ما 916 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کەواتە لەگەڵ ئەوەی بە هۆی تکنۆلۆژیاوە ئێمە زۆر خێراتر لە جاران لە رابردوو دوور دەکەوینەوە، بەڵام هەر بەو رادەیەیش رابردوو لە چاو جاران زیاتر لە ئێمە نزیکە. رابردوو و کاتەکانی ژیانی جارانی ئێمە تەنیا هی ئەو سەردەمانە نین وا رابوردن. جۆری پێوەندیی ئێمە (بە هۆی تکنۆلۆژیاەوە) لە گەڵیان، دەتوانێ لە چۆنیەتی ئەو رابردووبوونەدا تەئسیری راستەوخۆی هەبێ.

رابردوو لە هەموو کاتێک نزیکترە لێمان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەگەڵ خێرابوونی رەوتی پێشکەوتنی دونیا و گۆڕانی خێراخێرای ژیان بە هۆی گەشەی تکنۆلۆژیا و بە تایبەت لە بواری ئینتەرنێت و ئامرازی پیوەندییە دیجیتالییەکانەوە، چوارچێوە گشتییەکانی ژیانیش خێرا دەگۆردرێن و 'ئیستا' زۆر زوو دەبێ بە رابردوو و ئەمڕۆیش زوو بە دوێنێ.

یەکێک لەو دیاردانەی دەکرێ لە دەروونی مرۆڤ بە هۆی تێپەڕینی کات سەرهەڵبدات، نۆستالۆژیایە. یەکێک لە حەسرەتەکانی ئێمە دەکرێ ژیانی رابردوومان بێت.

زۆر جار ئەم حەزە لە ناوماندا جووڵاوە کە چلۆن دەکرێ بگەڕێینەوە رابردوو، یاخود لانیکەم چلۆن رابردوو وەها زیندوو بکەینەوە کە بتوانین دیسان سەرلەنوێ تا رادەیەکی زۆر هەستی پێبکەینەوە.

بۆ ئەم کارە، شێوازی جۆراوجۆر هەیە. بۆ وێنە:

ـ گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان،

ـ سەیری وێنەکان،

ـ سەردانی شوێنەکان،

ـ لەگەڵ هاوڕێیان و خزمانی کۆن دانیشتن،

ـ سەرئەنجام گوێ لە گۆرانی و فیلم و مۆسیقا کۆنەکان گرتنە.

بەڵام بە هۆی دونیای تکنۆلۆژیی نوێ و نێتەوە هەنووکە دەرفەتێکی تریش خوڵقاوە. ئیستا مرۆڤ دەتوانێ زیاتر لە جاران کاتەکانی ژیانی رۆژانەی خۆی تۆمار بکا. ئەم تۆمار کردنە لە قاڵبی بۆ وێنە فیلمەوە (فیلمی پریڤات)ە کە دەتوانرێ لە مایلەکانماندا خەزن بکرێن. ئەو فیلمانەی باشتر و راستەوخۆتر ژیانی رابردوومان بۆ دەنوێننەوە.

هەڵبەت لە پاڵ ئەمەیش، زیاتر لە ژیانی شەخسی خۆماندا، دیسان دەرفەت رەخساوە رابردوو بە شێوەیەکی زیندووتر بهێنینەوە بەرچاوی خۆمان. تەنیا ئەوەندە بەسە بچیتە ناو جیهانی نێت و بە سەیرکردنی یوتوبە جۆربەجۆرەکان لەسەر رووداوە مێژووییەکان، بگەڕێیتەوە ساڵانی ساڵ لەوە پێش. تەنانەت گەر ئەو سالانەیشت راستەوخۆ ئەزموون نەکردبێت.

بۆ وێنە چەند کاتژمێرێک تەرخان بکە بۆ چەند فیلمێکی دێکۆمێنتاری لە سەر شەڕی دووهەمی جیهان و پاشان هەوڵ بدە ژیانی شەخسیی یەک دوو کەسایەتیەکی ئەو کاتیش بەسەربکەیتەوە. کاتێک تەواودەبیت و چاو لە دیتن هەڵدەگریت، دەبینیت ژوورەکە و دەورووبەرت بۆت غەریب دەنوێنێ. تۆ لە راستیدا بە شێوەیەکی زۆر زیندوو گەڕاویتەوە بۆ ئەو سەردەمانە. ئەو سەردەمانە بە تەواوی وجودیەوە خۆی دەنوێنێ. ژوورەکەت بۆنی هەناسەت ئەو کات دەگرێ!

کەواتە لەگەڵ ئەوەی بە هۆی تکنۆلۆژیاوە ئێمە زۆر خێراتر لە جاران لە رابردوو دوور دەکەوینەوە، بەڵام هەر بەو رادەیەیش رابردوو لە چاو جاران زیاتر لە ئێمە نزیکە.

رابردوو و کاتەکانی ژیانی جارانی ئێمە تەنیا هی ئەو سەردەمانە نین وا رابوردن. جۆری پێوەندیی ئێمە (بە هۆی تکنۆلۆژیاەوە) لە گەڵیان، دەتوانێ لە چۆنیەتی ئەو رابردووبوونەدا تەئسیری راستەوخۆی هەبێ.

بەم پێیە رەنگە رابردوو بە پێچەوانەی خەیاڵی ئێمە رابردوو نەبێت. رەنگە 'رابردوو' خەیاڵ بێت و هەموو شتێ بریتی بێت لە هەنووکە و ئەو داهاتووەی وا دەبێتە هەنووکە. رەنگە سەردەمانێک مرۆڤ بتوانێ لە هەر سێ زەمەن دا هاوکات بژیت!

گەڕان بۆ بابەت