سارا فەقێ خدر

نووسەر، کەمتر خۆی لە قەرەی سەرکردە و کەسە سیاسییەکان داوە، تەنیا ئەوانە نەبێ کە دڵسۆزی گەل و نیشتمانبوون و خزمەتی ھەژارانیان کردووە، وەکوو: «خۆسێ مۆخیکا»ی سەرۆکی ئۆرۆگوای، کە بەیەکەوە سواری تراکتۆر دەبن و زەوی جوتیاران دەکێڵن.

رۆحانییەت، لە نامەکانی پێشەوا کاکەییدا

سارا فەقێ خدر

بە ھۆی شیعرەڕێیەکانی پێشەوا کاکەییەوە، گەشتێکم بۆ ئەفریقا و ئەمریکا کرد و، وتەیەکی ئاینشتاینم ھاتەوە یاد، کە باسی ئایینی گەردوونی دەکا: «تێگەیشتن لەو ئایینە کارێکی گرانە بۆ کەسێک، کە لە ناخەوە ھەستی پێنەکا.»١

دوای خوێندنەوەی «ئەفریقانامە و زمیننامە، بە تامی شیعر» و «ئەمریکانامە، بە تامی شیعر» ھەستمکرد ئەمریکانامە  زیاتر تامی شیعر دەدا. جا نازانم ئەمریکا لە ئەفریقا خۆشترە یان لەبەر ئەوەیە کە نووسەر لە ئەمریکانامەدا زیاتر  گرنگی بە ڕۆحانییەت داوە؟

لە ھەردوو گەشتەکەدا، نووسەر وڵاتەکان بە ھەرێمە بێنازەکەی خۆی بەراورد دەکا و ڕەخنە لە دەسەڵاتە گەندەڵەکانی ئێرە و ئەوێ دەگرێ. لە ھەمانکاتدا پەیامی ئەدەبیی وڵاتەکەی پێیە و دەیەوێ بە دنیای بناسێنێ:

 

«دوایی زانیان کە من کوردێکم بۆ وە ھاتووم،

لە گشت وڵاتانی ئەفریقادا:

ھەردوو نامەکەی نالی و سالم بخوێنمەوە!.»۲

 

ھەر لەو گەشتانەیدا، ناوی زۆرێک لە نووسەر و شاعیرە کۆن و نوێیەکانی کوردستانی باشوور دێنێ وەک «نالی، سالم، گۆران، شێرکۆ بێکەس، ڕەفیق سابیر، ئەحمەدی مەلا، ھیوا قادر، د. سالار باسیرە،  ھتد...» لێرەدا، ھیچ ژنێک لە گەشتەکە لە گەڵیدانین و ناویان نەھاتووە! بەڵام کاتێک سەردانی وڵات و شارانی دیکە دەکا و، نووسەر و شاعیران دەبینێ و لەگەڵیان دەدوێ، لە گۆیانای بەڕازیل و ھەرێمی ئاماپا، باسی ژنە شاعیرەکانی خەڵکی پالیکور دەکا، دەکرێ ئەمە ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگای نەریتی خۆمان بێ، کە لە دەرەوە زیاتر مرۆڤەکان دەکرێنەوە لە باسی ئەواندا دەڵێ:

 

«دووسێ شاعیری سوننەتگەراییی تێدابوون،

باسیان لە خۆڵەمێش  دەکرد، وڕێنەیان بە گۆزە دەکرد،

پەنجەکانیان... کاری جوانکارییان دەکرد،

ژنێک، نەیدەزانی چۆن قەرزی بولبول بداتەوە،

چەهچەهە، تا ئەوسەری ڕۆحی بردبوو.»۳

 

نووسەر، کەمتر خۆی لە قەرەی سەرکردە و کەسە سیاسییەکان داوە، تەنیا ئەوانە نەبێ کە دڵسۆزی گەل و نیشتمانبوون و خزمەتی ھەژارانیان کردووە، وەکوو: «خۆسێ مۆخیکا»ی سەرۆکی ئۆرۆگوای، کە بەیەکەوە سواری تراکتۆر دەبن و زەوی جوتیاران دەکێڵن.

دوو خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەمریکانامە، تێکەڵبوونە لەگەڵ سروشت و شۆڕبوونەوەیە بۆ ڕۆحانییەت.

- کە تێکەڵی سروشت دەبێ: 

١-  سروشت بە نەخشی دەستی خوا دەبینێ و، وەک ھونەرمەندێکی مەزن لێی دەڕوانێ. بۆ نموونە، دەڵێ:

 

«خودا، ھەندێکجار بە شێوەی شەستەبارانە،

وێنەی سوریالی دەکێشا.

ھەندێکجار، نم نم، وێنەی دوو عاشق و،

ماوەماوەش،

بەلێزمە، وێنەی سێڵاوی نێو کۆڵان و شەقامەکانی دەکێشا.»٤

 

٢- سروشت وەک ڕۆحێکی زیندوو دەبینێ و، وتووێژی لەگەڵ دەکا:

 

«تۆ ئەی گیا، ئەگەر ڕۆژێک لە ناو پاوانی تۆدا ونبووم و،

شین نەبوومەوە،

باران وەک مەقامبێژێک، دڵنەواییی من ناداتەوە.»٥

 

شاعیر، لەگەڵ مەسەلە دنیایی و ماددییەکاندا دانووی ناکوڵێ و، گرنگی بە لایەنی گیانیی دەدا. ھەر کە دەگاتە بەڕازیل، بە خەڵکی ئەوێ دەڵێ، دەمەوێ لەگەڵ پاوڵۆ کۆیلۆ دابنیشم. دوای گوتوبێژێکی زۆر، لە ماڵئاواییدا پێی دەڵێ:

«چ لە مرۆ دەکەی، کە ڕۆح نەبینێت.»٦

 

نموونەی دیکە:

* «دوابەخشینی من لێرە: نزاکردنە وەک عاشقانێک، کە ھیچیان لە خودا مەتڵەب نییە، جگە لە نوور بەخشین.»۷

* «ھاتووم لەو دیو شەڕانگێزییەوە، بە چۆڕێک ئاو و بستێک خۆڵ و دڵێکی پڕ بڵێسە و، بە ھەناسەیەکی قووڵەوە، ڕووناکیی ببەخشم!.»۸

* پێشەوا، لە گەشتەکەیدا بە گاتاکانی زەردەشتەوە بە ڕێ دەکەوێ، بە شانزە گزنگی جیا جیا، بە وڵاتاندا تێدەپەڕێ.

«ئەی ئاھوورا،

ڕوو لە کوێ بکەم، ھێزم بدەرێ،

جیھان وەختە لە ڕۆح دەردەچێ.»۹

 

* باسی عەشقی ستوونیی دەکا، کە مەبەستی بەرزبوونەوەیە بۆ لای خودا؛

«دەی ڕۆحم لە ھەر لایەک بێ،

دەیەوێ بە ستوونیدا بچێتەوە سەرەوە.»۱۰

 

دواگەشتی نووسەر، لە کەنەدا، لە ناو سەھۆڵبەنداندایە و تاکە شتێک لە بیری مابێ «لاوکی ھەڵەبجە»ی ڕەفیق سابیرە. لێرەدا، سەرەڕای ئاماژەکردن بە کارەساتەکە، ھەڵەبجە دەکاتەوە بە دەستەخوشکی قەڵادزێی زێدی خۆی، لە ڕێگای شاعیرەکەی لاوکی ھەڵەبجە، کە ئەویش خەڵکی قەڵادزێیە.

ئەو پڕوژە نوێیەی پێشەوا کاکەیی، بە گەردوونیکردنی ئەدەب و ھونەرە، کە لە ڕێیەوە، ھەنگاو بۆ مرۆڤدۆستیی و گیانی پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی داباشکردنی مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەگەز و ئایین و مەزھەب و ئایدیۆلۆجیا، دەنێ.

وێڕای دەستخۆشیی، بە ئومێدی بەردەوامیی و بەخشینی زیاترین.

       

کانونی دووەمی ٢٠١٩

............

١-  العالم کما أراە: ألبرت أینشتاین، ت. فاروق الحمید.

٢- ئەفریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر: پێشەوا کاکەیی، پڕۆژەی یەکەم و دووەم، چ. کارۆ، سلێمانی،  ل. ۱۸، ۲۰۱۸.

٣- ئەمریکانامە، بە تامی شیعر، پڕۆژەی سێیەم و چوارەم، چ. کارۆ، سلێمانی، ل. ۷۰، ۲۰۱۸.

٤- هەمان سەرچاوە... ل. ۱۹.

٥- هەمان سەرچاوە... ل. ۲۸.

٦- هەمان سەرچاوە... ل. ۱٦.

٧- هەمان سەرچاوە... ل. ٤٤.

٨- هەمان سەرچاوە... ل. ۱۲۷.

٩- هەمان سەرچاوە... ل. ۱۳۰.

١٠- هەمان سەرچاوە... ل. ٣٧.