ما 9172 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە زۆر ئاسانتر مل دەدەینە مەرگ. لە سەرتاسەری ژیانمان بیری لێناکەینەوە، کە مەرگ هات ئیتر دێت و تەواو. نە شیعری لەسەر دەنووسین، نە چیرۆک و رۆمان و نە مۆسیقا. ناشگرین. دەزانین وەک چۆن ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ئەوانی تر بخۆین، ئەوانی تریش مافی ئەوەیان هەیە ئێمە بخۆن، مل دەدەین.

 

مێشی سەر دیوار

فەڕۆخ نێعمەتپوور     

من مێشێکی سەر دیوارم. مێشێکی باڵ روونی کەلە زلی لۆق درێژ کە حەزی لێیە سەر بە هەموو کونێکدا بکا. هەر لە کونی لووت و کونی گوێی مرۆڤەکانەوە بگرە هەتا کونی ئاودەست. من لە خانوویەکی قەرەباڵغدا دەژیم. خانوویەک بریتی لە ژن و پیاوێک و چەندین و چەندین منداڵی گەورە و بچوک، هەروەها لەگەڵ دەیان و دەیان مێشی تر. کە هەموومان پێکەوە دەبین بە بنەماڵەیەکی گەورە. لانیکەم لای من.

ئەگەرچی خانووەکە زۆر گەورە نیە، بەڵام بەخۆشییەوە بۆ منیش شوێن هەیە. منیش دەتوانم لێرە بژیم. جێگام دەبێتەوە. هەڵبەت بە سەر دیوارەکانەوە. راستییەکەی ئەوەیە ئێمەی مێش لە کاتی حەسانەوە، روودەکەینە دیوارەکان. پان و بەرینیی دیوارەکان هەمیشە بۆ ئێمە سەرنجڕاکیش بووە.

ئەگەرچی عومری من تەنیا دوو سێ هەفتەیە و عومری ئەوان بە دەیان و دەیان ساڵ، بەڵام دەبێ دیان بەوەدا بنێم ئەو دوو سێ هەفتەیەیش بۆ من وەک ئەو دەیان ساڵەیە. بۆیە من لە ماوەی تەمەنی خۆمدا دەتوانم زۆر شت لە سەر ژیانی مرۆڤەکان فێربم. دیارە ئەگەر دەرم نەکەن، یان بە مێشکوژێک پانم نەکەنەوە و، یاخود دەرمانم بەسەردا نەڕێژن. ئەوەی وا لە زمانی ئەواندا لە گۆڕانێکی غەریبدا دەبن بە: تاراوگە، قەتڵ و شیمیایی کردن.

با هەندێ لە زانیارییەکانم بۆ ئێوە لە سەر ئەوان بدرکێنم:

یەکەم شت کە لەسەریان دەزانم ئەوەیە ئەوان زۆر رقیان لە ئێمەیە،... لە ئێمەی مێش. ئەوەندەیش لە هۆکارەکەی گەیشتبم دەڵێن پیسین، میکرۆب لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین و بڵاوی دەکەینەوە. مەبەستیشیان لە پیسی ئەوەیە ئێمە لەسەر هەموو شتێ بەتایبەت گووی ئەوان و پاشماوەی خواردنیان دەنیشین. هەروەها پیسین لەبەرئەوەی گوایا ئێمە خۆمان ناشۆین، غافڵ لەوەی ئەوان نازانن ئێمە هەموو کات و هەموو دەمێک بە قاچ و دەستەکانمان خەریکی خۆشۆردن و خۆپاکژکردنەوەین. مرۆڤە گەمژەکان!

هۆکارێکی تر ئەوەیە دەڵێن ئێمە زۆرین و رەزامان گرانە. ئەمە ئیتر زۆر نامەردانەیە! وەرن با ژمارەی ئێمە و ئەوان لەگەڵ قەوارەمان بەراوردبکەین و ئەوسا بیر لە ژمارە و زۆر و بۆری بکەینەوە. بەڕای ئێوە چەند مێش پێکەوە دەبنە قەوارەی مرۆڤێکی ئاسایی؟... ها چەند دانە؟ بێگومان بە دەیان هەزار، رەنگە سەدان و میلیۆنانیش. جا بەم حسێبە کێ جێگای زۆرتر لەسەر ئەم زەوییە نەگبەت و سنووردارە داگیردەکا؟... ها،... کێ؟

باشە با وای دابنێین ئێمە رەزامان گرانە. بەڵام تو خۆت و ئیمانتان ئەمە راستە؟! جوان سەرنجمان بدەن، ئێمەی مێش هەر هەموومان سەرەڕای گەورە و بچووکیمان و رەنگی جیاوازمان، زۆر لەیەکتر دەکەین. کوت و مت. بەڵام سەیری ئەوان، سەیری مرۆڤەکان بکە، چەند دەتوانن لەیەکتر نەچن. بۆیە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی لە ناویاندا لەهەرە جوانەوە تا هەرە ناشیرین دەستکەوێ، بەڵام ئێمە هەر ئەوەین کە هەین. کە وایش بوو، ئیتر جوانی و ناشیرینی لە ناو ئێمەدا مانای نامێنێ. ئاخر نەک ئەوەیە جوانی و ناشیرینی هی ئەو کاتەیە وا جۆراوجۆری هەیە؟ جا بزانن ئەوان، مرۆڤەکان، چەندە گێل و نەزانانە جوانی و ناشیرینیش لێکدەدەنەوە!.. چەند نەزانانە دونیای خۆیان بۆ ناو دونیای ئێمە رادەگوێزن.

هەموو مێشێک دەزانێ، ئێمە لە هەوانتە و هەر لەخۆوە شتێکی وەک مێشکوژ بە دەستەوە ناگرین تا زیندەوەرەکانی تری دەورووبەرمانی پێ پان و پلیش بکەینەوە و بیانکوژین. یان پەڕۆیکی زل بە دەوری سەرماندا هەڵسوڕێنین و دەریان کەین، یاخود بە گاز، شیمیاییان بکەین و بیانخنکێنین. ئێمە وەک مێش خاوەنی مرۆڤکوژ نین. بەڵام هەر ئەوەندە بەسە ئەوان لە دووانیوەڕۆیەکی گەرمی هاویندا گوێیان لە دەنگت و لە ویزەویزی تۆ بێت!... وەی وەی،... جا وەرەو بیبینە!... وەهات لێ راست دەبنەوە، نەبێتەوە. ئەوسا تەنیا تۆ پان و پلیش ناکەنەوە، بگرە جاری وایە لە رقا لە ناو خۆشیانا لێیان دەبێ بە شەڕ و جگە لە هێنان و بردنی چەندین جوێن و قسەی ناشیرین لە ناو خۆیاندا، کار جاری وایە دەگاتە لێدان و دەنگ دابڕین لە یەکتر بۆ چەندین و چەندین رۆژ.

باسی زمانمان کرد. وەی وەی لە زمانیشیان! خۆ ئێوە گوێتان لە زمانی ئێمەی مێش هەبووە، ئێمە بە یەک شێوە و بە یەک ریتم و بە چەند وشە و رستەی تایبەت لەگەڵ یەکتردەدوێین و تەواو (ئەم زمانەی من ئەم چیرۆکەی بۆ ئێوەی پێ دەگێڕمەوە، لە مرۆڤەکانەوە فێری بووم و هی ئەوانە)، بەڵام ئۆف لە زمانی ئەوان! من قەت لەوە نەگەیشتووم و ناتوانم لێکی بدەمەوە چۆن چۆنی زمانێک کە ئەو هەموو داهێنانەیان تیاکردووەو ئەو هەموو شتە سەیروسەمەرەی پێدەکەن کە ئێمەی زیندەوەرانی تر پێی سەرسامین و بۆیە هەمیشە روو لە ماڵیان دەکەین، ئاوا دەتوانێ هەڵبداتە قسەی پیس و جوێنی ناشیرین و رستەی پڕ لە هەڕەشە و یەکترکوشتنی بە کۆمەڵ؟!... بەڕاستی سەیرە!

با ئەوەیش بڵێم من بە نیوەشەوان لە بێدەنگی شەو و تاریکیی نووتەکدا گوێم لێبووە ئەو پیاوەی کە بە رۆژ چەند نەگبەت و پیس بووە، یاخود ئەو ژنەی وا لە تەنیایی خۆیدا چی بە پیاوەکەی وتووە، زمانیان دەگۆڕدرێ و وەها بە قوربان و بەسایەقەی یەکتر دەبن نەبێتەوە! جا خۆزگە هەر ئەمەیش بێت، جەدد و ئابای یەکتریش بە قوربانی یەکتر دەکەن! پەککوو لەم زیندەوەرە دوو قاچە! هەڵبەت من نازانم بەو نیوەشەوە خەریکی چین، ناتوانم بیانبینم، بەڵام لەو گۆشەیەی سەر دیوارەکە وا بە بێدەنگی هەڵتووتاوم ئاگام لە سووڕی خێراتری خوێنی جەستەیانە. لەم کاتانەدا بۆنی ئارەقی جەستەیان جوانتر دەگاتە من. ئەو ئارەقەی شێتم دەکا و حەزدەکەم هەڵفڕم و بیگەمێ و لرفێکی شێتانەی لێبدەم. بەڵام بەو نیوە شەوە نووتەکە چ حەزێکی بێ فایدەیە. کە سبەیش دەبێتەوە ئیتر ئەو ئارەقە وشک بووەتەوە و من بۆ هەمیشە لە تام و چێژی بێ بەری بوومە.

توخوا لێم گەڕێن با شتێکی تریشتان بۆ بگێڕمەوە. جاری وایە ئەو نەگبەتانە ئاگام لێیە هاوڕێکانم دەگرن، ئەوسا باڵ یان هەر دوو باڵیان لێدەکەنەوە و بەرەڵڵایان دەکەن. بەستەزمان هاوڕێکانم. بەڕەڵلایان دەکەن و پاش ماوەیەکی کورت لە بیریان دەکەن و ئیتر لێدەگەڕێن ئەو داماوانە لە ژوورەکەدا بۆخۆیان بێن و بچن تا بە ژێر لاقەوە دەبن، یاخود تا ژان و نەفڕین بیانکوژێ و بۆ هەمیشە ببڕێنەوە و نەتوانن ئەو دوو سێ هەفتەیە کە لە ئەزەلەوە بۆ ئێمە دابینکراوە بژین. من یاخود ئێمە وەک مێش قەت ئەمە ناکەین، نە لەگەڵ خۆمان و نە لەگەڵ زیندەوەرانی تر. من وای بۆ دەچم کە ئەوان، واتە مرۆڤەکان، حەزدەکەن تەنیا و تەنیا خۆیان بن و بەس، نەک تەنیا لە ژوورەکانیان و لە ناو خانووەکانیان، بەڵکو لەم دونیا پان و بەرینەی دەرەوەشیاندا. ئەوان چاویان بە زیندەوەری تر و بگرە تەنانەت بە کەسی تری وەک خۆشیان هەڵنایە.

بەڵام با بۆ خوایش بێت قسەیەک بکەم و لە حەق لانەدەم، کە لادان، لە عومر کەمدەکاتەوە. ئەششەموبیللا شتێکیان دروستکردووە کە بۆ خۆشیی مێش و رەگەزی مێش موو لێ نادات! حەتمەن دەزانن باسی چی دەکەم؟... ها؟ گەر نازانن دەبێ بڵێم مەبەستم ئەو شتە ساف و لووس و روونەیە کە بۆخۆیان ناویان ناوە شووشە. ئەوەی وا بە پەنجەرەکانەوەیە. ئەی کە خۆشە دەچیتە سەری و هەڵدەخزی،... خززززز... خزززز،... لێرەوە بۆ ئەوێ و لەوێوە بۆ ئێرە، لە سەرەوە بۆ خوارەوە و لە خوارەوە بۆ سەرەوە، گۆشە بۆ گۆشە، لە ناوەڕاستیشیدا و... گڤڤڤ گڤڤڤ،... حەک کە خۆشە،... ماڵیان ئاوا! لای ئێمەی مێش لەمە خۆشتر دەستناکەوێ. رەنگە بپرسن بۆ ئێمە ئەوەندە کەیفمان بە شووشە دێت؟ دەبێ بڵێم بۆخۆیشمان بە تەواوی نازانین بۆ. هەر ئەوەندە دەزانین زۆر زۆر خۆشە. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە پێمان وایە ئیستا نا ئیستا دەگەینە دەرەوە و دەگەینە ئەو دیوی، بەڵام هاوکات ناشیگەینێ! رێک وەک خەون و خولیاکانی خودی مرۆڤەکان. ئیتر شێتانە دەکەوینە ویزەویز. یان رەنگە هۆکارەکەی ئەوەیە چاوی ئێمە کە هاوکات هەزاران چاوە لە دوو چاودا، بە هۆی تیشک و رووناکیی دەرەوە وەها دەکەوێتە باق و بریق کە چاومان لە هیچ شوێنێک نامێنێ و ئیتر بە تەواوی خۆمان تەسلیمی جووڵەیەکی ئەبەدی دەکەین. بەڵام با ئەوەیش بڵێم بەدبەخت نەوەکانی کۆن کە قەت شتی وایان بە خۆیانەوە نەبینی و هەروا نامورادانە سەریان نایەوە. با دیان بەوەدا بنێم کە من بۆخۆم یەکێک لەو مێشانەم یەکجار حەزم بە خلیسکێنی سەر شووشەیە. بەختیشم هەیە کە تا ئیستاکە پێوە نەبووم و پانیان نەکردوومەتەوە.

دەبێ بڵێم کە رێک لەوێ، لەسەر ئەو شووشانەیشە ئێمە زۆرتر پێوە دەبین و، پانمان دەکەنەوە. خۆشیی خلیسکێن مەترسیی دەرەوەمان پێ لەبیردەکا. لەبیرمان دەچێتەوە مرۆڤێک بە مێشکوژێکەوە چاوی لێتە و دەستی لەگەڵتا بە ئاستەم دەگەرێ تا دەرفەتێک بەگیربێنێ و زرم ئاودیوت بکا! ئەوێ هاوکات قەتڵگا و گۆڕستانی ئێمەیە. گەر سەردانی ماڵانتان کردبێ کەمێک سەرنجی بەر شووشەکان بدەن، بە دەیان تەرمی ئێمە دەبینن، لە سەر شان، لەسەر پشت، لنگەوقووچ و دەمەوڕوو. مێشە نامورادەکانی دەستی بەشەر. لە هەموویان زیاتر من تەرمە دەمەوڕووەکانن ئازارم دەدەن. دەڵێی زیندوون و هەر لە ژیاندا ماون، کە نەماون. دەبێ بڵێم لای من لە مرۆڤ بێڕەحمتر لە دونیادا دەست ناکەوێ.

رەنگە بپرسن بۆچی سەرەڕای ئەم هەموو زوڵم و زۆرەی مرۆڤەکان، ئێمەی مێش ئەوەندە حەزمان بە ماڵەکانیانە و بەردەوام خومانیان تێدەهاوین. دەبێ بڵێم جگە لە وردە نان و وردەخواردن و خودی جەستەی مرۆڤ کە هەمیشە شتێکی بۆ خواردن لەسەر دەستدەکەوێ، شتێکی تر کە دەبێتە هۆی راکێشانی سەرنجی ئێمەی مێش ئەوەیە خانووەکانی ئەوان ئەمینە، خەتەری کەمتر تیایە. لە باڵندەی جۆراوجۆر و جاڵجاڵۆکە و قرپۆق و مارمێلک و شتی لەم بابەتە خەبەرێک نیە. راستە جاروبار لێرە و لەوێ بە هەڵکەوت، ئەویش ئەگەر کەدبانووی ماڵەکە تەمبەڵ بێت و ژوورەکان خاوێن نەکاتەوە، هێلانە جاڵجاڵۆکە دەبینرێ، بەڵام لە چاو دەرەوە هەر ناتوانی لەگەڵ یەک هەڵیانسەنگێنی. خانووی مرۆڤەکان بۆ ئێمەی مێش سەرەڕای هەبوونی قەتڵ و شیمیایی کردن و بۆ تاراوگە ناردنمان، هێشتا خۆشترین شوێنی دونیایە. هەڵبەت لانیکەم لای من.

رەنگە حەز کەن بپرسن ئێمەی مێش کاتێک لەسەر جەستەی مرۆڤەکان دەنیشینەوە، زیاتر حەزمان بە چ بەشێکیەتی. دەبێ بڵێم خراپییەکی ئەوان ئەوەیە کە شتێک بە ناوی جل و بەرگ دەپۆشن و بۆیە دەرفەتێکی زۆر بۆ ئێمەی میش نامێنێتەوە، بەڵام من وەک خۆم حەزم بە قولاپەی قاچیانە، لەبەر ئەوەی تا دەیانەوێ دامووکێنەوە و خوانەخواستە بەڵایەکت بەسەردا بێنن، دەرفەت هەیە بۆی دەرچی. بەڵام وەک لە نەوەکانی پێشتر من و مێشەکانی تر بیستوومانە (ئەو چیرۆکانەی وا دەم بە دەم هاتووە و گێڕاویانەتەوە)، خۆشترین کات ئەو کاتەیە وا بە سەر تەرمەکەیانەوە دەنیشی. کە دەبن بە تەرم هەموو جەستەیان وەک تام دەبێ بە یەک شت و ئیتر فەرق ناکا بە کوێوە دەنیشی. وەک گێڕاویانەتەوە لە کاتی شەڕەکاندا ئەم تەرمانە وەها زۆر دەبن کە سەرت سووڕدەمێنێ. من کە نازانم ئەوان بە چی یەکتر دەکوژن کە ئاوەها لە یەک چرکەدا بە سەدان و هەزارانیان لێدەکەوێ، کارم بەسەر هۆکاری شەرەکەیانەوە نیە، هەر ئەوەندە دەزانم لەم کاتانەدا ئێمە دەگۆڕدرێین و دەبین بەو مێشە زل و سەوزانەی وا مێشەکانی تر و بگرە خۆێشمان لە خۆێشمان دەترسین. ئەیچۆن، تەرمی ئەوان ئاوایە.

هەڵبەت با ئەوەیش بڵێم من پێم وایە هۆکاری ئەوەی ئەوان ئەوەندە رقیان لە ئێمەیە، هەر ئەمەیە، ئەوان دەزانن کاتێک دەمرن، بە تایبەت لە کاتی شەڕەکانیاندا، ئەوا ئێمەین کە لە پێش هەر کەس و هەر زیندەوەرێکی تردا لێیان دەنیشین، بە دەوریاندا دەئاڵێین و ورد ورد بە بێ پەلە دەیانتوێنینەوە.

شتێکی تر کە من سەرم لێی سووڕدەمێنێ ئەوەیە کە بە گوێرەی ئەزموونەکانی ژیانی خۆم دەبینم هیچ زیندەوەریک بە قەدەر ئەوان لە مردن ناترسێ. ئێمە زۆر ئاسانتر مل دەدەینە مەرگ. لە سەرتاسەری ژیانمان بیری لێناکەینەوە، کە مەرگ هات ئیتر دێت و تەواو. نە شیعری لەسەر دەنووسین، نە چیرۆک و رۆمان و نە مۆسیقا. ناشگرین. دەزانین وەک چۆن ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ئەوانی تر بخۆین، ئەوانی تریش مافی ئەوەیان هەیە ئێمە بخۆن، مل دەدەین، ملدان واتای مەرگە و لای ئێمە قبوڵکردنی ئەمە بەشێکە لە حەقیقەتی شتێک بە ناوی ژیان. بەڵام لەم مرۆڤە هیچ و پووچتر دەستناکەوێ. نەک تەنیا ئەوانی تر دەخۆن، بەڵکو پیش خواردن دەیانکوژن و بە دەیان رۆژ و بگرە بە ساڵیش لە یەخچاڵ و لە قوتوویان دەهاون تا نۆرەی خواردنیان دێت.

پەککوو!

ئا،... مرۆڤە نەگبەتەکان دەڵێم،... ئەرێ ئەوان! ئەوانەی وا نازانن من مێشێکی سەر دیوارم و زۆر شت لە سەر ژیان و لە سەر رابردووی ئەوان دەزانم. منێک کە زۆر شتیش، سەرەڕای قەتڵ و تاراوگە نشینی و بە شیمیایی کردنم،... دەتوانم!

Bilderesultat for ‫مگس‬‎

گەڕان بۆ بابەت