ما 4539 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

گەشەی ئایدیای 'تاک' خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژە کە دەتوانین بڵێین لە 'پرۆتاگوراس'ەوە (پێنج سەدە پیش زایین)، دەستپێدەکا، تا دەگاتە سەردەمی رێنسان، شۆرشی فەڕەنسە و ئەوسا راگەیەندراوی مافی مرۆڤ لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٤٨دا. پرۆتاگوراس دەیگوت "مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە".

 

 

مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە

لاش گوننار لینگۆس

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

مشتومڕی نێوان مرۆسەنتەری و خوداسەنتەری لە ژیانی فیکریی ئۆرووپا، بە درێژایی سەدەکان، گفتوگۆیەکی گرینگ بووە. ئەمە لە ناو باوەڕمەندانی ئایینیداجووڵەی دروستکرد، جووڵەیەک کە بووە سەرەتایەک بۆ هیومانیسمی دونیایی یاخود سکولار کە دوواتر دەیسمی لەگەڵ خۆی هێنا.

ئەقڵگەرایی لە فەڕەنسە گەشەی کرد و ئەزمونگەرایی empirism لە ئینگلیز (ئەزمونگەرایی رەوتێکە ئەزمونی تایبەتی مرۆڤ دەکاتە بنەما بۆ ناسین). پێوەندیی نێوان بیروباوەڕە جۆراوجۆرەکان و گۆڕانە سیاسییەکان کە لە زۆر بواردا لە دژی کلیسا بوون، بووە هۆکاری سەرهەڵدانی دۆخێکی نوێ، کە لە تایبەتمەندییەکانی کراوەیی و دیقەت لە ناسین دا بوو. هەروەها دۆخە نوێکە فوکوسی خستە سەر بایەخی تاک و مافەکانی و، هەروەها ئەرکەکانی دەوڵەت بەرامبەر بە هاوڵاتیان، کە ئەمە لە دروشمی ئازادی بەیان، بەرابەری و برایەتی دا رەنگی دابوویەوە. ئایدیای ئازادی بە تایبەت گرێدرابوو بە ئازادی بیروڕا و مافی دەربڕینەوە و، ئایدیای بەرابەری بە هاوبایەخبوونی مرۆڤەکان و بەرابەرییان لە بەرامبەر یاسادا، برایەتیش وەک ئەمڕۆکە ناوی لێدەبەین لەسەر نەریتی هاوپشتی کە پشت ئەستور بە نۆڕمە ئەخلاقییەکانی پێکەوەبوون لەناو نەوەکانی نەتەوەدا بوو.

دەتوانی بڵێین ئەم بیروباوەرانە میراتێک بوون لە 'پاریس'ەوە بەجێمابوون. بەمانە بنەمای هیومانیسمی دونیایی و دوواتر راگەیەندراوی مافی مرۆڤ داڕێژران، ئەو مافانەی کە دەبێ بەو شێوازەی لە مافی مرۆڤی مودێڕندا باسی لێکراوە لە لایەن وڵاتانەوە بپارێزرێن. هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆکە ژینڕوانگەی هیومانیستی مافەکانی مرۆڤی کردووە بە بەشێکی گرینگ لە نیگای مرۆڤی سەردەم بۆ مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ نەریتێکی هیومانیستیی درێژخایەن کە بە درێژایی سەدەکان چالاک بووە.

گەشەی ئایدیای 'تاک' خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژە کە دەتوانین بڵێین لە 'پرۆتاگوراس'ەوە (پێنج سەدە پیش زایین)، دەستپێدەکا، تا دەگاتە سەردەمی رێنسان، شۆرشی فەڕەنسە و ئەوسا راگەیەندراوی مافی مرۆڤ لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٤٨دا. پرۆتاگوراس دەیگوت "مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە"، رێنسانس پێی لەسەر بایەخی مرۆڤ دانا و شۆرشی فەڕەنسەیش پێی لە سەر مافەکانی تاک داگرت لە Declaration des Droits de l’Homme  لە ساڵی ١٧٨٩دا.

راگەیەندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە شتێکی گرینگ دەکا، ئەویش ئەوەیکە هەموو مرۆڤەکان بە گشتی خاوەن بایەخێکی زاتین. ئەمە روانینە مرۆسەنتەریانە، شۆڕشگێڕانەیە چونکە باس لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ سەرەڕای هەبوونی هەموو ئەو ئایدیۆلۆژیا و  ژینڕوانگانە دەکا وا مرۆڤەکان لەیەک جیادەکەنەوە.

کاکڵی ئەم بیرە ئەوەیە مرۆڤ خۆی خاوەنی خۆی و بیروباوەڕەکانیەتی. مرۆڤەکان سەرەڕای رەگەز، جنس، تەمەن، چین، رەنگی پێست، ئێتنیک، رواڵەت و توانا جیاوازەکانیان، هاوبایەخن. هیومانیستە مودێڕنەکان تەنانەت سێکسواڵیتێتیشی پێ زیاددەکەن. کەرامەتی مرۆڤ هەروەها بە تایبەتمەندییە دەروونییەکانی وەک باوەڕمەندی بە خودا، نەبوونی باوەڕمەندی بە خودا، یاخود بیروباوەڕە سیاسییەکانەوە نەبەستراوەتەوە.

مێژووی گەشەی هیومانیسم تەنیا بریتی لە پیشکەوتنی بەردەوام نیە. دیاردەی تریش دەبینرێ، وەک شەڕی ئایدیاکان، تێکهەڵچوونەکان و لەدژی یەکترڕاوەستانەکان. لەم رەوتی گەشەیەدا هەم پێشکەوتن دەبینرێ و هەم رەوتی پێچەوانەی پیشکەوتن. ئەم مێژووە هاوکات خاوەنی گیانبەختکردووانی خۆیەتی. ئەوانەی وا بەشێوازی تر بیریان کردەوە و لە لایەن کلیسا و میرەکانەوە (دەسەڵاتداران)، واتە ئەوانەی وا پێیان وابوو لە لایەن خوداوە حوکم دەکەن، درانە بەر سزا و کاردانەوەی سەخت. هیومانیستەکان لە دژی خواستی دەسەڵات بۆ ملکەجبوون بە داواکانیان بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە راوەستان و بەم شێوەیە هیومانیسم بەرەبەرە بە ناو ئەم ئازارانەدا خۆی خەمڵاند. راوەدوونان و دەرکردن، جەنگی کۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەوەیی، مێژووی ئۆرووپای بە کیشوەرەکانی تریشەوە خستە ژێر کاریگەرییەکانی خۆیەوە. ئەم کاریگەرییانە زیاتر بوون لەو قسە جوانانەی ئێمە وەک میرات لە ئورشەلیم، ئاتێن، رۆم و پاریس بۆمان مابوونەوە.

ژینڕوانگەی دونیایی لە نەریتی هیندی و چینی دا

ماتریالیزمی هیندی

ئەو بڕوایەی دەڵێ هیچ خودایەک بوونی نیە، لە وڵاتی هیندستان خاوەن نەریتێکی کۆن و روونە. کاتێک من لە ساڵی ١٩٩٥ سەردانی هیومانیستە هیندییەکانم کرد، زۆربەیان بە لەخۆباییبوونەوە باسی ئەم نەریتەیان دەکرد، ئەگەرچی دژوارە سەلماندنی ئەوەی هەمیشە وەها بووە و، ئەگەرچی هیومانیستەکانی هەنووکەی ئەم وڵاتە وەک چۆن لە ژێر کاریگەریی فیلسووفەکانی خۆیاندان هەر بەو شێوەیە لە ژێر سریمەی هیومانیسم و فەلسەفەی رۆژئاوایشدان.

کۆنترین کتێب و نووسراوە کە ئێمە دربارەی دەیزانین و، ونە و، دەڵێن هی سەدەی شەشی پێش زایینە، ناوی Bhaspati Stra یە. ئێمە سەبارەت بەم کتێبە تەنیا لە رێگای ئەو نووسینانەوە دەزانین وا داویانەتە بەر رەخنە. بە ماتریالیزمی هیندی دەگوترێ Cãrvãka یا Lokayata (Hiorth 1993, Radhakrishnan and Moore 1957). ئەم ماتریالیزمە بە درێژایی سەدان ساڵ ژیاوە و وەک دوواتر دەیبینین لە سەر بیری بودیستی کاریگەریی هەبووە. ئەم ئاراستەیە دوواتر لە لایەن شەپۆلی 'هیندویسم' و 'جەنیسم'ەوە کە دوواتر سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە بەژێرەوە بوو، ئەو شەپۆلەی وا کەم تا کورت بودیسمی لە هیدستان سڕییەوە.

لوکایاتا باس لەوە دەکا تەنیا ئەم جیهانە (لوکا) بوونی هەیە کە ئەویش لە سوبستانس  substanceواتە ماددەی بنەڕەتییەکانی زەوی، هەوا، ئاگر و ئاو پێکهاتووە. ئەمانە بنەما مەتریالیەکانی هەموو شتێکن، هەروەها وەک بنەمایش بۆ وشیاری، چونکە بە بێ ماددە وشیاریش بوونی نیە. مەتریالیستە هیندییەکانی ئەو سەردەمە بەم شێوازە بیریان دەکردەوە. ئەوان دەیانگوت بە بێ ئەم بنەمایانە هەموو شتێ لەناو دەچن. ئەوان دەیانگوت رۆح، خودا و ژیانی دووای مەرگ بوونیان نیە، سروشت خاوەنی موڕاڵ نیە و ژیانی سەر زەوی خاوەنی هیچ ئاراستە یاخود ئامانجێک نیە. هاوکات باوەڕیان بەوە هەبوو کە مرۆڤ دەتوانێ بە شوێن ژیانێکی بەدوور لە ئازارەوە بێت و، بە گوێرەی ئەو یاسایانە بژی وا بۆ خۆی دروستی کردوون.

هەڵبەت ئاتەیسم و سروشتگەرایی ئەوان جاری وابوو لە بەرگی دەربڕینێکی شیعرییانەدا خۆی دەنواند. لە دەقێکدا کە 'رادهارکریشنا و مور' لە ساڵی ١٩٥٧ نووسیویانە، لە لاپەڕەی ٢٣٥دا هاتووە کە:

"کێ خواردن دەداتە تاووس، یاخود کێ دەبێتە هۆی خوێندنی کۆترەکان؟

تەنیا سروشت.

جگە لەم دونیایە هیچ دونیایەکی تر بوونی نیە، نە بەهەشت و نە جەهەننەم

'شیوا' و سەرزەمینەکەی تەنیا خوڵقێنراوی دەستی فێڵبازەکانە.

تەنیا لەززەتی ئاسمانی خواردنە خۆشەکانە و هاوڕێیەتی لەگەڵ کچە گەنجەکان، جل و بەرگی جوانە، بۆنی خۆش و تاجە گوڵینەکانی درووستکراو لە داری ساندێل

ئازاری جەهەننەمی، دوژمنەکانمانە، توند و تیژییە و چەک و نەخۆشی

مەرگ، ئازادی هێنەرە و، دەرفەتێکە بۆ رزگاری

(لێرەدا دووا رستە نەکراوە بە کوری ـ وەرگێڕی کوردی)

 

داخۆ ئایینی بودایی 'تێراڤادا' ژینڕوانگەیەکی دونیاییە؟

نەریتێک لە بودیسمدا هەیە بەناوی تێرڤادا کە دەتوانێ لێرەدا نموونەیەک بێت بۆ باسەکەی ئێمە سەبارەت بە ژینڕوانگەی دونیایی لە هیندستانی کۆندا. کاتێک باس لەسەر کارەساتەکانی ژیانە، ئەم نەریتە لە گەڵ نەریتی روانگە دونیاییەکانی یۆنانی کەونارا لێکچوونیان هەیە. تێکستەکانی تێرڤادا کۆنترن لە فیلسووفەکانی یۆنان. لە لایەکی ترەوە نوێترن لە مەتریالیزمی هیندی و، هەندێ پییان وایە ئەم مەتریالیزمە کاریگەریی لەسەر بودیسم هەبووە. 'ریز داڤیدس'ی کارناسی فەلسەفەی هیندی کە لە دەورووبەری گۆڕینی سەدەی نۆزدە بۆ بیست کاریدەکرد مشوری ئەوەی خوارد کە 'تێکستەکانی پالی' بناسرێن (داڤیدس ١٩١٤). ئەمانە کۆنترن لەو تێکستانەی کە ئێمە پێوەندییان دەدەین بە ئایینی بودیسم لە سەردەمی خۆماندا.

دەبێ لێرەدا تەئکید لەسەر ئەوە بکەین کە تێراڤادای بودیستی، وەک فەلسەفە یان ژینڕوانگە هێشتا بۆ وێنە لە تایلەند و سریلانکا هەر ماوە، بەڵام هەنووکە خۆی لە ناو نەریت و تێگەیشتنی جۆراوجۆردا دەبینێتەوە و، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کوت و مت ئەوەی نەبێ کە لە تێکستە سەرەتاییەکاندا هەبوو.

ئەو ئایینە بوداییەی ئەمڕۆکە بەشێوەیەکی بەرین ناسراوە و بڵاوبووەتەوە، پێی دەگوترێ 'ماهایانا'. بودیسمی ماهایانا لە هیندستانەوە تەشەنەی کردووە، بەڵام لە دووای ئەوەی بودیسمی تێراڤادا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و لە سریلانکا رەگی داکوتاو هەروەها دووای ئەوەی کەوتە ژێر کاریگەریی تێگەیشتنە ئانیمیستیەکانەوە (ئانیمیسم روانگەیەکە پێی وایە هەموو شتێ لە سروشتدا خاوەن رۆحە ـ وەرگێڕی کوردی). ماهایانا وەک کەسێکی پیروز لە بودا دەڕوانێ، تەنانەت هەندێ دەڵێن وەک خودایش. لە هیندستان بودیسم تەقریبەن نەماوە، بەڵام لە ژیانی فیکری و رۆحی هیندیدا کارتێکەریی بودیسمی کۆن و نوێ دەبینرێن.

بودیسمی کۆن، بەو شێوەیەی لە سەدەی شەشی پێش زاینن سەریهەڵدا وگەشەی کرد، زیاتر لەوەی ئایین بێت، ژینڕوانگە یاخود فەلسەفە بوو. لە تێکستەکانی تێراڤادادا چاومان بە ژینڕوانگەیەک دەکەوێ کە بە توندی لە دژی ئانیمیسمی سەردەم، بیری رەمزاوی و دۆگما بوو. شازادە 'سیدهاتها' یاخود بودا (٤٨٣ ـ ٥٦٣ پ. ز.)، بیرێکی بڵاوکردەوە لەسەر نەزمی سروشتی و هەمیشەیی شتەکان (دهاماDhamma)و هەروەها، لەسەر وشیاریی دەروونیی زەینی مرۆڤ بۆ نواندنەوەی ئەو نەزمە دەرەکییەی شتەکان هەیانبوو (Abhidhamma ئابهیدهاما). ئەم ئایدیایە لەمەڕ واقع و وشیاری، روانگەیەکی گشتی نیشان دەدا کە بە گوێرەی داڤیدس دەتوانێ بیری ئایدیاکانی ئەرەستومان بخاتەوە. وە بە گوێرەی هەمان سەرچاوە ئەمە لە راستیدا کەمتر ئاراستەیەکی ئایینی هەبوو لە چاو ئەو بیرەی لە یۆنانی کەونارادا دەبینرا.

کاکڵی ئەم ژینڕوانگەیە چی بوو؟ دهاما (بە سانسکریت دهارما)، دەستەواژەیەک بوو بۆ نەزمی ئەبەدی و سروشتیی هەموو شتەکان، نەزمێک کە زەروورەت پاڵنەری بوو و، نەک خودا. رەوتی جیهان خاوەنی هیچ خوڵقێنەر، مەبەست یاخود کۆتاییەک نەبوو. بوون، خاوەن هیچ پلانێکی بیرلێکراوە یان مانا نەبوو، وەها کە مرۆڤەکان بتوانن هەڵیگرنەوە. بوون لە ئەزەلەوە بوو بەرەو ئەبەد، بریتی بوو لە یەکگرتن و هەڵوەشان. وشیاری لە بنەڕەتدا دیاریی سروشت بوو. بودا بۆ ناسین سیستمێکی لۆژیکی چێکرد کە تێیدا ناسین بریتی بوو لە نواندنەوەی ئەزموونەکانی ئێمە لەگەڵ دونیای واقع.

چەند شتی گرینگ لە پێوەندی لەگەڵ بودیسم لەئارادایە: یەکەم بریتییە لە پرینسیپی 'ئانتا' (بە واتای خۆت نا)، بەو مانایە کە هیچ رۆحێک بە بێ جەستە بوونی نیە. بەواتایەکی تر ئەمە تیۆرێکی مونیستیە (یەکانە)یە، نەک دوالیستی (دوو بەش)، بەو شێوازەی لە ئایینی یەهوود و مەسیحییەتدا باوەڕیان پێی هەیە. ئەم دوو ئایینە و، هەر وەها ئیفلاتون و دێکارتی فیلسوفیش باوەڕیان وایە رۆح و جەستە بەجیا هەن. لەم ئایینەدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تێکەڵ، پێوەندیدار و رەوت ئاسا سەیردەکرێ و چەمکێکیان هەیە بە ناوی 'خاندها' Khandha یان بە سانسکریت 'سکانها' Skanha کە تێکڕا هەست، ناسین، مەیل و وشیاری مرۆڤ پێکەوە دەگرێتەوە.

هیومانیستی کانادایی 'پات دافی هاتچون' Pat Duffy Hutcheon دەنووسێ کە "ئایینی بودا لە مێژووی مرۆڤ وەک نەزمێکی سروشتی، ئۆرگانیک و دەروونی دەڕوانێ کە مرۆڤ دەتوانێ جێگای خۆی تیا ببینێتەوە." بە گوێرەی تێرمە لۆژیکییەکانی 'هۆ و هۆگر' و تێگەیشتنە غەیرە میتافیزیکییەکانی تر، ئەم تیۆرە وێنایەک لەسەر دەرکی واقع پیشکەش دەکا کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێ ئەقڵانی هەڵس و کەوت بکا.

بودیسمی تێراڤادایی هەروەها باس لە هەندی پرینسیپی بنەڕەتی دەکا کە دەتوانن لە ژیاندا کاریگەرییان هەبێ:

١ـ هەندێ کردە ـ بە واتای بەرینی وشە ـ ئازاربەخشن، بەڵام هەندێکی تریان خۆشبەختی و رەزایەت لەگەڵ خۆیان دێنن. ٢ـ مرۆڤ لە رێگای کردە چاک و خراپەکانی خۆیەوە شکڵ دەگرێ. ٣ـ ژیانی مرۆڤ مکانیزمێکی گەورەتر و یەکپارچەیە کە واوەترە لە ژیانی تاک کەسێک لە نێوان لەدایکبوون و مردندا.

ئەخلاق باس لەوە دەکا کە مرۆڤ ئەوەی دەدورێتەوە وا دەیچێنێ. 'تیپیکاتا' (یان بە سانسکریت 'تریپیکاتا' کە بە واتای ئەو سێ سەبەتەیە ئایدیاکانی بودیسم بە گوێرەیان دەستەبەندی کراوە)، بە شێوەیەکی شاعیرانە ئەمە بەم شێوازە دەردەبڕێ:

"لە هەر توویەک میوەی تایبەت بە خۆی لێدەڕوێ. جا ئەوەی چاکە بکا، چاکە وەردەگرێتەوە. ئەوەی خراپە بکا خراپە وەردەگرێتەوە. ئەو میوەیەی تۆ تامی دەکەی هەمان تووەکەیە." (ئەم رستانە لە 'داڤیدس'ەوەیە، لاپەڕەی ١٢٣، نووسەری نۆروێژییەکە وەریگێڕاوە).

تێراڤادای بودیسمی بە سێ شێواز عەمەل دەکا بۆ ئەوەی لە "رێگای هەشت بەشی نەجیب بوون"ەوە بە 'نیبانا' (بە سانسکریت نیرڤانا) بگا. شێوازی یەکەم 'سیلا'یە، واتە ئەو نۆڕمە ئەخلاقیەی وا جیهانیە (وەک لەکەس نەدەین، دزی و درۆنەکەین). هۆکارەکەیشی ئەوەیە ئەم کردانە قەرەبوو ناکرێنەوە. شێوازی دووهەم، 'سامادهی'، باس لە دیسیپلینی دەروونی دەکا، واتە وشیارکردنەوەمانە سەبارەت بەو شتانەی بەرگری لە ژیانێکی باش دەکەن (وەک دەستدرێژیی جنسی، تووڕەیی، نەفەرت، خەیاڵ و هەڵە). سێهەمینیان، 'پان'، بە واتای ئەقڵە. 'نیبانا'یش وەک 'سێهەمین راستی'، لە رێگای 'دابینکردنی چارەنووسی خۆوە وەک بەشێک لە رێگایەکی سروشتی' دەستەبەر دەکرێ. ئەمە ئێمە بیری ئەرستوی یۆنانی دەخاتەوە کاتێک باسی لە فەزیلەت دەکرد، واتە میانەڕەوی وەک رێگایەکی ئاڵتوونی بۆ کردە.

تێگەیشتن لە مردنیش لەم تێکستانەدا ئەقڵانی بوون. مردن بریتی بوو لە "چوونە دەرەوە لە ژیان". ئەوەی وا دەیەویست 'رێگای راستی' بگرێتە بەر، دەبا لە رێگای ئەخلاقی بەرز، دیسیپلینی دەروونی بەرز و ئەقڵێکی باڵاوە، خۆی رابێنێ.

بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین کە بودا یەکێک لەو یەکەم کەسانە بوو وا ژینڕوانگەی دونیایی فۆرمولە کرد. ئەگەرچی کاتێک باس لە بودیستەکانی ئەم سەردەمەیە، ئەوا دابەشدەبن بە سەر بەشی جۆراوجۆردا کاتێک باس لە سەر لێکدانەوەی بیروڕاکانیەتی. دەتوانین بڵێین رەوتی 'ماها یانا' لە بودیسم دا تا رادەیەک خۆی لە تایبەتمەندییە دونیاییەکانی تێکستەکانی تێراڤاندا جیادەکاتەوە. زۆر کەس دەڵێن ئەوان بۆ وێنە بودایان کرد بە خودا. لە لایەکی تریشەوە رەوتی تێراڤاندا لە لایەن هۆگرەکانییەوە زیاتر وەک ژینڕوانگەیەکی دونیایی سەیردەکرێ هەتا ئایین.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫بودا‬‎

گەڕان بۆ بابەت