ما 6138 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

چاویلکەی ئەدیب

ئەگەر بمانەوێ لە زمانی 'کانت' کەڵک وەرگرین ئەوا ئەدەب چاویلکەیەکی ترە کە مرۆڤ لە چاوی دەکا بۆ ئەوی لێیەوە لە دونیا بڕوانێ. چاویلکەیەک خاوەنی تایبەتمەندیی خۆی و لێرەو بەرەو ئەو ئاکامە کە بەم چاویلکەیە دەبینە شێوازێکی تایبەتی لە دونیا روانین.

دیارە کانت بەو پێیەی باوەڕی بە چەمک و مانا غەیرەئەزموونییەکانیشە کە لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤ لەدایک دەبن، بۆیە ئەم چەمکە غەیرەئەزموونیانەیش بە نۆرەی خۆیان چوارچێوەی رووانینی ئێمە بۆ جیهان دیاری دەکەن (بۆ وێنە چلۆنایەتی و چەندایەتی). بە گوێرەی کانت کەس ناتوانێ خۆی لە چاویلکە دەربازبکا، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجی ئەم یادداشتەیە ئەوەیە کە ئەدەب فۆڕمێکی ترە لە چاویلکە بە پێداگری لەسەر چەمکە زاتییەکان کانت کە هاوڕێگایەتی.

کە باسی چاویلکە دێتە ئاراوە ئەوا بەو مانایە چاویلکە دەکەوێتە نێوانەوە و، بەم شێوەیە مرۆڤ واقع و دەورووبەری وەک خود واقع و دەورووبەر نابینێ. شتەکان بەناچار لەم چاویلکەوە گوزەر دەکەن.

بەم پێیە ئەدەب دەبێ بە شێوازی رووانینی تایبەتی خۆی لە دەورووبەر. ئەمە بەگشتی، بەڵام بە شێوەی تایبەتیتریش هەر ئەدیبێک دەکرێ خاوەنی چاویلکەی خۆی بێت و بۆیە دەقە خوڵقێنراوەکان دەکرێ لەیەکتر جیابکرێنەوە. چاویلکە دەبێت هۆی سازانی سنور و چێکردنی وڵاتە سەربەخۆکانی دەق.

ئەدیب گەر نەگاتە ئەم چاویلکەیە، ئەوا نابێتە خاوەن دەقی تایبەت بە خۆی. بەڵام چاویلکەیش ئەوەندە ئاسان دەستناکەوێ. وەها نیە بچین و لە دووکانێک بیکڕین و تەواو! چاویلکەی ئەدیب لە هیچ شوێنێک لە دەرەوەی خۆی دەستناکەوێ. ئەدیب بۆ خۆی دادەنیشێ و سازیدەکا. هەرچەند وەهایش نیە کە لە پێش نووسینی دەقدا ئەم چاویلکە لەدایک دەبێ. چاویلکەی ئەدیب سەیر ئەوەیە لە کاتی نووسین دا لە دایک دەبێ! چاویلکەی ئەدیب، خاوەن پێناسەی رەوت ئاسایە.

سایتی قەڵەم

٥ی مەی ٢٠١٩

Bilderesultat for litteratur briller

گەڕان بۆ بابەت