ما 6038 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

شیرکەگۆرد لەوانی تر دەوڵەمەندترە، بەڵام هاوکات کەمتر خاوەنی سیستمە. تیۆرەکانی هایدگێڕ و سارتێریش ، لەچاو شیرکەگۆرد، لەسادەبوونیاندا بەرچاون. بۆ ئەو کەسەی حەزدەکا لە تیۆری دڵەراوکی بگا و خۆی بهاوێتە ناو دەقەکانی هایدگێر و سارتێرەوە، پێش لەهەر شتێک دژوارییەکە لە ناسینی ئەو بنەما فەلسەفییەی خۆی دەردەخا کە ئەوان فەلسەفەکەی خۆیانی لەسەر بونیات دەنێن، نەک خودی تیۆری دڵەڕاوکێ.

 

دڵەڕاوکێ لای ژان پۆل سارتێر (٨)

سارتێر لە رێگای بەکارهێنانی وشەی 'نەبوون' وێنەیەک لە سوبیەکتی لاکەوتە، دابڕاو و دەورەدراو بە چۆڵەوانی چێدەکا = نەبوونێک کە لاوازە و خۆ دەخزێنێتە نێوان من و دەرفەتەکانم، نێوان من و دنەدەرەکانم، نێوان من و رابردووی من یاخود داهاتووی من و، دابڕانێک لە هەموو بوارەکاندا دروستدەکا.

"ئەگەر کەسێک بپرسێ نەبوون چییە کە بنەمایەک بۆ ئازادی چێدەکا، دەبێ جواب بدەینەوە لەبەر ئەوەی نیە ناتوانین وەسفی بکەین، بەڵام دەتوانین لانیکەم بە وتنی ئەوەی نەبوون لەگەڵ خۆیدا بوون دێنێ، تیشکێک بخەینە سەری. ... ئازادی کە لە رێگای دڵەڕاوکێوە خۆی نیشاندەدا، لە رێگای تازەکردنەوەی بەردەوامی ئەو ئەرکانەوە پێناسەدەکرێ کە 'من' سەرلەنوێ دروستدەکاتەوە کە ئەمەیش نیشاندەری 'بوون'ی ئازادە."

ئێمە تەنیا بە هۆی نەبوونایەتی (نەبوونییەت) تەنیا لە رابردوو، داهاتوو، دەرفەتەکان و دنەدەرەکان کە سەرەڕای هەمووشتێ لەخۆمان جیاوازن، دانەبڕاوین، بەڵکو لە ئاستێکیشدا لە خۆیشمان دابڕاوین. ئەمە خۆی لە جیابوونەوەی نێوان 'ئێگو' لە لایەک و وشیاری یاخود 'خود' لەلایەکی ترەوە نیشاندەدا. ئێگو باس لە زات، سرووشت و کەسایەتیمان دەکا کە ئێمە بەکاری دێنین بۆ روونکردنەوەی کردەکانمان:

"زات لە مرۆڤدا هەموو شتێکە کە ئێمە دەتوانین بەم وشانە باسی لێبکەین: "ئەمە..." ئەو وشانەی وا کۆمەڵێک تایبەتمەندین و کردە شیدەکەنەوە. بەڵام کردە هەمیشە واوەترە لە زات؛ کردەیەکی مرۆڤانەیە لەو ئاراستەیەدا کە واوەتر دەڕوا لە هەر شیکردنەوەیەک ئێمە دەتوانین پێی ببەخشین. ...سەرڕێژکردنی وشیاریی ئێمە بەرەبەرە سرووشتی ئێمە چێدەکا، بەڵام ئەمە بەردەوام لەپشت سەرمان جێدەمێنێ ووەک ئۆبیەکتێکی نەگۆڕ کە دەرفەتی تێگەیشتنمان دەداتێ لای لێدەکەینەوە."

دڵەڕاوکێ تێگەیشتنە لە خود هەتا ئەو جێگایەی ئەم خودە لەوەی کە هەیە دابڕاوە، خودێک دەورەدراو و لادراو بە 'نەبوون'. لە دڵەڕاوکێدا ئێمە لە خۆمان وەک کەسی بێ بنەما دەگەین، کە ئەمەیش هەمان ئازادییە.

سارتێر هەروەها باس لە شتێک دەکا کە وەک کێشە لێی تێدەگا و، هایدگێریش هەر بەهەمان شێوە رووبەڕووی دەبێتەوە: بۆچی دڵەڕاوکێ ئەوەندە دەگمەنە؟ وەک هایدگێر ئەویش بەهەمان شێوە وەڵام دەداتەوە و، دەڵێ لە ئازادی خۆمان دەبوێرین چونکە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ. لەبەر ئەوەی ئازادی دەمانترسێنێ، نەبوونایەتی دەمانترسێنێ، ئەمانە دەبنە هۆی سەرەگێژە و ناخۆشیمان، دەبنە هۆی ترسی لەرادەبەدەر و شەرم، بۆیە لەدەستی رادەکەین. وەسفی سارتێر لەم راکردنە زۆر لە وەسفەکەی هایدگێر جیاواز نیە، بەڵام رەنگە زیاتر کۆنکرێت و سیستماتیک بێت. سارتێر دەستەواژەی "باوەڕی خراپ" (mauvaise foi) چێدەکا وەک چەمکێک لە بەرانبەر باوەڕی چاکدا. سەبارەت بە باوەڕی خراپ دەڵێ کاتێک ئێمە لە باوەڕی خراپداین، خەریکی وێناکردنی خۆمانین بە شێوازێکی تر جیا لەوەی لە واقعدا هەین، بەڵام پێش لەهەر شتێک ئێمە ئەمە لەسەر خۆمان ئەنجامدەدەین. لێرەدا ئێمە دەچینە ناو رۆڵێکەوە (کایەیەک) کە تێیدا وادەنوێنین ئێمە لەوەی هەین شتێکی جیاوازین. وە لە راستیدا هاوکات دەزانین ئەمە وێنایەکی ناڕاستە لە خۆمان. لەم کایەیەدا هەوڵدەدەین لە خۆمان وەک کەسێک تێبگەین کە لە لایەن بڕیارەکانی پێشووتر، دنەدەرەکان و دۆخە دەرەکییەکانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێین کە بڕیاردەرن لەسەر ئەو کەسەی ئێمە هەین. بەڵام ئێمە دەبێ بەو شێوەیەی هەڵسوکەوتبکەین کە دەیکەین چونکە ئەوەین کە هەین و دونیایش ئەوەیە کە هەیە. ئێمە هۆکاری کردەکانمان شیدەکەینەوە و شوێنی خۆمان دیاریدەکەین، نەک بەجیا و تەریک لە 'نەبوون'؛ بەڵام مەحکەم و بەردوام جێگیر لە زنجیرەی کارتێکەرییەکاندا.

بۆیە ئێمە دەتوانین دووری بکەین لە هەبوونمان لەناو دڵەڕاوکێدا، ئەو دڵەڕاوکێیەی کە بەهەرحاڵ لەوێیە و ئێمە لە دەروونی خۆماندا وێنەی درۆیینی خۆمانی تیادەبینین، دڵەڕاوکێیەک لە بەرگی غەیری خۆیدا. لێرەدا وەک شتێکی ناخۆش لە دۆخە جۆراوجۆرەکانداخۆی پیشان دەدا، وەک خۆگۆشین و ترس لەو شتانەی کە لە راستیدا جێگای ترس نین، بۆ وێنە وەک ترس لە سەرئێشە و نائارامی، ترس لە بێحورمەتی و تیامانەوە و بڕیارنەدان.

پێوەندێکی نزیک، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، لەنێوان تیۆرەکانی شیرکەگۆرد، هایدگێر و سارتێردا سەبارەت بە دڵەڕاوکێ هەیە. دەزانین کە هایدگێر ٢٤لە ژێر کاریگەریی شیرکەگۆرددایە و، سارتێریش لە ژێر کاریگەریی شیرکەگۆرد و هایدگێردا. هایدگێر هەندێ روانگە دێنێتە گۆڕێ کە سەرەڕای پێوەندییەکانیان، زۆر جیاواز لەوانەی شیرکەگۆردن. سارتێر هەم تیۆرەکانی هایدگێر گەشەپێدەدا و هەم رەخنەیان لێدەگرێ. بۆیە دەتوانین لەم سێ کەسە وەک سێ بیرمەندی نوێنەری یەک تیۆری بڕوانین، بەڵام تیۆرێک کە لە گەشەدایە و لە بەرگی جۆراوجۆردا خۆی نیشاندەدا، واتە تیۆری دڵەڕاوکێی وجوودی. تیۆری شیرکەگۆرد لەم بوارەدا لەوانی تر ئاڵۆزترە. ئەو، بەرگی تیۆلۆژی و فەلسەفەی لەبەر ئەم تیۆرە دەکا، هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە لە زۆر شوێندا خاوەن رووانینێکی سایکۆلۆژیانەی تایبەتیشە. کتێبی 'چەمکی دڵەڕاوکێ' خۆی لەخۆیدا ئاڵۆز و دژوارە. لەناو ئەم سیانەدا، لەباری ئایدیاوە، شیرکەگۆرد لەوانی تر دەوڵەمەندترە، بەڵام هاوکات کەمتر خاوەنی سیستمە. تیۆرەکانی هایدگێڕ و سارتێریش ، لەچاو شیرکەگۆرد، لەسادەبوونیاندا بەرچاون. بۆ ئەو کەسەی حەزدەکا لە تیۆری دڵەراوکی بگا و خۆی بهاوێتە ناو دەقەکانی هایدگێر و سارتێرەوە، پێش لەهەر شتێک دژوارییەکە لە ناسینی ئەو بنەما فەلسەفییەی خۆی دەردەخا کە ئەوان فەلسەفەکەی خۆیانی لەسەر بونیات دەنێن، نەک خودی تیۆری دڵەڕاوکێ. ئەگەر ئەم دووانە لە دەرکی خۆیان لەسەر دڵەڕاوکی خاوەن راستی بن، لەو شتەیدا وا فرۆید بەشوێنیەوەیەتی، سەرکەوتوون: پەیداکردنی ئایدیا ئەبستراکتە راستەکان.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for filosofisk angst

گەڕان بۆ بابەت