ما 2206 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بوونە پێکەوە گرێدراوەکان

لە جیهانێکدا تەعبیرە باوەکان تێرمان ناکەن، پەنا بۆ ئەدەب و هونەر دەبەین. پێدەچێ کە قەت تەعبیرە باوەکان (بگرە بە زانستیشەوە)، تێرمان نەکەن و بۆیە هەمیشە نیاز بە ئەدەب و هونەر بە درێژایی مێژوو هەستی پێکراوە. مرۆڤ تێکەڵی ئەدەب و هونەرە و، ئەدەب و هونەریش تێکەڵی مرۆڤ. پێوەندێکی نەچڕ و دوولایەنە.

بەڵام ئەدەب و هونەر تەنیا تەعبیر نیە، بەڵکو حاڵەتێکیشە لە شێوەی ژیان. ئەوان دەبنە هۆی ئەوەی بە جۆرێکی تر خۆمان لەگەڵ ژیان و رووداوەکانی رێکبخەین. رەنگە دەروونگەرایی یەکێک لە دەرکەوتەکانی وەها شێوە ژیانێک بێت. لەم دەروونگەراییەدا مرۆڤ پێوەندێکی تر لە گەڵ جیهان و لەگەڵ دەورووبەری خۆی چێدەکا. دەروون دەبێ بە سەرچاوەی فاکتەرێکی زێدە بۆ بوون.

دیسان ئەم دەروونگەراییە دەتوانێ سەرچاوەی گەلێک گومان بێت لە تێڕوانینی ئێمەدا. گومانێک بەرگپۆش بە هیوایەک بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان. چما ئەدەب و هونەر لێرەوە دەیەوێ جۆری پێوەندیی ئێمە لەگەڵ دونیا جوان بکات. ئەگەرچی ئەم جوانییە زۆر جار دراوسێی وەڕەزی و بێتاقەتییە. بێ هۆ نیە لە کۆمەڵگا پڕ قەیرانەکاندا ئەدەب و هونەر دەپشکوێن و خەڵکێکی زۆرتر رووی تێدەکەن، هەرچەند ئەمە دەکرێ بە مانای زیادکردنی نووسەرەکانیش بێت و نەک بەناچار بە مانای زیادبوونی خوێنەران.

ئەدەب و هونەر هەمیشە سەردەمی گەڕانەوەی مرۆڤ بووە بۆ خۆی. وە لێرەیشەوە نواندنی خۆی وەک بوونێکی فەرامۆشکراو و پەراوێزخراو. ئێمە لە رێگای ئەدەب و هونەرەوە خۆمان دەردەخەین و بیری کۆمەڵگای دەخەینەوە هەین، هەبوونێک کە دوواجار هەبوونی کۆمەڵگایش بەرجەستەتر دەکاتەوە.

سایتی قەڵەم

٢٥ ئاپریلی ٢٠١٩

 Bilderesultat for human and art

گەڕان بۆ بابەت