ما 6913 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کتوپڕ وەڕەزییەکی سەیری دایکی کرد. ئەگەرچی وەک هەمیشە کەمێک درەنگ کەوتبوو. بەڵام عەیبی نەبوو، هەر دەگەڕایەوە. ئەم وەک هەمیشە دەیتوانی لە ژوورەوە نیوە تاریکەکانی ئێوارەدا چاوەڕوان بێ. گرینگیش نەبوو کە بەڕاستی لە ماڵی کچەکەیەتی یان نا.

 

 

سەد دۆلارەکە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ماوەیەکە رقی لە دایکیەتی. بۆیە هەوڵیدەدا زۆر روو لە ماڵەوە نەکا و بە هۆ و بێ هۆ خۆی کەمێک دوور رابگرێ. یەکێک لەو شوینانە بازاڕی دۆلارەکە بوو. بازاڕێکی سەیر و پڕ لە رووداو. بازاڕێکی تازە کە سەرنجی هەموو شار چووبووە ئەوێ. دەچووە ئەوێ و کز لە شوێنێک هەڵدەترووشکا و دەیڕوانی. دیمەنەکان رقەکەیان لەبیر دەبردەوە!

رۆژێکیان کاتێک لە بازاڕی دۆلارەکە هاتە دەر و خۆی کرد بە کۆڵانی دەرۆزەکەرەکاندا، هێشتا سەد مەترێک تێنەپەڕیبوو سەد دۆلاریێکی لەسەر عەرزەکەی بەردەمی دۆزییەوە. پێی سەیر بوو کە چلۆن سواڵکەرەکانی ئەم کۆڵانە کە لە دووای دروستبوونی بازاڕی دۆلارەکە پڕی دەرۆزەکەر ببوو، چاوە تیژەکانیان بە ئەم سەد دۆلارییە خێرنەدیتووە نەکەوتبوو و هەروا بێ ناز لەسەر زەوی بە تەنیا مابوویەوە.

دووای ئەوەی بە دڕدۆنگی و بە ئەسپایی نەوی بووەوە و بە دوو پەنجە ئارام هەڵیگرتەوە، بە بێ ئەوەی سەیری ئەم لاو لای خۆی بکا، گێلیی ئەوانی تری لەسەر قەرباڵغیی کۆڵانەکە لێک دایەوە.

هەر کە ئەسکەناسەکەی هەڵگرتەوە، دەستبەجێ لە مشتیدا گرمۆڵەی کرد، بە پەلە خستیە ناو گیرفانی و هاوکات خۆشییەکی سەیر بە دڵ و دەروونیدا گەڕا. ئیستا لەم سەردەمەدا کە دۆلار پاشای وڵات و دونیا بوو، ئەو بە رێکەوت ببووە خاوەنی سەد دۆلار. سەد دۆلار! بیهۆ نیە دەڵێن دەکرێ خۆشبەختی لە ناو کۆڵانیش دا کەوتبێ، تەنیا ئەوەی بەختت هەبێ و بەسەریدا بکەوی و هەڵیبگریتەوە.

سەرەتا ئارام هەنگاوی هەڵێنا، بەڵام چەند هەنگاوێک دوواتر کەوتە پەلەپەل. هەتا کۆڵانەکەی تێپەڕاند بەتەمای ئەوە بوو کەسێک لە دوواوە دەنگی بدات. ئیستا نا ئیستا! بەڵام کەس وەک هەمیشە نەیبینی. سەد دۆلارەکەیش دۆخی ئەوی لەمبارەیەوە نەگۆڕی.

بەرەو لای پارکە بچووکەکەی شار لایدا و لەوێ لە گۆشەیەکی چۆل دا دانیشت. ئێرە کەم کەس رووی تێدەکرد، بەتایبەت لەو کاتەوەی دۆلار گران ببوو و نرخەکەی فڕیبوو. دووای ئەوەی کەمێک سەیری ئەم لاو لای خۆی کرد، بە دزییەوە و بە ئەسپایی دەریهێنایەوە. بۆ یەکەمین جار دۆلاری لە ماڵی زاواکەیان بینیبوو. کاتێک دەیژماردن و دوواتر کەژێکی باریکی لێدەئاڵندن و دەیخستنە باخەڵییەوە و دوواتر بەڕووی دەرەوەی کەواکەیدا چەند جارێک بۆ دڵنیایی زیاتر بە بەری دەست پیایدەکیشان. سەرەتا لە گۆشەیەکی و ئەوسا  لەهەمووی راما. لە سیمای ئەو پیاوە نیوەتاسە قژدرێژەی بە چاوە بۆق ئاساکانی لێی دەڕوانی. پیاوێکی رێش و سمێڵ تاشراوی ناشیرین. ئەم نەیدەزانی کێیە، بەڵام دەیزانی دەبێ کەسێکی موهیم بێت. ئەوسا لە رەقمی سەد و لە پیتە ئینگلیزییەکانی رووانی. ئەم تیکە کاغەزە چ دڵنیایێکی دەبەخشی. هەستی دەکرد هەموو دونیا لە پشت ملییەوە وەک ئەو لێی راماوە و خەیاڵ سەری پێهەڵگرتوون. بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی. ئەو بزەیەی زۆری نەخایاند. پرسیارەکان مێشکیان ورووژاند "باشە ئیستا چی لێبکا؟... بیبا بۆ بازاڕی دۆلارەکە و بیفرۆشێ؟... نا، نابێ. لێی دەپرسن ئەمەت لەکوێ بوو؟... ئەوسا دەزانن،... نا نا،... نابی،... گاڵتەی پێدەکەن و دەڵین کاسبیی دایکت ساخ دەکەیتەوە! نا نا،... نابێ!... چۆنە بیدەمە دەست زاواکەم، ئەو زاوایەی قەت سەردانی نەدەکردن و وەک بڵێی هەر نەیدەناسین، ئەو زاوایەی تەنانەت نەیدەهیشت خوشکەکەیشی سەردانیان بکا... ئا، ئەو،... ئەمیش نابێ،... پێی وایە دزیومە،... پێی وایە دایکم و... ئەوسا زرم پیام دەکێشێ و پڕ جوێنم دەکا، وەک هەمیشە،... نا نا،... نابێ" بەپەلە خستییەوە ناو گیرفانی. هەستی کرد گیرفانی ئیستاکە سەد کیلۆیە. "واباشە بیبەم و لە شوێنێک بیشارمەوە،... بەڵام لە کوێ؟... لە ماڵەوە لە ناو گیرفانی جلەکانم،... لەژێر سەرینەکەم یاخود، یاخود لە..." بیری بە هیچ شوێنێک نەگەیشت.

بەکاوەخۆ هەستا و بەرەو ماڵەوە بووەوە. لە ژەمی نیوەڕۆ لایدابوو. بێگومان ئیستا دایکی نیگەران بوو. کە گەیشتەوە، دایکی پرسی "ئەوە بۆ وا درەنگ؟" ئەم بە بێ وازی وتی "وەڵلا هەنگاویشم هەڵگرت بەڵام نازانم بۆ ئەوەندەم پێچوو!" دایکی پێی گوت نانەکەی بخوا. بەڵام ئەو ئیشتیای نەبوو. دووای ئەوەی کەمێک خۆی بە کەوچکەکەوە خەریک کرد، وازی لێهێنا و کشایەوە. بە خۆشییەوە سەد دۆلارەکە هەر لە شوێنی خۆیدا بوو. دایکی دەنگیدا کە بەتەمایە وەک هەمیشە بچێ بۆ سەردانی کچەکەی و بۆیە ئێوارە دیسان وەک هەمیشە درەنگ دێتەوە. "ماڵە کچی!" هە... دایکی پێی وایە ئەم گێلە و نازانێ چ باسە! ماڵە کچی چی و شتی چی. ئەم ئاگای لێبوو کە خوشکەکەی لە ترسی مێردەکەی بە دزییەوە و ئەویش یەکجار دەگمەن سەردانی ماڵی ئەمانی دەکرد. کە دەهات هەمیشە چاوەکانی پڕ لە فرمێسک و پر لە دڵەڕاوکێ دەبوون. دایکی چارشێوەکەی بەسەردا دا و لە ماڵ وەدەرکەوت. بە رۆیشتنی، بە پێچەوانەی جاران هەستی بە خۆشییەک کرد. ئیستا دەیتوانی بە خەیاڵێکی ئاسوودەتر بیربکاتەوە. ئارام پاڵکەوت. "باشە بەڕاست چی لەم پوڵە بکەم؟" ئەو لە بازاڕی دۆلارەکە ئاگای لە ژاوەژاوی خەڵک بوو، لە تووڕەبوون و شەڕەجوێن و جاری وایە شەڕی راستەقینەیش. لە پێکەنینی بەرزی هەندێ لە دۆلارفرۆشەکان و لە کزی و بێدەنگیی هەندێکی تریان. ئاگای لێبوو خەڵکی باسی هەڕەشەی حکومەتیان دەکرد، باسی ئامریکا و پیاوێک بە ناوی ترامپ و گرانی و بێسەرەوبەریی و شتی لەم بابەتە، ئەوەیکە هەرکەسێک لەم پارچە کاغەزەی زیاتر هەبووایە ئەوا دەبووە کوڕی باوکی خۆی. "کەواتە من ئیستاکە کوڕی باوکی خۆمم" ئەگەرچی تەنیا یەک دانەی پێبوو و قەتیش باوکی خۆی نەبینیبوو. بیری باوکی کەوتەوە. ئەگەرچی قەت نیگای لە نیگای نەچەقیبوو، بەڵام دەیتوانی قەڵافەتی پیاوانەی ونی بێنێتە بەرچاوی خۆی، مەگەر نەک ئەوەیکە هەموو باوکانی دونیا لەیەکتر دەچن! لە بازاڕی دۆلارەکە بەڕێکەوت گوێی لێبوو کەسێک گوتبووی هەتا رایگری باشترە، پوڵی زیاتر دەکا و ئەوسا کە دەیفرۆشیتەوە دەتوانی شمەکی زیاتری پێبکڕی. کەواتە دەبێ رایگرێ. ئەوەندەی راگرێ کە بتوانێ دوواتر ئەوەندە شتی پێ بکڕێ کە ئیتر قەت دایکی هەموو رۆژێک دووانیوەڕۆیان ناچار نەبێ بچێ بۆ سەردانی کچەکەی و هەتا ئێوارە درەنگان نەیەتەوە! بەڵام لە کوێ؟ پرسیارە ئازاراوییەکە دیسان رۆحیان گووشییەوە. هەستا و هەموو ماڵەکەی بەسەر کردەوە، ژێر فەرشەکان، سەر تاقچەکان، پشتی تەلەفزیۆنە کۆنەکە، پشتی پشتییەکەی دایکی، و زۆر شوێنی تر بەڵام عەقڵی پێی دەگوت هیچی ئەمانە بەکەڵک نایەن. دیسان پاڵیدایەوە. سەرئەنجام گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە گیرفانی، دڵنیاترین شوێنی دونیایە، بەو مەرجەی نەهێڵێ کەس دەستی بگاتێ. کێیش دەستی دەگاتە ئەوێ؟ بێگومان کەس. بزەیەکی هاتێ. دیسان هەستی کرد کێشی لەناکاو قورسی لەشی دابەزییەوە و سووک سووک بووەوە. ئارامییەک بوو بە میوانی. کەوتە سەر شان و لەو دووانیوەڕۆیەی رۆژێک لە رۆژەکانی گەلاڕێزان دا خەوی لێکەوت.

ئەوەندەی پێنەچوو لەدەرگایان دا. لەدەرگادانێکی شێتانە و بەپەلە، وەک بڵێی کەسەکان یەک چرکەیش چییە نەیاندەتوانی چاوەڕوان بن. بەپەلە هەستا و ئەگەرچی ترسێکی سەیر سەرتاپای جەستەی لەخۆگرتبوو بەرەو دەرگای حەوشە بەهەڵەداوان و بگرە بە هەڵاتن رۆیشت. نەک دەرگاکە، بەڵکوو هەموو حەسارەکەیش بە کوتانی دەروازەکەوە دەلەرییەوە. دەرگاکەی کردەوە، بینی سێ کەس، سێ پیاو لە پشت دەرگاکەن. کە ورد بووەوە لە ناویانا دەستبەجێ زاواکەی ناسییەوە، پێی سەیربوو لێرە لەبەر ماڵەکەی خۆیاندا دەیبینی، بەڵام،... بەڵام دووانەکەی تر کێ بوون؟ لەبەرچاویدا زۆر ئاشنا بوون، بەڵام هەرچی کرد خەیاڵی نەدەچووەوە سەریان. تا کتوپڕ هاتەوە بیری. لە تەلەفزیۆن زۆری بینیبوون. ئیستا دەزانێ عەبا درێژ لەبەرەکە بەو عەمامەی سەرسەرییەوە و، ئەوەی تریش بەو قاتە جوان و قژە زەردە خاو و شاشەوە کێ بوون. ئەم کە پێی سەیر بوو کتوپڕ زاواکەی و سەرۆکی دوو وڵات هاتبوونە بەر دەرگای ماڵەکەی، بە چاوی پڕ لە پرسیار و لە هەمان کاتدا تەژی لە ترسێکی دیار و نادیار لێیان راما.

شەش چاوەکە بە پیچەوانەی بەپەلە دەرگا کوتانەکەیان، زۆر ئارام بوون و ورد لێی رامان. ئەم وەک رێز کشایە کەنار و رێگای بۆ کردنەوە، بەڵام وەک بڵێی ئەوان نیازی هاتنە ژوورەوەیان نەبێ. کەچی هەر کە زاواکەی و عەمامەلەسەرکە ویستیان پێشکەون و بێنە ژوورەوە، قژسوورەکە بە دەست بەری پێگرتن و لایدان و بۆخۆی بە دەماغ بەرزییەکی سەیرەوە پێشیان کەوت. سەرئەنجام هەرسێکیان ئەم دیو کەوتن. ئەمیش بە ئارامی دەرگاکەی پێوە دایەوە. ئەم کە قەدی تا سەر سینگی ئەوان دەهات، سەری بەرزکردەوە، هەتاوی درەنگ وەختی دووانیوەڕۆی پاییز لە نێوان سێ سەرە زلەکەوە لە ناوچاوانی چەقی. هەر کە سەری داخستەوە، بینی هەر سێکیان دەستێکیان پێش خستبوو بە تەمای وەرگرتنی شتێک. وەک سواڵکەر. بە سەرسوڕمان لێیان راما. هەر سێکیان بەیەکەوە گوتیان "یاڵڵا دەی،... یاڵڵا!" ئەم هەروا مابووەوە. "دۆلار،... سەد دۆلارەکە!" ئارەقێکی سارد نیشتە نێوچاوانی. بیری کردەوە کەواتە ئەمانە بوونە وا سەد دۆلارەکەیان لە کۆڵانی سواڵکەرەکان لێکەوتبوو. دەستی برد بۆ گیرفانی، بەڵام بیدا بە کامیان؟ لەم بیرانەدا بوو کە زاواکەی گوتی هی منە چونکە من زاواییم! عابالەبەرەکە گوتی نەخێر هی منی چونکە ئەوە ئەرزی نیشتیمانییە، سەرسوورەکەیش گوتی بێخود، دۆلار لە راستیدا لە لای ئێمەوە دێت، بۆیە ئەمە لە راستیدا هی منە! زاواکە هەڵیدایە و گوتی قسەی لابەلا، ئەمە ماڵە خەزوورانی منە و بۆیە ئەم قسانە ناخوا، عابا لەبەرەکە گوتی ماڵی خەزووری تۆ لە وڵاتی مندایە و سەرسوورەکەیەش بە تووڕەییەوە گوتی وڵاتی تۆیش لەو دونیایەدایە وا من سەرۆکیم، دەی یاڵڵا با بێت!

ئەم دەستی برد بۆ گیرفانی، سەد دۆلارەکەی لە مشتیا گووشی. زاواکەی گوتی گەر نەیدەی بە من ئەوا خوشکەکەت تەڵاق دەدەم، مێزەرلەسەرەکە گوتی دەتخەمە زیندانەوە بە تاوانی خەیانەت بە نیشتمان، بگرە دایکیشت لەسەر داوێن پیسی لەسێدارەدەدەم، سەرسوورەکەیش گوتی ئابڵۆقەت دەخەمە سەر، خۆ ناتەوێ دایکت لە برسانا بمرێ، رەنگە بشزانی کە من رێزی تایبەتم بۆ کەسانی وەک دایکت هەیە!

ئیتر لە نێوانیاندا بوو بە مشت و مڕێکی سەیر. کەس نۆرەی قسەی بەوی تر نەدەدا. نەڕەنەڕی نێوانیان حەوشەکەی زیاتر تەنی. دونیا تەنیا بوو دەنگ. ئەوەندەی پێنەچوو دراوسێکان بۆ سەیرکردن هاتنە سەربانی. پاش کەمێکی تر سەر حەسارەکە پڕ بوو لە چەکدارە جل و بەرگ بەڵەکەکان و ئاسمانی حەوشەکەیش فڕۆکەیەی شەڕکەری لێ پەیدا بوو و بەو سەرسەرەوە چەق راوەستا. کەس بە تەما نەبوو بکشێتەوە. هەراهەرا، چەخماخەی میل هێنانەوەکان و دەنگی فڕۆکەکە تێکەڵ بوون. کەس ئیتر گوێی لەکەس نەبوو. هەموو شتێک تەنیا ببوو بە دەم. ئەم دەستی بە گوێیەکانییەوە گرت، چاوەکانی قونجاند و لە جێی خۆی هەڵتروشکا. لەوە نەدەچوو کەس بیەوێ بکشێتەوە. نازانێ چەندەی خایاند. تا کتوپڕ بڕیارێکی سەیر بە مێشکیدا هات. بەپەلە دەرگای کردەوە و هەتا هێزی تیا بوو دەستی کرد بەڕاکردن. رانەوەستا هەتا کۆڵانی دەرۆزەکەرەکان. رێک گەیشتەوە هەر ئەو شوێنە، ئەو شوێنەی سەد دۆلارییەکەی دۆزیبووەوە. لەوێ راوەستا، ئارام دەستی کرد بە گیرفانیدا و فڕێی دایەوە سەر زەوی. رێک سەر هەمان شوێن. سواڵکەرەکان ئەمجارە بینیان و هوروژمیان بۆ هێنا.

کە خەبەری بووەوە، هەتاو داچووبوو. دایکی هێشتا لەسەردانی ماڵی کچەکەی نەگەڕابووەوە. چاوێکی بە ناو ژوورە نیوەتاریکەکەدا گێڕا. دەستی برد بۆ گیرفانی. بەدەم خەوەوە سەد دۆلارەکەی ئەوەندە گووشیبوو کە بەقەد کەللا شووشەیەکی لێهاتبوو. هەستا پەنجەرەکەی کردەوە و هەتا هێزی تیابوو فڕێی دا. کەللا ـ دۆلارەکە لە ناو کٶڵان لە شوێنێک ئۆقرەی گرت.

خەنی لەوەی نە سێ کەسەکە لە حەوشێ مابوون و نە خەڵکی لەسەر بانەکان و نە چەکدارەکان لە سەر حەسارەکە و نە فڕۆکە بە ئاسمانەوە، بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی.

 

کتوپڕ وەڕەزییەکی سەیری دایکی کرد. ئەگەرچی وەک هەمیشە کەمێک درەنگ کەوتبوو. بەڵام عەیبی نەبوو، هەر دەگەڕایەوە. ئەم وەک هەمیشە دەیتوانی لە ژوورەوە نیوە تاریکەکانی ئێوارەدا چاوەڕوان بێ. گرینگیش نەبوو کە بەڕاستی لە ماڵی کچەکەیەتی یان نا. 

Bilderesultat for ‫صد دلاری کاریکاتور‬‎

گەڕان بۆ بابەت