ما 1428 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 رەسوڵ سەفەریانی

ئێمە بەتاڵین لە هەست و سۆز و ژیان و خۆشەویستیی راستەقینە. هەموو شتێکمان کردووەتە سیمبول. تەنانەت تاقەتی نووسینی چەند رستەشمان نەماوە. وشە، کەم دەبێتەوە و لایک و سیمبول زۆرتر دەبێت. بە لای جوانترین نوسراوەی دونیادا تێدەپەڕین بێ ئەوەی تاقەت، یان کاتی خوێندەوەیمان هەبێت. 

 ژیان و خێرایی

 

 رەسوڵ سەفەریانی

هەموو جارێک لە نێو دووڕێیانی رابردوو و ئێستادا دەوەستم، بیردەکەمەوە و لە خۆم دەپرسم " ئەرێ بەڕاستی ژیانی  مودێرن خۆشە یان ناخۆشە؟" رەنگە ئەم پرسیارە لە مێشکی ئێوەیشدا دروست بووبێت.  من نازانم کە ئێوە  وەڵامتان چییە و کام یەک لە خۆش یان ناخۆش خۆی سەپاندوە بەسەر زەین و بیرتاندا، بەڵام من تا ئێستاش نەمتوانیوە بڵێم کامیانە. بۆچی؟ جا ئێستا باسی دەکەم.

کە ئاوڕی کۆن دەدەمەوە و دەچمەوە سەر بیرەوەرییەکانی کاتی گەنجیم و تۆزقاڵیک سەیریان دەکەم، دەبینم هەموو شتێک بە کاوەخۆ و ئارام دەڕۆیشت. دەچم سەیری ئاڵبۆمی وێنەکانم دەکەم، ئەو ئاڵبۆمانەی کە پڕن لە وێنە کاغزییەکان. ئەو وێنانەی کە هەر کامیان دونیایێک لە بیرەوەرییان لە خۆدا کۆکردووەتەوە و لەگەڵ دەرکەوتنیان وەک پەنجەرەیێکی کراوەی روو بە شنەی بای بەهاری، هەموو جەستەت پڕ دەکات لە بۆن و تام و جوانی. دەمباتەوە شوێنی گرتنەکەی و تەنانەت هەموو ئەو قیافەگرتنانەی هێنایەوە یادم کە لە بەرانبەر کامێرا 'یاشیکاک'ەدا گرتبووم. بیریان هێنامەوە کە بۆ کڕینی حەڵقەێێک فیلم  بیست و چواردانەیی دەبووا ماوەیێک پارەی بۆ وەلابخەم. پاش کۆکردنەوەی پارەکەی دەچوم بۆعەکاسییەکەی شەقامە سەرکییەکەی نێو شار، لەلای ئاشناکەی خۆم فیلمەکەم دەکڕی و بە پەلە دەهاتمەوە و کامێراکەم دەهێنا و فیلمەکەم دەخستە سەری. لەو کاتەوە تا تەواو کردن و گرتنی هەموو بیست و چواردانە فیلمەکە ماوەیێکی نزیک بە مانگێکی دەخایاند. هەموویانم پێکەوە نەدەگرت، هەر چەند رۆژ و یەک دوو دانەیمان دەگرت. بۆ هەر وێنەیێک سەدان ژست و قیافەمان دەگرت تا لەسەر یەکیان کۆک دەبووین. پاشان سەرەتا پارەی چاپەکەیمان کۆ دەکردەوە ، ئەمجار دەمانبرد بۆ عەکاسیێک و داماندەنا بۆ چاپ. چەند رؤژی دەخایاند. پاش چاوەڕوانی ئەو چەند رۆژە، وەک چۆن وەوڵامی ئازمایش مرۆڤ توشی دڵەڕاوکێ دەکات، منیش بە ترسەوە دەچوم بۆ عەکاسییەکە. زۆر جار وەڵام دەبوو بەوەی کە بەداخەوە فیلمەکەتان سوتاوە چون نەتانزانیوە چۆن بیخەنە سەر کامێراکە یان نوری بینیوە. ئەگەریش باش بوایە ئەوە ئەو ئاڵبۆمە پڕ لە بیرەوەریانەیان لێ دروست دەبوو کە قەت کۆن نابن و لەبەر چاو ناکەون. ئەو رۆژانە ئەوەندە ژیان بە کاوەخۆ دەڕۆیشت کە مرۆڤ بە قووڵایی رۆژەکان و شتەکاندا رۆدەچوو. ئەوکات سەردەمی قووڵایی و وردی و ئارامی بوو. سەردەمی ژیانی سروشتی بە تام و چێژی سروشتییەوە. وێنەکانی ئەودەم تا هەتایە تامەکان و یادەکان و ساڵەکانمان بۆ رادەگرن. ئارامی لە هەموو شتێکدا بوو، تەنانەت لە گەشەی تەکنولۆژیشدا. کامێراکەم پاش چەند ساڵ هەر هێشتا لەریزی مودێڕنەکاندا دەهاتە ئەژمار، تەنانەت بە گرانتریش فرۆشتمەوە!

 

بەڵام ئەمڕۆ هەرگیز هەست بە نوێبوون لە شتەکاندا ناکەیت. هەموو شتێک بۆ چرکەیێک یان ئەوپەڕەکەی رۆژێک نوێ دەمێنێتەوە. پێش ئەوەی فریابکەویت بگەیتە ماڵەوە و لە کارتۆنەکەی دەریکەیت، لەوە نوێتر و مۆدێرنتریان لە دوکانەکە لە جێگاکەی داناوە! هەربەم خێراییە ژیانیش تێدەپەڕێت. هەموو شتێک رووکەشییە و بۆ چرکەو ساتە. قووڵایی لە هیچێکدا نییە. وێنەکان ئیتر ناچنە ئاڵبۆمە کان و نامێننەوە. هەمویان تەنیا چەند چرکە یان چەند کاژێر دێن و دەچن، پاشان وەک بڵقی سەر ئاو ون دەبن. ئەمڕۆ فانتازی و خەیاڵ نەماوە. هەموو خەیاڵێک دەتوانێت ببێتە واقع و هیچ نامومکینێک نەماوە، هەموو شتێک دەکرێت. ئینسان کۆنترۆڵی هەموو شتێکی بەدەستەوەیە جگە لەمەرگ. مەرگ هەر بە کاوەخۆ و دوور لە کۆنترۆڵی مرۆڤ سەرقاڵی ئیشی خۆیەتی. ئیتر وەک جاران تەنیا بە نەمان و مردن خۆی نانوێنێت. ئەمڕۆ مەرگ شکڵ دەگۆڕێت و بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەردەخات. مەرگ تامەکان دەکوژێت و قووڵاییەکان ناهێڵێت. چێژ دەمرێنێت و بیرەوەرییەکانمان ئیشک دەکات و دەمانکاتە دێمێنس. مەرگ وەک مۆریانە سۆزەکانی لە رەگەوە خواردووە و ژیانی کرووەتە وێنەی سەر شاشەی تێ وێ و کامپیوتەر و موبایل و ئایپاد، جوان و بێ بۆن و بەرامە و بەتاڵ لە زیندەگی. ئەمڕۆ مەرگ وەک خۆرە لە هەموو ژیانمان کەوتوە، بەڵام بە بۆنەی سەرقاڵیمانەوە بە "خێرایی تێپەڕبوونی فیڵمی رواڵەتی" ژیانەوە ئاگامان لێی نییە. ئەو گوڵەکان و جوانییەکان دەخوات و ئێمە بە وێنەکانی جوانی و گوڵەکانەوە لە شاشەکاندا سەرقاڵین. ئەوین و خۆشەویستی دەتاسێنێ و ئێمە تەنیا چەند وشە و سیمبول لە شاشەکاندا بۆ یەک بەڕێ دەکەین و بۆ دیدارەکان کاتمان نییە. ئیتر یەکترتەنیا بەدەنگ دەناسینەوە و خۆمان لە چاوەکانی یەکتر نامۆیین. کە یەکیش دەبینین بێزارین لە ماننەوە و پێکەوە بوونمان. ئەگەر پاش ماوەیێکی دور و درێژی پڕ لە تامەزرۆیی دیدار و تاسە یەکمان بینیوە و پێکەوە دانیشتوین، لە بەر خووی خێرایی و ئالودەبوون بەو خووە، وامان لێهاتووە کە خێرا لێکتر تێر دەبین. کاتێ کە لەلای یەکین قسەمان نییە یان قسەمان بۆ ناکرێت. دەچینەوە سەر شاشەکان و گوڵ و سیمبول بۆ ئەوانەی تر بەڕێ دەکەین کە دوورن. ئێمە بەتاڵین لە هەست و سۆز و ژیان و خۆشەویستی راستەقینە. هەموو شتێکمان کردووەتە سیمبول. تەنانەت تاقەتی نووسینی چەند رستەشمان نەماوە. وشە، کەم دەبێتەوە و لایک و سیمبول زۆرتر دەبێت. بە لای جوانترین نوسراوەی دونیادا تێدەپەڕین بێ ئەوەی تاقەت، یان کاتی خوێندەوەیمان هەبێت. هەموو شتێکمان خێرا و ئامادە دەوێت. حەز دەکەین رۆمان و دەقەکان بکرێتە حەب و بە پەرداخێک ئاوەوە پێشکەشمان کەن تا بتوانین بیخۆین. هەمووی کتێبێک دەکەینە رستەیێک و لە فەیسبوک یان ئینستاگرامدا دایدەنین. هەمووان بێ ئەوەی لێی تێبگەن لایکی دەکەن و پاشان لایان وایە ئەو کتێبەیان خوێندوەتەوە و دەزانن باسی چی دەکات. ناخوێنینەوە و قووڵ لە هیچ ورد نابینەوە وکەسیشمان پێ باش نییە و خۆشمان لە هەموو دونیا پێ بەتواناترە. خێرایی وایکردوە کە کەس بەم تەمەنە کورتە فریای هیچ ناکەوێت بۆیە دەبێت تەنیا چاوێک بە دونیادا بخشێنین. سەرمان بە رواڵەتەکانەوە قاڵە بێئەوەی ئاگامان لە گوزەری زەمان بێت. تا چاو دەکەینەوە قەتاری ژیان گەیشتوەتە وێستگەی کۆتایمان و ئیتر بلیتەکەمان لەوە بەولا بڕ ناکات، بۆیە هەر وەک هاتنمان بێ ئیزن و خواستی خۆمان، دامان دەبەزێنن. ئێمە مۆریانەی مەرگ هەموو ژیانمانی تەنیوە. ژیان ئیتردەماخی جارانی نەماوە و وەک مێشێک لە تەونی جانجاڵوکەی مەرگدا باڵەکوتێیەتی. ئیتر چۆن بڵێم کە دونیای مۆدێڕن خۆشە.

 

هەڵبەت هەموو ئەوانەی باسم کرد لای کەسانێک مانای هەیە و دەتوانێت هەستی بکات کە ئەزمونی ژیانی پێش سوڵتە و دەسەڵاتی تەکنۆلۆجیایان ببێت. بەرەی نوێ و بەرەی ژیانی خێرا و رووکەشی ناتوانن ئەوەی پێش خۆیان هەست بکەن و تام و چێژی  بناسن. ئەگەر لە گۆشە نیگای بەرانبەریشەوە بڕوانین ئەوە دەبینین کە ئەمڕۆ ژیان ئاسانترە و ئاسیش و خۆشگوزەرانی زۆرتری تێدایە. تەکنۆلۆجیا وایکردوە کە ئیتر کات وشوێن مانای نەماوە و ناتوانن ببنە بەربەست و لەمپەر بۆ پێوەندی نێوان ئینسانەکان. ئەمڕۆ تۆ ئیتر لە هیچ شوێنێک هەست بە نامۆیی ناکەیت، بە یارمەتی "گ. پ. اس."  لە هەموو  شوێنێکی دونیا  دەتوانیت بگەیتە ئادرەس و شووێنی مەبەست. هەموو ئەمانە وایکردوە کە مرۆڤ دڵنییای تێدا دروست بێت. هاوکات بە شێوەی بەربڵاو لە گەڵ هەموو سوچ و قوژبنێکی ئەم گۆی زەویەدا پێوەندی مەجازی و ئینترنێتیان هەبێت. کامێرای هەمیشە ئامادەی دەتوانێت چرکەکانی ژیان و روداوەکانی دەوروبەرت لە نێو کەفی دەستتدا خەزن بکات. هەموو ئەمانە و پتر لەمانەیش هەر هەمووی لە جسمێکی ناسکی شوشەویی چوار لە هەشت پەنجەییدا بە نێوی موبایل کۆ بووەتەوە کە هەموو کەسێک لانیکەم یەکدانەی پێیە. ئێستا چۆن دەتوانم بڵێم کە ژیانی مودێڕن ناخۆشە!؟

Bilderesultat for ‫مدرنیسم‬‎

 

 

گەڕان بۆ بابەت