ما 2868 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بوونەوەری ناو سێ هێڵ

ئەوانەی بە ئاواتە گەورەکانەوە دەژین، بەناوبانگە کە دەگوترێ لە ئێستادا ناژین و بەردەوام رۆحێکی سەرگەردانی ناو ئان و ساتەکانی داهاتوون. ئەوان نەک تەنیا چێژ لە هەنووکە نابینن، بەڵکوو چێژ لای ئەوان شتێکە لە رەگەزی داهاتوو و دیاردەیەکە کە دەبێ سبەی رووبدات.

بەڵام ژیان وەها نیە کە هەمیشە داهاتوو بریتی بێت لەوەی ئەم جۆرە کەسانە حەزیان لێیەتی. بگرە حاڵەتی زاڵ هەمیشە بە پێچەوانەی حەزی ئەوانە و بۆیە سەرتاسەری ژیانی ئەم جۆرە کەسانە دەبێتە ژیانێک لەناو وەهم و خەون دا. بەم پێیە ئەوانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبن بە وەهم و خەون. ژیانێکی لەم چەشنە بەڕاستی دژوار و قورسە.

بۆیە دەتوانین بڵێین کە گرینگە جۆرێک لە هاوترازی لە نێوان خەونەکان و ژیانی راستەقینەدا هەبێ. مرۆڤ وەک چۆن نابێ هەموو شتێ بە ئیستاوە گرێ بدات، هەر بەو چەشنە نابێ بە داهاتووەوە گرێی بدات. ئێمە لە ئێستادا دەژین و بۆیە خەونەکانمان دەبێ رێزی ئێستا بگرن و بتوانن باڵانس و هاوترازییەک بە ژیان ببەخشن.

بۆیە مرۆڤ دەبێ هاوکات هی ئیستا و داهاتوو بێت،... دیارە هەر بەو چەشنەیش هی رابردوو. ژیان لە هێڵی رابردوو و ئیستا و داهاتوودا لە جوڵەدایە و بۆیە ئێمە دەبێ بە سەر ئەم سێ بەشەدا دابەش بین. نابێ هیچ کام لەوانە پشکی شێریان بەرکەوێت و بەشەکانی تر بە جۆرێک لە جۆرەکان فەرامۆش بکرێن.

سایتی قەڵەم

٧ دێسەمبەری ٢٠١٨



Bilderesultat for ‫آرزوها‬‎

گەڕان بۆ بابەت