فەڕۆخ نێعمەتپوور

پۆستمودێرنیسم زیاتر لەگەڵ رێفۆرمیزم تەبایە، ئەگەرچی ئەم ریفۆرمیزمە ئەگەر بتوانێ بە ئامانجی خۆی بگا، لە رێگای بەڕێژەییکردنی دەسەڵاتی باوەوە دەتوانێ کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی گەورەی ئەنجامدابێ! هەروەها لە بیرمان نەچێ کە کردەیەکی تایبەت ناتوانێ بە سەر جەماوەردا بسەپێندرێ. لە راستیدا ئەو کەسەی خوازیاری گۆڕانە و لە شێوازی پلان کاری بۆ دەکا، ئەوە دەبێ خۆی لە گەڵ دۆخی باو بگونجێنێ، نەک بە پێچەوانەوە. "تۆ هەی بۆیە من هەم، من هەم بۆیە تۆ هەی!" رەنگە ئەمە کاکڵی بوون لە سەردەمەی ئێمەدا بێت.  

 

بوونە پێکەوە گرێدراوەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە جیهانی پۆستمودێڕندا بەهۆی بەرتەسکبوونەوەی سنوورەکان و، تێکە و لێکەی زیاتری خەڵک و لێرەوە ئایین و بیروڕا جۆراوجۆرەکان، جۆرێک لە رێژەگەرایی سەرهەڵدەدا. ئیتر زەحمەتە ئایین یاخود بیرێک بتوانێ لەبیری حەزفی لەسەداسەدی ئەوی تردا بێت. لە راستیدا لە وەها جیهانێکدا هەموو ئایین و بیروڕاکان ناچارن لەگەڵ یەکتردا بژین، ئەگینا گەر هەوڵی سڕینەوەی یەکتر بدەن ئەوا بە تووش شەڕە قورسەکانەوە دەبن، ئەو شەڕانەی بە هۆی تێکە و لێکەیی زیاتری مرۆڤ و گەشەسەندنی ترسناکی چەک و ئامرازەکانی کوشتن، ئاسەوارەکانی یەکجار قورس و ترسناک دەبن.

کەواتە پۆستمۆدێرنیسم لەگەڵ خۆی جۆرێک لە پاشەکشەی تاک بەرەو سنوورەکانی خۆی دێنێ. لە وەها دۆخێکدا مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی دەتوانێ بیروباوەرەکانی خۆی بپارێزێ، بەڵام لە ئاست بیروباوەڕەکانی تردا لەسەرەخۆتر دەبێ. حەقیقەتی خۆت بۆ خۆت دەبێ و حەقیقەتی ئەوی تر بۆ خۆی. دیارە دەکرێ گفتوگۆ و رەخنەیش لە ئارادا بن، بەڵام بە مەرجی سەداسەدی دووری لە سووکایەتیکردن و هەوڵی فیزیکی بۆ سڕینەوەی.

دیارە دەستەبەرکردنی ئەم حاڵەتە لە وڵاتانی دیمۆکراتیک ئاسانترە. چونکە لەوێ بە هۆی سیستمی سکولارەوە و ئازاد راگەیاندنی بیروڕاکان و سڕینەوەی دەسەڵات لە ئایدیۆلۆژییەکی داخراو، دەرفەتی جۆرێک لە پلۆرالیزمی بیر و کردە دەڕەخسێ، بەڵام لەو ولاتانەی هیشتا دەسەڵات دیمۆکراتی نیە و کەچی بای پۆستمودێرنیسم تیایاندا هەڵیکردووە، دۆخەکە ئاڵۆزترە.

رەنگە بتوانین بڵێین یەکێک لە دەرکەوتەکانی وەها دۆخێک دوورکەوتنەوەی خەڵکی لە کردەی تایبەت بە دەورانی مودێڕن و پیش مودێڕن بێت کە تێیدا هەر کەس پێی وابوو خاوەن حەقیقەتی موتڵەقە و دەتوانێ ئەوی تر بسڕێتەوە. بە پێچەوانەوە هەنووکە بە هۆی پۆستمودێرنیسمەوە جۆرێک لە پاسیڤ بوون و دوورکەوتنەوە لە کردە شۆڕشگێڕانە روویداوە. دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە خەڵکی دۆخی باویان قبوڵە، نا، بەو مانایەیە کە ئەوان نایانەوێ لە رێگای سڕینەوەوە بەرەوڕووی دۆخی باو ببنەوە و زیاتر لە هەوڵی راپێچکردنی بیروڕای باو و کەسانی دەسەڵاتداردان بۆ دیتنی خۆیان وەک یەکێک لە بیرەکانی ناو کۆمەڵگا.

لێرەوە هەستدەکرێ جۆرێک لە دەستەوەستانی و قبوڵکردنی دۆخی باو لە ناو زۆرینەدا باوە و بێ کردەیی بوونی هەیە، دیاردەیەک کە بە دڵی مودێرنیستەکان نیە.

بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە وەها دۆخێک بە هۆی رۆحی پۆستمودێرنەوە زاڵە و تازە ناکرێ بە پێوانەی مودێرنیسم دۆخەکە بخوێنینەوە و داوای کردە لە خەڵک بکەین.

پۆستمودێرنیسم زیاتر لەگەڵ رێفۆرمیزم تەبایە، ئەگەرچی ئەم ریفۆرمیزمە ئەگەر بتوانێ بە ئامانجی خۆی بگا، لە رێگای بەڕێژەییکردنی دەسەڵاتی باوەوە دەتوانێ کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی گەورەی ئەنجامدابێ! هەروەها لە بیرمان نەچێ کە کردەیەکی تایبەت ناتوانێ بە سەر جەماوەردا بسەپێندرێ. لە راستیدا ئەو کەسەی کە خوازیاری گۆڕانە و لە شێوازی پلان کاری بۆ دەکا، دەبێ خۆی لە گەڵ دۆخی باو بگونجێنێ، نەک بە پێچەوانەوە. "تۆ هەی بۆیە من هەم، من هەم بۆیە تۆ هەی!" رەنگە ئەمە کاکڵی بوون لە سەردەمەی ئێمەدا بێت.  

Bilderesultat for ‫پست مدرنیسم‬‎