سەعیدە سائێب

دەمەوێت لەسەر بەرهەمی دوو فیگووری هونەری لە کوردستاندا بدوێم کە بەری ئەم خولە مێژووییەن و منداڵی سەردەم و ڕۆحی دەورانی خۆیانن. ئەم دوو هونەرمەندە کێشەکانی سەردەم لایان بایەخ‌دارە و لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک کێشە بەرجەستە دەکەنەوە کە زمانی بەرهەمەکانیان دەلالەتی لێ‌دەکەن و لە بەرهەمەکانیشیاندا وەک مەترسیەکی گەورەش لە داهاتوودا دەیبینن و دەینوێننەوە.

 

"ئاو" و "نەوت" لە هونەری ڕادیکاڵی کوردستاندا

دەربارەی "تراژێدیای خاک" و "کاتەلیست"

سەعیدە سائێب

 

بەو ڕادەی کۆمەڵگا پشت بە پارە دەبەستێ، لە بەرژەوەندیی ئێمە کەم دەبێتەوە (1).

(مانیفێستی مان‌گرتنی پاریس، دێسەمبەری 1955)

 

پێوەندیی نێوان هونەر و کۆمەڵگا پێوەندییەکی قووڵ و حاشاهەڵنەگرە چونکوو هونەر بۆ خۆی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگا و تایبەتمەندییەکانیەتی. خوێندنەوەی خولە مێژووییەکان ڕوون‌کەرەوەی ئەم بابەتەیە کە هەر سەردەم و خولێک هۆنەری تایبەت بە خۆی هەبووە و هەر سەردەمێکیش هونەری تایبەت بە خۆی خولقاندووە. جگە ئەمانە، لە هەر وڵاتێک ئایین، سیاسەت و ئابووری و هتد بە شێوەی جیاواز و لە ڕێگەگەلی جۆراوجۆرەوە کاریگەریان لەسەر هونەر و هونەرمەندان و بەرهەمە هونەرییەکان داناوە. بۆ نموونە، لە یوونانی کەونینەدا، هونەر، بە تایبەت تراژێدیا، دەکەوێتە خزمەت سیاسەتەوە. لە ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هونەر دەکەوێتە خزمەت ئایینەوە، پاش لە سەردەمی ڕێنسانسدا بە هاتنە ئارای شێوازی ڕۆمانتیزم پێوەندییەکانی نێوان هونەرمەند و کۆمەڵگا تووشی گۆڕان دەبێت و لێک دادەبڕێن و هۆکاری ئەمەش ئەوەیە هونەرمەند چیدی نایەوێت خزمەت‌کاری چین یان دەسەڵاتێکی تایبەت بێت بۆ ئەم مەبەستەش دژی دەوەستێتەوە و "نا" دەڵێت بە دۆخی هەبوو و هونەرێکی سەربەخۆ و پێشڕەو بەرهەم دەهێنێت. بەڵام، کۆمەڵگای بوورژوازی دژایەتیانی دەکرد و لە ڕێگەگەلی جۆراوجۆرەوە پەراوێزی دەخستن و هیچ کام لەم لەمپەرانەیش نەبوونە ڕێگر لە بەرانبەر هونەرمەندی دەربەست و پێشڕەودا و لە هەر دەورەیەکی مێژوویدا هونەرمەندان بە باش‌ترین شێوە بەرانبەر دۆخی هەبوو وەستاونەتەوە و هونەری سەردەمی خۆیان خولقاندووە. ئەمە، بۆ خۆی دەتوانێت نموونەیەکی باش بێت بۆ ئەم سەردەمەش، کە ئێمە ڕۆژانە لە نێو کۆمەڵگادا لەگەڵ دیاردەی بەکاڵایی‌بوون و بەخۆنامۆیی سەرتاسەری و بەریندا ڕووبەڕووین و، لە جیهان و بە تایبەت لەم وڵاتانەی ئێمەدا ئەم کێشانە بە سەدقات زیاترە لەبەر ئەوەی ڕەوتی مودێرنیتی  و مۆدێرن‌بوونەی کۆمەڵگا ڕەوتی سرووشتیی خۆی نەڕۆیشتووە و هەموو شتێک پچڕ پچڕ و ناکامڵ هاتووەتە نێو کولتووری کۆمەڵگای ئێمەوە. وەکی‌تر، لەم نێوانەدا ئەو کەسەی ڕۆڵی مێژوویی خۆی فەرامۆش نەکردووە و بەردەوام خەریکی کار و چالاکییە و بە دژی دۆخی هەبوو هەڵوێستی هەبووە هونەرمەندانن. لە زۆربەی کاتەکاندا و بەتایبەت لەم ناوچانەی ئێمەدا بایەخی ئەوتۆ نادراوەتە هونەرمەندان، پێیان‌وابووە هونەرمەند تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆی کار دەکات و ئەو بەرهەمانەش کە دەیخولقێنێت تەنیا هەڵقوڵاوی ناخی خۆیەتی و هیچ پێوەندییەکی بە کۆمەڵگاوە نییە. بە پێچەوانەوە، هونەرمەند وەکوو خەڵکانی ئاسایی منداڵی کۆمەڵگای خۆیەتی و وەک هەموو کەسێک لەگەڵ گیروگرفتەکانیدا ڕووبەڕووە و کاریگەریی هەبووە لەسەر ژیانی بەڵام، ئەوەی هونەرمەند جیا دەکاتەوە لە خەڵکی ئاسایی ڕوانگە و بیروبۆچوون و هەستی ئافراندن و بەرهەمی هونەریی هونەرمەندە. هونەرمەند لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەکەییەوە ئەو کێشانە بەرجەستە دەکاتەوە کە ڕۆژانە تاک بە تاکی کۆمەڵگا لەگەڵیدا دەژین؛ ئامانجی هونەرمەند وێناکردن و خولقاندنی جیهانێکە یەکسانی تێیدا مسۆگەر بێت و مرۆڤایەتی و ڕێزەکەی لە نێوە کۆمەڵگادا باڵادەست بێت. بۆ ئەم مەبەستە و گەیاندنی بە شوێنی مەبەست، خۆی دەکاتە قەڵغان و بەرهەمەکەشی دەبێتە شمشێر و خەنجەرە لە مێژینە و کۆنەکەی.

بەپێی ئەو پێشەکییەی سەرەوە، لە درێژەدا دەمەوێت لەسەر بەرهەمی دوو فیگووری هونەری لە کوردستاندا بدوێم کە بەری ئەم خولە مێژووییەن و منداڵی سەردەم و ڕۆحی دەورانی خۆیانن. ئەم دوو هونەرمەندە کێشەکانی سەردەم لایان بایەخ‌دارە و لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک کێشە بەرجەستە دەکەنەوە کە زمانی بەرهەمەکانیان دەلالەتی لێ‌دەکەن و لە بەرهەمەکانیشیاندا وەک مەترسیەکی گەورەش لە داهاتوودا دەیبینن و دەینوێننەوە. ئەم دوو پێشانگایە لە دوو شوێنی جیاواز لە لایەن دوو هونەرمەندی کوردەوە بەڕێوەچووە: ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان. ئەوەی ئەم دوو پێشانگایە لێک نزیک دەکاتەوە کەڵکەڵە و بابەتی پێشانگاکانیانە: ئاو و نەوت. لە ڕاستیدا، چارەنووس و یەک‌لایی‌بوونەوەی ئەم دوو بابەتە لە ئێستای جیهان و لە داهاتووی کوردستاندا دەتوانن مەترسیی گەورە بن بە گشتی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگای کوردستان. کەواتە، کاتێک هونەرمەند بەرهەمێک دەخولقێنێت و دەیخاتە بەر چاوی بینەرانییەوە چیدی مڵکی هونەرمەند نییە و دەبێتە سامانی خەڵک و کۆمەڵگا و ئەو کاتەی ئاوێتەی ڕاوبۆچوونی بینەران دەبێت، ئەوە بە ڕادەی بینەرانی، کەسایەتیی جیاواز وەردەگرێت و لەسەر دەستی بینەران و بەردەنگەکانی بە شێوەیەکی دیکە دەخولقێ و بەرهەم دێتەوە. نووسینی من لەسەر ئەم بەرهەمە هونەریانە، ڕاوبۆچوون و بەرداشتی خۆمە لەم بەرهەمانە و لەوانەیە جیاواز بێت لە ئامانجی بەرهەم‌هێنەرەکانیان. بە کورتی، مەبەستی نووسەر ئەوەیە لە ڕێگەی ئەم دوو پێشانگاوە قووڵ‌تر بچێتە نێو لێ‌کۆڵینەوە و خوێندنەوەی ئەم دوو بابەتە گرینگ و ستراتێژیکەوە. 

سەرەتا، بە پێشانگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەست پێ‌دەکەم. "ئاو" بابەتی ئەم پێشانگایە و لە هاوینی 2015دا لە لایەن هونەرمەند ناسر فەیزوڵابەگی، لە شاری سەقز بەڕێوە چوو. ئەم پێشانگایە لە ژێر ناوی "تراژدیای خاک" بە شێوەی ڤیدیۆ ئارت بڵاو بۆتەوە (2). ئامانجی سەرەکیی بەڕێز فەیزۆڵابەگی لە بەڕێوەبردنی ئەم پێشانگایە، ئاو و قەیرانی کەم‌ئاوییە، بەڵام ئەوەی لە بەرهەمەکاندا بەدی دەکرێت، جگە قەیرانی بێ‌ئاوی، ڕەنگ‌دانەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانن کە لە بەرهەمەکاندا بەرجەستەن. هونەرمەند لە ڕێگەی ئەم بابەتەوە بە ناخی کێشەکانی دیکەدا ڕۆدەچێت و کەڵک لە هێما و سیمبۆلەکان وەردەگرێت. بۆ نموونە، "ماسی" ڕۆڵی سەرەکی و گرینگ لەم بەرهەمانەدا دەگێڕێت، ماسی لەنێو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی جیهاندا واتای جیاوازی هەبووە و بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکار هاتووە. تێکستە ئەدەبییەکان، ئاینییەکان، شێوەکاری و بەرهەمە مێژوییەکان دەرخەر و سەلمێنەری ئەم بابەتەن. بەڵام، بەگشتی، ماسی، هێمای زاوزێ، خەلاقیەت، مێینەیی، خۆشبەختی، بەختەوەری، شادمانی و زانستە. هێمای بەرچاوی دیکە ئاوە و هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە هێمای ڕۆشنایی، پاکی و ژیانە و بە ڕەنگی شین لەم بەرهەمانەدا نوێنراوەتەوە. هونەرمەند بە کەڵک‌وەرگرتن لەم هێمایانە و هەندێک هێمای دیکە بە شێوەیەکی جیاواز، کە زمانی تایبەتی خۆیەتی، پرسە گرینگەکان لە توێ تاریک و شاراوەکان دێنێتە دەرەوە و سەرنجی بینەر ڕادەکێشت بۆ بینینی ئەم کێشانە. شوێنی بەڕێوەبردنی ئەم پیشانگایە ڕووبارێکی ووشکەڵاتووە کە کەوتۆتە سەنتەری شاری سەقزەوە، ئەم شوێنە بە هۆی کەم‌ئاوییەوە ووشک بووە و بەتاڵ‌بۆتەوە لە گیان‌لەبەرە ئاوییەکان. زەوییەکەی شەقی بردووە و قەڵەشی گەورە و بچووکی تێ‌کەوتووە و تاک‌وتەرا لەملاولەولایەوە هەندێک گیای سەوز لە قەراغ و کەنارەکانییەوە ڕواوە. هونەرمەند بە یارمەتیی ڕەنگ، هێڵ، گڵی پەیکەرسازی و هەندێ کەرەستەی دیکە و  ئاوێتەکردنیان لەگەڵ هێما و سیمبۆلەکان، ئامانجی خۆی دەپێکێ و بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە قوتابییەکانی بەرهەمەکانی دەخولقێنێت. سەرەتا، بە گشتی لەگەڵ شوێنێکی ووشک و برین ڕووبەڕووین کە ژیان تێیدا بەرەو ئاوابوون دەڕوات و هێماکانی ژیان کەوتوونەتە پەراوێزەوە و هەروەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە باڵاخانەکان ڕۆژ لە داوی ڕۆژ لە باڵاکردن و گەشەسەندندان و بەردەوام پاشەکشێ بە سرووشت دەکەن بە شێوەیەک کە باڵاخانەکان بەرچاوترن لە درەختەکان و پاڵەوانانی شار چیمەنتۆ، بلۆک، گەچ و ئاسن و... ئەوانن سەروەر و سالاری شار. لە ڕواڵەتدا لەوانەیە ئەمە وەک بابەتێکی ڕۆژانە و ئاسایی دەرکەوێت یان لە ڕوانگەیێکی دیکەوە ئەم باڵاخانە بەرزانە دەتوانن هێمای پێشکەوتن و مۆدێرن‌بوونەوە و پێشکەوتن بن، بەڵام ئەمە مەترسییەکی گەورییە کە سیمایی داهاتووی ژیانی تێدا وێنا دەکرێت. قۆناغی یەکەمی پێشانگاکە بە وێنەیەکەوە دەست‌ پێ‌دەکات کە وردە بەرد و خۆڵ و خاشاک دایپۆشیوە و بە لادنی خۆڵەکە و  پاک‌کردنەوەی لە خاک و پاشان بە ڕژاندنی ئاو بە سەر وێنەکەدا سیمای ژیان وەبەر زەویەکە دێتەوە و زەوی تینی ژیانی تێ‌دەکەوێ؛ وێنەیەک کە پڕە لە هێماکانی ژیان (ماسیی سوور و پرتەقاڵی، ئاوی شین و زۆڵال)ـه کۆمەڵێک ماسی کە لەناو ئاوێکی شین و زۆڵاڵدا بە شێوەی کۆلێکتیڤ و دەستەجەمعی دەژین و ئەمە سیمایی پێشووی ئەم ڕوبارەیە کە ئێستە وا نەماوە و هیوا تێیدا کۆچی کردووە و ئەوەی ماوەتەوە زەوێکی ووشک و قاقڕە. لە بەشێکی دیکەی پێشانگاکەدا، کۆمەڵێک ماسیی دەس‌کردی گەورە و بچووک لەسەر زەویی دانراون کە ڕەنگەکەیان لە ڕەنگی خۆڵە و هەموویان بە ئاراستەیەکدا دەچن، وەک ئەوەی بۆ شوێنێکی نادیار سەفەر یان کۆچ دەکەن. لێردا، هونەرمەند بە ڕژاندنی ڕنگی شین بەسەریاندا ئەو پەیامە بەرجەستە دەکاتەوە کە تێ‌دەکۆشێت ڕێگر بێت لەم کۆچە و بە ماننەوەیان ژیان وەبەر ژیان بهێننەوە. بەشەکانی‌تری پێشانگاکە پێک‌هاتووە لە هەندێ ماسیی دەس‌کرد کە پێشتر بە قوڕ ئامادە کراون و لەناو زەوییدا جێگیر کراون، لە بەشی کلکەوە گرێدراون بە زەوییەوە و سەریان بۆ دەرەوەیە و بەرەو ئاسمان سەریان هەڵبڕیوە چما نزا دەکەن و لە ئاسمانان دەپاڕێنەوە کە باران و تەڕاییان یان بۆ بگەڕێنێتەوە. ئەم ماسیانە لە لایەن دوو سێ قوتابییەوە ڕەنگ دەکرێن و دەورووبەرەکەیشیان بە ڕەنگی شین دەنەخشێندرێن. هونەرمەند لە بەشێکی دیکەیدا کۆمەڵێک هێلکەی لە نێو هەندێ گەڵای سەوزدا پێچاوەتەوە و شێوەی ماسیی لەسەر کێشاونەتەوە، ئەم هێلکانە بێ‌گومان هێمای نەوەکانی داهاتوون کە هێشتا لە دایک نەبوون. هونەرمەند لەم بەشەدا ئەم پرسیارە بەرجەستە دەکاتەوە کە بەم پلان و بەرنامەی سیستمی پێوە بەڕێ‌دەچێت ئایا داهاتوویەکی گەش چاوەڕێی نەوەی نوێ دەکات یان بە پێچەوانە، داهاتوویەکی ڕەش چاوەڕوانیانە؟ لە بەشێکی دیکەی ئەم پێشانگایەدا هونەرمەند گۆمێک دەکاتە ئامانج کە نە ئاوی لێ‌هەڵدەقوڵێ و نە ئاویشی تێ‌دەڕوات و ئەم قەتیس‌بوونە بۆتە هۆی بۆگەند‌بوونی ئەم چاڵە ئاوە و دەوروپشتی قەوزەی هەڵێناو. ئەمە دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئەو فیکر و هزرە چەق‌بەستوانەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تازەبوونەی خۆیان و دەوروپشتیان نادەن، یان سیستم و کۆمەڵگایەک کە تا دێت کێشە و گرفتەکانی تەشەنە دەکەن و هەرجارە و لە شوێنێکەوە بۆگەنەکەی پەک بە هەناسەی ژیان و زیندووێتی دەخەن.

هونەرمەند وەک هەمیشە ڕۆڵی مێژوویی خۆیی دەگێڕێت و دەبێتە ڕابەری ئەو هەژاندن و شڵەقاندنە لە ڕێگەی ڕەنگەوە. بۆ شێوەکار ڕەنگ چەکی دەستیەتی (ڕەنگی شین کە هێمای ئاو و ئاوەدانی و شۆردنەوەی پیسی)ـه ئەو نەزمە دەشێوێنێت، ئاوی تازەی ڕۆدەکاتە ئەو گۆمەوە تا لەو وەستاوی و قەتیس‌مانەوە ڕزگاری بێت. هونەرمەند لە بەشێکی دیکەدا کاری هاوبەش و هاوکاری دەکاتە ئامانج. لەم بەشەدا قوتابیان بە شێوەی دووکەسی لەسەر تابلۆیەک کار دەکەن کە پێکهاتەکەی پلاستیکێکی ڕوونە و یەکێکیان لەم دیوی تابلۆکەوە کار دەکات ئەوی دیکەشان لەوبەری تابلۆکەوە، بەڵام پێکەوە یەک تابلۆ تەواو دەکەن و بابەتی کارەکەشیان سرووشتە و ئاماژەیە بە ژیانی پێشووی ئەم ڕووبارە و بەهەمان نەفەسی هاودڵی و هاوپشتی، کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەی ژیانی ڕاستەقینە، واتە گەڕاندنەوەی سرووشت بۆ شرووشت، ببەن. لە پلانێکی دیکەدا، هونەرمەند ئێسک و پرووسکی ماسییە مردووەکان بەرجەستە دەکاتەوە و هەناسەی مەسیحاییان پێ‌دەبەخشێتەوە و سەرلەنوێ دەیانخولقێنێتەوە و پاشان لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا دەبینین ئەو تاقە ماسییەی کە ماوەتەوە و گیانەڵان و لەسەرە مەرگدان لە لایەن هونەرمەندەوە ڕزگار دەکرێن و دەگەڕێننتەوە بۆ ژیان و ژیانیان پێ‌دەبەخشرێتەوە.

گەر بمانەوێت زیاتر لەسەر ئەم پێشانگایە بدوێین دەبێت زەمینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بەرهەم‌هاتنی ئەم بەرهەمانە ڕەچاو بکەین. هەر وەک پێشتر گوترا، ئەم هونەرمەندە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی. وڵاتی ئێران، بە گشتی، لەم ساڵانەی دواییدا تووشی کۆمەڵک قەیران هاتووە کە جگە قەیرانی ئابووری و سیاسی تووشی قەیرانی کەم‌ئاویش بۆتەوە و مەترسیی زۆری لەسەر ئەم وڵاتە درووست کردووە. قەیرانەکان هەرچەند لە ئێران باڵا بکات بە سەدقات لە کوردستانیش زیاتر تەشەنە دەستێنێت. کوردستان بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و سیاسی، یەکەیەکی دابڕاوە و دوورگەیەکە لەو ناوە و لە بەردەم دەیان و سەدان کێشەی گەورەی ژینگەیی، سیاسیی و مێژوویی چارەسە نەکراودایە و هەموو توانستەکەیشی بۆ بەرگری‌کردن لە خۆی وەک کیانێکی یەکە، وریاکردنەوە و ووشیاربوونەوەی خۆیەتی لە کێشەکانی خۆی. لەم ساڵانەدا قەیرانی وشکەساڵی و کەم‌ئاوی لە ئێران زیادی کردووە و دەرکەوتەکانی لەسەر ژیانی مرۆڤ و سرووشتی ئەو ناوچەییە ڕەنگ‌دانەوەی بەرچاوی هەبووە بە شێوەیەک کە لە هەندێ شوێندا زەوی تەپیوە و ئاوی دەریاکان تا ڕادەیەکی زۆر کەمیان کردووە یان تەنانەت بەرەو مەترسیی وشک‌بوون دەڕۆن و بەردەوام لە میدیا و ماڵپەڕ و تێلێڤیزیۆنەکاندا ئاگاداری دەدرێت کە قەیرانی کەم‌ئاوی مەترسیەکی جدییە. بێ‌گومان، ئەم قەیرانە تایبەت بە ئێران نییە بەڵکوو مەترسییەکیشە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەفریقاش. تەنانەت کارناسان دەڵێن کە تا 2030 وەشکەساڵی دبێتە مەترسیەکی جدی بۆ سەر ژیانی مرۆیی. ئەمە، ڕواڵەتی بابەتەکەیە کە خەڵکی ئاسایی لەگەڵیدا ڕووبەڕوون، بەڵام ڕووی دیکەی بابەتەکە ئەوەیە ئەم قەیرانە لە کوێ و کەی دەستی پێ‌کردووە و هۆکارەکانی چین؟ هەروەک لە زۆربەری وتووێژەکان و ئەو نووسینانەی لەسەر قەیرانی کەم‌ئاویدا هاتووە، ئەمە کێشەیەک نییە کە لەم چەند ساڵەدا سەری هەڵدابێت و دیاردەیەکی نوێ بێت بەڵکوو لە ڕابردوودا هەندێ لەو جەنگانەی لە مێژوودا کراون، لەسەر ئاو بووە. عادڵ دەروێش، ڕۆژنامەنووسی عەرەب پێیوایە جەنگی شەش ڕۆژەی عەرەبەکان لەگەڵ ئێسرائیل، لە بنەڕەتدا، لەسەر ئاو بووە و هەروەها جەنگی عێراق و سووریا لەسەر ئاوی فۆرات بووە و زۆر نموونەی لەم شێوەیە (3). لەم ساڵانەی دوایشدا، لە شەڕی داعشدا ئاو ڕۆڵی سیاسیی هەبووە و زۆربەی هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر شوێن و چاوگەکانی ئاو بووە و دوای داگیرکردنی بە تووندی پاسەوانیان لێ‌کردووە.

سەبارەت بە دەوری سیاسیی ئاو لە هاوسەنگیی هێزی نێوان دەسەڵات‌داران و زل‌هێزەکاندا باس و بابەت زۆرە بەڵام ئێمە لەم بابەتەدا تەنیا بە کورتی دەتوانین چەند ئاماژەی کورت بە گوشاری هێزی سیاسیی ئاو بکەین لە ڕێ‌خستنی ژیان و کاری سیاسیدا. هەنووکە دەکرێت لە ڕێگەی هێزی ئاوەوە دەنگی دەنگ‌دەران بکڕدرێ، ببێتە بنەمای چەشنێکی بەرین لە سیاسەتی ڕانتی و ڕێ‌خستنی کەشی سیاسی لە ڕێگەی ئەم پێدانی ڕانتانەوە، شانۆی گەشەسەندنی پێ‌ڕێک‌بخرێ یاخود جەنگی لەسەر بکرێ یان ببێتە هۆی جەنگ.

لە ئێراندا، قەیرانی بێ‌ئاوی یان کەم‌ئاویی لە دەیەی 40ی هەتاوییەوە بە سانایی دەستی پێ‌کردووە و بەو پێیەش، کە پلان و بەرانەمەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی بۆ تەرخان نەکراوە و کاربەدەستان لە ئاستی ئەم مەترسییە کەم تەرخەم بوون، ئەم قەیرانە تا هاتووە تەشەنەی سەندووە و بەرهەمەکەیشی ئەو قەیرانە ژینگەییە ترسناکەیە کە لە ئێستادا لەگەڵیدا ڕووبەڕووین. لە زۆربەی ڕاپۆڕتەکاندا بەشی کشت‌وکاڵ و بەرخۆریی هاوڵاتیان کراوەتە ئامانج و بەردەوام هێرشیان کراوەتە سەر. هیچ کات ئاماژە بەو پلان و پڕۆژە پیشەسازییانە ناکرێت کە ئاوی زۆریان پێویستە و جگە ئاو سرووشتیش لەناو دەبەن. بڕینی لە ڕادەبەدەری دارەکان بۆ بەرهەمە جۆراجۆرەکان یان بڕینان بە مەبەستی بەکارهێنانی زەوی بۆ کشت‌وکاڵ، بۆتە هۆکاری دابەزینی ڕێژەی باران یان هاتنی لافاو. ڕادەست‌کردنەوەی هەندێ لەم شوێنانە و دابەش‌بوونیان لە نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەتدا، خێرایی بەخشیوەتە ئەم زیانانە. کاتێک ئەو بەشە دیاری‌کراوانەی لە دەستی دەوڵەتدایە و مڵکی هەموو خەڵکە دەبێتە مەڵکی تاکێک یان کەرتی تایبەت، ئەوە بەرژەوەندیی خەڵکی تێدا نامێنێت و بۆ مەبەست و قازانجی تاک و کەرتی تایبەت بە کار دەهێندرێت. بۆیە، ئەگەر بەشەکانی دیکەی سرووشتیش پێی لەناو بچن گرینگیەکی ئەوتۆی نابێت بەڵکوو گرینگ ئەوەیە کاری ئەو بەشە یان کەرتە تایبەتە ڕایی ببێت. لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم جۆرە مامەڵە و دابەش‌کردنانە کاردانەوەی نێگاتیڤ و نەرێنیی هەرە خراپی لێ‌کەوتۆتەوە لەوانە کەم‌بوونەوەی لە ڕادەبەدەری ئاوە ژێرزەوییەکان و وشک‌بوون یان دابەزینی ئاوی ڕووبار و زەریا بەناوبانگەکانی ئێران؛ فرۆشتنی ئاو بە وڵاتانی دەرەوە یەکێک لەو هۆکارانە بووە بەڵام دەوڵەت بە فەرمی دانی پێدا نەنراوە. بەشێکی پێوەندیی بە کشت‌وکاڵ و بەشێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ بەشی صنعتی و پیشەسازی، بەڵام جیا لەوانە چەنێک هۆشداری دەدرێت بۆ دەست‌پێوەگرتن بە ئاوەوە یان بە زیادکردنی نرخی ئاو، دەیانەوێت ئەم کێشە چارەسەر بێت، بەو ڕادەیە گرینگیی نادرێتە بەشی ڕاهێنان بۆ چۆنێتیی کەڵک‌وەرگرتن لە سەرجەم سامانە سرووشتییەکان.

لێرەدا، ڕەنگە پێویست بێت کە بە کورتی ئاماژە بە لۆژیکی گشتیی و ناوەکیی سەرمایە خۆی بدەین کە چۆن کار دەکات و ڕەفتاری لەگەڵ ژینگە و گۆی زەویدا چۆنە. گرۆیەتیی سەرمایە بۆ دەستەبەرکردنی قازانجی زیاتر لەم سەردەمەدا بۆتە هۆکاری گەرم‌بوونی زەوی و گوشاری زیاتر بۆسەر چینی ئۆزۆن و لە کۆتاییدا لەبەریەک‌ هەڵوەشاندنەوەی ژیان و دانیشتوانی زەوی. بەڵام جگە ئەمە، نابەرابەری، نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لەناوبردنی خاک، لەناوچوونی سەرچاوەکانی ئاوی شیرین و کۆتایی‌هاتنی سەرچاوە نەوتییەکان، پاکیان بەرهەمی تەماحی لە ڕادەبەدری سەرمایەدارییە کە بۆ قازانجی زیاتر ئامادەیە هەموو شتێک لەناو ببات تەنانەت ئەو شوێنەی کە تێیدا دەژی (4). کوردستان بەپێی هەڵکەوتەی جۆگرافیایی و کۆبوونەوەی ئاو تێیدا، کەم‌تر تووشی ئەم قەیرانەیە و هەر لەبەر ئەوەش پتر جێگەی تەماحە. لە ڕاستیدا، کوردستان وەک یەکەیەکی "ئاودار" کێشەکەی تەنیا دابەش‌کردن و ئاراستەکردنی ئاوەکەی بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران نییە بەڵکوو چەوساندنەوە و تەباەکردنی سرووشتەکەیەتی بە گشتی. هەر وەک لە سەرەوە بەوردی لە هەموو لایەنێکەوە پێشانگای "ئاو" تاوتوێ کرا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم لە سەرجەم بەرهەمەکانی هونەرمەند ناسر فەیزۆڵابەگیدا پرسیارێکی شاراوە بوونی هەبوو: کامەیە ئەو دەستە شارەوەی ئەم دۆخەی لێ‌کەوتۆتەوە؟ کە لە بەشی لێکدانەوەی کانتێکستی بەرهەم‌هاتنی ئەم بەرهەمانەدا وڵامەکەی دەدۆزینەوە.

پێشانگای دووهەم لە ژێر ناوی "کاتەلیست" ((CATALYST لە کارگەی جگەرەی سلێمانی 2018 لە لایەن هەڵگورد ئەحمەدەوە بەڕێوە چوو. هونەرمەند بابەتێکی هەرە گرینگی کردۆتە ئامانج و پێشانگاکەی لەسەر پەرەدانی ئەو بابەتە داڕشتووە.  "نەوت" بابەتی سەرەکیی ئەم پێشانگایەیە، بەڵام شوێنی بە ڕێوەبردنی ئەم پێشانگایە، کە کارگەی جگەرەیە، خۆی دەتوانێ لە پێشانگای نەوتەکە گرینگ‌تر بێت (هیوادارین بتوانین لە دەرفەتێکی دیکەدا ئەم باسە پەرە پێ‌بدەین).  هەڵگورد ئەحمەد: بۆ جێبەجێ‌کردنی بیر و ئایدیای بەرهەمەکانی، خۆی تاک و تەنیا تەکنیک‌کارێکە کە دەست ڕەنگینی و لێ‌زانینی لە بەرهەمەکانیدا ڕەچاو دەکرێت لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم هەموو مەتریالە جیاوازانەی کە پێکهاتوون لە کەرەستەی بەکاربراو و فڕێدراوی وەک (ئاسن، ئەلەمنیۆم، پلاستیک، ماتۆڕ و مەکینە) و پێکەوەلکاندنیان بەیەکەوە و هەروەهاش ڕۆڵی جووڵاندن و مێکانیزمی ئیش‌پێ‌کردنیان لە فۆرمێکی (ئینستەلەیشن)دا (5).

لە ڕاستیدا، نەوت لەم ناوچەدا، واتە عێراق، ڕۆڵی سەرکیی دەگێڕێ و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا کاریگەریی دادەنێت و دایناوە. جگە ئەم پیشانگایە ئەم هونەرمەندە لەسەر جینۆسایدی کوردیش چەند بەرهەمی ڤیدیۆ ئارتیشی پێشکەش کردووە. سەرەتا کە چوومە نێو پێشانگاکەوە لەگەڵ ڤیدیۆئارتێکدا، کە لە چوار وێنە پێک‌هاتبوو، ڕووبەڕوو بوومەوە. کەسێک لەم ڤیدیۆیەدا سەرقاڵی خاڵی‌کردنی بۆریەک ئاوە کە بە کەوچکێک دەیکاتە ناو بۆریەکی دیکەوە. لەم بەرهەمەدا دووپات‌بوونەوە و بێ‌ئەنجامی، بینەر ماندوو دەکات و ئاماژەیەکیشە بۆ ئەشکەنجەیەک کە سەدام پێش لەسێدارەدانی زیندانیان دەی‌کرد بۆ ئەوەی ڕۆژی بەر لەسێدارەدانیان لێ بکات بە بەرزەخ و لە مابەینی عەرز و ئاسماندا هەڵیان پڕووکێنێت. بە بۆچوونی نووسەری ئەم دێڕانە، ڕەنگە لە لایەکی دیکەوە ئەمە بۆ خۆی گوازتنەوەی وێنەیەک بێت لە هەڵس‌وکەوتی کاربەدەستانی هەرێم لە دابەش و دابین‌کردنی سامانە سرووشتییەکان و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک بۆ ژیانێکی مرۆیی و ئینسانی و چەشنێک دووبارەبوونەوەی ئەشکەنجە لە فۆرمێکی دیکەدا. لە بەردەم ئەم ڤیدیۆیەشدا دوو بۆری دانراون کە بینەر دەتوانێت هەمان کردار تاقی ‌بکاتەوە و هاوبەش بێت لەگەڵ ئەو ئەزموونەدا. دوو ڤیدیۆکەی‌تری هۆنەرمەند ئاماژەیە بۆ جینۆسایدی خەڵکی کورد و گێڕاننەوەی ئەو تراژێدیایە لە زمانی هونەرەوە و بە زمانێکی نوێ لە لایەن هونەرمەندەوە بۆ نەوەی نوێ. واتە، ئەوەی ئەو کات لە لایەن سەدام و لە ڕێگەی ئایەتێکی قورعانەوە بەسەر کوردا هاتووە حاشا هەڵنگەرە و جیانەیەتێکی نامرۆڤانەی دڵ‌ڕەقانەی قێزەون بووە، بەڵام کورد بە شێوەیەکی شیاو و گونجاو کاری لەسەر/ بۆ نەکردووە کە بە فەرمی لە ئاستی جیهانیدا دانی پێدا بندرێت.

لە بەشەکانی دیکەی پێشانگاکەدا کە پێک‌هاتبوون لە بەرهەمە ئەنیستالەیشنەکان، سەنتەر و ناوەڕۆکی باسەکە نەوتە کە لە فۆڕمە جیاوازەکاندا خرابووە بەر چاوی هۆگرانی هونەرەوە. هونەرمەند لە بەشێک لە پێشانگاکەدا لە سەری بۆرییە نەوتەکان کەڵکی وەرگرتبوو و لە تەنیشت یەکەوە بە دیوارەکەدا هەڵیواسی بون. سەری ئەو بۆرییە نەوتانە وەک فلس (پارەی ئاسن) دەهاتنە بەرچاو، فلسی هەر وڵاتێک وێنە و هێمای ئەو وڵاتەی لەسەر نەخشێندراوە، بەڵام هونەرمەند ئەم ڕێسایە دەشکێنێت و وێنەی ڕاستەقینەی ئەم سەردەمەی لەسەر نەخشاندبوو، واتە جەنگ و ئاگر. پاشان، بۆریەکی هەڵوەشاوە دەبینین کە ئاڵای عێراق و جێگەی شکاندن و زەخماربوونی پێوە دیارە، ئەمە دەتوانێت جەستەی زام‌داری وڵاتێک بێت کە هەموو شتێکی لەسەر تاقی‌کراوەتەوە یان لە ڕوانگەیەکی دیکەوە هەرکام لەم هێمایانە بە جیا دەتوانن بۆ ئێمەی کورد دەرکەوتن و زیندووکەروەی ڕووداوە مێژووییەکان بن: یەکەم، اللەاکبر (وەک ئاماژەیەکی مێژوویی بۆ هاتنی ئیسلام بۆ ئەم ناوچانەیە دووهەم، نەوت (وەک پانتای هەموو ململانێ ئایدیۆلۆژیک، سیاسییەکان و زل‌هێزەکان) و سێهەم، ئاڵای عێراق (وەک هێمای تازەکردنەوەی زۆڵمی زاڵم و پاکتاو و لەناوبردنی کورد لە ژێر سێبەری ئەم ئاڵادا، واتە سەردەمی سەدام و هتد).

لە بەشێکی دیکەدا، خەریتەی عێراق کراوەتە چاڵە نەوت و لە چەند شوێنەوە نەوتی لێ‌هەڵدەقۆڵێ  و دەوروبەری ئەم بەشە هەموو بە ڕەنگی ڕەش ڕەنگ کراوە و پەیامی ئەم بەرهەمە دەتوانێت ئەمە بێت کە تا ئەم سەرچاوانە هەڵقوڵێن داهاتووی ئەم ناوچە هەر وا نگریس و ڕەش دەبێت. لە ژوورێکی دیکەدا ئامرازێکی زەبەلاحی نەوتەڵگواستن دانرابوو کە هونەرمەند بۆ درووست‌کردنی ئەم ئامرازە لە کەرەستەی جۆراوجۆر و کۆن کەڵکی وەرگرتبوو و ئەمانەی پێکەوە لکاندبوو؛ کەرستەیەک هاوشێوەی ئامرازی نەوتەڵگواستن، شێوازی کارکردنی بە شێوەیەک بوو چما پیر و ماندوو بووە و توانای کارکردنی نەماوە، دەتگوت ئێستا یان تاوێکی دیکە پەکی دەکەوێ، ئەم کەرت کەرتی و پارچە پارچەییەی کەرەستەکان ئاماژەن بۆ پێک‌هاتەکانی خەڵکی عێراق واتە خەڵکی ئاسایی، کە بەردەوام بەرنامە و پڕۆژەی جیاوزیان لەسەر تاقی‌کراوەتەوە و تەنها ماندوو‌بوونیان بۆ ماوەتەوە، ڕێک وەک ئەم کەرەستانە کە توانای درێژدانیان نەماوە و هیلاک‌بوون. لە سەنتەری پێشانگاکەدا چوارگۆشەیەکی ڕەش دانرابوو کە لە چیمەنتۆ درووست کراوە و شەقی بردووە و دابەش بووە بەسەر چوار بەشدا کە ئاماژەیە بە وڵاتێک کە پێک‌هاتەی هەموو کوردن و لە یەک ڕیشەن، بەڵام سیاسەتە جیهانییەکان لەتی کردوون بە چوار بەش و هەرکامەیان بەشێکن لە وڵاتێکی دیکە. لە بەشێکی دیکەی پێشانگاکەدا کۆمەڵێک بۆریی نەوت کەڵەکە کراونەتە سەر یەک‌تر و لە هەندێک لە بۆرییەکاندا ئامێری داتاشۆ دانراون کاتێک کە سەیری ناو بۆرییەکە دەکەیت وێنەی هەڵقوڵانی نەوت دەبینین یان لەوانی دیکەدا وێنەی دابەش‌کردنی نەوت لەناو خەڵکدا ڕاکردن و هەڵاتن بە دوای نەوتدا دەبینین. ئەمە، ڕێک ئاماژەیە بە ڕۆڵی خەڵک لە ڕەوتی بەرهەم‌هاتن و دابەش‌کردنی نەوت و بەرهەمەکان کە لە هەموویاندا خەڵک تەنیا بینەر و لە زۆربەی کاتیشدا لە کەم‌ترین قازانجی ئەم مەتریالە بەهرمەندن و دەبێت هەر ڕاکەن بەدوایدا و ئەگەری گەیشتنیش نادیارە. بۆ زیاتر ڕوون‌بوونەوە و تێگەیشتن لە مەبەستی هونەرمەند، خوێندنەوەی کورتی مێژووی عێراق و کاریگەریی نەوت لەم ناوچەدا بە پێویست دەزانم و تێ‌دەکۆشم لە درێژەدا بپەرژێمە سەر ئەو بابەتە و پێوەندییەکەی بە هونەر و هونەرمەندەوە.

وەک پێشتر تا ڕادەیەک ئاماژەمان پێ‌کرد، نەوت ڕۆڵی گرینگ لە عێراقدا دەگێڕێت و تا ڕادیەکی هەرە زۆر بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا هەر لە بورای پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانەوە بگرە تا پێوەندییە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیی و نێونەتەوەییەکان، پرسی ئابووریی پەرەسەندن، کەرتی کشت‌وکاڵ، هەڵاوسانی ئابووری و هتد لە ژێر تیشکی نەوت و کاریگەرییەکانیدا ڕوون دەبیتەوە و پێش دەکەوێت. 16 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژیمی بەعس و لەناوچوونی سەدام حسێن تێ‌دەپەڕێت بەڵام هێشتا عێراق سەقام‌گیر نییە و تا دێت ناکۆکیی نێوان فیرقە و عەشیرە جیاوازەکان زیاتر دەبێت. ئەوکاتەی ئەمریکا هێڕشی کردە سەر عێراق هەموو کەس لایان وابوو فریشتەی بەخت و ڕزگاری هاتووە بۆ لابردنی هەورە ڕەش و نگریسەکان و هێنانەوەی ساماڵ و بەهەشت بۆ پێک‌هاتە جیاوازەکانی عێراق و دەستەبەرکردنی جیهانێک بێ‌جیاوازی، بەڵام هیچ کات بیریان لەوە نەکردبووەوە ئەمریکا بەبێ مەبەست و بەرژەوەندی هێرش ناکاتە سەر هیچ وڵاتێک. شڵەژانی ئابووریی ئەمریکا و بازاڕەکانی و گرینگ‌تر لە هەمووی کەم‌بوونەوەی ڕێژەی بەرهەم‌هێنانی نەوت، هۆکارێک دەبێت بۆ هێرش‌کردنە سەر عێراق. یەکێکی‌تر لەو نموونانەی کە زۆر بە کەمی لێرەولەوێ ئاماژەی پێ‌ناکرێ، پێویستیی ئەمریکایە بە نەوت بۆ بەردەوام‌کردنی ئابووریی کشت‌وکاڵ و سیاسەتی ستراتێژیکی خۆراک. بۆ نموونە، لە ئەمریکا و کانەدا بۆ بەرهەم‌هێنانی یەک بۆریی نەوت دەبێت سێ بۆریی نەوت سەرف بکرێت چونکە بەرهەم‌هێنانی نەوت لەو وڵاتانە لەبەر تێکەڵ‌بوونی لم بە چاڵە نەوتییەکانەوە هەڵێنجانی ئەستەمە (6).

بەم پێیە، عێراق، سێهەمین وڵاتی "نەوت‌دار"ی جیهانە هەر بۆیە دەکەوێتە بەر تەماحی ئامریکاوە. سەرەتا، مەبەستی ئەمریکا کۆی وڵاتانی عەربی بوو بەڵام کاتێک دەزانێت ئەم خواستە بە هاسانی مسۆگەر نابێت عێراق دەبێتە مەبەست بۆ بەرەواردکردنی خواستە ئابووری و سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین. بەر لەوەی هێرش بکاتە سەر عێراق، پێش‌وەخت، هەموو لایەنەکانی ئەم هێرشە ڕەچاو دەکات و پلان و بەرنامەی بۆ دادەڕێژێت. بەرنامەی گەڵاڵەکراوی واشینگتۆن بۆ عێراق هەمان تیۆرە بەناوبانگەکە بوو: شۆک‌دەرمانی. شۆکی یەکەم لە ڕێگەی سەربازی و کەرەستەی جەنگییەوە خەڵکی تووشی سەرسووڕمان و تۆقان کرد و جارێکی ددووهەم لە ڕووی ڕێک‌خستن و بەڕێوەبەرایەتییەوە. گریمانەی خەڵک ئەوە بوو ئەوەی ئەوان لە توانایاندا نییە بیکەن ئەمریکا بە هێز و تواناکەیەوە دەیکات. کاتێک جەنگ و بشێوی وڵات دەشڵەقێنێ گونجاوترین کاتە بۆ دابەزاندنی بەرینی ئەم سیاسەتە و ڕێکخراوەکانی بۆ وێنە: سەرمایەگوزاری و پڕۆژە ئابوورییەکان. بەپێی پلانی پلان‌داڕێژەران، گونجاوترین کات بۆ سەرمایەگوزاری لەم وڵاتەدا کاتێکە هێشتا خوێن لەسەر زەوییە. لەم کاتەدا کە خەڵک کەڵکەڵە و دڵەڕاوکێی خواردن و دەرمان و مان و نەمانی کەس‌وکاریان بوون بوار خۆش دەبێت بۆ پێش‌خستنی بەرنامە ئابوورییەکان و شۆکە یەک لە دوای یەکەکان و کاری ئابووری و بازاڕ دەست پێ‌دەکات و بە ناوی ئاوەدان‌کردنەوە و نوێژەن‌کردنەوەوەوە کاربەدەستانی ئەمریکایی دەست دەگرن بەسەر هەموو بەشەکاندا. بەر لە هێرشەکە، ئابووریی عێراق لەسەر شەریکەی نەتەوەیی نەوت وەستا بوو و زۆربەی پێداویستیەکانی خەڵک لە ناوەوە لە ڕێگەی کارگە و کارخانە دەوڵەتییە بەرهەم‌هێنەرەکانەوە دابین دەکرا، بەڵام پاش هێرشەکە، پۆل برێمێر حاکمی مەدەنیی عێراق، پاش مانگێک دوای دەست‌بەکاربوونی دووسەد شەریکەی دەوڵەتیی ڕادەستی کەرتی تایبەت کرد و تاقە شوێنێک کە نەدرایە کەرتی تایبەت بەشی نەوت بوو. هۆی ئەوەش ئەوە بوو کە مەترسیی زۆر هەبوو کە لەسەر ئەم بابەتە لە نێوان لایەنەکاندا جەنگ و پێک‌دادان ڕووبدات. لە پڕۆژەی نوێژەن‌کردنەوە و بیناکردنەوەی عێراقێدا، خەڵکی عێراق دەوریان نابێت لەم پڕۆژە بەرین و زەبەلاحانەدا تەنانەت وەک کرێکارێکی ئاساییش سوودیان لێ‌وەرناگیردرێت. جگە بەشی ئابووری و بازاڕ بەشی کولتووریی ئەم وڵاتە بە تەواوەتی تووشی خەساری گەورە دەبێت و بەشێ زۆری کتێب‌خانەکان دەسوتێندرێن و مۆزەخانەکانیش بەتاڵ دەکرێنەوە و بۆ دەرەوە دەگوازرێنەوە. مێژووی ئەو وڵاتە لە چاو ترووکانێکدا داری هەڕاجی لێ دەدرێ و هەرزان فرۆش دەکرێن و دەستاودەست دەڕوات و دەگاتە دەست دەڵاڵەکان لە سووریە و ئۆردۆن و لەوێوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن. لە لایەکەوە، مێژوو و کولتووری نەتەوەیەک تاڵان دەکرێ و دەسووتێندرێ و پارچە پارچە دەکرێت لە لالەیەکی دیکەوشەوە دەرگاکان بە ڕووی بازاڕی سەرمایەداریی جیهانیدا ئاواڵە دەکرێت. بۆ نموونە، شتومەکی نێوماڵ، خواردەمەنییە دەرەجە دوو و سێ‌کان، فیلمەکانی هۆڵیوود و هتد هاوردەی وڵات دەکرێن. هەنووکەش نەوت وەک سەرمایەیەکی سرووشتی نەک ئاسایش و ئارامیی بۆ خەڵک نەگەڕاندۆتەوە بەڵکوو هەزارویەک کێشەی‌تری بۆ ئەم وڵاتە خولقاندووە. لە سەدا هەشتای ئەو چاڵە نەوتانەی لە عێراق لێ‌دراون بە نەوت گەیشتوون، بەڵام هەمووی لە دەستی کەرتی تایبەتدایە. کەواتە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە عێراقدا ڕووی نەداوە، ئەوەی لە عێراقدا بە ناوی گەشەکردن و پێش‌کەوتن بانگەشە و ڕیکلامی بۆ دەکرێت، تەنیا گەشەی پڕۆژە تاکە کەسییەکانە و قازانجەکەشی بۆ بەشێکی بچووکە لەم پێکهاتەیەدا. عێراق هێشتا وڵاتێکی وابەستەیە و بەرهەم‌هێنانێکی ئەوتۆی نییە و بەرخۆری وڵاتانی دراوسێیەتی چ لە ڕووی ئابووری و بازاڕەوە چ لە ڕوی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە. هەرچی زیاتر ئابووریی لەم وڵاتەدا گەشە دەکات بە هەمان ڕادەش خەڵک دەکەونە نێو تۆڕە بەرینەکانی ئەو بازاڕەوە، کە پێشتر باس‌مان کرد، چۆن ئاندازیاری کراوە. ڕەنگە، گرینگ‌ترین بەدواهاتی درێژماوەی ئابووری، پەلاماری سەربازیی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا و داگیرکردنی عێراق، گرێ‌بەستەکانی ڕاگواستنی چاڵە نەوتییەکانی عێراق بووە، بۆ شەریکە چەند نەتەوەییە بیانییەکان. گرێ‌بەستەکان واژۆکراون، مافەکانی بەرهەم‌هێنانی چاڵە بەربڵاوە نەوتییەکان فرۆشراون و ڕەوتی نەگۆڕی پڕوپاگەندە سەبارەت بە بەرهەم‌هێنانی نەوتی عێراق بڵاو بۆتەوە و لە کۆتاییدا دەیکاتە ڕەکابەری سعوودیە و ئێران. گێڕانەوەی ڕێزلێ‌نان لە بەرفراوان‌بوونەوەی بەرهەم‌هێنانی نەوت بۆ بازاڕ، دەبێتە فاکتەری سەرەکیی تێکەڵ‌کردنەوەی عێراق لە سیستمی ئابووریی جیهاندا؛ ئەو سیستمەی پێمان دەڵێن بە شێوەیەکی ڕوولە گەشە نەوتی عێراق، کە بەشێکی گەورەی بەرهەم‌هێنانەکەی دەکەوێتە داهاتووەوە، وابەستە دەبێت (7).

 بۆ ئەوەی لە ستراتیژ و ناوەرۆکی مەبەستی وڵاتانی زل‌هێزنی جیهانی، بۆ وێنە ئەمریکا و شەریکە و کۆمپانیاکانیان، تێ‌بگەین باشتر وایە بزانین خۆیان چۆن ئەمە شیوەبەندی دەکەن: عێراق بۆ ئێمە لە ڕادەبەدەر گرینگ بوو، پتر لەوەی چاوەڕوان‌کراو بوو. بە پێچەوانەی ڕوانگەی گشتی، گرینگیی عێراق تەنیا بە هۆی نەوتەکەییەوە نییە. ئەم وڵاتە لە ڕووی سەرچاوەکانی ئاو و باری ژیۆپولێتیکیشەوە گرینگیی هەیە. هەر دوو ڕووباری دیجلە و فۆرات لە نێوان خاکی عێراقەوە تێ‌دەپەڕێت؛ بەم پێیە لە نێوان کۆی ئەو وڵاتانەی لەو بەشەی جیهان دان، کۆنتڕۆڵی گرینگ‌ترین سەرچاوە ئاوییەکان کە ڕۆژبەڕۆژ هەستیاریی زیاتر پەیدا دەکەن، لە دەستی عێراقدایە. لە درێژەی دەیەی 1980دا، گرینگیی ئاو، هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ئاراستەی ئابووریدا، بۆ کەسانی وەک ئێمە کە لە بواری ئێنێرژی و ئەندازیارییدا چالاک بووین دەردەکەوت. هێرش لە ئاراستەی تایبەتی‌کردنەوەی زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان، کە چاویان لە بەرهەم‌هێنانی ئێنێرژیی کۆمپانیا بچووک و سەربەخۆکان بووە و بە دوای دەس‌بەسەرداگرتینانەوە بوون، هەنووکە بە دوای تایبەتی‌کردنەوەی ئاوەکانی ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ڕەژهەڵاتی ناوڤینەوەن. جگە نەوت و ئاو، عێراق خاوەن باری زێدە ستراتژیکە و سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ ئێران، کوەیت، سعوودییە، ئۆردۆن، سوورییە و تورکیە و هەروەها خاوەن کەناریشە لە دەریای خەلیجدا. بە هاسانی دەکرا لە خاکی عێراقەوە هەم ئێسرائیل و هەم یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بکرێتە ئامانجی هێرشی مووشەکی. ستراتیژیستە سەربازییەکان، عێراقی ئەم‌ڕۆ بە هاوتای دەربەندی ڕووباری هۆدسۆن لە کاتی جەنگی فەرەنسییەکان و سوورپێستەکان و ڕاپەڕینی ئەمریکا دەزان. لە سەدەی هەژدەهەمدا فەڕەنسییەکان و ئینگلیزییەکان و ئەمریکاییەکان دەیان‌زانی هەر کەس کۆنتڕۆڵی دەربەندی هۆدسۆن بە دەستەوە بگرێ قاڕەی ئەمریکایشی لە کۆنتڕۆڵدایە. ئەوڕۆکە، هەموان ئەوە دەزانن کە هەر کەس کۆنتڕۆڵی عێراقی بە دەستەوە بێ، کلیکی کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی بەدەستە (8).

بەرهەمەکانی هەڵگورد ئەحمەد، هەڵقوڵاوی ئەم زەمینە و کانتێکستەن و ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرهەمەکانی داناوە. لێرەدا، هونەرمەند نوێنەری ئەو خەڵکە چەوساوە و هەژارەیە کە مافیان ڕۆژ لە دوایی ڕۆژ لە لایەن زل‌هێزانەوە پێشێل دەکرێ و هاواری خەڵکێکە بەر زیانە بەردەوامەکانی ئەم چەشنە سیاسەت و ئابوورییە دەکەون و چاریان نییە جگە نواندنەوەی ڕاستەقینەی باری ژیان و ڕەنجەکانیان. لێرەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە بوونی هونەرمەندانی ووشیار و دەربەست چەندە دەتوانێت گەریگەر بێت بۆ کۆمەڵگا؛ ئەو هونەرمەندە وریا و تیژانەی پەنجە دەخەنە سەر خاڵە هەستیارەکان و بە بەرهەمەکانیان ئەم خاڵانە بەرجەستە دەکەنەوە کە بینەرانیان بە ئاگا بێننەوە لەو کێشە و گرفتانەی لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە یان لە داهاتوودا دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خۆیان و ژیانیان.

 لەم دوو پێشانگادا هونەرمەندان دەری‌دەخەن کە "تایبەتی‌کردنەوەی بەرژەوەندی و کۆمەڵایەتی‌کردنەوەی تێچووەکان" چەندە دەتوانێت زیان لە نەوەکانی داهاتوو بدات. پاراستنی عەرز یان زەمین بەو شێوەی دراوەتە دەستی ئێمە پێویستە ئێمەیش پارێزراو و تەندرووست بیدەینە دەست جیلی داهاتوو. ئەم دوو پێشانگایە دەری‌دەخەن ئەم دوو سامانە سرووشییە واتە ئاو و نەوت چۆن بۆ مەبەست و قازانجی سەرمایەداران و زل‌هێزان بەکار هێنراوە و ئەنجامی ئەم کەڵک‌وەرگرتنە بێ‌بەرنامانە خەساری قەرەبوو‌نەکراوی گەیاندۆتە زەوی و ژینگەکەی ئێمە. هونەر و هونەرمەندانی ڕاستەقینە هەمیشە بە نێوەنجی‌گەری و لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە دەوری سیاسی خۆیان دیوە لە خولە جۆراوجۆرە سیاسی و کولتوورییەکاندا. ئەم دوو هەنەرمەندە لە یەک سەردەم و لە دوو بەشی کوردستاندا دوو بابەتیان بەرجەستە کردۆتەوە کە چارەنووس‌سازن بۆ کۆمەڵگاکەیان و داهاتووی وڵات بە گشتی. یەکیان پرسی ستراتێژیکی ئاو بەرجەستە دەکاتەوە کە لەناو کۆڕوکۆمەڵە فیکرییەکاندا بە "داعشی داهاتوو" بەناوبانگە ئەوی‌تریشیان نەوتە کە بریتییە لە "ئاڵتوونی ڕەش".

 

 

سەرچاوەکان:

1-      امپراتوری،  آنتونیو نگری -  مایکل هارت ، ترجمە رضا نجف‌زادە، نشر قصیدەسرا، ل 444.

2-      لینکی پێشانگای "تراژێدیایی خاک" بەرهەمی ناسر فەیزوڵابەگی: https://www.youtube.com/watch?v=Qnb97GggrfM

3-      اقتصاد سیاسی آب:

https://pecritique.com/2015/02/20/%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF-%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-%D8%A2%D8%A8-%D8%A7%D8%AD%D9%85%D8%AF-%D8%B3%DB%8C%D9%81/

4-      بگذار آشغال بخورند، رابرت آلبریتون، ترجمەی کیانوش یاسایی، نشر اختران، 1393.

5-      کەتەلۆگی پڕۆژەی هونەریی "کاتەلیست"، هەڵگورد ئەحمەد بارام، ڕێکخەر دارۆ- (دارا ڕەسوڵ).

6-      بگذار آشغال بخورند، رابرت آلبریتون، ترجمەی کیانوش یاسایی، نشر اختران، 1393.

7-      جیهانی‌بوونەی نیولیبێڕاڵیی سەرمایە، وەرگێڕانی هاوڕێ یوسفی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا، 2018، ل 209-210.

8-      اعترافات یک جنایتکار اقتصادی، جان پرکینز، مترجمان خلیل شهابی/ میرمحمود نبوی، نشر کتاب آمە، 1392، ل 275 / 276.

9-      دکترین شوک، نائومی کلاین، ترجمەی مهرداد خلیل شهابی/ میرمحمود نبوی، نشر کتاب آمە، 1390، چاپ سوم.

10-   بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر دەوری کۆمەڵایەتی یان هونەری کۆمەڵایەتیی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ وتاری "تراژێدیی تاراوگە و هونەری کۆمەڵایەتیی کوردستان" نووسینی سەعیدە سائێب: http://qelam.com/index.php/articles/1390-2018-01-21-16-05-19?fbclid=IwAR0uoRcZir1DOStpRG4dHYfh_34kZLt30AVd_fZfamRzoAs77nnqiRfSXtw

11-   هەرچەندە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە باس لە پرسی شۆناس بکەین بەڵام بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وتاری "ژیانەوەی ڕەنگەکان" نووسینی سەعیدە سائێب: http://kurdish.artakurdo.com/%D9%88%D8%AA%D8%A7%D8%B1%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/59-jianawey.html