئاسمانی بێ پایان دا تەقڵەیان لێ ئەدا و نەیانزانی لە خۆشی دا چی بکەن ! ئیدی وردە وردە لە بەرچاو ون بوون... دوای ماوەیەک شوقەکەیان کردە مۆزەخانەو لەسەریان نووسی ئەو مرۆڤەی بوو بە نەورەس لێرەدا دەژیا!

 Image result for ‫گیتار نقاشی‬‎

 

گەڕان بۆ بابەت