ما 5888 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دیالۆگ و توندئاژۆیی

'جان ستوارت میل' لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆی بە ناوی 'سەبارەت بە ئازادی' باس لە گرینگیی دیالۆگ و گفتوگۆ لە کۆمەڵگادا دەکا. ئەو بەرپەرچی ئەوانەوە دەداتەوە وا پێیان وایە دیالۆگ دەبێتە هۆی توندئاژۆیی.

 

 میل بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم روانگەیە پێ لەسەر بەڵگەمەندبوون لەکاتی دیالۆگدا دادەگرێ و پێی وایە ئەمە بەرگری لە توندئاژۆی دەکا. کەواتە مەرجی ئەوەی دیالۆگ نەگاتە توندئاژۆیی، بەڵگەهێنانەوەیە لەکاتی گفتوگۆدا.

بەڵام لەدرێژەی ئەم باسەدا دەتوانین بڵێین کە بە پێچەوانەوە نەبوونی دیالۆگە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی توندئاژۆیی. کاتێک بیروڕاکان ناتوانن لە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئازاددا سەبارەت بە روانگەکانی یەکتر بدوێن و داوای بەڵگەی راستی و درووستیی لە یەکتر بکەن ئەوا رۆژبەڕۆژ کە دەگوزەرێ ئەو بیرانە دەتوانن زیاتر لە وەهمی خاوەن حەقیقەت بووندا نوقم بن. ئەم وەهمە لە پاڵ نەبوونی ئازایدا کارێک دەکا کە بیر لە شوێنە شاراوەکاندا خۆی بۆ توندئاژۆیی بخەمڵێنێ و سەرئەنجام رۆژێک وەها ئەم خەسڵەتە دەبێتە خەسڵەتی سەرەکی کە تەنیا بەو سیمایەوە خوی دەنوێنێ. لە راستیدا نەبوونی دیالۆگ، یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندڕەوییە.

هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە کە لە نەبوونی دیالۆگدا، خۆبەخۆ هەموو بیرەکان خەسڵەتی توندئاژۆیی وەردەگرن. توندئاژۆیی تەنیا هۆکاری دەرەکی نیە، بەڵکو خاوەن هۆکاری دەروونیشە و دەبێ رەوتێک لە بیرکردنەوە و پلان لەناو کەس یان گروپەکەیشدا چێ بووبێ کە ئەم خەسڵەتە لەودا جێگیربکا.

نەبوونی دیالۆگ و ئازادی، دەبێتە هۆی پەنگخوارندەوەی دەروون و ئەم پەنگخوارندەوەیە لە درێژخایەندا تەقینەوەی لێ پەیدا دەبێ.

دیالۆگ، گەلێک زیاتر لەوەی بیری لێدەکەینەوە دەتوانێ بەرهەمهێنەری ئاسوودەیی بێت.

سایتی قەڵەم

١٦ نۆڤێمبەری ٢٠١٨

 Bilderesultat for ‫جان استوارت میل‬‎

 

گەڕان بۆ بابەت