لەنۆروێژییەوە: سایتی قەلەم

گۆڕینی فاکت بۆ دەرفەت پێویستیی بە خەیاڵی من هەیە. دەرفەتەکان ئاکامی یاریی نێوان من و خەیاڵە ئازادەکانی منن لە لایەکەوە و، لە لایەکی تریشەوە لە نێوان من و دونیای دەرەوە. بۆیە دەرفەتەکان لە لایەن منەوە چێکراون نەک جیهان. ئازادی زیاترە لە دەرفەتی هەڵبژاردن لەنێوان ئەڵتەرناتیڤەکاندا، ئازادی بریتیشە لەوەی من دەبێ بۆ خۆم 'بڕوانم' یاخود بە یارمەتی خەیاڵ ئەو دەرفەتانە چێبکەم کە دوواتر دەمەوێ لەناویاندا هەڵبژێرم.

 

دڵەڕاوکێ لای ژان پۆل سارتەر ٧

بۆ یەکەم جار سارتەر لە وتارێکدا کاتێک باسی دڵەڕاوکێی کرد کە لە بەرلین لە ساڵەکانی ١٩٣٣ ـ ٣٤ دا دەژیا. ئەو کاتە لەوێ خەریکی خوێندنی هوسرەل و هایدگر بوو. وتارەکەیشی لە ژێر ناونیشانی 'لایەنی بان ئەزموونیی کەسایەتی' دوو ساڵ دوواتر لە ساڵی ١٩٣٦ دا بڵاوکردەوە. وتارەکەی سارتەر باس لە پەیوەندی نێوان وشیاری (خود) و ئێگۆ (من) دەکا. ئەو بە جیاوازیی نێوان وشیارییەک کە توانای خۆدەربڕینی هەیە و وشیارییەک کە توانای خۆدەربڕینی نیە (وشیاریی سڕ ـ و.)، دەست پێدەکا. کە تێیدا وشیاریی سڕ ئەسڵ و سەرەتایە. لەم حاڵەتەدا وشیاری ناتوانێ دەرکێکی لەمەڕ خۆی هەبێ، وشیاری ناتوانێ خۆی بکا بە ئۆبیەکت، بۆیە لە بەشی خۆدەربڕیندا ئێگۆ واتە من چێدەکا بۆ ئەوەی بتوانێ پەیوەندی لەگەڵ خۆی بەرقەرار بکا. بۆیە ئێگۆ ئۆبیەکتێکە بۆ وشیاری و لە پشت وشیارییەوە نیە. ئێگۆ ئەو بەشەیە کە سترۆکتۆری کەسایەتیی ئێمەی هەڵگرتووە، ئێگۆ ناوکی هەموو مودێلە کردارییەکانی ئێمەی پێکهێناوە. بۆیە ئێگۆ وەک شاراوە خۆی دەنوێنێ، ئێگۆ ئەو خۆبەخۆییە دەشارێتەوە وا وشیاری خاوەنیتەی. ئەم خۆبەخۆییە خاوەن هیچ فۆڕم یان سنوورێک نیە، بۆیە سەرچاوەی دڵەڕاوکێیە. لێرەدا سارتەر نموونەیەک دێنێتەوە کە تێیدا ژنێک کە تازە شووی کردووە و لە ماڵەوە کاتێک بە تەنیایە، لەوە دەترسێ کە دەبێ وەک ژنێکی سۆزانی پێشنیاری فرۆشتنی لەشی خۆی بەو رێبوارانە بدا کە لەویوە دەگوزەڕین. ئە م ژنە هەروەها دڵەڕاوکێی هەیە سەبارەت بەوەی کە دەبێ چ بکا لە ئاست ئەو دڵەڕاوکێیەی دەروازەی دەرفەتەکانی بۆ دەکاتەوە. سارتەر هەر بەو شێوەیەی شیرکەگۆرد دەڵێ مرۆڤ دەتوانێ ئەمە ناو بنێ "سەرگێژەیەک، دەرفەت دەیخوڵقێنێ."

ئێگۆ (من)، لەم وتارەی سارتەردا وەک دیاردەیەکی زەروور و هەر لەو کاتەدا وەک ئایدیایەکی درۆ دەردەکەوێ. جا بۆیە رەنگە ئەمە کاتێک روودەدات وشیاری بەم بەرهەمە واتە بە ئێگۆدا بچێتەوە وا بۆخۆی درووستی کردووە و، لەوە تێدەگا کە ناتوانێ خۆی لە ئەم رەوتە خۆبەخۆیە دەرباز بکا. بۆیە:

"... کتوپڕ وشیاری بە تووش ئەو دڵەڕاوکێیەوە دەبێ کە داخۆ چ ناوێک بخاتە سەر ئەو رەوتە خۆبەخۆییە وا ناتوانێ خۆی لێ دەرباز بکا: جا ئەم دڵەڕاوکێ ناخۆش و موتڵەقە، ئەم ترسە، کە خۆی وەک وشیارییەکی رووت و درووستکەر نیشان دەدا کلیلی ئەو دڵەڕاوکێیە وا باسمان لێ کرد. ئەگەر 'من' لە "من بیردەکەمەوە" ببێ بە سترۆکتۆری سەرەکیی وشیاری، ئەوا دڵەڕاوکێ غەیرەمومکین دەبێ."

لێرەدا ئێمە بە جۆرێک گوێمان لە شیرکەگۆرد و هایدگر دەبێتەوە، کاتێک شیرکەگۆرد باس لە لەو سەرگێژەیە دەکا کاتێک مرۆڤ بە تووش دەرفەتەکانەوە دەبێ و کاتێک هایدگریش باس لەوە دەکا کە مرۆڤ کاتێک لە بەرامبەر خۆیدا رادەوەستێ بەتووش دڵەڕاوکێوە دەبێ. لێرەدا ئێمە لەبەرامبەر خۆماندا رادەوەستین وەک 'وشیارییەکی رووت' کاتێک بە ئێگۆ واتە من دا دەچینەوە.

لە ١٩٣٤ ـ ٤٠، لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی پۆلۆنییەکان لە دژی داگیرکاریی ئاڵمانی و پێش هێرشی ئاڵمان بۆ فەڕەنسە، سارتەری هێشتا ئاسایی ژیانێکی ئارام وەک چاودێری کەشناسی لە پشت هێڵی جەبهەوە بەسەردەبا. لەم سەردەمەدا ئەو خەریکی نووسینی یاداشتەکانیەتی کە سەرەتایەک بوون بۆ کتێبەکانی. ئەو هەروەها خەریکی خوێندنەوە لەسەر دڵەڕاوکێ و بیرکردنەوەکانی لەمەڕ ئەم چەمکەیە کە رەگیشی لەو خوێندنەوانەدا هەیە لەوە پێش لەسەر هایدگر هەیبوو.

"ئەگەر شیرکەگۆرد لەوەدا راستە کە دڵەڕاوکێ وەک 'دەرفەتی ئازادی' پێناسە دەکا، کەواتە ئەمە ئاماژەیەکە بە دڵەڕاوکێ کە من دووبارە ئەم بەیانییە زانیم بەتەواوی ئازادبووم لەوەی ئەو لەتە نانەی ژنە خزمەتکارەکە لە تەنیشت من لەسەر مێزەکە داینابوو بیبڕم و، ئەوسا ئازادانە بیخەمە دەممەوە. کەس لەم دونیایە ناتوانێ بەر بەمە بگرێ، تەنانەت خۆیشم. چونکە وازهێنان (لەکارێک) بە مانای بەرپێگرتنی خۆنیە٢٠... وازهێنان تەنیا بە مانای وەدوواخستنە، مانەوە لە نادڵنیاییدایە، بە مانای سەرقاڵبوون بە دەرفەتەکانی دیکەوەیە. بەرپێگرتن وەک ئەوە وایە دەستێکی بەهێزبێت و قۆلت مەحکەم بگرێت. بەڵام من خاوەنی وەها دەستێک نیم؛ من ناتوانم لەمپەر لە نێوان خۆم و دەرفەتەکانی خۆم دروستبکەم. ...

لە شیرکەگۆردیش نموونە دێنێتەوە:

... پێوەندی دڵەڕاوکێ بە بابەتەکەیەوە، بە شتەکەوە، جا هەرچی بێ بریتییە لەوەی شتەکە نەبێ (بە واتایەکی تر، وەک لای ژنی سکپڕ: دڵەڕاوکێ بۆ ئەوەی منداڵەکەی بە مردوویی لەدایک بێت، واتە دڵەڕاوکێ بۆ نەبوون)

وە ئاماژە بەوەدەکا ئێمە لێرەدا کارێگەریی راستەوخۆ لەسەر هایدگێر دەبینین کە تێیداچەمکە سایکۆلۆژییەکانی شیرکەگۆرد بە شێوەی میتافیزیک لێکدەداتەوە. سارتێر لێرەدا ئەوەی دەنووسێ کە دەبێ بە کلیلی فەلسەفەی خۆی لەسەر دڵەڕاوکێ:

"دڵەڕاوکێ بۆ نەبوونیەتی، لای هایدگێر؟ دڵەڕاوکێ بۆ ئازاد، لای شیرکەگۆرد؟ لەلای من هەر دووکی ئەمانە یەک شتن، چونکە ئازادی شێوازی دەرکەوتنی نەبوونیەتییە لە جیهاندا. ...واقعییەتی مرۆڤ لەناوبردنی واقعییەتە، بە یارمەتی ئازادییە ئێمە دەتوانین وێنای شتەکان لای خۆمان بکەین، واتە لە هەمان کاتەدا لەناوبردن و بە تێماکردنی شتەکان لە جیهان. لە رێگای ئازادییەوەیە ئێمە هەموو کاتێک دەتوانین لەگەڵ زاتی خۆمان مەودا دروستبکەین کە لە ناو نەبوونیەتیدا لەناودەچێ و ئاسەواری نامێنێ. ئازادی، دابڕان دروستدەکا؛ پێوەندی دەپچڕێنێ. ...دڵەڕاوکێ بۆ نەبوونیەتی هەمان دڵەڕاوکێیە بۆ ئازادی... نەبوونیەتی کونێک نیە پێمان درابێ... لە راستیدا نەبوونیەتی هەمان نەبوونیەتییە خۆمان هەین.”

بۆیە بنەمای خوێندنەوە سیستماتیک و وردەکانی سارتێر سەبارەت بە پێوەندیی نێوان دڵەڕاوکێ و ئازادی لە کتێبی 'بوون و نەبوون' لە ساڵی ١٩٤٣، کە یەکێک لە دوو کارە گرینگەکانی ئەوە، چێدەبێ. لێرەدا ئەو بەشێوەی بەرین کار لەسەر دڵەڕاوکێ دەکا. سارتێر لە ئایدیاکانی هایدگێر لەسەر چەمکی نەبوونیەتی بۆ چوونە ناو باسەکە کەڵک وەردەگرێ کە هاوکات رەخنەیشی لێدەگرێ، بەڵام لای سارتێر پێش لەهەر شتێک فوکوس لەسەر پێوەندیی نێوان دڵەڕاوکێ و ئازادییە. چەمکی نەبوونیەتی بەردەوام رۆڵێکی سەرەکی لای ئەو دەگێڕێ، بەڵام هەنووکە وەک بەشێک لە ئازادیی وجوودی.

سارتێر سێ نموونەمان پێشکەشدەکا. نموونەی یەکەم رێبوارێکە دەگاتە هەڵدێرێک لە کوێستان و بە هۆی بەرزاییەکەیەوە بەتووش سەرگێژەو دڵەڕاوکێوە دەبێ. سارتێر تەئکید لەسەر ئەوەدەکا نابێ ئەمە لەگەڵ ترس لێمان تێکبچێ کە دەکرێ ئەویش هەبێ، ترس لەوەیکە قاچمان لەسەر بەردێک هەڵخزێ، یاخود کەسێکی تر پاڵمان پێوەنێ و بمانخاتە خوارەوە. سەرەگێژە، دڵەڕاوکێ، بریتیە لەوەی کەسەکە ئازادیی ئەوەی هەیە خۆی فڕێبداتە خوارەوە، ئەمە دەرفەتێکە، هەروەها نەبوون، لێرەدا نەبوون خۆی دەهاوێتە ژوورەوە، ئەو نەبوونەی کە بەر بەوە دەگرێ کەسەکە خۆی هەڵداوێ. لێرەدا ئێمە ئەوەی دەناسینەوە کە لای هایدگێر مێتافۆرە، سەرەگێژە کە بەهۆی سەیرکردنی خوارەوە لە هەڵدێرەکەوە بەتووشمانەوە دەبێ، وەک دەرفەتێک.

نموونەی دووهەم، بەشی سەربازی پیادەیە لە جەنگدا کە دەتوانن ترسی ئەوەیان هەبێ بە هۆی فیشەک یاخود نارنجۆکێکەوە بپێکرێن. ئەمە ترسە. ئەوجا بۆ سەربازەکە دەگەڕێتەوە چلۆن بەرەورووی ئەم ترسە بێتەوە، داخۆ ترسنۆک دەبێ یان ئازا؟ سارتێر دیسان ئەم ترسە وەک دڵەڕاوکێ پێناسە دەکا، دڵەڕاوکێی ئەوەی داخۆ سەربازەکە بڕیاری چی دەدا.

نموونەی سێهەم کاسبکارێکی دەوڵەمەندی وەرشکستە. ئەم کاسبکارە دەتوانێ بە دوو شێوازی جیا بەرەوڕووی ئەم دۆخەی خۆی بێتەوە: بە شێوازی ترس و بەشێوازی  دڵەڕاوکێ. ترس لە هەژاری، ئەوەیکە نەتوانێ نانەسکیس پەیدابکا. بەڵام ئەم دۆخە دەتوانێ جۆرێکی تر لە کردەی لێبکەوێتەوە، واتە دڵەڕاوکێ، ئەوەیکە کاسبکارەکە چی بکا و، گەر کردیشی داخۆ کردەیەکی دروستبووە یان نا؟ سارتێر باسی ئەوە دەکا تەنانەت کاسبکارێکی سەرکەوتوویش دەتوانێ هەست بە دڵەڕاوکێ بکا. ئەوەیکە داخۆ دەتوانێ شوێنی خۆی بەردەوام بپارێزێ یان نا؟ دڵەڕاوکێ دەیشتوانێ بریتی بێت باوەڕنەکردن بە خۆ.

سارتێر هەوڵدەدا ئەمە بە بوونی مرۆڤ بسڕێتەوە کە ئێمە ناومان ناوە ئازادی و لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دڵەڕاوکێدا بەتووشییەوە دەبین. جا لێرەدا بەچەندا جار کەڵک لە وشەگەلی نەبوون و نەبوونییەت وەردەگرێ. مەبەستی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە خۆمان لەهەموو ئەو وێنایانە بەتاڵبکەینەوە لەسەر ئەوەی کە ئێمە لەلایەن شتە دەرەکییەکانەوە بڕیارمان لەسەر دەدرێ. نەتەنیا هۆکارە سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە دەرەکییەکان دەبێ لاببەین، بەڵکو هەروەها دەرفەتەکانی خۆم، ئەو شتانەی دنەم دەدەن، بڕیارەکانی زوو و هتد. لەهەموو شوێنێک من پارێزگاریم لێدەکرێ بە هۆی نەبوونییەتەوە لەبەرامبەر هەموو ئەو شتانەی ئازادیی سنووردار دەکەن.

یەکەم: داخۆ من بە هۆی کۆمەڵێک دەرفەتەوە سنووردار دەکرێم؟ کاتێک دەرفەتێک دەبینم، لەم دەرفەتەدا کردەیەکی خوڵقێنەر خۆی حەشارداوە. جیهان لەخۆیدا تەنیا لە فاکت پێک هاتووە و لە بواری کردەدا خاوەن ئەڵتەرناتیڤە جۆربەجۆرەکان نیە بۆ مرۆڤ. گۆڕینی فاکت بۆ دەرفەت پێویستیی بە خەیاڵی من هەیە. دەرفەتەکان ئاکامی یاریی نێوان من و خەیاڵە ئازادەکانی منن لە لایەکەوە و، لە لایەکی تریشەوە لە نێوان من و دونیای دەرەوە. بۆیە دەرفەتەکان لە لایەن منەوە چێکراون نەک جیهان. ئازادی زیاترە لە دەرفەتی هەڵبژاردن لەنێوان ئەڵتەرناتیڤەکاندا، ئازادی بریتیشە لەوەی من دەبێ بۆ خۆم 'بڕوانم' یاخود بە یارمەتی خەیاڵ ئەو دەرفەتانە چێبکەم کە دوواتر دەمەوێ لەناویاندا هەڵبژێرم. خەیاڵیش بریتییە لە وێناکردنی شتێک کە نیە، هەروەها وێناکردنی 'نەبوون'یش. تێگەیشتن لەمە لەگەڵ خۆی دڵەڕواکێ دێنێ.

دووهەم: داخۆ من بەهۆی دنەدەرەکانی خۆمەوە، کە کردەکانم کۆنتڕۆل دەکەن، سنووردارکراوم؟ نا، من دەتوانم خاوەن دنەدەربم، کە هاوکات خوڵقێنراوەکانی خۆیشمن، بەڵام دنەدەرەکان خاوەن کاریگەری نین، کەس ناتوانێ من ناچاربکا شوێنیان بکەوم. بۆیە هەموو هەڵبژاردنەکان بێ بنەمان، ئەوان دەتوانن بەگوێرەی دنەدەرەکان بن، بەڵام من دەبێ بۆخۆم ئەوە هەڵبژێرم کە بە گوێرەی دنەدەرەکان بم. مەبەست لە بێ بنەما ئەوەیە کە بنەماکانیان لە ئێمەدان، بە بێ هیچ چەشنە یاریدەدەرێکی دەرەکی. ئەمەیش هەروەها هەڵگری دڵەڕاوکێیە.

سێهەم: سەبارەت بە داهاتوو من دەتوانم بۆ خۆم پلان دابڕێژم، پلان هەڵبژێرم. بەڵام لە نێوان 'من' منێک کە هەنووکە هەم و 'من'ێک کە دوواتر دێت، جیاوازییەک هەیە، دیسان نەبوون. ئێمە دەگۆڕدرێین و من ناتوانم بزانم سبەی چۆن دەبم. داخۆ من کردەی ئەمڕۆی خۆم، کە بە دروستی دەزانم، تاوانباردەکەم؟ دڵەڕاوکێ هەروەها بریتییە لە وشیاری لەسەر ئەوەیکە من بنەمای ئەو شتەم کە ئیستاکە نیە و سبەی دەبم؛ کە ئەمەیش دیسان هەمان 'نەبوون'ە.

چوارەم: سەبارەت بە رابردوو: زۆربەی ئەو کردانەی ئەمڕۆکە دەیانکەین لەسەر بڕیارەکانی پێشوو راوەستاون، کە بەڕواڵەت ئازادیی هەڵبژاردنی منیان سنووردارکردووە. بەڵام رابردوو وەک دنەدەرەکانی من بە بێ کاریگەریی نیە. نموونەی ناسراوی سارتێر بۆ ئەمە قوماربازێکە کە لە تەنیشت مێزی قومارەکە راوەستاوە بە وشیارییەکی تەواو لەسەر ئەو بڕیارەی دوێنێی خۆی کە ئیتر قەت قومار نەکا. بەڵام ئیستا تێدەگا بڕیارەکەی دوێنێی خۆی کەڵکی نیە. ئەم قوماربازە بۆ ئەوەی قومارنەکا، دەبێ سەرلەنوێ بڕیارەکەی بداتەوە. کە ئەمەیش دەبێ لە هیچەوە واتە لە 'نەبوون'ەوە دروست بکرێتەوە، چونکە ئێمە لە بڕیارەکانی رابردوو جیاین بە هۆی 'نەبوون'ەوە.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫سارتر‬‎