ما 4378 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ژینڕوانگەی سیاسیی نۆروێژی لە سەردەمی مودێڕندا بەشێوەی سەرەکی لە لایەن دەوڵەتەکانی پارتی کرێکارانەوە چێکراوە. تایبەتمەندییەکی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە لە فۆڕمی یارمەتیی ئابووری و دابینکردنی ماف، هەندێ تەرتیباتی لە چەشنی قەرەبووکردنەوە بە ژینڕوانگەی کەمایەتییەکان بەخشیوە. ئەمە بووەتە هۆی ژیانی ئاسانتری ئەو ژینڕوانگە ئایینی و دونیاییانەی وا لە دەرەوەی کلیسای دەوڵەتیدا هەن.

 

رادیکالیزمی کلتوری لە نێوان دوو شەڕی جیهانیدا

نۆروێژ لە ساڵەکانی نێوان دوو شەڕی جیهانیدا تەژی بوو لە کێشمەکێشی نێوان ژینڕوانگەکان. ئێمە مەسیحییەتی کۆنسێرڤاتیڤ دەبینین بە 'ئولە هالێسبی' لە پێشیانەوە. لە دێباتی ئەخلاقی دا بزووتنەوەیەک دەبینین بەناوی 'بەتواناکردنەوەی ئەخلاق' کە ئاواتی بەرەوپێشبردنی بایەخە مەسیحی ـ مەدەنییەکانە. لە بەرامبەری ئەم دوو رەوتەدا رادیکالیزمی کلتوری دەبینین کە پێوەندی هەیە بە گرووپێکی سوسیالیستی بە ناوی Mot Dag و هەروەها بە بزووتنەوەی کرێکارییەوە. سەرچاوەی رادیکالیزمی کلتوری هونەرمەندان و نوخبەکانن.

لەپاڵ رادیکالیزمی کلتوری و لە هاوکاری لەگەڵ ئەواندا مەسیحییە رادیکاڵەکان دەبینین کە 'رێکخراوی قوتابیانی مەسیحیی نۆروێژ' پێگەیان بوو و، 'کریستیان شێلدەروپ' (١٩٨٠ ـ ١٨٩٤)، ئایدیادارێژەریان بوو. ئەو لەگەڵ 'ئاندەش ویلێر' لە ساڵی ١٩٣٦ قوتابخانەی 'نانسن' یان لە شاری 'لیللەهامێر' دامەزراند کە ئەو پێی دەگوت 'ئەکادێمیی مرۆڤدۆستانی نۆروێژی'. رێک لە دووای کۆتایی شەڕ، خۆی لە گفتوگۆدا بینییەوە لەگەڵ 'هالێسبی'، گفتوگۆیەک کە ئەو کات پێی دەگوترا 'دێباتی جەهەننەم'.

'هێلگە کروگ' (١٩٦٢ ـ ١٨٨٩)، 'سیگورد هول' (١٩٦٠ ـ ١٨٩٠)و، 'ئارنۆڵف ئۆڤێرلاند' (١٩٦٨ ـ ١٨٨٩)، گرووپێکی رادیکاڵی پێشڕەوی رادیکالیزمی کلتوری بوون. هەموویان لە وتارەکانیاندا، لە گوتەکان و شیعرییەکانیدا ئۆپۆزیسیۆنی مەسیحییەت چ وەک ئایین و چ وەک ئایینی دەوڵەتی بوون و، هەروەها لە بەرامبەر ئەخلاقی بۆرژوازیدا کە بە سەرکوتگەریان لەقەڵەم دەدا راوەستان.

'هێلگە کروگ' باوەرەکانی خۆی لە 'ئازادی رۆح، پێشکەوتن، ناسینی بەرزتر و ئەخلاقێکی عادڵانەتر' دا فۆرمولەکرد و هەوڵیدا ئەنالیزەی کۆمەڵایەتی کارل مارکس لەگەڵ سیکۆلۆژی سیگمۆند فرۆید پێکەوە گرێبدات وەکوو بەیانێکی زانستییانە بۆ نەریتێکی رۆشنگەریانەی دوورودرێژ. ئەو لە پرۆژەی رۆشنگەری وەک ئەرکی شاعیرانی دەڕوانی و، تووڕەیی خۆی پیشاندا بەرامبەر بەو "ناڕوونییە نوخبەیی و ئەخلاقییەی کە زۆربەی خەڵک لە دەورووبەری خۆیاندا دەیانبینی." (Longum 1986).

'سیگورد هول' لە رادیکالیزمی کلتوریی نۆروێژی وەک ئاستێکی بەرزتر لە دوو رەوتی فیکریی پێشووتر دەیڕوانی کە یەکەمیان سەردەمی رۆشنگەری و دووهەمیان ئەقڵگەرایی بوو کە لەوڵاتانی باکوور براکانی 'براندێس'١٢ پێشڕەوییان دەکرد. 'سیگورد هول' رەخنەی لە رەوتی ئەقڵگەرایی دەگرت و لای وابوو ئەم رەوتە هەستەکانی مرۆڤیان وەلاناوە. لە نووسین و بەرهەمەکانیدا سەرقاڵی پیشاندانی ئەو هێزە نائەقڵانییە گەورەیە بوو وا جڵەوی ئەقڵی مرۆڤی بەدەستەوە بوو. ئەو وەک 'هێگلە کروگ' لە ژێر کاریگەریی فرۆیددا بوو و لە دەروونناسی وەک تیۆری رزگاریدەری دەڕوانی. لە وتارێکدا نووسی: "بە رای من قووڵترین هاندەری رادیکالیزمی کلتوری بریتییە لەو خەونەی ئێمە سەبارەت بە مرۆڤی ئازاد هەمانە."

'ئارنۆڵف ئۆڤێرلاند' ئەو شاعیرەی بوو زیاتر لەوانی تر هێرشی دەکردە سەر مەسیحییەت. ئارنۆڵف لە گۆتارێکدا لە 'کۆمەڵی قوتابیان' بە مەسیحییەتی گوت 'دەهەمین ئازاری نیشتمان'، هەر لەوێدا بە تووندی رەخنەی گرت لە دۆگما مەسیحییەکان و رۆڵی مەسیحییەت لە کۆمەڵگادا. بەم هۆکارە ئەویان بە کافربوون تاوانبارکرد، بەڵام دوواتر ئەم قسەیان وەرگرتەوە. ئۆڤێرلاند هاوکات شاعیرێکی سەرقاڵ بە پرسە موڕاڵییەکانەوە بوو، سەرقاڵییەک کە بەتایبەتی لە شیعری 'یاساکانی ژیان'دا دەردەکەوێ. ئەو لەوێدا دەنووسێ: "خۆشبەختییەک لە ژیاندا هەیە/ کە نابێتەوە بە ئازار:/ خۆشحاڵکردنی کەسی تر/ تەنیا خۆشیی ژیانە. / غەم و ناخۆشییەک لە ژیاندا هەیە / کە هیچ فرمێسکێک ناتوانێ ئارامی بکاتەوە:/ ئەویش ئەو کاتەیە تۆ درەنگ لەمە دەگەیت. / هیچکەس ناتوانێ ئەو کاتانەی وا ماون لە تەنیشت قەبردا راوەستێ و گلەیی بکا / شەو و رۆژ گەلێک کاتژمێری بەبەرەوە ماوەو / ساڵیش گەلێک رۆژان."

ئۆرلاند لە ساڵەکانی گەورەتری تەمەنیدا چالاکێکی رێکخراوی ئەخلاقی ئینسانی بوو و، یەکێک لەو کەسانە بوو پردی پێوەندی لەنێوان رادیکالیزمی کلتووریی ساڵەکانی نێوان دوو شەڕی جیهانی لە لایەک و. لە لایەکی ترەوە ئەو دەرکەوتە ئۆرگانییە لە ژینڕوانگە دونیاییەکانی چێکرد کە لە دووای شەڕ لە نۆروێژ لە رێگای رێکخراوی ئەخلاقی ئینسانییەوە سەریهەڵدابوو.

بزووتنەوەی کرێکاری و ژینڕوانگەی ئازادی لە نۆروێژ

لەناو بیرئازادە نۆروێژییەکاندا زۆر کەس بە شوێن بزووتنەوەی کرێکارییەوە بوون. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە ئەم بزووتنەوەیە گەیشتە ترۆپکی خۆی، واتە رێک لەو کاتەدا ئەقڵگەرایی لە ئۆرووپا لە چاخی نوورینی خۆیدابوو. بۆ زۆر کەس سۆسیالیستە کلاسیکییەکانی وەک مارکس و ئێنگێلس بوون بەو بیرمەندانەی وا ئەوانیان بەرەو رێگا دونیاییەکان رێنومایی دەکرد. گەلێک کرێکاری خوێندەواری ئایدیۆلۆژیست و زیرەک بڕوایان هێنا بە مەتریالیزمی دیالکتیکی. بەتایبەت ئەمە نوخبەی رادیکاڵی لە پارتی کەرێکاران (لە نۆروێژدا) دەگرتەوە لە ساڵەکانی ١٩٢٠ەوە تا سییەکان، کاتێک ئەم حیزبە لە زۆرترین دەروانی رادیکاڵی خۆیدا بوو.

بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ هەندێ قەشەی پیشکەوتوو لە 'کلیسای نۆروێژی' لەگەڵ رێکخستنی بزووتنەوەی کرێکاری لەسەردەمە سەرەتاییەکانیدا بوون و یەکەمین نوێنەری پەڕلەمانی ئەم حیزبە قەشە بوو. هەم لە بزووتنەوەی سەندیکایی و هەم لە رێکخراوی حیزبیدا ئەو نۆڕمە زاڵبوو کە هیچ کەس نابێ بە هۆی باوەڕەوە بکەوێتە بەر هێرش. 'کۆمەڵی کرێکارە مەسیحییەکان' نموونەیەکی رێکخراوەیی لەم بوارەدا بوو.

لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا، پێش ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە بتوانێ لە حیزب و سندیکادا خۆی رێکبخا، هەژاری لە ناو چینی پرۆلیتاریا لە لایەن کلیساوە بووە جێگای سەرنجێکی زۆر، وەها کە کلیسا هەستا بە کاری کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستانە بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە. وەک دەبینین نەک بیری دابەشکردنی عادڵانەی سەروەت و سامان، بەڵکو ئەرکی مەسیحییانەی مرۆڤدۆستی لەم هەڵوێستەدا خۆی حەشاردابوو. بۆیە بەجوانی دەتوانین جیاوازی ژینڕوانگە و فەلسەفەیی نێوان مرۆڤدۆستیی مەسیحییەت لە لایەک و ئایدیاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لەمەڕ عەداڵەتخوازی، ماف و هیومانیسم لەلایەکی ترەوە ببینین. وەک 'رۆدۆڵف نیلسن'ی شاعیری کرێکاری دەنووسێ، ئایدیای بزووتنەوەی کرێکاری بریتیە لە: "چێکردنی بەهەشت لەسەر رووی زەوی"، بەڵام قەشەکان زۆربەی کات وەعدەی ئەم بەهەشتەیان لەو دونیای تردا بە چەوساوەکان دەدا. هەروەها هەبوون ئەو قەشانەیش کە لەو بەشەی بەریاندەکەوت لەززەتیان دەبینی و رقیان لە پێشڕەوە کرێکارییەکان دەهاتەوە، چونکە پێیان وابوو ئەوان دەیانویست بایەخ بدەنە چینێک کە دەسەڵاتدرەکان فێرببوون بە سوکی سەیریان بکەن.

کلیسا و بزووتنەوەی کرێکاری لە نۆڕوێژی نوێ و بەپیشەییکراودا هەرکامەیان لە سەنگەری سیاسی خۆیاندا بوون. بەتایبەت لە ساڵەکانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠دا قەشەکان بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەوەی پێیاندەگوت خەتەری سوور و لە سوسیالیزمدا دەیانبینییەوە، یەکیانگرت.

دوو هۆکار بووە هۆی ئەوەی پارتی کرێکاران لە ساڵی ١٩٣٠، لە هەڵبژاردنەکاندا داوای لابردنی کلیسای دەوڵەتی و دابینکردنی تەواوی ئازادی بیروباوەڕ بکا. یەکەمیان کاردانەوەی بەشێک لە ئەندامانی حیزب بوو بەرامبەر بەو پرۆپاگەندایەی کلیسا لە دژی سوسیالیزم دەیانکرد. دووهەمیش ـ رەنگە گرنگترین هۆکار ـ ئەوە بوو کە دەوڵەتی مودێڕن ناتوانێ خاوەن دامەزراوەی کۆن و نەریتی (واتە نامودێڕن) بێت و خزمەتی بکا. ئایدیۆلۆژیستی حیزب لەو کاتەدا 'موتداگیست' (گرووپێکی شۆڕشگێر بوو لەو زەمانەدا) بوو و، ئەرکی سەرەکی لە ئەستۆدابوو سەبارەت بە داڕشتنی پرۆگرامی حیزب کە تێیدا بەردەوام کلیسا و دەوڵەت لەیەک جودابوون. پارتی کرێکاران لەم هەڵبژاردنەدا گەلێک دەنگدەری لەدەستدا. هۆکارەکەیشی پێش لەهەر شتێک ئەوە بوو کە پرۆگرامی یەکجار شۆڕشگێڕانەی حیزب لەناو دەنگدەراندا وەڵامی پێویستی وەرنەگرت. بەڵام هەروەها کاتێک شکستی حیزب لە هەڵبژاردندا لێکدرایەوە باس لەوەیش کرا کە راگەیاندنی شەڕ لە دژی کلیسا وەک زیدەڕۆی بووە هۆی دوورکەوتنەوەی ئەوانەی لەناو چینی کرێکاردا باوەڕی مەسیحییان هەبوو. بەهەرحاڵ رەخنە لە کلیسا لە لایەن رەقیبە سیاسییەکانەوە قۆسترایەوە و، بەم شێوەیە ئەمە بەشێک لە هۆکاری شکستی حیزبی کرێکاران بوو. (Mauseth 1987).

لە هەڵبژاردنی دوواتر هەم خاڵە لە بەرنامەی حیزب لابرا و، لەو کاتەوە لابردنی کلیسای دەوڵەتی لە پرۆگرامی ئەم حیزبەدا چیتر نەمایەوە. دەگوترێ کە 'رەیولف ستێن' سەرۆکی حیزب کە پرۆگرامی پارتی کرێکارانی لە دەیەی ١٩٧٠دا سەرپەرشتی دەکرد، گوتوویەتی "هاوڕێیان! دوو بابەت هەیە کە ئێمە نابێ بیریان لێبکەینەوە: بنەماڵەی سەڵتەنەت و کلیسا!" ئەو حیزبانەی وا لە پارتی کرێکاران چەپتر بوون، وەک پارتی کۆمۆنیستی نۆروێژ، پارتی سۆسیالیستی گەل (کە دوواتر بوو بە پارتی چەپی سۆسیالیست)و، پارتی کۆمۆنیستی کرێکاری(ml) ، هەر هەموویان لە پرۆگرامەکانیاندا باس لە جیایی نێوان دەوڵەت و کلیسا دەکەن.

زۆربەی نوێنەرانی بزووتنەوەی کرێکاری هیومانیست بوون و بەردەوام هەنووکەیش هەن. هەندێ جار دانانی کەسێک بۆ وەزارەتەکان زەحمەت بووە لەبەر ئەوەی یاسای بنەڕەتی وڵات داوای ئەوەی کردووە کە بەشێک لە ئەندامامی دەوڵەت لە ئەندامانی کلیسا بن، بۆ وێنە پۆستی وەزیری کلیسا. جێگای سەرنجە کە زۆربەی سەرۆک وەزیرەکانی پارتی کرێکاران لە سەدەی بیستەمدا ئەندامی کلیسای دەوڵەتی نەبوون.

بە دەستپێکردنی سەدەی نوێ، لە چاوی زۆر کەسدا ئەوە پارادۆکسە کە پارتی کرێکاران لە تەنیشت پارتی گەلی مەسیحی لە پرۆگرامەکەی خۆیدا باس لە پاراستنی سیستمی کلیسای دەوڵەتی بکا. ئەو پارتانەی تر کە باسمان لێکردن و، هەروەها رێکخراوەکانی گەنجانی سیاسی باس لە جیابوونەوەی کلیسا و دەوڵەت دەکەن. دەتوانین ئەم کۆنسێرڤاتیسمەی پارتی کرێکاران لە سێ هۆکاردا شیبکەینەوە: یەکەم، لەم پارتەدا نەریتێک هەیە لەمەڕ ئەوەیکە ئەم پرسە دەبێتە هۆی شەقبوونی ریزەکانی و، هەروەها کاریگەریی نگەتیڤ لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ خۆی دێنی. ئەزموونی ساڵەکانی ١٩٣٠ لە راستیدا لەبیرنەکراوە. دووهەم ئەوەیکە هۆکارێک کە ساڵانی ساڵە ئەم پارتە بەکاری دێنێ ئەوەیە هەتا کلیسای دەوڵەتی هەبێ سیستمی سیاسی بەرگری دەکا لە لە سەرهەڵدانی دۆخە نالەبارە ئایینیەکان لە فۆڕمی تووندئاژۆیی و تووندڕەوی. لە زۆر بواردا ئەمە ئەنجامی هەبووە: بۆ وێنە دەوڵەت توانیوویەتی زەخت لە کلیسا بکا بۆ قبوڵکردنی یاسای نوێ لە بواری بەرابەری لە نێوان ژن و پیاودا و دامەزراندنی قەشەی ژن لە کلیسادا، مافی ژنان بۆ لەباربردنی منداڵ، تەحەمولی هۆمۆفیل و لیسبیسکەکان و هەروەها زۆر بابەتی تریش.١٣سێهەم ئەوەیکە زۆرینە لەم پارتەدا حەزیان بە پاراستنی کلیسای دەوڵەتییە چونکە گەلێک لە مەسیحییە سیاسییە رادیکاڵەکان لەم پارتەدا ئەندامن. هەروەها ئۆسقۆفە رادیکاڵەکان و نوێنەرە گرینگەکان لە کلیسادا هەڵوێستێکی کراوەیان هەیە بۆ دیالۆگ لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و، بەشوێن یەکگرتووییەوەن لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بابەتە گرینگەکانی وەک پپشتگیری و مرۆڤدۆستی چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات. دیالۆگەکان لەسەر بەرابەرییەکان و جیاوازییەکان لە نێوان پرینسیپی مرۆڤدۆستی و پرینسیپی پشتگیری، وەک ئەو دیالۆگەی لەسەر پرسە ئەخلاقییەکان لە نێوان ئەم دووانەدا هەبوو،هەمیشە لە خۆیدا جێگای سەرنج بوونە. گومان لەوەدا نیە کە هەڵوێستی کلیسا لەمەڕ پشتگیری، بەرەبەرە کاریگەری وەرگرتووە لە بایەخە هاوبەشەکانی مرۆڤگەرایی لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا.

موخالفانی کلیسای دەوڵەتی دەڵێن هاوبەشی لە هەندێ پرسی ئەخلاقیدا بەو مانایە نیە دەتوانێ پێویستیی راگرتنی کلیسای دەوڵەتی بسەلمێنێ. ئەوان هەروەها لە دژی ئەو ئارگیومێنتانەی تر رادەوەستن کە باس لە پێویستیی ئەم هەبوونە دەکا. ئەوان دەڵێن سەرەڕای هەر چەشنە ئەنجامێک کە دەستێوەردانی دەولەت لە کلیسا هەیەتی، بەڵام بەشێوەی پرینسیپی کردارێکی هەڵەیە سیاسییەکان بیانەوێ ئایدیاکانی کۆمەڵگا ئایینیەکان کۆنتڕۆڵ بکەن. بابەتێکی تر دۆخی ئەندامانی کلیسایە، واتە کاتێک ئەم ئەندامانە دەیانەوێ شتێکی تر بکەن. کلیسای دەوڵەتی وەک پەڕۆیەکی سوور دەنوێنێ بە سەر شانی ئەم جۆرە ئەندامانەوە کە لە بزووتنەوەی کرێکاریدا بە شوێن ژینڕوانگەی ترەوەن، بەتایبەت بۆ ئەوانەی وا خاوەن ژینڕوانگەی دونیایین.

ژینڕوانگەی سیاسیی نۆروێژی لە سەردەمی مودێڕندا بەشێوەی سەرەکی لە لایەن دەوڵەتەکانی پارتی کرێکارانەوە چێکراوە. تایبەتمەندییەکی ئەم سیاسەتە ئەوەیە کە لە فۆڕمی یارمەتیی ئابووری و دابینکردنی ماف، هەندێ تەرتیباتی لە چەشنی قەرەبووکردنەوە بە ژینڕوانگەی کەمایەتییەکان بەخشیوە. ئەمە بووەتە هۆی ژیانی ئاسانتری ئەو ژینڕوانگە ئایینی و دونیاییانەی وا لە دەرەوەی کلیسای دەوڵەتیدا هەن.

بەڵام ئەم قەرەبووکردنەوانە بەمانای بەرابەری نایەت. ئەمە بە مانای سەرهەڵدانی ئەو کێشە قورسانەیە کە لە داهاتوودا دێنێ پێشێ. هەروەها کێشەکان لە لای خودی ئەو ئیمتیازانەیە وا کلیسای دەوڵەتی هەیەتی و هەنووکە دەبێ وازیان لێ بێنێ، هەروەها کێشەکان لە لای ئەو ژینڕوانگە ئایینیانەیشە کە باس لە هاوبایەخبوونی خۆیان و تێکەڵکردنی خۆیان لە ژیانی رۆژانەدا دەکەن. هەتا نۆروێژ خاوەن کلیسای دەوڵەتی بێت زۆرکەس باس لەوە دەکەن کە ئەوانیش دەیانەوێ لە کۆمەڵگای نۆروێژیدا ئازادیی تەواویان لە بواری ژینڕوانگەدا هەبێ.

ژێرنووس:

١٢ـ 'ئێدوارد براندێس' (١٩٣١ ـ ١٨٤٧)، سیاسیکار و نووسەرێکی رادیکالیستی کلتوری بوو و رۆژنامەی 'سیاسەت'ی دەردەکرد. براکەی بە ناوی 'گێورک براندێس' (١٩٢٧ ـ ١٨٤٢)، کە لە خۆی بەناوبانگتربوو، بە پلەی یەکەم لە ژێر کاریگەریی ئەزموونگەرایی و قازانجگەرایی ئینگلیزیدا بوو. گێورک رەخنەگرێکی ئەدەبییش بوو بە توانای نانەوەی هەرایەکی زۆر لە کۆمەڵگادا. لە ساڵەکانی ١٨٧٠ ـ ١٨٩٠ ئەو رۆڵێکی ناوەندی دەگێڕا و بۆ وێنە ئیلهامبەخشی کەسانی وەک 'ئیبسن'، 'بیۆرنسۆن؛ و 'شەللاند' لە نۆروێژ بوو. دوواتر بوو بە لایەنگری فەلسەفەی نیچە و هەڵیدەگوت بەوەی پێی دەگوترا 'مرۆڤی مەزن'، ئەو مرۆڤەی هەم وەک سەرچاوە و هەم وەک ئامانجی کلتوور چاوی لێدەکرا. ئەم نووسەرە هەمیشە رەخنەگرێکی تووندی مەسیحییەت و کلیسا بوو.

١٣ـ 'ئەرلینگ فاڵک' رێبەری 'موتداگ' سەبارەت بەم ئارگیومێنتە کە گوایا راگرتنی کلیسا دەبێتە هۆی بەرگریکردن لە سەرهەڵدانی ئایینە زیانبارەکان، وتی کە ئەمە لەوە دەچێ بۆ ئەوەی بەر لە نەخۆشییە جنسییەکان بگرین سەردانی سۆزانیخانەکان بکەین. بۆیە زۆربەی کات بەم ئارگیومێنتە دەگوترێ 'ئارگیومێنتی تەندروستی'.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for arbeiderpartiet

گەڕان بۆ بابەت