ما 6124 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

زمانی ئەدەبی و سیاسەت

زمانی رۆمانتیکی تەنیا لە ئەدەبییات دا بەکارناهێنرێ. سیاسەت پانتاییەکی تری بەکارهێنانی ئەم شێوازەیە لە زمان. کاتیك سیاسەت بەم کارە هەڵدەستێ، ئەوا قەرز لە ئەدەبییات دەکا و ناچار رستەی ئەدەبی ـ رۆمانتیکی تێکەڵ بە دەقی خۆی دەکا.

بۆ وێنە کاتێک مارکس و ئینگڵس باس لە کۆمۆنیزم دەکەن و دەیانەوێ باس لە سەرکەوتنەکەی بکەن، لە رستە بەناوبانگەکەی ناو مانیفێستی کۆمۆنیزم دا دەڵێن کە بەسەر ئەورووپادا شەبەحێک لە گەشتو گوزاردایە... شەبەحی کۆمۆنیزم.

هەڵبەت تەنیا ئەوان نین کەڵک لە زمانی رۆمانتیکی ـ ئەدەبی وەردەگرن. لە راستیدا بەشێکی گرینگی زمانی سیاسەت تێکەڵ بە رۆمانتیزمە. لەبەر ئەوەی سیاسەت لە گەڵ دنەدانی خەڵک و ورووژاندنیان سەروکاری هەیە، ئەوا لەپاڵ زمانی لێکۆڵینەوە و پڕ لە ئانالیزەی خۆیدا پەنایش دەباتە بەر زمانی ئەدەبی.

زمانی ئەدەبی بەو هۆیەوە راستەوخۆتر لەگەڵ هەستەکان پەیوەندی هەیە، لە کاریگەریی زیاتر بەهرەمەندە. بەڵام هاوکات دەبێ ئەوەیش بڵێین گەر لە سیاسەتدا زیاتر لەوەی پێویستە گرینگی بدرێ بە زمانی ئەدەبی، ئەوا لایەنی زانستیانەی سیاسەت لاوازدەبێ و ئەو مەترسییە دێتە ئاراوە کە زیاتر بە دڵ سیاسەت بکرێ هەتا بە ئەقڵ.

زمانی ئەدەبی دەبێ سنووری خۆی بزانێ و رێزی زمانی سیاسەتی لابێ!

سایتی قەڵەم

٢٨ دێسەمبەری ٢٠١٨

گەڕان بۆ بابەت