فەڕۆخ نێعمەتپوور

خۆشحاڵم من مرۆڤێکی سەر بە رێگاکانی داهاتووم. رۆیشتن چەند مرۆڤ لە خەمەکان و لە دڵەڕاوکێ بێهوودەکان بەتاڵ دەکاتەوە. لەعنەت لەوانەی وا بە رابردووەوە دەژین! ئەوانەی وا تام و بۆنی ژیانیان نەکردووە و، نازانن چ خەبەرە.

مرۆڤی دابڕانەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

جانتاکەم پێچایەوە، رووم تێکرد و وتم چونکە هەموو شتێک،... هەموو شتێکی ئەم دونیایە، بگرە خودی دونیایش رۆژێک کۆتایی دێت، کەواتە من هەر ئیستا بڕیارم داوە خۆم کۆتایی پێ بێنم و سەری خۆم هەڵدەگرم و دەڕۆم. وتم خۆ دەبینی کە رۆژێک لە رۆژان هەمووان شوێنەکان و کاتەکان جێدێڵن و دەڕۆن، جا بۆ هەر لە ئیستاوە من ئەم کارە نەکەم و خۆم لەم دڵەڕاوکێیە دەرنەهێنم،... ‌ها؟... بۆ،... بۆ نا؟! مەگەر نەک ئەوەی زەمەنی مانەوە هەتا کورتتر بێت و زەمەنی رۆیشتن و دوورکەوتنەوە هەتا درێژتر، ئەوا بیرەوەرییەکان زووتر دەمرن؟... ها؟... مەگەر وا نیە؟ مەگەر زەمەنیش مەودایەک نیە وەک شوێن؟

وتی خراپ تێگەیشتووم و باشم لێکنەداوەتەوە. وتی راستە هەموو کەسێک رۆژێک دەڕوا و لە کۆتاییدا ئێمە تەنیا وەک خۆمان و بۆ خۆمان دەژین، بەڵام ئەمە لەخۆیدا خاوەن رەوتێکی سروشتییە و ناکرێ هەر لە خۆوە بە بێ ئەوەی کاتی هاتبێ مرۆڤ نەقیزە لە کەری چارەنووس بوەشێنێ و لە جیاتی لۆقە و غارێکی سروشتی بیخاتە مۆزەوە! وتی نا، ئەمە هەڵەیە،... جگە لەمە پەلە مەکە، کات ئەوەندەیش ئارام ناگوزەرێ کە پێت وابێ هەتا ئەو کاتە زۆرت مابێ،... نا، پەلە مەکە! وتی و وتی،... وتی بیرەوەری شتێکە وەک کشان، وەک هەڵوەرین بەدەم رۆیشتنەوە.

من کە حەزم بە پەلە بوو، پەلەم کرد. جانتاکەم هەڵگرت و رۆیشتم. دڵنیا بووم رابردوو ئیتر شتێک دەبێ بە قەدەر ئەم جانتایە و شمەکەکانی ناوی. دڵنیابووم ئەم جانتایە، لەوێ، لە داهاتوودا فڕێدەدەم و شمەکەکانی تەنیا بۆ ماوەیەک کەڵکیان لێوەردەگرم و ئیتر جانتای تازە و شمەکی تازە،... ئیتر هەموو شتێ دەبێ بە داهاتوو و ئەوێ،... بێخەم لەو خەم و دڵەڕاوکێیەی هی سەردەمی منداڵی و پێنەگەیشتووییە،... هی سەردەمی بێ جورئەتییەکان.

بەڵام ساڵان گوزەران و جانتاکە هەر لەدەستم نەبووەوە،... بە شمەکەکانی ناویشیەوە. هەرچەند من بە جوانی لەبیرمە و بە تەواوی دڵنیاتان دەکەمەوە کە بۆ خۆم سەرئەنجام لە زبڵی بەر بینای خانووە تازەکەی ئەوێم خنی و شمەکەکانیشم هەر یەکە و لە زبڵدانێکی تردا، رزیو و دڕاو، فڕێدا،... کەچی،... کەچی هەر بە دەستمەوەیە. لێنابێتەوە.

تکایە یارمەتیم بدەن! گەر من ئەم جانتایەم لە کۆڵ بێتەوە، لە قسەکەی خۆمدا سەرکەوتووم.

لە دەستەکانم دەڕوانم، لە جانتا دەکەن. لەو جانتایەی وا فڕیمدابوو. هەرچی دەکڕم و هەرچی دەچنمەوە، خۆیان لەوێ دەهاون. 'ئیستا'یش چەند حەزی بەوێیە.

لادەکەمەوە. رێگاکان بۆنی ئەوێ دەدەن. خانووەکەم پڕی چیرۆکی ئەو ساتانەیە. نازانم لە کوێوە هاتوون و خۆیان بە ژوورەوەدا کردووە. زۆر بە رێز و بە مەعقولییەوە داوایان لێدەکەم هەستن و لێرە بڕۆن، دەڵێم چیتر ئەم ژیانەی ئێستای من بە پێی بڕیاری ئەو ساڵەم جێی ئەوان نیە، دەڵێم من مرۆڤێکی روو لە داهاتووم. مرۆڤیک کە بۆ دابڕانەکان دروستکراوە و خەم لە لێکترازانەکان ناخوا، چونکە پیشکەوتن تەنیا لەم شێوازەیدا مسۆگەر دەبێ و بەس. چیرۆکەکان هەڵدەستن و دەڕۆن. خانووەکەم جێدێڵن، بەڵام بۆ سبەی کاتێک لە خەو هەڵدەستم دەبینم لەوێ لە ناو جانتاکەدان، جانتاکەی ئەو ساڵانە. خۆیان مڵاس داوە بۆ گێڕانەوەیەکی تر. من کە یەکجار ماندووم لە دەستیان و پێم وایە لە منداڵی لاسار دەکەن، دەڵێم باشە ئەمجارەیش دەتانگێڕمەوە بەو مەرجەی ئەمە دوواجار بێت و ئێوەیش بڕۆن و ئیتر قەت نەگەڕێنەوە.

ئەوسا دەیانگێڕمەوە. ئەوان کە مەستی گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆیان لە زاری منەوەن، جاری وایە دەگرین، جاری وایە هەناسەی قووڵ هەڵدەکیشن و جاری وایشە حەزدەکەن بەدەم گێڕانەوەوە گوێ لە مۆسیقا بگرن، بۆیە دەست دەبەن و هەرچی شریتی بەردەستیانە لێی دەدەن، لە کاوێس ئاغاوە بگرە هەتا حەسەن زیرەک، خالقی و کەمال محەممەد و... . جاری وایشە حەزیان بە سەمفۆنیایە، سەمفۆنیای ئاهەنگێکی فۆلکلۆری، رەنگە لە رەگەزی ماملێ. پڕ لە ناو گوێ. من کە رقم لە فرمێسک و ئاخ و ئۆفیانە، هەر کە لە گێڕانەوە تەواودەبم، دەڵێم دەی یاڵڵا ئیتر تەواو،... بۆ دەرەوە.

ئەوانیش دەڕۆن،... بەڵام نەک زیاتر لە سنوری جانتاکەم!

ئەمشەو زەمەن راوەستاوە. دەزانم وەک هەمیشە کاری جانتا نگریسەکەیە. من لە ژێر چاوەوە  لێی دەڕوانم و دەڵێم هەڵەت کرد هەڵە،... من سەرئەنجام دەتبەزێنم! وە دەزانم دەیبەزێنم، بەڵام ترسم لێ دەنیشێ و لە خۆم پرسیاردەکەم باشە کەی؟ لەو رۆژەی من بەوم وت کە دەڕۆم ساڵانی ساڵ تێپەڕیوەو کەچی وادەنوێنێ ئەو بردوویەتییەوە، وادەنوێنێ ئەو راستی کرد. بەڵام نا، زەمەن هێشتا زۆری بە بەرەوە ماوە. بۆیە بڕیاردەدەم زۆر خەفەت لەوە نەخۆم جانتاکەم هەر بە دەستەوە ماوە. ئاخر هەمیشە ژیان بە گوێرەی ئەو پلانەی بۆمان داڕشتووە ناڕواتە پێشەوە. کەواتە دەبێ بەسەبر بم،... کە هەم! رۆژێک بۆ خۆی دادەکەوێ، بۆ خۆی لە دەستەکانم ماندوو دەبێ و چیرۆکەکانی ناوەوەیشی لە گێڕانەوەی بەردەوامی خۆیان لە هەموو کاتێک ماندووتر دەبن. بزەیەکم دێتێ. وەک هەمیشە لەوەی کە ئەوە هەمیشە داهاتووە دەیباتەوە، خۆشحاڵ دەبم. خۆشحاڵم من مرۆڤێکی سەر بە رێگاکانی داهاتووم. رۆیشتن چەند مرۆڤ لە خەمەکان و لە دڵەڕاوکێ بێهوودەکان بەتاڵ دەکاتەوە. لەعنەت لەوانەی وا بە رابردووەوە دەژین! ئەوانەی وا تام و بۆنی ژیانیان نەکردووە و، نازانن چ خەبەرە.

ئەمشەو چاوکاڵ هاتە خەوم. وتی ئەو ساڵانەت لەبیرە؟ بەیانی کە لە خەو بەخەبەر دەبم بە خۆم دەڵێم هەر ئەمەم مابوو! چاوکاڵێک کە من بەشێکی گرینگی ساڵانی ژینم بۆ خەمی ئەو دابوو، گەڕابووەوە. چاوکاڵ! من ئەو ساڵانەم لەبیرە، بەڵام من نامەوێ لەبیرم بن، گیتارەکەت هەڵگرە و برۆ، من چیتر نامەوێ لە ساماڵی چاوەکانتدا وچانێک بدەم. دەرفەت بۆ پشوو نەماوە چاوکاڵ،... نا، نەماوە! مەگەر نازانی سەردەم سەردەمی خێرایی و گلۆبالە و من دەبێ لە یەک چرکەدا بتوانم خۆم بە دەیان شوێنەوە گرێ بدەم؟... ها، نازانێ؟ نازانی من دەبێ لە یەک چرکەدا بیر لە دەیان رێگای تری داهاتوو بکەمەوە؟ دەزانم نازانی،... ئاخر تۆ هی ئەو سەردەمەی، سەردەمی 'لە ساماڵی چاوەکانتدا وچانێک دان'. رۆێی، دەزانی رۆیی!

چاوکاڵ، چاوە کاڵە دوورەکانی لە ناو جانتاکەدا ون دەبنەوە. من هەڵدەستم، روو لە پەنجەرەکە دەکەم. مانگ روون روون دەسووتێ. جیهان روونترە لەوەی دەبێ روونتر بێ لە نیوەشەوێکی ئالوودە بە مانگەشەو. هەورێک کە لە جانتاکەی دەستم دەچێ، بە کاوەخۆ تێدەپەڕێ. چاوکاڵ وەک هەمیشە لە رابردوودا لەسەفەردایە و خۆ بەدەستەوە نادا. تاکێکی پەنجەرەکە دەکەمەوە و دەڵێم خۆ تۆیش ئەو کاتانە وەها بوویت و من نەمدەزانی! کتوپڕ تێدەگەم من بە بێ ئەوەی بە خۆم بزانم خەریکی لاساییکردنەوەی ئەوم،... لاساییکردنەوەی چاوکاڵ. منی چاوڕەشی چارەنووس رە... نا، چارەنووسی من روونە، روونتر لەوەی بۆ خۆم بۆی دەچووم. هەزار ئەوەندەیش ئەم جانتا نگریسە لەدەستم نەبێتەوە، من هەر چارەنووسم روونە. زۆر سادە، چونکە من هەمیشە لەبەر دەم رێگاکاندا راوەستاوم، رێگا نوێیەکان،... ئەو رێگایانەی وا نە ئەوان لە چاوەڕوانیی من ماندوو دەبن و نە من لە رۆیشتن بە ناویاندا. ئێمەی هاوڕێی لەمێژینە، هاوڕێیانی پێش جانتاکەیش، ئەو رێگایانەی من لە کتێبەکان و لە خەونەکانمدا دۆزیبوونمەوە. لەخۆوە نەبوو کاتێک وەڕێ کەوتم ئەوەندە بۆم ئاشنا بوون. ئێمەی یەکەم خوڵقێنراوانی دەستی خوڵقێنەر. پێکەوە،... هەمیشە.

باران دەبارێ. جەستەم دەتەزێ. "تۆ لە کوێیت؟" چاو دەگێڕم. جگە لە خۆم و لە ژوورەکەم و لە تاریکایی چیتر نابینم. من دەبێ لە گەڵ جەستەی تەزیوم رابێم. رێگا،... رێگاکان وەهان، دەبێ رابێی. ئەگینا لە یەکەم هەنگاوەکاندا رەق دەبیتەوە و لە قەراغێکی غەریب گۆڕون دەبی. ئەمەیش نابێ چارەنووسی من بێت، منی باوەڕمەند بە داهاتوو و بە جورئەت و بە ماندوویی. گڕێکی شین لە تەمومژێکی کتوپڕییەوە دەردەکەوێ کە بۆنی جانتا نگریسەکە دەدا. پێی دەڵێم دەیناسمەوە دەزانم،... دەیناسمەوە.

لە گوندێکی دوورەدەست زەماوەندە. گەڕی رەشبەڵەک ئەوەندە گەرم و خۆشە کە مردووەکانی قەبرستانەکەی تەنیشت ئاوایی لە گۆڕەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و بە دزییەوە لە پەناو پەسیوەکانەوە سەیری زماوەندەکە دەکەن. ئەوانیش جەو دەیانگرێ و رەشبەڵەک دەگرن و، دەکەونە عیو عیو. پیرەکانیان هەناسەیان سواردەبێ و سەکتە لێیان دەداتەوە و دیسان بە دەم هەڵپەڕینەوە دەمرنەوە. دەکەونەوە سەر زەوی. بەڵام هەڵپەڕین هەر بەردەوامە. لۆتییەکان واز ناهێنن و مەستی شاباش هەر دەکوتن و هەر دەژەنن. جانتاکەی دەستی من رەنگی رەش دەبێ.

دەستەکانم دەسووتێن. ئاسمان دێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی برینەکە تیمار بکا. دەڵێ شتە بچووکەکانیش بە شتە بێکۆتاکان چارەسەر دەکرێن. من داماوانە لێی دەڕوانم و تەنیا دەڵێم تکایە چارەسەری بکە، ژانەکەی یەکجار زۆرە، دەسووتێ. ئاسمان 'با' یەک هەڵدەکا، لێی دەئاڵێنێ و ئەوسا هەورێکی پەشمینی سەردەخا و دوواتر بە پەتی کۆڵکەزێڕینە دەوری دەگرێ و دەیبەستێ. ژانەکە کەمکەم دادەمرکێ. ئاسمان بزەیەک دەکا و لە پەنجەرەکەوە دەڕوا و دیسان دەچێتەوە بۆ ئاسمان. بۆ شوێنە هەمیشەییەکەی خۆی. ئەستێرەکان دەجریوێنن. ئاوازێکی ئارام و سیحراوی شەو دادەگرێ. دەزانم ئەمە کاری ئاسمانە بۆ ئەوەی من بتوانم بخەوم. ئەستێرەکان میهرەبانترین بوونەوەرەکانی جیهانن.

دەخەوم. جانتاکەم هەر بە دەستەوەیە. خەو دەبینم. لە خەوما هەمان سالانی ساڵ لەوە پێشە. من خەریکی هەمان گفتوگۆی بەناوبانگ لەگەڵ ئەوم کە بوو بە گفتوگۆیەکی مێژوویی. من دەڵێم دەڕۆم، ئەویش دەڵێ هەڵەی. من دەڵێم ژیان بە بێ هەڵە ناکرێ و لە راستیدا ژیان نیە، ئەو دەڵێ... نازانم چی دەڵێ. ئاسمان دێ و پەتووەکەم پیادەدا. من جوان جوان پەتووەکە لە خۆم دەئاڵێنم. جەستەم سەرمای دەرەوە بەرەبەرە لەبیردەکا. دڵنیام ئەمشەو خۆشترین خەونەکان دێنە خەوم. ئەوانەی وا من بە داهاتووەوە گرێدەدەنەوە. من چەند پێویستم پێیانە.

ئاسمان دەڵێ لانیکەم ئەمشەو وازبێنە، تات هەیە و هەڵدەلەرزی، خەوبینینی شەوانی وەها باش نیە. دەڵێم تکایە دامپۆشە،... تا هەین چارمان نیە،... لانیکەم من. تکایە!

کە ئاسمان دەڕوا، ئاگام لێیە هەرچی رێگای دونیایە دێنە بەر پەنجەرەکەم. سەر بە شووشەکەوە دەلکێنن و گرێودەکەن کە ئەمجارەیش رزگارم دەبێ. تەنیا لەوە نادڵنیان کە من دوواتر کامیان هەڵدەبژێرم.

جانتاکەی دەستم دیسان خۆی خۆش دەکاتەوە،... خۆش بۆ سەفەر و بۆ رێگایەکی تر.

بە ئاسمان دەڵێم شەوخۆش،... شەوخۆش!

مردووەکان، ئەوانەی وا لە رەشبەڵەکەکە قوتاریان بووە واز ناهێنن. دەڵێن کاری چاک ئەکەی،... بڕۆ و لامەکەوە، مەکەوە ژیانێکەوە کە دوواتر حەسرەتی رەشبەڵکێک ئارامیی ژیانی ناو قەبرستانت لێ تێکبدا!

 Bilderesultat for ways art