فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەو وڵاتانەی ئەم دەرفەتە نیە، رەخنەکان شەخسی دەبنەوە و دەگەنە ئاستی سووکایەتی کردن بە کەسەکان و بگرە بە گیانبەختکردووان و مردووەکانیش. کەواتە رەخنەگرتن لە بیری شەهیدان، پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی ئەوانیشە. رەخنە و جۆراوجۆر دیتن، شاڕای ئاسوودەییە. رنگە هەر بەو رادەیەیش بەربەستێک بۆ کوژرانی زیاتری خەڵکی.

 

دیاردە هەستیارەکان و رەخنە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یەکێک لە پێوەرەکانی ئەوەی کە کۆمەڵگایەک چەندە لە ئاست رەخنەدا کراوەیە، دەست بردن بۆ دیاردە هەستیارەکانە. بۆ وێنە دەست بردن بۆ ئایین، بۆ بیروباوەڕی زاڵ و باوی سیاسی، یاخود بۆ بەشی گیانبەختکردووان و شەهیدان.

کاتی خۆی کاتێک لە وڵاتی نۆروێژ لە ساڵی ٢٠١١، لە ٢٢ی ژوئەن رووداوی تیرۆریستی روویدا و تێیدا ٧٧ کەس کە زۆربەیان منداڵ بوون گیانیان لەدەست دا، سۆسیال دیمۆکراتەکانی نۆروێژ کە خاوەنی زۆربەی قوربانیانی ئەم رووداوە دڵتەزێنە بوون (رێکخراوی گەنجانی ئەوان بوو کەوتنە بەر پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستەکە)، لە هەڵبژاردنی دوواتردا قەت لەم رووداوە و لە وێنەی شەهیدەکانیان بە مەبەستی پرۆپاگەندەی سیاسی کەڵکیان وەرنەگرت. ئەوان لەجیاتی هەستی مرۆڤەکان، وەک جاران بەردەوام ئەقڵی ئەوانیان کردە خیتابی خۆیان و لە جیاتی خوێن و قوربانی و شەهید وەک هەمیشە باسیان لە پلانەکانی خۆیان کرد بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە کە قوربانیانی ئەو رووداوە تیرۆریستییە لەبیرکرا، بەپێچەوانەوە، ئەوان بیری ئەوانیان لەرێگای تەئکیدکردن لەسەر خەونەکانیان درێژە پێدا. سۆسیال دیمۆکراتەکان نەک لە رۆچنەی هەستی خەڵکییەوە، بەلكو هەوڵیاندا لە ئەقڵی ئەوانەوە بڕواننەوە داهاتوو.

ئەم نموونەم هێنایەوە بۆ ئەوەی پێ لەسەر ئەوە دابگرمەوە کە بەرجەستە بوونی لایەنی ئەقڵ لە جوڵە و پرۆژە سیاسییەکاندا پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە باوەڕی رەوتێکی سیاسی یاخود کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو بە توانای بیری خەڵک و هەروەها جێکەوتنی توانای رەخنە و بەکارهێنانی لە کێبەرکێ سیاسییەکاندا. ئەوان دەزانن کاتێک شەهید و خوێن بەرجەستە دەکرێتەوە، ئیتر وەها حاڵەتە حیماسییەکان گەورە دەبنەوە کە زەحمەتە ئەقڵ رۆڵی سەرەکی بگیڕێ، یاخود بەرجەستە بوونی حالەتی حیماسی و ئیحساسی دەبێتە هۆی پێکهێنانی جەوێک کە تێیدا دەمکوتکردنی ئەوی بەرامبەر ئاسان دەبێتەوە و ئیتر لە جیاتی بیر و پرۆگرام و تیۆر، ئەوە خوێن و ژمارەی شەهیدەکانە دەبێتە پێوەر بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی لایەنێک یاخود سەلماندنی راستی و دروستیی بیروباوەڕەکەی. ئەمە لە کاتێکدایە کە داهاتوو بە خوێن و بە شەهید دروست ناکرێ، بەڵکو ئەوە پلان و وردەکاری لە تێفکریندایە کە داهاتووی لەسەر بینادەکرێ.

بۆ ئەوانەی لە وڵاتانی جیهانی سێهەمەوە یاخود وڵاتانی روولەگەشەوە هاتوونە نۆروێژ، بێگومان دیاردەیەکی لەم چەشنە دەکرێ چاوەڕوان نەکراو بێ. لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لە هیچ شوێنێک وێنەی هیچ شەهیدیک نە هەڵواسراو نە بەرزکرایەوە. سوسیال دیمۆکراتەکان لە راگەیەنێرە گشتییەکاندا تەنیا بە وشە و بە پلانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەرکەوتن.

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرجەستەنەکردنی گیانبەختکردووان ئەوەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی شەهیدەکە وەک کەس و وەک جەستە وەها بەرجەستە دەکرێتەوە کە هەموو دیمەنەکە دەبێتە ئەم جەستەیە و، ئەو بیر و پلانەی وا ئەو هەڵگری بووە دەچێتە پشتی جەستەی و ئەو تەرکیزەی کە پێویستە ئیتر لەسەری نامێنێ. جەستە و کەسایەتی شەهیدەکە لەم حاڵەتەدا وەها گەورە دەکرێتەوە کە سێبەرەکەی بەتەواوی دەکەوێتە سەر پلان و بیرەکانی و ئیتر لێرەوە رەخنە گرتن لێی دژوار دەبێت. لە راستیشدا ئەوانەی وێنەی شەهید لەم کاتانەدا بەرجەستە دەکەنەوە هەر ئەم مەبەستەیشیان هەیە، واتە دان پیانانی خەڵک بە پلانی ئەوان لە رێگای هەستەوە، نەک لە رێگای ئەقڵ و بیرکردنەوەوە.  

دەبێ کۆمەڵگاکان بێنە سەر ئەو رایەی کە شەهید ناتوانێ راستەوخۆ بەڵگەی سەلماندنی ئایدیاکان و پلانە سیاسییەکان بێت. هیج چەشنە پیوەندێکی راستەخۆ لە نێوان ئەم دووانەدا نیە. چما کە مێژوو پڕی ئەو ئینسانە کوژراوانەن کە بۆ وێنە لە رێگای فاشیسم دا گیانیان دا، یاخود لە رێگای کۆلۆنیالیزمدا.

دیارە لە کاتی رەخنەگرتنەکانیشدا کەس گیانبەختکردووانی رێبازێک ناکاتە ئامانجی خۆی، ئەوەندەی کە سەرقاڵی رەخنە لە پلان و رێبازی ئەو شەهیدانە دەبێ. هێرشکردنە سەر کەس و کەسایەتی ئەوان هەڵگری جۆرێک لە بیرکردنەوەی رووکەشیانەیە. بۆیە هەمیشە تەئکید لە سەر پلان و بەرنامەیە.

لەو وڵاتانەی ئەم دەرفەتە نیە، رەخنەکان شەخسی دەبنەوە و دەگەنە ئاستی سووکایەتی کردن بە کەسەکان و بگرە بە گیانبەختکردووان و مردووەکانیش. کەواتە رەخنەگرتن لە بیری شەهیدان، پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی ئەوانیشە. رەخنە و جۆراوجۆر دیتن، شاڕای ئاسوودەییە. رنگە هەر بەو رادەیەیش بەربەستێک بۆ کوژرانی زیاتری خەڵکی.

Image result for ‫انتقاد‬‎