ما 1904 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەوەی سووتاو، نەوەی فەوتاو

لە کلتوری سیاسی بەو نەوەیەی وا شۆڕشی ساڵی پەنجاوحەوتی رێکخست و بە ئەنجامی گەیاند دەگوترێ نەوەی سووتاو! سووتاو بەو مانایە کە بەپێچەوانەی ئەو شۆرشەی کردیان، نەیانتوانی بە ئامانجەکانی خۆیان کە ئازادی و دابینکردنی مافەکان بوو بگەن و، بگرە بوونە قوربانی کردەی خۆیشیان و زۆریان لە کوژرا و زیندانی کران و یاخود دەربەدەر بوون.

بەڵام هەیشن کە دەڵێن نەوەی دووای ئەوان، نەوەی فەوتاون. فەوتاو دیسان بەو مانایە کە ئەوانیش کەوتنە بەر رەحمەتی ئەنجامەکانی ئەو شۆرشە و ژیان و ئاواتەکانی ئەوانیش بۆ ژیانێکی نۆرماڵ و ئاسایی تێکچوو. لە راستیدا نەوەی فەوتاو هەمیشە گلەیی و رەخنەی تووندی لە نەوەی سووتاو هەبووە و بەوە تاوانباری کردووە کە ژیانی ئەوانیشی بە کردەی شۆرشگێڕانەی خۆی تێکداوە.

بەڵام شتێک کە دەتوانێ خاڵی هاوبەشی ئەم دوو نەوەیە ىێت، جگە لە بەهرەمەند نەبوون لە ژیانێکی شیاو، پاشەکشەی هەردووکیانە لە ئایدیا شۆڕشگێڕەکان یاخود ئەو ئایدیایانەی وا دەتوانن ببنە هۆکاری گۆڕانی بنەڕەتی تر لە کۆمەڵگادا (واتە ئایدیای گٶران شەرت نیە حەتمەن لە بەرگی شۆرشگێڕیدا بێت). بە واتایەکی تر هەرەسی شکستی نەوەی سووتاو بەسەر نەوەی فەوتاویشدا داباریوە و هەر دووکیانی خستووەتە دۆخێکەوە کە بە رواڵەت دەربازبوون لێی زەحمەتە.

هەڵبەت پرسیار ئەوەیە کە داخۆ نەوەی فەوتاو بۆ قەرەبووکردنەوەی کاری نەوەی سووتاو دەتوانێ چی بکا و چی لە بیر و زەیندایە؟ خۆ گلەیی و گازندە ناتوانێ بە هیچ شوێنێک بگا و دەبێ بە کردەوە شتێک بکرێ.

قسە لەسەر ئەوەیە کە بۆ گۆڕان دیسان کردەی گەورە پێویستە، بەڵام نەوەی فەوتاو باوەڕی بە کردەی گەورە نەماوە، یاخود هەر لە بنەڕەتدا نیەتی و نەیبووە، چونکە لەوە دەترسێ کە هەمان ئەزموون دووپات بێتەوە!

بەم شێوەیە پێوەندی نێوان ئەم دوو نەوەیە تەنیا بووە بە پێوەندێکی رەخنەیی و بەدوور لە دۆزینەوەی رێگا چارەی پێویست.

جا لەوە ناچێ هەتا جۆری پیوەندییەکە وەها بێت، رێگایەک بەدی بکرێ.

نەوەی سووتاو بە بێدەنگی لە نەوەی فەوتاو دەڕوانێ بە بێ ئەوەی دەرفەتی خۆڕوونکردنەوەی هەبێ و، نەوەی فەوتاویش نایەوێ بە جوانی گوێی لێبگرێ. لە لایەکی ترەوە نەوەی فەوتاویش بە دڕدۆنگی لە نەوەی سووتاو دەروانێ.

بەرهەم، دەبێتە مانەوەی دۆخی باو.

سایتی قەڵەم

٢٨ یونی ٢٠١٩

 Bilderesultat for brent generasjon kunst

گەڕان بۆ بابەت