سەباح ڕەنجدەر

شاعیرێکى شەهید بەسەر زینى ئەسپەکەیەوە دێتەوە

دەڵێت خوێنم بۆ کۆکردنەوەی پەراوێزەکان بەکاربهێنن

 

نزایەک بۆ دیدار

            سەباح ڕەنجدەر           

 

باى چاوسووربوو زەوى بریندار دەکات

هێلکەش لە هێلانە دەترووکێ

باڵندە لە هەواى پاراودا باڵى تەواو دەکاتەوە و بۆنى خۆشى خودا چاوى گەورە دەکات

گوللەش لە ئاسمان ڕووەو ناپاکى دەڕوا

زەوى بریندار چاوەڕوانى  قوربانییەکانییەتى

گوللەى ناپاکیش ڕێوڕەسمى چاوەڕوانی نازانێت

چى چلچرا لە ناوچەوانى کۆشک هەڵواسراوە فریودەرە

چاو دادەخەم گوڵ و خەون دەسووتێن

چاوى ڕوونى پێغەمبەر لە خەوهەڵسا و نەرم و سووک پەنجەى  بە پێڵوومدا هێنا

چاوى گوڵەبەڕۆژەى لەچاومدا چاند و بە هەموو دەنگێک لەگەڵم دوا

شاعیرێکى شەهید بەسەر زینى ئەسپەکەیەوە دێتەوە

دەڵێت خوێنم بۆ کۆکردنەوەی پەراوێزەکان بەکاربهێنن

حیکمەتى بەکارهێنان هەزار و یەک جەزبەى هەیە

یەکەمینیان نزا و نوێژى منە بۆ دیدار و بۆنى خۆشى خودا

تا زووە کەشتییەکەم دەخەمە ئاوەوە

وەک نائومێدى بەپەلە دەگەمە قووڵایى