ما 7311 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

پاش ئەو تەقە دونیا رووخا و مرۆڤایەتی پێکرا و مرد. مرد و لە باڵای منەوە تلیا و تلیا و تلیا. پێش ئەوەی تەرمەکە لەتوکوت بێت و بگاتە چۆمەکە و ئاو بیبات، داربەڕوویێکی سووتاو کە هەر ئەو دەستانە سووتاندبووی، خۆیدابەری و گرتیەوە و نەیهێشت تەرمی مرۆڤایەتی كوژراو ون بێت و بێ سەروشوێن بچێت. 

 

 

تاشەبەرد

رەسوڵ سەفەریانی

بە هەناسەبڕکێ خۆی گەیاندە بن تاشەبەردەکە کە وەک گوێسەوانی ماڵێک خۆی لە باقی کێوەکە جیاکردبووەوە و پەناگایێکی بۆ جڕوجانەوەرانی ماندوو لە باران و بەفر دروستکردبوو. ئەمڕۆ ئەویش وەک گیانلەبەرێک یان ئینسانێکی ماندوو لە بارانی سروشت و زەحمەت و چارەرەشی و بێ عەداڵەتی ژیان پەنای هێناوتە بەر تاشە بەرد. تاشەبەرد دەموچاوی ئەو و هاورێکانی باش دەناسییەوە. تاشە بەرد لە بیریەتی کە سالیانێک پێش ئێستا بە دەگمەن رێی ئینسانەکان دەکەوتە ئێرە، بە تایبەت لەوەها شەوانێکی ئەنگوستە چاودا.

جاران ئەمە شوێنی ورچ و بزنە کێوی و رێوی و شتی وەها بوو، بەڵام لەوساڵەوە کە بۆ یەکەم جار گروپێکی جل و بەرگ بۆر و پوزەوانە لە پێ لێرە لەنگەریان خست و شەویان بردە سەر، ئیتر وردە وردە جێگۆڕکێ کرا و گیانلەبەرانی تر کەمتر لێرە بینران. تاشە بەرد لەوە بەدوا ئیتر لەگەڵ روخسار و رواڵەتە جۆراوجۆرەکانی ئەوان ئاشنا بوو. ئەو تەنانەت دەیزانی کە چییان پێیە و باسی چی دەکەن. تاشە بەرد لەورۆژە بەدواوە شاهیدی زۆر رووداوی گەورە و دڵتەزێن بووە. چەندەها شەڕو پێکدادانی بینیوە و زۆر زامی گولەی ورد و درشتی کلاش و ژ. ۳ و تۆپ و خومپارەی لە جەستەدا تام کردووە. ئەو باش ئەورۆژانە ی لەبیرە کە دوکەڵی تەقینەوەکانی ئەو گوللانە دونیای رەش دەکرد و تەنانەت رۆژەکانیشی وەک شەو لێدەکرد. هەموو جارێکیش بە پەلەپڕوزێ چەند کەسێک بریندارەکانیان کێش دەکردە ژێر تاشە بەرد و لەوێ برینەکانیان دەپێچا. تاشەبەرد لە وتوێژەکان و زبانەکانیشیان وردە وردە تێگەیشتبوو. لەبەر ئەوەی تاشەبەرد شوێنەکەی زۆر بەرز بوو دەیتوانی تا زۆر دوور ببینێت. تاشەبەرد تەنانەت کێوەکانی بەرانبەریشی لەژێر چاودا بوو. زۆر لە خوارترەوە جادەیێکی خاکی کێشرابوو کە لە نێو دارەکانی داوێنی تاشەبەردەوە تەنیا دەکرا بە شێوەی پچڕپچڕ بڕێکی ببینێت. بۆیە زۆر جار تەنیا بە دەنگی سەیارەکاندا و تەپوتۆزی پاش رۆیشتنیاندا دەتوانێ بزانێت ماشینێک یان چەند دانە بەوێدا خەریکن تێدپەڕن. لە تاشەبەردەوە هەموو داوێنی کێوەکە و دۆڵەکانی خوارەوەی لەژێر پێتدا بوو. لەو سەرەوە رووبارە پڕ ئاوەکەی خوارەوە دەبیندرا کە وەک مارێکی زەبەلاح لە بەرپێی کێوەکەی تاشەبەردەوە تێدەپەڕی وبە پادەشتەکەدا پێچی دەخوارد و دەخشا، بەڵام دەنگەکەی تەنیا لە شەوانی بێدەنگدا و کاتێ کە "با"ش لە خەودابوو دەگەیشتەگوێی تاشە بەرد.

لەوساڵەوە کە یەکەم گروپە تایبەتە نامۆکە هاتنە ئەوێ هەتا ئەمڕۆ تاشە بەرد ئیتر رووی ئارامی و هەناسەی گەرم و هێمنی گیانلەبەرانی تری جگە لە ئینسانە جۆراوجۆرەکانی چەک لە شان نەبینی. ئەو کەسانە کە هەر گروپێک سەر بەلایێک بوو و جلێکی تایبەتی دەپۆشی و بە زبانێکیی جیاواز قسەیان دەکرد و خاوەن ئامانجێک  بوون. سەرەڕای هەمووجیاوازی جل و بەرگ و ئامانج و زبان و رەوشتیان، لای تاشەبەرد فەرق و جیاوازیان نەبوو. تاشەبەرد بە هەموویانی دەگوت خێڵی خەتەر کە دەهاتن ترس دایدەگرت، دەیزانی دوابەدوایاندا تەقە و ئاگر و دووکەڵ دار و دەوەن دادەگرێت و هەموو سەرو گوێلاکی ئەویش بریندار دەکەن. تاشەبەرد دەترسا کە خێڵی خەتەر بەم چەک و تەقەمەنییانەیان ئەویش بڕوخێنن و ئیتر شوێنی حەواننەوەی گیانلەبەران لە کاتی بەفر و باراندا نەمێنێت. هاوکات بە خۆی دەگوت "هەلبەت ئەگەر گیانلەبەرێک لەم تەقە و ئاگرەدا مابێت". ئەو زۆر زگی بەو داربەڕوان دەسوتا کە هەموو ساڵێک بە هۆی ئاگرگرتنیان تەنکتر دەبوون وبەرچاوی تاشەبەرد زۆرتر دەکرایەوە و سیمای ئەو جادە خاکییەکەی خوارەوەی زۆرتر لێدەردەکەوت کە ئێستا لەبەر هاتوچۆی فرەتری ماشینەکان تەپوتۆزی زۆرترییشی لێدەکەوێتەوە و هەناسەی داربەڕوە نەسوتاوەکان توند دەکات و سەر و شانوملیان دادەگرێت.

تاشە بەرد دووای سالەکانی تەقە و ئاگر وەها ترساوە کە تەنانەت بە هەورەگرمەی بەهارانیش دادەچڵەکێت. ئەو دەڵێت قەت فەرقی بە حاڵی من نەکردووە کە کێ لە پەنای مندا خۆی حەشار دابێت، دۆست یان دوژمن، خەڵی خاکەکەی خۆم، هاوخاکییەکەم یان بێگانەی نەناسراو و داگیرکەر، لە هەموو حاڵەتەکاندا بەشی من هەر گولە و ئاگر و قوربانی بووە. بەدرێژای تەمەنم شەڕم بینیوە و شەڕم تێداکراوە و لەگەڵ هەر شەڕێکیش بە دەیان دار و گیا و گیانلەبەر و جڕوجانەوەرم لێ کوژراوە کە ئێستا بڕێکیان بنبڕکراون و لە مێژە کە نەیانمدیوە. بۆیە من بە هەموویان دەڵێم خێڵی خەتەر. لەو ڕۆژەشەوە ئەم جادەیان کێشاوە بارودۆخەکە خراپتر بووە و تەقەمەنییەکانیان قورستر و مەترسیدارتر بووە.

تاشەبەرد دەڵێت هەرچەند هەموو رۆژێک سیمای خێڵی خەتەر دەبینم کە بە ماشینەکانیانەوە بە جادەکەدا تێدەپەڕن، بەڵام بە خۆشییەوە دەمێکەیە گوێم لە تەقەی نزیکیان نەبووە، دەڵێم نزیک لەبەر ئەوەی لەو دوورانەوە، رەنگە لەوبەر ئاوەکەوە لە شوێنێکی زۆر دوور زۆر جار تەقەی مەترسیدار دەگاتە گوێم. هەر کاتێک ئەو دەنگانە دەبیسم لە دڵەوە ترس دامدەگرێت و هاوکاتیش زگم دەسوتێ بەو تاشەبەردانەی تر وا لەو شوێنەن، دەزانم ئێستا ئەوان بوونەتە سەنگەر و بێ بەزەییانە فیشەکبارانیان دەکەن و گڕ و دووکەڵ لە هەموو گیانیان هەڵدەسێنن. ئاخر خۆ ئێمە وەک ئینسانەکان نین کە هەرکەسەو تەنیا بیر لە خۆی و ژیانی خۆی بکاتەوە. ئێمە هەموومان یەک پەیکەرین و رەگ و خوێنمان بە ناویەکدا تێدەپەڕێت. ئێمە ئازاری یەکتر، هەرچەند دووریش، هەست پێدەکەین. ئێمە زارمان نییە تا هاوار بکەین، بەڵام روواڵەتمان گویاترین زبانە و باس لە دەرونمان دەکات. سەر و رووخساری سەوز و بەدەماخمان نیشانەی تەندروستی دەرونمانە و رەش و رووتیشمان هاواری نەخۆشبوونمان دەچڕێت.

تاشەبەرد سیمای میوانانی ئەمڕۆشی دەناسێتەوە. دەڵێ ئەمانە هەرچەند زۆرتر شەو و بەرە بەیان دێنە ئێرە و سەر و سیمایان ماندووە و کۆڵەکانیان گەلێک قورسە، بەڵام تا ئێستا هیچ چەشنە مەترسیێکم لێ نەبینیون. بەعەکسەوە دایمە ترسیان لێدەبارێت. لە حەرەکات و رەفتار و قسەکانیاندا وادیارە ئەم کارەیان بە دزییەوە جێبەجێ دەکەن، بەڵام هیچی زیانبار بۆ سروشت و خەلکیان تێدا بەدی ناکەم. ئەوان وەک داربەڕوەکان جەستەیان تۆزاویە و وەک شاخەکانی کاتی باران ئارەقە بە سەر و شان و ملیاندا دەرژێت. سەرەتاکان کە لای من دەرکەوتن بە رەفتار و کۆڵەکانیان و ترس و بێدەنگییەکەیان وبە پەناپسکێدا رۆیشتنەکەیاندا وەک خێڵی خەتەر هاتنە بەرچاوم، بۆیە ترس دایگرتم. بەڵام دواتر من ترسم لە خۆیان نەما، بەڵام ترسم لە ترسەکەی ئەوان بوو، لەوەی ئاخۆ چیان کردبێت و خەریکی چین وا دەترسن. دەزانم ترس هەمیشە لە دوو حاڵەت دا دروست دەبێت، یان بەرەوڕووی نەناسراو و نادیارێک بیتەوە یان ئەوەی کە بزانیت کەس یان کەسانێک کە بەهێزتر لە خۆتن لەتۆ دەگەڕن و تۆش خۆتیان لێ دەشاریتەوە. تاشەبەرد ئەمەی بە ئەزموون لە رێبوارانێک فێر ببو کە بە هۆیێک لەو هۆانە رێگایان هاتبوە لای تاشەبەرد و خۆیان لەوێ دا ڵدە دابوو. بۆیە ئەو دەیزانی پەنا بردنە بەر تاشە بەرد ترسێکی لە پشتدایە. جا با ئەو ترسە لە باران و بەفر و "با" و تەنانەت خۆرەتاویش بێت. تاشەبەرد تەواوی تەمەنی هەر کاری داڵدە دان و شاردنەوە بووە. ئەو لە رێبوارانی بیستبوو کە ئەوەی بتوانێ شت حەشار  بدات و نەیدرکێنی هەمیشە مەزن دەمێنێت. تاشە بەرد دڵی پڕە لە راز و سڕی جۆراوجۆر لە ئەو کەسانەی پەنایان بۆ هێناوە بەڵام تەنانەت یەک وشەشی بۆ کەس نەدرکاندوە. ئەو هەوڵی داوە کە هەموویان وەک یەک ببینێت بۆیە لای هەموویان گەورەیە و هەمووان پەنای بۆ دەبەن. تاشەبەرد دەڵێت زۆر جار چەکدارە شەڕکەرەکان یەک لەدوای یەک و بۆ خۆ حەشاردان لە بەرانبەرەکەیان دەهاتنە ئێرە و لێرە پلانی خۆیان دەڕشت و پاشان دەرۆشتن. من گوێم لە هەموو رازونیازێکیان دەبوو. پاش ئەوان دوژمنەکەیان دەهات ئەوانیش هەر بەهەمان شێوە، بەڵام من قەت وام دەرنەدەخست کە گوێم لێیانە و ئاگاداری بەرانبەرەکەشیان هەم کە دەیانەوێت چی بکەن، بەڵام قەت بێلایەنیم نەدەشڵەژاند. بەدەگمەن دڵەڕاوکێ و نیگەرانی کەس دایدەگرتم، چون دەمزانی ئەوەی چەکی هەڵگرت  ئیتر بە هەست و دڵ کار ناکات و تەنیا ئەم لۆژیکە دەکاتە چرای دەستی کە ئەگەر نەکوژم دەمکوژن. کێ بەرانبەریەتی و کوڕی کێیە و خۆشەویستی کێیە و کێ چاوەڕوانییەتی و چ چاوەڕوانیێکی لە ژیان هەیە و چەندە ژیانی خۆش دەوێت، لای ئەو گرینگ نییە. گرینگ ئەوەیە کە بەرانبەر دوژمنە و دوژمنیش دەبێت نەمێنێت.

تاشەبەرد درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت بەڵام ئەم پەنابەرانەی ئەم ساڵانەم هەر چەند بۆ خۆ حەشاردان دێن و کۆڵی قورسیان پێیە و دایم باس لە بەرانبەر و چەکدار و سەرباز و کوشتن دەکەن، بەڵام هیچ پلان و چەک و بیری کوشتنێکیان نییە. ئەمان قەت قسە لەوە ناکن چۆن بەرانبەرەکەیان بکوژن  یان چۆن هێرش بکەنە سەریان، بەڵکو ئەمان تەنیا لەوە بیر دەکەنەوە کە چۆن بکەن کە نەکوژرێن و بتوانن بەردەوام بن لە ژیان. ئەمان  زۆرتر لەو گیانلەبەرانە دەچن کە جاران لە ترسی راوکەر و با و بۆران  پەنایان بۆ دەهێنام. وا دیارە ئەمانیش وەک ئەو گیانلەبەرانە منداڵ و بەچکە و جوجکەیان  لە ماڵەوە بە جێ هێشتوە  کە چاوەڕێن دایک و باوکەکانیان بگەڕێنەوە و خواردنیان بۆ بێنن. باڵندەکان و گیانلەبەرانی تر بە دەم و دەنوک رزقی مناڵەکانیان هەڵدەگرن و ئەمان بە کۆڵ.

تاشەبەرد تا ئەمڕۆ بێدەنگ و خۆڕاگر چاوەدێری رووداوەکانی دەکرد و وەک مێژوو هەمووی لە دڵیدا تۆمار کردووە. ئەو تەنانەت سوتانی مەزرای وەرزێر و رووخانی ماڵە قوڕینەکانی بەرپێی کێوەکانی بەرانبەریشی بینیوە کە بە گوللەی هاوەنی جلبەڵەکەکان گڕی گرت و سوتا. ئەو دەڵێت من لە دوورەوە قیژەی ئەو مناڵانەم  بیستووە کە دایکیان گوللەی چەکدارە جل بەڵەکەکان گرتبووی و لەبەردەم مناڵەکاندا دەمەوڕوو کەوتبو و خوێنی لەبەر دەڕۆشت. تاشەبەرد دەڵێت ئەو بەهارەشم هەر لە بەر چاوە کە باران تێکەڵی ژار کرا و شارێکی خنکاند، بەڵام هەر هاواری نەکرد و وتم شەڕە. شەڕی چەکە، چەکیش بێگوناح و گوناحبار ناناسێت. کە چەکت لە شانکرد و چویتە شەڕ بتهەوێت و نەتهەوێت نیوەی بەرپرسایەتی خوێنی رژاو لە ئەستۆی تۆیە. بەڵام کە چەکت نەبوو بە هەموو بارێک بێگوناهیت و بە هیچ مەنتقێک کوشتنت رەوا نییە و بە هەر شێوەیێک  و بە هەر بیانویێک بتکوژن تاوانیان کردوەو، تاوانێکی گەورە، گەورەتر لە هەرچی تاوانە. تاوانێکە کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و بە هیچ شتێکیش قەرەبوو ناکرێتەوە.

تاشە بەرد دەڵێت ئەوەی ئەمڕۆ لێرە رووی داو و بەم چاوانەی خۆم بینیم ئیتر بێدەنگی هەڵناگرێت. ئەمڕۆ ئەو تاوانە گەورە رووی دا کە هەتا ناخی من و هەموو شاخەکان و رووبارەکان و دەریاکانی هەژاند، بەڵام بەداخەوە دەبینم کە ئینسانەکان بێ هەستانە و خەمساردانە سەیری دەکەن. ئێوە دەڵێم ئەی هەموو ئەوانە ئێستا لەدەوری من کۆ بوونەتەوە و پێتان وایە منی تاشەبەرد شێت بووم. نا من شێت نەبووم بەڵام روداوی ئەمڕۆ گڕی تێبەرداووم. گڕێکی وها کە دەمبینن، دەبینن کە منی بێدەنگ و بەتاقەت بوومەتە ئەو ئاگرپرژێنەی کە دەمەوێت هەموو دونیا و هەموو ئینسانەکان یەکجێ گڕ تێبەردەم با ئیتر کەس نەمێنێت، با کەس نەبێتە خودای رووی زەوی.  با بزانن ئەگەر زەوی خودا و کوێخا و بەرپرسی بویستاێت، خالقەکەی خۆی دایدەنا و پێویستی بە ئێوەی یەکترکوژی تێر نەخۆر نەبوو. ئەوەی ئەمڕۆ بەو دەستە چەپەڵانەی تەقەی لەو دڵە پاکە کرد و لە لێدانی خست، قەت نەیفامیوە و نافامێت چ گوناهێکی گەوەرەی کردووە. نازانێت ئەوەی ئەو کوشتی فریشتەیێکی راستەقینە بوو. ئەو باشترین باوک بوو بۆ منداڵەکانی و چاکترین و لەخۆبوردووترین هاوڕێ بوو بۆ هەڤاڵەکانی و بێ زەرەرترین کەسێک بوو کە لە ماوەی تمەنمدا داڵدەم داوە. بێ گوناحترین ئینسانێک بوو کە لێرە لەژێر باڵەکانی مندا کوژراوە. ئەو ئەوەندە ماندوو بوو کە نە هاڕەی سەیارەکان و نە تەپەی پێی جل بەڵەکەکان نەیانتوانی خەبەری بکاتەوە. من لە گەڵ خەوەکەیدا بووم، ئەو تا خەوت لەوە بیری دەکردەوە کە باش بوو کاتێ لە سنور پەڕینەوە نەکەوتە بەر دەسرێژی چەکدارە جلبەڵەکە کان. زوو زوو بە خۆی دەگوت "زۆر باش بوو نەگیرام، کۆڵی ئەمجارەم پارەی باشی تێدا دەبێت. هەر ئەوەندەی گەیشتومەتە ئێرە ئیتر زۆرم نەماوە، جیا لەوە مەترسییەکانیشم تێپەڕاندوە." گەیشتنی بەیانی و وەرگرتنی پارەی کۆڵەکەی بیر و خەیاڵی گەورەی بوو. بەم خەیاڵانەوە خەو بردیەوە. کۆڵەکەی تەحویل دابوو و پارەکەی وەرگرتبوو، خۆشحاڵ لەوەی کە ئەمڕۆ دەتوانێت بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات. بەڵێنی دەستێ جل بۆ منداڵە چوارساڵانەکەی کە لە چەند مانگ لەوە پێش قەولی پێدابوو کە بۆی بکرێت و کۆنەکانی، کە ئیتر بە بەری تەنگ ببوون، بۆی نوێ بکاتەوە. بەرەو دووکانی جلفرۆشییەکە رێکەوت. سەیری جلی منالانی کرد. چەند دەست و رەنگی سەیرکرد، یەکیانی زۆر بەڵ بوو. دەستێ جلی پەمەیی بۆ کیژۆڵەیێکی چوارساڵان. هەڵیگرت و پرسیاری نرخەکەی کرد. دەستی کرد بەگیرفانیدا و پارەکەی بژارد و دای بە کابرای ساحێب دووکان و دەستی دایە جلەکە و

گرمەی دەنگی بکوژەکەی کە وەک جەلادێکی بێ بەزەیی نەڕاندی لە خەوە خۆشەکەی دایچلەکاند. ئەم دەنگەو تەقەکانی شەو کە ببووە هۆی ئەوەی کە ئەم و هاوڕێکانی رێگا بگۆڕن و بە لارێدا خۆیان بگەیننە ئێرە، وەها ترس و خۆفێکی لە دڵیدا دروست کردبوو کە بێ ئەوە چاو بکاتەوەو بزانێت چی روویداوە هەر هەستا و یەک سەر هەڵات. تەنیا چەند هەنگاوی لەرزۆک و نارێک و پێکی بە دەم خەوەوە هەلگرتبوو کە راوکەرەکەی پەنجەی نا بە سەر… .

پاش ئەو تەقە دونیا رووخا و مرۆڤایەتی پێکرا و مرد. مرد و لە باڵای منەوە تلیا و تلیا و تلیا. پێش ئەوەی تەرمەکە لەتوکوت بێت و بگاتە چۆمەکە و ئاو بیبات داربەروویێکی سوتاو کە هەر ئەو دەستانە سووتاندبووی، خۆیدابەری و گرتیەوە و نەیهێشت تەرمی مرۆڤایەتی كوژراو ون بێت و بێ سەروشوێن بچێت. ئێستا ئێوە ئەی مرۆڤە بێ هەستەکانی بەتاڵ لە مرۆڤایەتی بزانن. بزانن لێرە لەم بەرزاییە دەینێژین و لەسەر کێلێکیان دەنوسین گۆری مرۆڤایەتی و کێلەکەیتری بە جلە پەمەییەکەی کچەکەی کە ئێستا سوربووە، دەرازێنینەوە. دەیڕازێنینەوە با هەر لەدوورەوە ببینرێت، با خواش بیبینێت با ئەستێرەکان و ئاسمان و خۆر و مانگ و داهاتوو بیبنن و بزانن کە رۆژێک مرۆڤایەتی لێرە لەم خاکە سوتاوەدا بەبەر چاوی هەمووانەوە کوژرا و کەسیش... .

 

 Bilderesultat for ‫کوە سنگ‬‎

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت