ما 2463 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەورۆز و ئەشق

سەیرکردن و سەرنجدانی دونیا و بوون، ئەو فیکر و بۆچوونە لای مرۆڤ دروست دەکات کە یونیوێرسیوم، واتە هەموو جیهان بە گشتی، لە ئەساسدا بە شێوەی خڕ و گۆ دروست کراوە و لەسەر خەتێکی بازنەیی بونیات نراوە. هەموو خۆرەکان و ئەستێرەکانی دەوریان و مانگەکانی دەور ئەستێرەکان بە شکڵی گۆیی و خڕ دروست کراون و هەر هەمووشیان لە سەرخەتێکی بازنەیی خەریکی سووڕخواردنن بە دەور یەکدا و هەر هەموو بوونیش بە شکڵێکی بازنەیی خەریکی گەڕە.

زەویش یەکێکە لەو بێ ئەژمار ئەستێرانەی وا بێ وچان بەدەوری خۆرو هەسارەی خۆیدا دەگەڕێت. دەسوڕێت و بەم سوڕە ژیانی لە سەر پشتی خۆی پێک هێناوە. ژیانی پێک هاتووش هەر شکلێکی بازنەیی هەیە و لەگەڵ ئەم سوڕەی زەوی بەردەوام دوپات دەبێتەوە. بەهار دێت و پاشان هاوین و پاییز و زستان. دوپاتبوونەوەیێک کە سەرەڕای تیکرار بوونەوەی بەڵام دایم لە نوێبوونەوەیێکی سەیردایە. ئەم نوێبوونەوە بەردەوام بە تیاچوون و پاک بوونەوە و سڕینەوەی کۆن شکڵ دەگرێت. هاوکات کە هیچ بوونەوەرێک نامێنێتەوە و رۆژێک دەسریێتەوە، بەڵام بەردەوام ژیان لەسەر پشتی زەوی هەیە.

ژیان یان حەیات چییە وا بە بەردەوامی هەیە و لای هیچ شتێکیش هەتایی نییە. ژیان ئەو هێزەیە وا هەموو ئەو هەسارە و ئەستێرانەی راگرتووە، ئەو وزەیە کە هەموویان دەسوڕێنێت بەدەوری گەورەتردا. وزەی لەبن نەهاتووی هەتا هەتایی. ئەم وزە لە هەموو بونەوەرێکیشدا هەیە. لە دەرونی هەمووماندا ئەم وزەیە وا ئەلکترۆنەکان و ئەتومەکانی دروستکەری جەستەمان دەسوڕێنێت و لە ئاکامیشدا خۆیشمان دەخاتە گەڕ و ژیانمان پێدەبەخشێت.

ئەم وزە یان ئەم هێزی بێکۆتاییە  پێکهێنەری جیهانە. یان باشترە بڵێین جیهان و ژیان و زەمان و بوون هیچ نییە جگە لەو وزە. ئەم وزە دەتوانیین نێو بنین ئەشق. ئەشقە کە دەمانسوڕێنێت و جیهان لە گەڕدا دەهێڵێت. ئەشق مانا دەبەخشێتە خۆشەویتی و لە سەر هێڵێکی بازنەیی دایدەنێت و بەدەوری مەعشوقدا دەیسوڕێنێت. وەک پەپولە ومۆم، زەوی و خۆر.

نەورۆز نوێبوونەوەی دوپاتکراوی ئەشقی زەویە و خاڵی دەسپێکی هەر سوڕێکی زەوی لە سوڕە بێ کۆتاییەکانی ئەم گۆ ئاشقەیە. بۆیە نەورۆزیش نامرێت و بێ کۆتایی و نامیرایە. ئەوەی دەمرێت و نامێنێت ئینکار کەرانی نەورۆزن. نەورۆز دەسپێکی بەهارێکی نوێ لە سوڕێکی نوێی یەکساڵەی زەوییە. بەهار سەرەتای سەرهەڵدانی بەرەی نوێی ژیانە.

نەورۆز  پیرۆز!  

Image result for ‫نوروز‬‎

گەڕان بۆ بابەت