ما 7168 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ژیاننامەی شەهیدان و درۆ

شێوازی نووسینی ژیاننامەی شەهیدان، یەکێک لە دیاردە سەرنجڕاکێشەکانە. هەموومان بە شێوازێک لە شێوەکان بینیوومانە لە دووای شەهیدبوون، یان مردن و گیان بەختکردنی هاوڕێیەکی حیزبی، حیزبەکەی چۆن بۆی دەنووسێ و چلۆن وەسفی دەکا. لە راستیدا ژیاننامەکە دەبێ بە وەسفێکی پڕاوپڕ پوزیتیڤ و ئەرێنی لە ژیان و بەسەرهاتی هاوڕێی کۆچکردوو. وەسفێک تا ئەو پەڕی خۆی.

دیارە لە قەدیمەوە وتوویانە لە دووای مردوو قسەی خێر چاکە، بەڵام نووسینی ژیاننامە بەو شێوازەی لە کۆمەڵگاکانی وەک لای ئێمە باوە تەنیا لەم پەندە ئەخلاقییەوە سەرچاوە ناگرێ. ژیاننامەکە بەو شێوازە دەنووسرێ چونکە:

ـ حیزبەکە دەیەوێ وەک هەمیشە رێکلامەی سیاسی بکات،

ـ دەیەوێ لە رێگای موبالەغەکردنەوە وای پیشان بدات کە حیزبەکەی ئەو جێگای مرۆڤە بێ عەیب و بێ کەم و کوڕییەکانە،

ـ دەیەوێ لە رێگای سۆزەوە، سەرنجی کۆمەڵگا بەرەو خۆی رابکێشێ،

ـ وەک هەمیشە لە تاک کەڵکی ئەبزاری وەردەگیردرێ لە پێناوی مەبەستەکانی حیزب دا،

ـ دەیەوێ بڵێ ئەی ئەو کەسەی بەڵێنە بێیتە ناو ریزەکانی منەوە، تۆیش ئاوا وەسف دەکرێی کاتێک شەهید بووی!

کە ئەمەیش چەندە دەتوانێ دنەدەر بێت لە کۆمەڵگایەکدا مرۆڤەکانی تا مۆخی ئێسقان تەحقیردەکرێن و کەسایەتییان ورد و خاش دەکرێ.

بەڵام ئەم پیاهەڵگوتنە بێ سنوورە لە کاتێکدایە هەر مرۆڤێکی ئاقڵ و باڵغ دەزانێ کە مرۆڤ بوونەوەرێکە بریتی لە لایەنە چاک و خراپەکان. جا بە گوێرەی کەسایەتی مرۆڤەکان، نیسبەت و رێژەی نێوان ئەم دوو لایەنە دەگۆڕدرێ. یەک زۆرتر چاکە و یەک کەمتر. یەکیش رەنگە نیوانیو راوەستابێ! بەڵام هیچ کەس نە تەواو چاکە و نە تەواو خراپ.

راستییەکەی ئەوەیە کۆمەڵگا هەتا دوواکەوتووتر و ترادیسیۆنی تر بێت ئەوا تێیدا پێداهەڵگوتن زیاتر باوە. هەر بەو پێیەیش کۆمەڵگا هەتا پێشکەوتووتر، پیاهەڵگوتن کەمترە.

تا ئەو جیگایەی بۆ شەهیدان دەگەڕێتەوە، دیارە دەبێ بە جۆرێک رێزیان بگیردرێ و یادیان بەسەربکرێتەوە، بەڵام شەرت نیە ئەم کارە بەو شێوازەی بکرێ وا ئیستاکە باوە.

دیارە ناکرێ لە ژیاننامە نووسینێکی کورتدا باسی بۆ وێنە جوێنفرۆشییەکان، درۆکان و ئەو کارە خراپانە بکرێ کە کەسەکە رەنگە لە کاتی زیندووبوونیدا کردوونی، بەڵام بە ئەهوەن باسکردنی لایەنە پۆزیتیڤیەکانیشی هیچ لەو رێزە کەم ناکاتەوە وا دەبێ لێی بگیردرێ.

با ژیانی کەسەکان بەو شێوەیە پیشان نەدەین وا خۆمان حەزمان لییەتی، با وەهای پیشان بدەین کە هەیە و هەبووە. توندڕەوی لە گێڕانەوەدا درۆیە لە گەڵ شەهید، لە گەڵ خۆمان و ئەوجا لە گەڵ کۆمەڵگا. خۆخەڵەتاندنیش شتێکی باش و ئاقڵانە نایەتە بەرچاو!

Bilderesultat for martyr kunst

سایتی قەڵەم

١٠ یانواری ٢٠١٩

گەڕان بۆ بابەت