ما 4746 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەتۆمیزمی 'بوون'

لەگەڵ دیاردەیەکی ترسناک لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووین، دیاردەیەک کە دەکرێ ناوی بنێین ئەتۆمیزمی 'بوون'. سەرەکیترین پێناسەی ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە پنتە پێکهێنەرکانی گشت، ئەوەندە دەبن بە 'پنت' کە 'گشت' فەرامۆش دەکەن و ئیتر جۆرێک لە ئەتۆمیزم توندڕەو پێک دێت.

لە ئەتۆمیزمی بوون دا هەموو کەس و هەموو رێکخراو و ناوەندێک تەنیا لە بیری خۆیدا دەبێ، هەڵبەت لە ژێر ناوی مانا گشتییەکاندا. لەم دیاردەیەدا هیچ شتێک نیە کە بە کردە ئەوان کۆبکاتەوە، هەر کەس بەشی خۆی بڕدەدا و ئاڵای خۆی لەسەر دەچەقینێ و هاواردەکا ئەمە بەشی منە، جا چ پێتان خۆش بێت یان ناخۆش!

ئەتۆمیزمی بوون وڵات بە سەر شار و بگرە گوندەکانیش دا دابەش دەکا و تا پێی بکرێ پێوەندییەکان دەسڕێتەوە. لەم تیۆرەدا ناوچە دەبێ بە میراتی هەمیشەیی لایەنێکی دیاریکراو و بە تەواوی هێزی هەوڵدەدا ئەو میراتە بپارێزێ. ئەوان لەم پێناوەدا تەنانەت پابەند بە هیچ یاسایەکی موڕالی نین.

سەرەکیترین ئاکامی ئەتۆمیزمی بوون، بێ سەرەوبەرەییە. تێیدا سیستم دەمرێ و پاشاگەردانی حاکم دەبێ. سوڵتانە بچووکەکانی ئەتۆمیزمی بوون، لە دونیا وەک فەرشێک دەڕوانن کە هەر کەسەو دەبێ بەشی خۆی لێ ببچڕێ، ئەوان نازانن کە فەرش کاتێک لەت و پەت دەکرێ بۆ هیچ کەس فەرش نامێنێ.

ئەتۆمیزمی بوون بە داخەوە تەنیا هەنووکە نیە، بگرە هێشتا خەونی ئەوانەیشە وا پێی نەگەیشتوون. بوون ـ ئەتۆمیستەکان چاوەڕوانن. لە جیهانێکدا کە دەڵێی هیچ شتێکی گشتی مانای نەماوە، ئەوان چەندە لە چاو لایەنەکانی تر متمانەبەخۆترێکن!

سایتی قەڵەم

٢٨ یانواری ٢٠١٩  

Bilderesultat for atomismen

گەڕان بۆ بابەت