ما 11444 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

پاشان دەجوڵین و لە پڕ قیژەی گریانمان گوێ چاوەڕوانەکان شاد دەکات. ئەمڕۆ هەموو کەس شادە و پێدەکەنێت، بەڵام ئێمە دەگرین. یان رەنگە باشتربێت بڵێیم کە گریانی ئەمڕۆ، کە دەبێتە یەکەم گریانی ژیانمان، هۆی پێکەنین و خۆشحاڵیە لە لای چاوەڕوانانی هاتنمان!

 

داری ئێمە

رەسوڵ سەفەریانی

 بەرە بەیانێک، نیوەرۆیێک یان شەوێکی تاریک، لە کاتی گەرما یان لە چلەی زستاندا، تۆ، من  یان هەر کەسی تر دێینە  دونیا. لەوەها بارودۆخێکدا کات و سات و ساڵ و وەرز مانای نامێنێت. هەموو ساتەکان، بەرە بەیانە و بەهارە و شنەی بای ژیان. بۆ هاتنمان چەندین جووت چاو لە چاوەڕوانیدان. چەندها دڵ لە خورپەدایە و گەلێک گوێ قوڵاخ وەستاون. لەپڕ ناڵەیەێک و هاوارێک، پاشان کۆرپەیێک دەخزینە دونیای رووناک. سەرەتا بێدەنگین، یەکەم بێدەنگیمان دڵی چاوەڕوانەکان نیگەران دەکات. پاشان دەجوڵین و لە پڕ قیژەی گریانمان گوێ چاوەڕوانەکان شاد دەکات. ئەمڕۆ هەموو کەس شادە و پێدەکەنێت، بەڵام ئێمە دەگرین. یان رەنگە باشتربێت بڵێیم کە گریانی ئەمڕۆ، کە دەبێتە یەکەم گریانی ژیانمان، هۆی پێکەنین و خۆشحاڵیە لە لای چاوەڕوانانی هاتنمان!

ئەڕێ لەم رۆژەدا، من، تۆ، یان هەر کەسی تر دەگرین، بەڵام بەم گریانە شادی دەدەینە دەوروبەرمان. شادی تەشەنە دەکات و پڕ بە پێستی ماڵەکە پەل دەهاوێت. لەو ڕۆژە وە هەڵدەکشین، زبان دەگرین و هەلدەستینە سەر پێ. بۆ هەر گۆڕان و گەڕان و گەورەبوونێکمان جووتێ دڵ بە پەرۆش پەروەردەی پاراوی پڕ لە سۆزمان بۆ دەکەن. دەستمان دەگرن و فێرمان دەکەن لەسەر پێی خۆمان بوەستین. هەستەکانمان دەبزوێنین. یەکەیەکە تاقیان دەکەینەوە. بە دەست و زار و گوێ و چاو هەوڵ دەدەین چوار دەورمان و دونیای بوون بناسین. پاشان هەستە دەرونییەکانمان خۆ دەردەخەن. توڕە دەبین. خوشحاڵی دەردەبڕین و خەم و خەفەت ناس دەکەین و خەمبار دەبین. تەنیا هەستێک لەپڕدا دێت. بەم هەستە دڵمان دەبێتە گۆچانی دەستمان و پەلکێشمان دەکات. ئەم هەستە بە چاو دەبزوێت و لە دڵ کار دەکات.  تۆ دەبینم. من دەبینی، یان هەر کەسی تر. بەم بینینانە دڵی تازە فێری خۆشەویستی بوومان دەبزوێت. شتێک لە دەرونماندا هەڵدەکشی. داوای نیگایێک دەکات. دەڕۆیت، دەڕۆم، لە کۆڵانەکەی خۆماندا یان لە شارێکیتر و وڵاتێکیتری بە تەواوەتی نامۆ، شوێن و کات گرینگ نییە، گرینگ نیگایە و سەرنج و راکێشان. لادەکەینەوە، نیگاکانمان لەیەک دەئاڵێن، گیر دەکەن و گیرۆدە و گیرۆدەیی و ئیتر...

لەو کاتەوە لە دەرونماندا، لە شوێنێکدا، موەلیدەێکی نوێ و نامۆ، وەک مەکینەی کارەبا هەموو دەمارەکانی لەشمان پڕ دەکات لە جۆرە وزەیێکی خۆش. ئەم وزە چێژ بەخشی دڵە و خەوێنەری عەقڵ. بۆ یەکەم جارە کە ناتوانیت خۆت لە نیگا بدزیتەوە. بۆ یەکەم جارە نیگایێکی نائاشنا ئەوەندە ئاشنایە کە لەگەڵ نیگای خۆت جودا نابێتەوە. هەست دەکەیت بەشێکت لەوێیە و بۆ کامیل بوون دەگەریت. دەخوازێت کە بڕوانیت. دەڕوانیت. جۆرە تیشکێک لە نیگادا دەتگرێت. تیشکێکی نامۆ، بەڵام خۆش. تەسلیمیت. چاو پیاوی دڵە و پێ گوێ لە مستی چاو. دڵ دەڵێ سەیری نیگای بکە و، چاویش فەرمانی چوون دەدات. نە ئاو نە ئاگر ناتوانێت رێگای پێ بگرێت. تۆ دەڕۆیت، من دەڕۆم یان هەر کەسێکی تر. 

وەها ئاڵانێک دروست دەبێت دەڵێی هەموو تەختە تاشانی دونیا پێکەوە ئەم دوو تەختەیان بۆ یەک تاشیوە. جووت بوونێکی وەها، کە جیاکردنەوە زەحمەتێکی ئەبەدییە. تۆ، دەڕۆیت، منیش، یان هەرکەسێکی تر، بەڵام تەنیا یەک جووت بوون روو دەدات. تۆ، من یان هەرکەسێکی تر. لە کوێ یەکەم قیژەم، قیژەت یان قیژەی کرد؟ لەوکاتەوە مەگناتیسێکین کە تەنیا لە گەڕاندا تای خۆمان دەدۆزینەوە. کە هاتم، یان هاتی، ئیتر ناپرسم و ناپرسیت و ناپرسێت تۆ کێیت و لە کوێوە هاتویت؟ تەنیا جووت بوون دەناسین. وەها لەیەکدا دەتوێینەوە دەڵیی هەر لەیەک گۆشت و خوێن و ئێسکین و هەر لە سەرەتاوە بە زوڵم و زۆر لێکیان دابڕاندووین یان بە گۆیێکی نادیار لێک بچراوین و یەکترمان ون کردووە. سفت و سۆڵ و گەرم و گوڕ یەکتر رادەکێشین و دەنوسین بەیەدا.

ئامێز و ئازیزی یەکین. تاوی ئاسمان جۆرێکی تر دەبینین. ئاوی ئارامی دەخۆینەوە و گڕی نیگاخوازی دادەمرکێت و نمامێک دەروێت. من نامێنم، تۆ نامێنیت. یان هەرکەسێکی تر نامێنێت. "ئێمە" دەخولقێت. ئێمە نمامێک دەچێنین و هەموو رۆژێک بە پەرداخی دڵ ئاوی دەدەین. ئیتر دڵ پەرداخێکە بۆ ئاودێری، بۆ پێخواردنەوە، بۆ ئەوەی تونیەتی جاروبارت بشکێنیت. ئێستا بۆ چوون و گەڕان و بزوتن، وزەی بزوێنەری مێشک دەور ئەگرێت.  "ئێمە "وزەمان یەک دەخەین و نمام دەبێتە دار و لە سێبەریدا دادەنیشین. دارەکە پڕە لە باڵندەی رەنگاورەنگ.  باڵندەکان لە هەموو دەڤەرەکانی "ئێمە" بوونەوە هاتوون. هەموویان دەناسینەوە. باڵندی دەنگخۆش، باڵندەی دڵ لاوێن، باڵندەی لێوبەبزە، تەنانەت باڵندەی رەش، زۆر رەش و ناشرین بەڵام هی خۆمانە و خۆشمان دەوێت. دەخوێنن، دەفڕن و دەبزوێن. زیندوون. ئێمەش سەیریان دەکەین و چێژیان لێدەبەین. ئەم دارە و ئاوازی باڵندەکان و تاوی چاوبرکێکەری بەینی گەڵاکان، هەر هەمووی لای "ئێمە" دیارە و بەس. هەموو چاوێکی تر نەناس و نامۆن و بۆیان نییە ئەم دارە ببینن. تەنیا "ئێمە"، ئێمە یێک کە ئیتریەک جەستەین، دوو چاوین و دڵێک. دڵی ئێمەش  بەو دارە خۆشە. بە دەنگئ ئەو باڵندە رەنگاڵانە، بە گەڵا سەوزەکانی و سێبەرەکەی کاتی هاوینی. ئەمە داری ژیانی ئێمەویە و تامی ژیانمان. بە بێ "ئێمە" ئەو دارە نییە و بە بێ ئەو دارەش "ئێمە"ێک نامێنێ.

لە پڕبەرەبەیانێک، نیوەڕۆیێک، ئێوارەیێک یان شەوێێک، بە تۆفانێک، یاخۆ لافاوی دوای سەختە بارانێک یان لەرزینی بومەلەرزەی ژیانێک یاخۆ بە بایێکی بێ بەزەیی و دڕ و سارد وسەر بە نەمانێک، تۆ، من یان هەر کەسێکی دیکە راپێچ دەکات.

دەتبات، دەمبات بۆ بێدەنگییەکەی پێش یەکەم قیژە، یان پیشتر لەوەش و زۆریش پێشتر لەوە. ماڵی "ئێمە" وێران دەکات. "ئیـ ... مە "و دارەکەمان دوو قاش دەکات و باڵندەکانمان دەتارێنێت. ئەو رۆژە  کە بەیان و نیوەڕۆ و نیوە شەوی فەرق ناکات هەمووی هەر شەوە و زستان و دابران و گڕگرتن و گڕکان و دووکەڵ و تەم و تاریکی. من، تۆ یان هەر کەسێکی تر بێدەنگ دەکات.  بێدەنگ دەبین وبێدەنگی ئەمجار لەگەڵ رۆژی یەکەم قیژەکەدا ئەو جیاوازییەی هەیە کە من، تۆ، یان هەرکەسێکی تر بێدەنگین و ئەوانیتر دەگرین. دەگرین و کەسیش بە گریانیان خۆشحاڵ نابێت. ئەمجار ئیتر هەڵکشان و گەورە بوونمان نامێنێت. ورد بوون و تواننەوە، ون بوون و نەماننەوە دەپێوین. ئیتر زەمان گەورەمان ناکات، دەمانسڕێتەوە. تەنانەت ئاسەوارەکانمان، ناونیشانمان دەبێت بەژێر پێی زەمانەوە و، زەمان وەک لاستیکی پاکەرەوە هەرهەموو شوێن پێی و بوونێکمان دەسڕێتەوە.

لەو ساتەوە هەموو دارتاشەکانی دوونیا کۆ دەبنەوە تا بۆ "نیوەی بەجێماوی" دارەکە هاوتایێک دروست بکەن و "ئێـ ... مە" ی لێکپچراوی داڕوخاوی وردوخاشکراو بلکێننەوە پێکەوە و بیکەتەوە بە "ئێمە"کەی جاران. ”تا"ی بۆدادەتاشن، رەنگی دەکەن و گەڵای دەسکردیشی لێدەدەن. بەڵام نە باڵندەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە و نە "ئێمە"کەیان وەک جاران بۆ لێدەکرێتەوە. دارەکە ئیتر گەشەی نییە، گەڵاکانی دەوەرن، باڵندەکان ئیتر توخنی ناکەون. ئیتر نە هاوین سێبەر دەکات و نە کەسیش لەبنیدا دەحەوێتەوە. ئیتر نیوەی یەکەمی "ئێـ...مە"کە ناتوانێ نیوەی دارە پێوە لکاوەکەی ببینێ. نیوەی دووهەمیش هەروا. لە یەک نامۆن و چاوی نامۆ ئەو دارە نابینێت. دارەکەش ئیتر زۆر بڕ ناکات و تا بن رەگەکانی ئیشک دەبن و تەنیا وشکە دارێکی مردوی ئامادەی کوانو یێکە کە لە بەرە بەیانێک، نیوەرۆیێک یان لە شەوێکی ساردی زستاندا دووکەڵەکەی چەند چاو دەهەژێنێت و چەند دڵۆپە فرمیسک تا سەرگۆناکان دەخزێنێت و ئیتر هیچ.

 

Bilderesultat for blomstring

گەڕان بۆ بابەت