ما 9484 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: هاوڕێ یوسفی

مارکس و ئێنگێلس لەو باوەڕەدا بوون کە کۆمۆنی ڕووسی لەو شوێنەدا کە پێوەندییە بەرهەمهێنەرە سەرمایەدارییەکان لە دەڤەرە لادێێەکاندا قووڵ نەبۆتەوە دەتوانێت کۆمەڵەکەیەک بۆ سۆسیالیزم فەراهەم بکات... دەبێت هاوکات لەگەڵ شۆڕشگەلی کرێکاری لە ئەورووپادا ڕوو بدات. 

 

رەچەڵەکی کۆمەڵگای ئاسیایی

برایان ئێس. تێرنێر

و: هاوڕێ یوسفی

ئەگەرچی شیکاریی کۆمەڵگا ئاسیاییەکان میحوەریی نەبوو لە ناو کەڵکەڵە تیۆریک و ئەزموونییەکانی مارکس و ئێنگێلس لە سەدەی نۆزدەهەمدا، بەڵام پاش ئەوە سرووشتی "کۆمەڵگای ئاسیایی"، یان بە زمانێکی تەکنیکی‌تر، شێوازی بەرهەمهێنانی ئاسیایی (لەمە بەدواوە شبئ) گرینگییەکی چەمکیانە و سیاسیی زۆری لە مارکسیزمدا پەیدا کرد. دوان لەسەر شبئ پرسگەلێکی هێناوەتە ئاراوە کە نەک پێوەندیی بە جۆشخواردن و باوەڕپێکراویی چەمکە مارکسیستییەکانەوە هەیە لە دەرەوەی بەستێنی ئەورووپیی، بەڵکوو پێوەندیی بە خەسلەتی دەربڕینە ماتریالیستییەکانەوە لەمەڕ کۆمەڵگای چینایەتی، گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە و مێژووی جیهانیشەوە هەیە. دەتوانین بەپێی دوو ڕیانێکی ڕوون و ئاشکرا ئاماژە بە پێگەی چەمکی "کۆمەڵگای ئاسیایی" بکەین. ئەگەر تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی_ ئابووریی کۆمەڵگای ئاسیایی قبووڵ بکرێت ئەوکات دەتوانین حەزەر لە پێشگریمانە ناکۆتاکان تۆماری مەرجداری گوزار و تێپەڕینە مێژووییەکان (کۆیلەداری، فیۆداڵی، سەرمایەداری و سۆسیالیستی) بکەین. سەرباری هەموو ئەمانە، مارکسیستەکان بە پەزێرانی باوەڕپێکراوەیی شبئ ڕەنگە دان بە پێگەی نایابی مێژووی ڕۆژاوا لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵاتدا بنێن. لەو حاڵەتەدا خەسلەتی بزۆز و پێشڕەوی ڕۆژاوا بەتایبەت دەکەوێتە هەمبەریی ڕۆژهەڵاتی وەستاو و پاشکەوتووەوە، ئەوکاتە جیاکردنەوەی وتەزا مارکسیستییەکان لە چەمکگەلی نەریتی لەمەڕ "دیسپۆتیزمی ڕۆژهەڵاتی" ئەستەم و دژوار دەبێت. لێرەوە، لەوانەیە ئەم بڕوایە کە کۆمەڵگای ئاسیایی دیسپۆتیک، نەگۆڕ و وەستاوە ببێتە پاساوێک بۆ کۆلۆنیالیزم، چونکە دەستێوەردانی دەرەکی، هەرچەندە تاڵ و ناخۆش، مەرجی پێویستی گۆڕانی دەروونییە.

مارکس و ئێنگێلس یەکەم جار لە 1853دا دوای ڕەخنە ڕۆژنامەوانییەکانیان دەربارەی سیاسەتی دەرەکیی بریتانیا، بوونە هۆگری شیکردنەوەی کۆمەڵگای ئاسیایی. ئەم دوانە لە وتارەکانیاندا لە نیۆیۆرک دیلی تریبیون لە ژێر کاریگەریی جەیمز میل (مێژووی هێندی بریتانیا، 1821)، فرانسوا بەرنیە (کۆمەڵە سەفەرێک سەبارەت بە حکوومەتی مۆغۆلیی گەورە 1670) و ڕیچارد جۆنز (کۆمەڵە وتارێک لەمەڕ دابەشکاریی سامان و سەرچاوەکانی باج، 1831) دابوون. مارکس و ئێنگێلس بەپێی ئەم سەرچاوانە بەنگەشەی ئەوەیان کرد کە نەبوونی خاوەندارێتیی تایبەتی، بەتایبەت خاوەندارێتیی تایبەتیی عەرز، لە کۆمەڵگای ئاسیاییدا بە هۆکاری بنەڕەتیی وەستانی کۆم،ەڵایەتی دادەنرێت. گۆڕانکارییە بازنەییەکانی ڕێکخراوی سیاسیی کۆمەڵگای ئاسیایی بە دوای خەباتە سوڵتانییەکان (dynastic struggles) و باڵادەستیی سەربازی، گۆڕانکاریگەلێکی ڕادیکاڵی پێک نەهێناوە لە ڕێکخراوی ئابوورییدا، چونکە خاوەندارێتیی عەرز و ڕێکخراوی چالاکییە کشت و کاڵ (agriculture)ییەکان بەردەوام لەسەر شانی دەوڵەت وەک خاوەنداری (landlord) ڕاستەقینە ماوەتەوە. سرووشتی چەقیو و وەستاوی کۆمەڵگای ئاسیایی هەروەها پابەندە بە هاوبەستی و یەکێتیی کۆمەڵی لادێیی کۆن (ancien tvillage)ەوە کە بە تێکەڵکردنی کشت و کاڵ و پیشەسازییە دەستییەکان، لە ڕووی ئابوورییەوە خۆسەرە. ئەم کۆمەڵانە، بە هۆکارگەلی جوگرافی قو کەش و هەوا، پشتبەستن بە ئاوداشتنەوە کە پێویستی بە ئاپاراتووسێکی ئیدارەدانی ناوەرنددارە بۆ ئەوەی بتوانێت کارگەلی ئاویی بەربڵاو و بەرین هاوئاهەنگ (coordinate) بکات و پێشی بخات. لێرەوە، هۆکاری دیسپۆتیزم و دابەزین و وەستاوی بە دەوری باڵادەستی دەوڵەت لە کارە گشتییەکان و هەروەها خۆسەری و لاتەریکیی کۆمەڵی لادێی دادەنرێت.

مارکس و ئێنگێلس ئەم گەڵاڵە کورت و سەرەتاییە لە کۆمەڵگای ئاسیاییەیان نووسی و چاکسازیان تێدا کرد و پەرەیان پێداتاکوو ڕوانگەیەکی ئاڵۆزیان لە شبئ لە کاری خولی پێگەیشتوویاندا خولقاند. مارکس لە گرۆندریسێدا ئاماژە بەو جیاوازییە دیاریکەرە دەکات لە مێژووی شاریی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا. لە فیۆدالیزمدا بوونی شارە سەربەخۆکان لە ڕووی سیاسییەوە وەک کۆمەڵێک شوێن بۆ گەشە و پەرەدانی بەرهەمهێنانی بەهای دانوستاندنەکی بۆ پەرەسەندنی چینی بوورژوا و سەرمایەداریی پیشەسازی خاوەن لایەنی چارەنووس‌ساز و دیاریکەر بوو، لە حاڵێکدا کە شاری ڕعژهەڵاتی خولقێنراوی دەسکردی دەوڵەت بوو و بەردەوام ملکەچی کشت و کاڵ و ناوچە لادێییەکان مایەوە، شاری ڕۆژهەڵاتی تەنیا "کەمپێکی شاهانە" بوو کە بەسەر بونیادی ئابووریی کۆمەڵگادا داسەپێنرابوو. مارکس هەنووکە جەغدی تایبەت لەسەر خاوەندارێتیی لادێ سەربەخۆ و خۆسەرەکان لەسەر عەرز دەکاتەوە کە بنەمای ڕاستەقینەی ئەو تاکانەییە کۆمەڵایەتییەن کە دەوڵەت بە جیسمان و وێناکەی دادەنرێت.

وەکیتر، شبئ بە شێوەیەکی داگیرکردنی کۆیی دادەنرێت کە لە بنەمادا، دەتوانێت لە دەرەوەی ئاسیادا ڕوو بدات. بۆچوونێک هاوشێوەی ئەم بۆچوونە بۆ شبئ وەک تێگەیشتن و هەڵێنجانێک لە داگیرکردنی کۆیی لە کتێبی سەرمایەدا سەرهەڵدەدات کە تێیدا مارکس دەگەڕێتەوە بۆ خۆسەریی لادێی ئاسیایی و هەروەها تاکانەیی پیشەسازییە دەستییەکان و کشت و کاڵ وەک بنچینەی ناکۆتا و بێ‌پەڕی دیسپۆتیزمی ڕۆژهەڵاتی و نەگۆڕیی کۆمەڵایەتی. لە کتێبی سەرمایەدا، ساکاریی بەرهەمهێنان لە ئاستی گوند و لادێ دایە کە بە تایبەتمەندیی بنەڕەتیی سەقامگیری و ڕاوەستاویی ئاسیایی دادەنرێت واتە: "ڕازی نەگۆڕیی کۆمەڵگا ئاسیاییەکان". دەوڵەت بەرهەمی زیادەی ئەم کۆمەڵانە لە شێوەی باجدا داگیر دەکات. بە جۆرێک کە ئیجازەی عەرز و باج لەگەڵ یەکدا دێنەوە و هاوتەکن.

گەرچی لە شیکارییەکانی مارکس و ئێنگێلسدا باسگەلێکی جێ‌سەرنج دەربارەی تایبەتمەندییە بنەرەتییەکانی کۆمەڵگای ئاسیایی کراوە_ نەبوونی خاوەندارێتیی تایبەتی، سوڵتەی دەوڵەت بەسەر کارباری ئاودیری [ئاوداشتن]، خۆسەریی لادێ، یەکێتیی پیشەسازییە دەستییەکان و کشت و کاڵ، ساکاریی مێتۆدەکانی بەرهەمهێنان_بنەمای بابەتەکە ئەم تایبەتمەندییە فرەچەشنانەی دانان و گونجادنی وەستاویی کۆمەڵگای ئاسییاییە لە بەراوەرد لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی ڕۆژاواییدا و لە ڕووە نەرێنییەکەیەوە کۆمەڵێک فاکتەری لە فیۆدالیزمی ئەرووپیدا دەسنیشان کردووە کە ئەنجامەکەی پێگەیشتنی سەرمایەدارییە. لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵات‌ناسییەوە، کۆمەڵگای ئاسیایی دیارکەوتنی پەرەسەندنی زیادەی ئاپاراتووسی دەوڵەت و "کۆمەڵگای مەدەنی"ی پەرەنەسەندووە، لە حاڵێکدا بۆ ئەورووپا پێچەوانەی ئەمە دەستەبەر دەبێت. لە کۆمەڵگای ئاسیاییدا ئەو تەمهیدانەی کە پێوەندیی قووڵیان بە سەرهەڵدانی چینی بوورژواوە هەیە_ بازاڕە ئازادەکان، خاوەندارێتیی تایبەتی، بونیادی پیشە (guild structure) و مافە بوورژواییەکان_ بزرن، چونکە دەوڵەتی چڕ و ناوەنددار سەوڵتەی هەیە بەسەر کۆمەڵگای مەدەنییەوە. نەبوونی خاوەندارێتیی تایبەتی ئەگەری پێگەیشتنی چینە کۆمەڵایەتییەکان وەک فاکتەرگەلی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بەتاڵ دەکاتەوە. لە ئاستی لادێدا، دەتوانین کۆی دانیشتوان بە چینێکی چەوساوە بزانین کە لە دۆخی "کۆیلەیی گشتی"دا دەژین، بەڵام ئەستەمە لە کۆمەڵگای بوورژواییدا بتوانین چینی باڵادەست دەسنیشان بکەین و بیناسینەوە. سیستمی کاستی کە مارکس و ئێنگێلس بە شیوەی سەرەتایی پێوەندیی چینایەتی هەژماریان دەکرد بە ڕوونی پێوەندیی بە شیکاریی چین، تورکیا و ئێرانەوە نەبوو. یەکێک لە مانا پاڵەکییەکانی شیکاریی مارکس لە هێند ئەمە بوو کە لە نەبوونی مێکانیزمی ناوەکیی گۆڕانکاریی کۆمەڵایوەتیدا، ئیمپێریالزیم، چما نەخوازراو، بۆتە هێزێکی دەرەکیی سەرەکیی یاریدەدەری لەبەر یەک هەڵوشانەوەی شبئ. مارکس و ئێنگێلس لە وتارەکانیان لە نیۆیۆرک دیلی تریبیوندا بەڵگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە بریتانیا بەهۆی سازدانی خاوەندارێتیی تایبەتیی عەرزەوە بە تێکشکاندنی شبئی وەستاو و نەگۆڕەوە، کۆمەڵگای هێندی لە بناوانەوە گۆڕیوە. سیستمی ڕێوبانی ئاسن (railway system)، چاپەمەنیی ئازاد، ئەرتەشی مۆدێرن و شێوە مۆدێرنکراوەکانی پێوەندییەکان، چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی (institutional framework) فەراهەم دەکات بۆ پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی لە هێند. بەپێی ئەم وتارانە بانگەشەی ئەوە کراوە (ئاڤینێری 1969) کە شرۆڤەکەی مارکس لە ئیمپێریالیزمی بریتانیا ئەنجامەکەی ئەم گوزارەیە کە بە هەر ڕادەیەک شێوەکانی ئیمپێریالزیم بەربەرینتر بێت لێکەوتەکانی مۆدێرن‌کردنەوەیش قووڵترە. تایبەتمەندیی ئاسیا، لە کۆتاییدا، ئەگەرچی بە شێوەیەکی داپۆشراو، پاساوێک بۆ پەرەسەندن‌خوازیی ئێمپراتۆریاییانە فەراهەم دەکات. لەوێوە کە شبئ خاوەن ماناگەلی پاڵەکیی ئایدیۆلۆژیکی بەهێزە، مارکسیستەکان پتر لە ئاراستەی تێکدانی ئەم چەمکە تایبەتەدا بەڵگاندن دەکەن.

چەمکی شبئ تووشی مێژوویەکی درێژی تێکدانەکان، بووژانەوەکان و چاک‌کراوەکان بووە. مارکس لە پێشەکیی هەنگاوێک بۆ ڕەخنە لە ئابووریی سیاسی (1859)دا شبئ بە یەکێک لەو "خولانەی کە پێشکەوتنێک لە پێگەیشتنی ئابووریی کۆمەڵگادا پێک دەهێنێت" دەزانێت، لە حاڵێکدا کە ئێنگێلس لە سەرچاوەی بنەماڵە، خاوەندارێتیی تایبەتی و دەوڵەت (1884) ئاماژەی پێ‌ناکات. گرینگیی ئەم چەمکە لە دیبەیتی مارکسیستیدا لە ناوکۆیی خەباتە شۆڕشگێڕانەکانی ڕووسیادا سەرلەنوێ برەوی پەیدا کرد. ستراتیژە سیاسییە جۆراوجۆرەکان سەروکاریان لەگەڵ چەمکگەلی جۆربەجۆر لە خەسلەتی کۆمەڵگای ڕووسیا لە شێوەی فیۆداڵی، سەرمایەداری یان ئاسیاییدا بوو. مارکس و ئێنگێلس یەکەم جار لە ساڵی 1853دا ئاماژەیان بە ڕووسیا وەک [کۆمەڵگای] "نیمچە ئاسیایی" کرد، ئێنگێلس لە ئەنتی دۆرینگ (1877)دا چەمکی لاتەریکیی کۆمۆنی ڕووسیایان وەک کۆڵەکەیەک بۆ دیسپۆتیزمی ئاسیایی هێنایە بەرباسەوە. لە خولی 1877 تا 1882، مارکس کۆمەڵێک نامەی نووسی بۆ دەستەی نووسەرانی ئوتێ چێستڤێنی زاپیسکی ڕوو لە [ڤێرا] زاسۆلیچ نووسی و ئێنگێلس بۆچوونەکانی خۆی لە بابەت بونیادی کۆمەڵایەتیی ڕووسیا و ئەگەری شۆڕش، گەڵاڵەی گشتیی (outlining) بەدەستەوە دا. قسە لەسەر ئەوە بوو کە ئایا کۆمۆنی ڕووسی دەتوانێت بنچینەیەک بۆ سۆسیالیزم فەراهەم بکات یاخود ئەوەی کە لەمپەرێکە لەبەردەم پێشکەوتنی سیاسیدا.

مارکس و ئێنگێلس لەو باوەڕەدا بوون کە کۆمۆنی ڕووسی لەو شوێنەدا کە پێوەندییە بەرهەمهێنەرە سەرمایەدارییەکان لە دەڤەرە لادێێەکاندا قووڵ نەبۆتەوە دەتوانێت کۆمەڵەکەیەک بۆ سۆسیالیزم فەراهەم بکات. زێدەباری ئەمە، شۆڕش لە ڕووسیادا دەبێت هاوکات لەگەڵ شۆڕشگەلی کرێکاری لە ئەورووپادا ڕوو بدات. کێشەی ڕووسیا وەک کۆمەڵگایەکی "نیمچە ئاسیایی" بەردەوام دەورێکی بنەڕەتیی گێرا لەو موناقەشانەدا کە پێوەندیان بە ستراتیژی سۆسیالیستییەوە هەیە. پلێخانۆڤ بە ڕەتکردنەوەی ڕوانگەی یۆتۆپیایی پۆپۆلیستەکانەوە لە مێژووی ڕووسیادا، کۆمۆنی بە کۆڵەکەی موتڵەق/ڕەهاخوازیی (absolutism) ڕووسیایی زانی و هێرشی کردە سەر گەڵاڵە پێشنیارکراوەکانی پێوەندیدار بە نەتەوەی‌کردنەوەی عەرز وەک گەڕانەوەی شبئ و دیسپۆتیزمی ڕۆژهەڵاتی. ئەو دیبەیەت و موناقەشانەی کە سەبارەت بە کۆمەڵگای ئاسیایی ڕوویدا لە بابەت پرسی ڕوانگەی تاک‌هێڵ (unilinear) حەتمیەت‌باوەڕانە (deterministic) لە مێژوو بەرامبەر بە ڕوانگەگەلێکی چەند ئاراستەیی (multilinear). ڕاستیی شبئ لەو ڕووەوە بۆ بۆچوونگەلی چەند هێڵی دیاریکەر بوو کە ئەم واتایەی تیا شاردرابووەوە کە مارکسیزم دەربەست نییە بە شێمایەکی پێگەیشتنیی مێکانیکی کە بەو پێیە قۆناغە مێژووییەکان بەپێی یاسا پێویستەکان بەدوای یەکتردا دێن. شێمای تاک هێڵ_ کۆمۆنیزمی سەرەتایی، کۆیلەداری، فیۆدالیزم، سەرمایەداری و سۆیالیزم_ دوای ئەوە برەوی پەیدا کرد کە کۆنگرەی لێنینگراد لە 1931دا پێوەندی و ڕاستیی شبئ لە شیکاریی کۆمەڵگا ئاسیاییەکاندا ڕەت کردەوە. لایەنگریی ستالین لە ڕوانگەیەکی تاک هێڵ و مێکانیکی ئەم بڕیارەی پتەو و قایم دەکرد، واتای وەلانانی چەمکی شبئ ئەمە بوو کە کۆمەڵگا ئاسیاییەکان پاش ئەوە لە ژێر وتەزاگەلی کۆیلەداری یان فیۆدالیزمدا دەگونجێنرێت.

لە خولی پاش جەنگی سارددا، کتێبی دیسپۆتیزمی ڕۆژهەڵاتیی [کارل] ویتفۆگێل باسی کۆمەڵگای ئاسیایی هێنایە ئاراوە. بەپێی ئەزموون، ویتفۆگێل پەرژایەسەر لێکەوتەکانی بەڕێوەبەریی ناوەندیی ئاودێری (irrigation) بۆ بونیادی کۆمەڵایەتیی چین. ئیلهام و پاڵنەری تیۆریکی توێژینەوەی ویتفۆگێل لە ئابووریی ئاودێری (hydraulic economy)، لە کتێبەکەی ئابووری و کۆمەڵگای چیندا، سەرچاوەکەی دەگەڕایەوە سەر کەڵکوەرگرتن لە چەمکی "بروکراسیی پاتریمونیال" (patrimonial bureaucracy) لای وێبێر. بە ڕای ویتفۆگێل، چەمکی شبئ دوو پرسی بنچینەیی دەهێنێتە ئاراوە. یەکەم، ئەم چەمکە ئاماژەیە بە کۆی پرسی پێوەندیی نێوان مرۆڤ و سرووشت، توێژینەوەکەی لە بابەت "جوگرافیای کولتووری"ی ئەو شێوەبەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە بەپێی خاوەندارێتیی گشتی کاروباری ئاودێرین، پرۆسە بنچینەییەکانی کاری بەرهەمهێنەرانە دەکاتە ئامانجی خۆی کە گرووپە مرۆییەکان لەگەڵ سرووشتدا گرێ دەدات. دووهەم، ئەم پرسە دەهێنێتە ئاراوە کە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە کۆمەڵگایەکمان هەبێت کە تێیدا چینی سەردەست و باڵادەست کەرەسەکانی بەرهەمهێنانی بەدەستەوە نەبێت، بەڵکوو وەک چینێک بروکرات کۆنتڕۆڵی ئاپاراتووسی دەوڵەت و ئابووریی کردبێت. ویتفۆگێل پاشتر  لە 1957دا کتێبی دیسپۆتیزمی ڕۆژهەڵاتیی وەک "توێژینەوەیەکی بەراوەردکارانە دەربارەی دەسەڵاتی ڕەها" بڵاو کردەوە، خاڵی پۆلێمیکی ئەم توێژینەوەیە ئەمە بوو کە ڕێبەریی کۆمۆنیستی پاش 1931 چەمکی شبئ ڕەت کردۆتەوە، چونکە ئایدیای ئەو چینە سەردەستەی کە ئامرازی کۆنتڕۆڵی کاروباری بەبێ خاوەندارێتیی سامانی تایبەتیی بەدەستە، دەلالەتە لە بەردەوامەتیی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕووسیای تێزارییەوە بۆ ڕووسیای ستالینیستی. لەوێوە کە دەستەی پلەدار(officialdom)ی حیزبی لە جێگای بروکراسیی نەریتیدا دانیشتووە، دیسپۆتیزمی ئاسیایی پارێزراوە.

ڕەوتی ناستالینی‌کردنەوە (de-Stalinization) خزمەتی بە بووژانەوەی هۆگری بۆ باسی شبئ لە دەیەی 1960دا کرد. بووبە هێزی بزوێنەری مارکسیزمی "بونیادگەرا"ی ئاڵتووسێر، شیکاریی شیوازەکانی بەرهەمهێنان وەک بەشێک لە خەغدکردنەوەی دووبارە لەسەر پێگەی زانستی ماتریالیزمی مێژوویی. ڕێسامەندییە وردەکانی یاساکانی کەڵەکەکردن لە شێوازە٤ بەرهەمهێنانە جیاوازەکان، جێگرەوەی مارکسیستیی ورد و هاوبەستی دژی تۆرەکانی مۆدێرن‌کردنەوە و پەرەسەندنی لە زانستە کۆمەڵایەتیە نەریتییەکانی مژدە دەدا. هۆگری بۆ شبئ لایەنێکی ئارستەیەکی گشتیتری لە مارکسیزم بۆ وەدیهێنانی چەمک‌گەلی وابەستەیی بوو بە مەبەستی درکی لێکەوتەکانی تەشەنەسەندنی سەرمایەداریی بۆ ناو ئابوورییە کەنارییەکان (peripheral economies). شبئ پتر وەک جێگرەوەیەک لە هەمبەر تیۆرەکانی قۆناغەکانی پەرەسەندنی تاک هێڵ کەڵکدار بووە. زێدەباری ئەمە، وەک جێگرەوەیەک بۆ کۆیلەداری و فیۆدالیزم، ئەم ئایدیای کە کۆمەڵگای ئاسیایی خاوەن تایبەتمەندیگەلێکی تایبەتە،  خەسلەتی تایبەتی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە فەرمی دەناسێت. بە پێچەوانەی ئەم ئیمتیازە بانگەشە بۆ کراوانە، چەمکەکانی کۆمەڵگای ئاسیایی و شبئ بەردەوام لێڵ دەمێننەوە. بەکار‌ینانی شیوازی بەرهەمهێنانی فیۆداڵی لەمەڕ ئاسیا و ئەفریقا زۆرجاران لەبەر ئەم هۆکارە ڕەخەی لێ‌گیراوە کە ئەم چەمکە لەوە لێڵترە بشێت ئاڵۆزییە ئەزموونیەکان و فرەچەشنیی کۆمەڵگاکانی ناو ئەم ناوچانەی تێکەڵ بکرێت. لە کرداردا، چەمکی "کۆمەڵگای ئاسیایی"ش هەر بەم شێوەیە لێڵ و بێ‌متمانە دەرچووە. بۆ وێنە، لە ویتفۆگێلدا کۆمەڵەیەکی جۆراوجۆری کۆمەڵگاکان کە لە ڕووی پەرەسەندن و ڕێکخراوەوە گەلێک فرەچەشنن_ ڕووسیای تێزاری، چینی خولی  سۆنگ، میسری خولی مەملوکەکان، سپانیای خولی ئیسلامی، ئێران، هاوایی_ دەکەونە ژێر ناوی یەکەی "کۆمەڵگا ئاوییەکان" (hydraulic society)ەوە. هاوشێوەی ئەمە، مارکس زاراوەی "کۆمەڵگای ئاسیایی" بەکار دەهێنێت تاکوو نەک چین و هێند، بەڵکوو سپانیا، ڕۆژهەڵاتی ناڤین، جاڤا و ئەمریکای پێش کلۆمب وەسف و وێنا بکات. چەمکی شبئ بەکار هێنراوە تاکوو لە گۆترە تا ڕادەیەک هەموو ئەو کۆمەڵگایانە وەسف و وێنا بکەن کە بەپێی خاوەندارێتیی کۆیی و لادێ‌گەلێک خۆسەرن کە تێیدا پێوەندییەکانی بازاڕی سەرمایەداری بوونی نییە. ئەگەرچی ڕەخنەگەلێکی ئەزموونیی زۆر لە بەکارهێنانی چەمکی شبئ سەبارەت بە کۆمەڵگا تایبەتەکان گیراوە، شبئ نوقمە لە کۆمەڵێک گرفتی تیۆریکیشدا. بۆ نموونە، ئەستەمە بتوانین تێبگەین کە لادێ خۆسەرەکان چۆن دەتوانن لەگەڵ دەوڵەتێکی بە ناوەندی‌کراو و چڕەوەبوودا پێکبێن کە دەبێت دەسوەربداتە ئابووریی لادێوە. زێدەباری ئەمە، لێرەدا وا دەردەکەوێت هۆکاری تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای ئاسیایی تەنیا کۆمەڵێک فاکتەری تەکنیکاڵ بێت کە ڕووبەڕووی ئاودێریی بەرینە تا پێوەندییە بەرهەمهێنەرەکان، تیۆری کۆمەڵگای ئاسیایی هەندێک پێش گریمانە لە بابەت حەتمەت‌گەرایی یان دێتێرمینیزمی تەکنیکاڵ پێویست دەکاتەوە کە لەگەڵ ماتریالیزمی مێژووییدا نایەتەوە کە بنەمای ئەو پێوەندییە بەرهەمهێنەرانەیە کە هێزە بەرهەمهێنەرەکان دیاری دەکات. لە کۆتاییدا، ڕوونکردنەوەی سەرچاوەی دەوڵەت لە کۆمەلگای ئاسیاییدا کێشەگەلێک زۆر دەهێنێتە ئاراوە. لە نەبوونی خەباتی چینایەتییدا، دەوڵەت یان دەبێت وەک لێکەوتەی زەبروزەنگ و باڵادەستی ڕوون بکرێتەوە یان بەپێی کارکردەکانی لە پێوەندیدا بە کارە گشتییەکانەوە.

لە ڕاستیدا، پرسی "کۆمەڵگای ئاسیایی" گەلێک لەوە قووڵترە لەوەی ئەم بابەتە تەکنیکاڵانە دەرەقەتی دێن و قەوەیان پێی دەشکێت. شبئ لە مارکسیزمدا خاوەن مانایەکی نەرێنی و مەنفییە، چونکە ئەرکە تیۆریکەکەی نەک شیکاریی کۆمەڵگای ئاسیایی بەڵکوو ڕوونکردنەوەی پەیدابوونی سەرمایەداری لە ئەورووپا بووە لە چوارچێوەیەکی بەراوەرد کارانەدا. لەم ڕووەوە، کۆمەڵگای ئاسیایی وەک زنجیرەیەکی بۆشایی پێناسە کرا_ کەوتنی چینی مامناوەند، بزرێتیی شار، نەبوونی خاوەندارێتیی تایبەتی، کەوتنی دامەزراوەە بوورژواییەکان_ کە لێرەوە هۆکاریی بزۆزیی ئەورووپای ڕوون دەکردەوە. لێرەوە، ئامادەیی "کۆمەڵگای ئاسیایی" لە مارکسیزمدا سیمایەکی گوماناویی ڕۆژهەڵات‌ناسانەیە کە دەتوانین جێ پەنجەکەی بگەڕێنینەوە بۆ هێگل، مۆنتسکیۆ و هۆبز تا فەلسەفەی سیاسیی گریک. مارکسیزم، زۆرجار نەزانکارانە، زمانی گوتارە نەریتییەکانی لەمەڕ ئەو حاکمیەتە هەڵاوێردیانەی کە لە باسگەلی پێوەندیدار بە ڕەهاخوازیی ئەورووپی (European absolutism)دا هاتبوونە ئاراوە بە میرات وەرگرتووە. بەم پێیە، دەبێت "کۆمەڵگای ئاسیایی" بە توخمێکی میحوەری دابنێین لە نەریتێکی ڕۆژهەڵات‌ناسانەدا کە لە فەلسەفەی ڕۆژاوادا خاوەن نادەقبەستوویەکی بەرچاو، بەڵام زیاناوی بووە.

 

سەرچاوە:

T. B. Bottomore (ed.)-A Dictionary of Marxist Thought-Blackwell (2001(

گەڕان بۆ بابەت