ما 5892 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح رەنجدەر

من پێم وایە بۆ خوێندنەوەی شیعری تۆ سەرەتا پێویستە دەست لەو لۆژیکە هه‌ڵبگرین، کە لەسەر لێکدانەوەی وشە بە وشە دامەزراوە، چونکە وشە هه‌مان ئەو ڕۆڵەی نییە، کە لە ده‌قی ئاساییدا هه‌یەتی، بەڵکو سپەیس ئەو ڕۆڵە دەبینێت. بە مانایەکی تر ڕۆڵی ته‌قلیدییانه‌ی وشە لەو کاتەوە کۆتاییی هاتووە، کە لە پێکهێنانی ئەو سپەیسەدا بەشداریی کردووە.

 

نامەی نێوان ئەدیبان

سەباح ڕەنجدەر

1

(نامەی دكتۆر عوسمان یاسین بۆ سەباح ڕەنجدەر)

كاك سه‌باح ڕەنجدەری بەڕێز: شاعیری هەست و خەون، سڵاوت لێ بێت و ئەو كاتە و هەموو كاتێكت شاد و شیعر هه‌موو خانه‌كانی جه‌سته‌ت زیندوو رابگرێت.

زۆر دڵخۆش بووم بە چاپكردنی دیوانەكەت لە دوو بەرگدا، كە سەرجەم شیعرەكانتی لەخۆگرتووە. هەر لە كتێبی یەكەم كە چامەی: (زێوان)ـه،‌ تاكو شیعری: (مێژوو دەتوانێت ڕووی بكاتەوە و چاو ببڕێتە بەردەمی خۆی)، كە لە ئاداری 2017 نووسیوتە. لەبەردەستبوونی سەرجەم شیعرەكانت لە دوو بەرگدا بۆ من ئاسانكارییەكی باش بوو، دەرفەتێكیش بوو، بەو یادگارییانەی خوێندنەوه‌كانم دابچمەوە، كە له‌بارەی هەندێك لە شیعرەكانت نووسیومن.

كاتی خۆی خوێندنەوەیەكم، به ناونیشانی: (بنیادی جووڵه له چامه‌ی (زێوان)دا بۆ چامەی زێوان كردبوو، باسی بنیادی جووڵەی ئەو چامەیەم كردبووه‌ ‌ڕسته‌ی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ری نووسینه‌كه‌م، كە لە ڕۆژنامەی (كوردستانی نوێ) ژمارە (189) لە 13/9/1992 بڵاوكرایه‌وه. ئەو خوێندنەوەیەم زیاتر لەژێر كاریگەری میتۆدی بنیادگەری شێوازییانەی (ڕۆلان بارت) بوو.

دواتریش لە ساڵی 1997 كاك نەجات حەمید كتێبی: (مێژووی خود لەناو لەنگەرییەكدا)ی له‌باره‌ی ئه‌زموونی ناوازه‌ی تۆ، كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك نوێخوازه‌ بڵاوكردەوە. خوێندنەوەی بۆ ئەم سێ چامەیە كردبوو: جەنگی پرسیار، مەرگی ئاوێنە، كۆڵانەكانی ڕۆژهەڵات، دیارە ئەم چامەیەی دوایی لە بەرگی یەكەمی دیوانەكەتدا، ناونیشانت گۆڕیوە و كردووتە بە ڕێزمانی كۆڵانەكان. پێم وابێ ئەو كتێبەی كاك نەجاتیش هەر میتۆدێكی نزیك لە میتۆدی بنیادگەری شێوازییانەی
(ڕۆلان بارت)ی بەكارهێنا بوو، بۆیە منیش بەو كتێبە سەرسام بووم و خوێندنەوەیەكم، به ناونیشانی: (گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی خود) بۆ كرد و لە ژمارە (20)ی 5/2/1997ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوبووەوه‌.

ئەوەی كە پێم سەیرە لەگەڵ وەرچەرخانە شیعرییەكانی تۆدا، وەرچەرخان بەسەر ڕوانگە و میتۆدی خوێندنەوەی منیشدا هات، بۆیە كاتێك شیعری: (تۆم ئەم بەرەبەیانییە ناسی نەمزانی لە كام نوێژدا) بڵاوكردەوە، زۆر سەرنجی ڕاكێشام، دوای مانگێك لە 8/2/2016 بە كەمێك دەستكارییەوە هەمان شیعر بە ناونیشانی: (لە نوێژی ئەم بەیانییەمدا كەوتمە ناو ئاگری گەورەی سرووش و بەرزبوونەوە) لە ڕۆژنامەی (هەولێر) بڵاوتكردەوە. كە هەر بەو ناونیشانەی دوایی لە دیوانەكەتدا بڵاوبوویتەوە. بەڕاستی ئەم شیعرەت وەكو لێزمە بارانێكی زه‌وی پیتێن بارییە سەر دەروونم و لەگەڵ ئەو خولیایەی مندا تێكەڵ بوو، كە ماوەیەك بوو سەرقاڵی بووم، ئەویش چوونە ناو جیهانە عیرفانییەكەی: (مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی) بوو، لەبەر ئەوە بە ناونیشانی: (پەیبردن بە نهێنی بوون) لە هەردوو دەقەكە خوێندنەوەیەكم بۆكرد، كە لە ڕۆژنامەی (هەولێر)، ژمارە (2327) لە 1/3/2016 بڵاوكرایەوە، دواتریش لە هەردوو سایتی: (دەنگەكان) و (ماڵێك لە ئاسمان)یش بە هەمان ناونیشان بڵاوكرایەوە.

برای بەڕێزم كاك سەباح: هێشتاكە زۆرم ماوە له‌بارەی شیعرەكانت بدوێم، ئەمانەی باسم كردوون چڵێكن له‌ دره‌ختێكی گه‌وره‌، بەو هیوایەی ڕۆژگار دەرفەتم بدات و زیاتر لە جوانی و ماناكردنەوەی شیعرەكانت بدوێم. بەهیوای تەمەندرێژی و تەندروستی باش و بەردەوام بوونتان لەگەڵ شەڕی وشەكان و بەخشینی جوانی بە ماناكان. سوپاسیش بۆ ئەو دیارییە بە نرخەی ئەو دوو بەرگەی دیوانەكەت كە پێشكێش بە من و بە خوێنەرانت كردوون.

ئەوپەڕی ڕێزم قبووڵ بفەرموون بۆ خۆتان و خانەوادەكەتان.

دكتۆر عوسمان یاسین

11/4/2019 هه‌ولێر

 

2

 

(نامەی كاروان عەبدوڵڵا بۆ سەباح ڕەنجدەر)

 

ڕەنجدەری برا: ماوەیەکە بیر لەوە دەکەمەوە وەک خوێنەرێکی شیعرەکانت، ڕاوبۆچوونی خۆمت بۆ بنووسم، بەڵام دوو هۆکار هەبوون ڕێیان لێدەگرتم.

یەکەم: من ڕەخنەگر نیم تا بتوانم بەناو دنیای شیعرەکانتدا ڕۆبچم و وەک پێویست نهێنی و مەدلوولەکان بدۆزمەوە. لەوە دڵنیابووم بە سەلامەتی لێیەوە دەرناچم و غەدر لە خۆشم دەکەم.

دووەم: بە هۆی ئەوەی من و تۆ زیاتر لە بیست ساڵە پێکەوە لە بواری نووسین و کتێبدا کار دەکەین، دیارە شیعریش بەشێکی  گرینگی ئەو بوارە بووە، بۆیە نووسین و ڕادەربڕین له‌باره‌ی شیعرەکانت ڕەنگبێ تەفسیری دیکەی لێبکەوێتەوە. بەهەرحاڵ ئەگەر ئەوەشم پێنەکرابێت، ‌ دەتوانم لە نامەیەکی شەخسیدا  بڕێک لە بۆچوون و تێگەیشتنەکانی خۆمت بۆ بنووسم، هیوادارم كه‌مێك له‌ شێوازت گه‌یشتبم.

   کاکە ڕەنجدەر: خۆت ئاگاداری من بیست ساڵ زیاترە ئاشنام بە شیعر و نووسینەکانت، ئاشنام، بەڵام بەو مانایە نا، کە شیعرەکانت بە ئاسانی خۆیان بە دەستەوە بدەن. یەکێ لە خەسڵەتە هەرە سادەکانی ئەو شیعرانە، خۆناساندنە بە خوێنەر، واتە: هەر کەسێک ئاگاداری ستایلی شیعرەکانت بێت، ناوی تۆشیان لەسەر نەبێ دەناسرێنەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیه‌نێ، کە توانیوتە مۆری خۆت بەسەر شیعرەکانتەوە جێبهێڵی، کە من پێموایە ئەو خەسڵەتە لە هەموو شاعیرێک دەرناکەوێ، مەگەر بەردەوامیی لە ئەزموون و خوێندنەوەدا هەبێ و لە سەفەری دوورودرێژی شیعرنووسیندا ڕێچکە و ستایلی تایبەت بەخۆیان بدۆزنەوە.  تۆ لەناو جه‌نگی داهێنان و بێ ئەندازەیی قوتابخانە شیعرییەکانی ئەو بیست سی ساڵەی دواییدا هەوڵێکی زۆرت داوە دەنگێکی جیاواز بیت، لەوەش زیاتر بەردەوام ویستووتە نەچیتە ژێر باری  مقۆمقۆی ڕەخنەی بێ بنەما و بە هیچ شێوەیەک بە لاڕێدا نەچیت و ڕێچکەی داهێنانی خۆت بەرنەدەی.  من هەر چەند بیر لە تۆ دەکەمەوە، هەر بەو باڵدارەت دەشوبهێنم، کە نایەوێ چیدیکە چاوەڕێی ئەو خواردنە بکا، کە دایکی بۆی پەیدا دەکات، لە هەوڵی ئەوە دایە خۆی خواردن پەیدا بکا و هێدی هێدیش لە دایکی دوور کەوێتەوە. دیارە دەرچوون لە گۆشەنیگا و ڕوانگەی تەقلیدییەوە کارێکی ئاسان نییە و بێ باجدان مەیسەر نابێ، هەمیشە دەرچوون لەو هێڵە، تۆمەتی سەرەڕۆیی و دەرچوون لە بەهای کۆدەنگی وەسف دەکرێ،  ئەو جۆرە کەسانە نە بە ڕێگا گشتییەکەدا دەڕۆن، نە وەک ئەوانی دیکە بیردەکەنەوە، نە وەک ئەوان دەنووسن، لە حاڵێکدا ئەگەر ڕەخنەی جیددی هەبێ، ئەو کات لەوە تێدەگەین، کە ئەو شاعیرانە لە دوورگە و ئەستێرەیەکی دیکەوە نەهاتوون، بەڵکو زادەی هەمان  زێد و هەمان کلتوور و ئەقڵییەتن، بەڵام ئەوانە بە شێوەیەکی دیکە قسە دەکەن خوازیاری ئەوەن لەناو هەمان زماندا زمانێکی دیکە بخوڵقێنن، جیا لە زمانی پێش خۆیان و دەوروبەریان، بەکورتی ئەوانە دەیانەوێ خۆیان لە کۆت و پێوەندی ئەوانی دیکە ڕزگار بکەن، توانای داهێنەرانەی  تاکی شاعیر لە تەلبەندی کۆنکریتی کلتووری زاڵ بەدوور بگرن. ئەگەر چاوێک لە مێژووی ڕەهەندی شیعری کوردی بکەین زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو پێشکەوتنەی لە شیعری ئەمڕۆی کوردیدا بەدی دەکرێ، هەوڵی بێوچانی ئەو شاعیرانە بووە کە لەناو ئاپۆرای شیعر و شاعیراندا دەنگانێک پەیدا بوون نەک هەر جیا لەوانی دیکە، بەڵکو توانیویانە ڕێڕەوی شیعریش بە سەمتێکی دیکەدا ببەن و ببنە داینەمۆی گۆڕان و پێشکەوتن. ئەوەی لەو مەیدانەدا بەدی دەکرێ دەرچوونی شیعری کوردییە لە کۆشک و تەلارە کۆنەکانی شیعر و بنیادنانی تەلاری نوێ بە دیزاینی تازە و سەرنجڕاکێش. تۆش کاک سەباح یەکێکی لەو کەسانە کە بێ پەروا باڵی شیعرەکانت لێك دەدەیت و هەوراز و نشێوە نوێکانی شیعر دەبڕی، بەڵام تۆ هێشتا جیایت، جیاییت لەوەدایە بە کەسی ده‌وروبه‌ری خۆشت ناچیت، سەیر ئەوەیە خوێنەرەکانیشت جیان، چونکە تێگەیشتن لە فۆرم و ستایلی تۆ، بڕێک ئارامی دەوێ، هەر ئەو ئارامییەیە، کە خەسڵەتی تایبەتی داوە بە خوێنەرەکانت، واتە: خوێنەرەکانیشت لە شیعرەکانی خۆت ڕاهێناوە.

ئه‌وه‌ی له‌مانه‌ش جیاواز و گرینگتره‌، كه‌سایه‌تیت شاعیرییه‌تییه‌كی پاكه‌: هێمن، له‌سه‌‌رخۆ، ڕقهه‌ڵنه‌گرتوو، بێده‌نگ، كه‌مدوو، یه‌كڕوو، به‌ دوای قسه‌وقسه‌ڵۆك نه‌چوو. له‌و ماوه‌ دوورودرێژه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ كارده‌كه‌ین هه‌رگیزاوهه‌رگیز ڕێكه‌وتم نه‌كردووه ‌ به‌ خراپه‌ باسی كه‌سێك بكه‌یت، به‌ڵام له‌ ڕاوبۆچوونی ئه‌ده‌بیدا بێ موجامه‌له‌ی و به‌ ڕاشكاوی و بوێری ڕاوبۆچوونت ده‌رده‌بڕی و ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستیشت بۆ ئه‌ده‌بی داهێنراو هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی شاعیره‌ گه‌ردوونییه‌كانه‌.

برای شاعیر: من زۆر جار لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکانیشت دەخوێنمەوە، وەکو شیعرەکانت ڕوانگەی نوێ و خەسڵەتی تایبەتییان پێوە دیارە، لەو باوەڕەدام ئەگەر بەردەوام بیت، توانای ئەوەت تێدایە بڕێک لاسەنگی لە بواری ڕەخنەشدا ڕاست بکەیتەوە. هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم.        ‌              

 

کاروان عەبدوڵڵا

20/4/2019 ڕ‌واندز

 

 

3

(نامەی كاروان كاكەسوور بۆ سەباح ڕەنجدەر)

ڕه‌نجده‌ر گیان، هاوڕێی ئازیزم: سڵاو و ڕێزی زۆر بۆ خۆت و هاوڕێیان، به تایبه‌تی: (سابیر ڕه‌شید) و (سه‌ڵاح عومه‌ر).

ئه‌‌و چه‌‌ند وشه‌‌یه‌‌ی لێره‌‌دا ده‌‌یاننووسم، هه‌‌‌ر ته‌واوکه‌ری ئه‌و سه‌رنجه‌من، که‌ به‌ گشتی له‌باره‌ی دنیای تۆوه‌ هه‌‌مه‌ و پێشتر به‌ کورتی ده‌رمبڕیوه‌. لەو دانیشتنەدا پێم گوتیت داهێنەر تەنیا دنیای تایبەت بە خۆی داناهێنێت، بەڵکو ڕێگا تایبەتەکانی گەیاندنی ئەو دنیایەش دەدۆزێتەوە، کە ئەمەش ئەوە بەسەر خوێنەردا دەسەپێنێت بۆ نزیکبوونەوە لەم دنیایە، دەست لە شێوازە سواوەکان هه‌ڵبگرێت. دەکرێت بگوترێت وەک چۆن نووسەر دنیای تایبەتی خۆی دەخوڵقێنێت، بە هه‌مان شێوە خوێنەریش لە ڕێگای خوێندنەوەوە دنیایەک پێکدەهێنێت، کە ناکرێت بڵێین هاوتەریبی دنیای نووسەرە، بەڵکو تەواوکەریەتی، بگرە بزووێنەریەتی. ئێمە ئەمڕۆ پارتیمۆنییەکی گەورەی تیۆریستانمان لەبەردەستدایە، کە لەم چه‌ند دەیەی ڕابوردوودا جێیانهێشتووە و تێیدا پێ لەسەر بایەخی خوێنەر لە كرده‌ی پێکهێنانی کاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری دادەگرن. (مەرگی دانەر)ی (رۆلان بارت)، (نووسەر چییە؟)ی (مێشێل فۆکۆ)، (کردەی خوێندنەوە)ی (ۆلفگانگ ئایزەر)، (مەرگی ئەدەب)ی (ئالڤین کێرنان) و زۆری دیکە وایان کردووە پێداچوونەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە بکرێت، کە لێکدانەوەی کاری ئەدەبی لە نووسەردا قەتیس دەکات و ڕۆڵی خوێنەر تەنیا لەوەدا دەبینێت، گوێ لە کەناڵێک دەگرێت، ناوی نووسەرە، بێ ئەوەی بتوانێت شتێک لە ئاستیدا بڵێت. دیارە مەبەستم نییە لەو بارەیەوە قسەی زیاتر بکەم، لە کاتێکدا کەموزۆر لە بەرهه‌مەکانمدا لێوەی دواوم، بەڵام گەرەکمە ئەوە بڵێم، کە بۆ نزیکبوونەوە لە دنیای هه‌ر داهێنەرێک، پێویستمان بە داهێنانی جۆرێکی نوێی خوێندنەوە هه‌یە، کە لەو بەریەککەوتنەدا بەرهه‌م هاتبێت. ئەمە بەر لە هه‌رچی ڕێگای ئەوەمان لێ دەگرێت بڕیاری پێشوەختە لەسەر هه‌ر داهێنەرێک بدەین و لە خوێندنەوە گشتییەکانەوە لێی نزیک ببینەوە. وەک (هایدیگەر) پێی وایە (بۆ ئەوەی جەوهه‌ری هونەر بدۆزینەوە، لەسەرمان پێویستە لە کاری ڕاستەقینە بگەڕێین و بپرسین کاری هونەری چییە و جەوهه‌رەکەی چۆنە). تەنیا کاتێ جەوهه‌ری کارێکی هونەری دەبینین و دەتوانین دایەلۆگی لەگەڵ بکەین، کە ئەومان مەبەست بووە، نەوەک شتێکی تر. بەم شێوەیە خوێندنەوەی ده‌قی ئەدەبی دایەلۆگە. هه‌ر کاتێ ئەم دایەلۆگە لەنێوان خوێنەر و ده‌قدا پێک نایەت و شتی نوێ بە دەستەوە نادات، ئەوا هه‌ر لە بنەڕەتەوە بەریەککەوتن دروست نەبووە. دایه‌‌لۆگ به‌ر له‌ هه‌‌ر چی وامان لێ ده‌کات قووڵاییی ئه‌و به‌رهه‌‌مه‌ ببینین، که‌ مه‌به‌ستمانه‌ لێوه‌ی بدوێین. خوێندنه‌وه‌ هونه‌رێکه‌ هه‌‌مان ئه‌و ئاسته‌ی هه‌‌یه‌، که‌ نووسین هه‌‌یه‌تی. نووسه‌ر و خوێنه‌ر له‌ کاری ئه‌ده‌بیدا به‌شدارن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شدارییه‌ سنوورێکی جیاکه‌ره‌وه‌ و دیاریکراوی هه‌‌بێت.

من پێم وایە بۆ خوێندنەوەی شیعری تۆ سەرەتا پێویستە دەست لەو لۆژیکە هه‌ڵبگرین، کە لەسەر لێکدانەوەی وشە بە وشە دامەزراوە، چونکە وشە هه‌مان ئەو ڕۆڵەی نییە، کە لە ده‌قی ئاساییدا هه‌یەتی، بەڵکو سپەیس ئەو ڕۆڵە دەبینێت. بە مانایەکی تر ڕۆڵی ته‌قلیدییانه‌ی وشە لەو کاتەوە کۆتاییی هاتووە، کە لە پێکهێنانی ئەو سپەیسەدا بەشداریی کردووە. مەبەست لە سپەیس چییە؟ (باشلار) لە (ئێستێتیکای سپەیس)دا دەڵێت: سپەیس تەنیا شوێنێکی ئەندازەیی جیۆگرافی نییە، بەڵکو ئەزموونی مرۆڤایەتی لە خۆی دەگرێت، کە لە یادەوەریدا ژیان بەسەردەبات و ناوەناوە لای داهێنەردا دەردەکەوێتەوە، بەو مانایەی لە نووسیندا هه‌موو لایەنەکانی دەبینرێن. بەم شێوەیە دەکرێت ماڵ بریتی بێت لە جەستە، گیان و دنیای مرۆڤی سەرەتا. (جیرار جینێت) پێی وایە سپەیس لە ڕێگای کۆمەڵێک ئامرازی زمانەوە خۆی دەردەخات، کە ئەو ئامرازانە تەقلیدی نین، بەڵکو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ دەریدەخەن. هه‌ر لەبەر ئەوەیشە بە (فیگەر) ناوی دەبات، بەو مانایەی په‌یوەندیی بە وێنەی مێتافۆرییەوە هه‌یە، بەڵام وێنە هاوکات ئەو شێوەیەیە، کە سپەیس پێکی دەهێنێت و زمانیش خۆی پێ دەبەخشێت. زمان هه‌ر بە زگماک توانای ئەوەی هه‌یە په‌یوەندییە سپەیسییەکان لە هه‌ر جۆرێکی تری په‌یوەندی زیاتر دەربخات. ڕاستییەکەیشی (نیتشە) پێی وایە زمان تەنیا مێتافۆرە و باوەڕی بەوە نییە وشە بە شێوەی لێترال ئاماژە بە شت بدات، بەڵکو مانایەکی لەوە گەورەتری هه‌یە، کە ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت. هه‌ر ئەوەیشە نەزانراو بە زانراو دەبەستێتەوە. ئەو ڕوانینەی (نیتشە) لای بەشێکی زۆری تیۆریستانی ئەدەب دەردەکەوێتەوە، بۆ نموونە: لای (بارت)دا، کە پێی وایە ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی لە بنەڕەتدا ئاراستەیە بۆ گەڕان بەدوای لایەنی فۆرمی لە بنیادی مانای ده‌قی ئەدەبیدا، بە مەرجێ کاری ئەدەبی سیسته‌مێکی ئاماژەیی تا بڵێی ئاڵۆزە و مانای جیاوازجیاواز لە خۆی دەگرێت. سروشتی زمانی سیمبۆڵی وا دەکات لە هه‌ر کارێکی ئەدەبیدا کۆمەڵێک مانا بەدەستەوەبێن.

هێشتا لە دنیای ئێمەدا تێگەیشتنێک زاڵە، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە وشە یەکسانە بەو مانایەی پێی ڕاهاتووین. ئەو تێگەیشتنە هه‌ر ده‌قێک دەداتە دواوە، بگرە دەیسڕێتەوە، کاتێ لە ڕێگای نەزانراوەوە خۆی دەردەبڕێت. سه‌یر نییه‌ ئه‌و ده‌قانه‌ی خۆیان له‌ زانراوه‌کان ده‌ده‌ن و به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌یانگوازنه‌وه‌، له‌و ده‌قانه‌ پتر بایه‌خیان پێ ده‌درێت، که‌ نه‌زانراوه‌کان ده‌رده‌بڕن و زمانێکی تر داده‌هێنن، که‌ توانای ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌زانراوانه‌ی هه‌‌بێت. به‌م شێوه‌یه‌ زمانی تازه‌ کاتێ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ داهێنه‌ر له‌ زانراوه‌وه‌ بۆ نه‌زانراو ده‌په‌ڕێته‌وه‌، نه‌وه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. وشه‌ له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌ی تۆ پێکی ده‌هێنیت، ئاماژه‌ نییه‌ بۆ شته‌ زانراوه‌کان، به‌ڵکو ئه‌رکێکی له‌وه‌ گه‌وره‌تری هه‌‌یه‌، که‌ بریتییه‌ له‌ گۆڕینی ڕوخساری هه‌‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی له‌ واقیعدا ناسراون. به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ کاره‌کته‌ری سنووردار و نه‌ شتی دیاریکراویش له‌و سپه‌یسه‌دا ده‌بینرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی ته‌قلیدیدا هه‌‌ن، به‌ڵکو سه‌رجه‌میان بۆ وێنه‌ی تێکشکاو، نه‌وه‌ک وێنه‌ی ته‌واو ده‌گۆڕێن. به‌م شێوه‌یه‌ دوو جۆر وێنه‌ی تێکشکاو له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌دا ده‌رده‌که‌ون، یه‌که‌میان، هی دەرەوەی شته‌، به‌ڵام دووه‌میان، هی ناوەوەیه‌تی، کە دەکرێت بە ڕیفلێکس ناوی بهێنین. ئه‌سته‌مه‌ له‌ناو ئه‌و سپه‌یسه‌دا کاره‌کته‌رێک بدۆزیته‌وه‌ سیمایه‌کی ڕوونی هه‌‌بێت، له‌ خاڵێکی دیاریکراوی مێژووییه‌وه‌ ده‌ست پێ بکات، به‌ چه‌ند خاڵێکی دیاریکراوی مێژووییدا تێبپه‌ڕێت و بگاته‌ خاڵێکی دیاریکراوی مێژوویی. زمانی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ ڕوون نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی ته‌قلیدیدا هه‌‌یه‌، به‌ڵکو زمانێکی تێکشکاوه‌ و سنووری مانای زانراوی بڕیوه‌، بۆیه‌ هه‌‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ زمانی ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دامه‌زراوه‌، که‌ وشه‌ له‌ زمانی ڕۆژانه‌دا چۆن به‌کاردێت و چ مانایه‌کی هه‌‌یه‌. به‌م شێوه‌یه‌ دنیایه‌ک به‌لاوه‌ده‌نێت، که‌ له‌ ڕێگا‌ی خه‌یاڵه‌وه‌ پێکهاتووه‌ و لۆژیکێکی تری مانای داهێناوه‌، لۆژیکێک ته‌نیا له‌و سپه‌یسه‌دا کارده‌کات.

دیاره‌ وه‌ک سه‌ره‌تا گوتم: مه‌به‌ستم نییه‌ له‌م‌ نامه‌یه‌دا له‌ دنیای شیعریی تۆ بکۆڵمه‌وه‌، به‌ڵکو ته‌نیا مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌ بڵێم بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌و دنیایه‌، پێویسته‌ له‌وه‌ بگه‌ین سپه‌یس چییه‌ و لای تۆ چ بایه‌خێکی هه‌‌یه‌. شاد و سه‌رفراز بیت.

 

کاروان کاکه‌سوور

دانیمارك

 

4

(نامەی زیرەك كەمال بۆ سەباح ڕەنجدەر)

 

شاعیری هەست وەرچەرخێن و بیر هەمەلایەن و پاراو، دڵسۆزم كاكە: (سەباح ڕەنجدەر).

لەدڵەوە سڵاوت لێ بێت: سڵاوێكی خۆمانە وەكو وەسفە شیعرییەكانی: (گۆران)ی مەزن بۆ سروشت، نوورانیی وەك دوعا و تەڕ وەكو شیعرەكانی مەحوی.

شاعیری ئازیز: بەفرانباری زستانێكی تووشی ساڵی (1987) بوو، من ئەو ساڵە پێشمەرگەیەكی هەژدە بەهاری بووم، منیش وەكو هەزاران لاوی كوردستان، ئەفسوون و خەیاڵ و ئێستێتیكای شۆڕش گەیاندبوومیە ناو خەباتی پێشمەرگایەتی، لە بناری یەكێك لە چیا بەرزەكانی سەر سنووری توركیا بووم، بەفر و زریان و وەیشوومەی زستان، من و هاوڕێكانمی كردبووە كۆمەڵێك چۆلەكەی كەسیرەبوو، ئەگەرچی خەستی و چڕی هەور ڕێگای نەدەدا خۆر تیشكە زیوینەكانی خۆی بگەیەنێتە سەر تەوێڵ و ڕوخساری زەوی، بەڵام هێشتا كاریگەری ئەو تیشكانە لە پشت شەڕانگێزی و چڕی هەورەكانەوە، هەرمابوو، ئێمە وەكو پۆلێك پێشمەرگە چاوەڕوان بووین، ئیدی خۆر وەكو پاشای گەردوون شوێنی خۆی بۆ شەو چۆڵ بكات، ئێمەش بچینە ناو ئەو گوندە جوان و ڕەنگینەی، كە چەند مەترێك لێمانەوە دوور بوو، ئیدی بە جلی تەڕ و بە دەست و پێ و ڕۆحی تەزیووەوە خۆمان گەیاندە گوندەكە، ئێوارە من و دوو لە هاوڕێكانم بەر ماڵی مەلای گوندەكە كەوتین، دیاربوو مەلا جگە لەوەی وەكو هەر گوندنشینێك بە جەستە و بە دڵ باوەشیان بۆ پێشمەرگە دەكردەوە، ئەویش هەر وای كرد، بەڵام دیاربوو ئەو مەلایە پیاوێكی زیرەك و دنیادیتە و خوێندەوار بوو، ئەمەشم بەوە بۆ بەدیاركەوت كە ناو دەلاقە و سەر ڕەفەكانی ژوورەكەی پڕبوو لە كتێبی مێژوویی و ئەدەبی، نەك هەر ئەمە، بەڵكو من لەناو ئەو سەدان كتێبەدا، تەنانەت یەك كتێبی ئایینیشم نەبینی، لەكاتی سەیركردنی كتێبەكان، ڕێكەوت ژمارە (4)ی گۆڤاری نووسەری كوردم هەڵگرت، وەكو بڵێی هەنگم لە كلۆرەدار دیتبێتەوە، وەكو بڵێی تێنووێكی دمدم بم و گەیشتیمە سەر كانیاوێك، یەكسەر كەوتمە خوێندنەوەی ناونیشانی وتار و بابەتەكانی، یەك لەوانەش شیعرێكی جەنابت بوو بە ناوی: (مووتوربە) بەتاسە و چێژێكی زۆرەوە خوێندمەوە، ئیدی لەوساوە كە تەمەنم هەژدە ساڵ بوو، تاكو ئێستا كە ئەو چەند دێرەی تێدا یاداشت دەكەم. تەمەنم پەنجا و سێ ساڵە، ئەو شیعرە لە یادەوەریم بە زیندوویی ماوەتەوە.

ئازیزم سەباح ڕەنجدەر: لە دنیای پێشمەرگایەتی پتەویی جەستە، گورج و گۆڵی و شارەزایی ڕێگاوبان و ئازایەتی و بوێری و چۆنییەتی بەكارهێنانی چەك، پێوەربوو بۆ دروستبوونی كەسایەتی ئینسان، سیاسەتیشی هەموو كایەكانی ژیانی داپۆشیبوو، سیاسەت ڕوانینی ئێمەی پێشمەرگە بۆ كوێ، پرسیار و وەڵامە قورسەكانی ڕۆژگار دیاری دەكرد، هەندێك جاریش كاری لەسەر ئەوە دەكرد لە هەموو بوونێكی مەعنەوی و ڕۆحی دامان بماڵێت و بمانكاتە كۆیلەیەكی مل بە تۆق. سوپاس بۆ شیعر لێنەگڕا سیاسەت كوێرم بكات، سوپاس بۆ شیعر لێنەگڕا لەبیرم بچێت، كە ئینسانم. هەر لە ڕێگای شیعریش زانیم لە شار شاعیرێك هەیە لەژێر باڵی ترس و لەناو گەرووی مەرگدا، هەر لە ڕێگای شیعریش لە من جوانتر دنیای دەبینێ، ئەویش سەباح ڕەنجدەرە.

 

 

زیرەك كەمال

3/5/2019 وەرێ

5

(نامەی بنیاد خەزنەدار بۆ سەباح ڕەنجدەر)

 

برای گەورە و خۆشەویستم كاكه سەباح ڕەنجدەر: وێڕای سڵاو و ڕێزی بێ سنوورم بۆ جەنابتان، دەمێكە پەرۆشی ئەوەم چەند دێڕێك بۆ جەنابتان بنووسم بۆ ئەوەی ببێتە پارچەیەكی بچووك لە تابلۆی گەورەی مێژوویەكی پەیوەندی جەنابتان بە بنەماڵەكەمانەوە و پەیوەندی خودی خۆم بە شیعرەكانتەوە.

ئاشنایەتی من لەگەڵ جەنابتان لە دوو ئاراستەوە سەرچاوەی گرتووە. ئێوە وەك دەنگێكی جوان و پڕ سەدا و هەڵوێست و بوێرانەی باخ و چیمەنی شیعری كوردی، توانیوتانە هەناسەیەكی مۆدێرنانە و هاوچەرخانە بدەنە قاڵبی سواوی شیعر لە كۆمەڵگای كوردەواری، توانیوتانە بیرۆكە و وێنە شیعرییەكانتان لە ئاستی ناوخۆیی بگوازنەوە بۆ ئاستێكی سەرووتر، كە ئەویش مرۆڤدۆستی و گەردوونبینیە. من وەك شاگردێكی بچووكی باوكم لە مەیدانی ئەدەب و ڕۆشنبیری، لەو ڕوانگەیەوە من لە كەشوهەوایەكی چڕوپڕی ڕۆشنبیری نەشونمام كردووە، دەتوانم هەست بەم ڕاستیانە بكەم بەرانبەر بە قەڵەمی پڕ بڕشتی جەنابتان, وەك پاڵپشت بۆ بۆچوونەكەم، بۆچوونێكی باوكم دەهێنمەوە. لەو وانانەی لەماڵەوە بە قوتابیانی ماستەر و دكتۆرای دەگوتەوە، كە لەبارەی شیعری نوێخواز و هاوچەرخەوە دەدوا، دەیگوت: (سەباح ڕەنجدەر زمانێكی شیعریی نوێی دۆزیوەتەوە, لەوەوبەر شاعیرانی كورد نەیان دۆزیبووەوە, كە دەیخوێنیتەوە هەستدەكەیت زمان لە سەرەتاوە دەستپێدەكاتەوە).

جگە لە گۆڕەپانی شیعر، ئێوە دەستێكی باڵاتان هەبووە و هەیە لە نووسینی ڕەخنەی ئەدەبی و بابەتە هزریی و ڕۆشنبیرییەكان، بێگومان كەلێنێكی گەورە لە كتێبخانەی كوردی پڕ دەكەنەوە.

پەیوەندی جەنابتان بە بەهەشتیی (مارف خەزنەدار)ی باوكم لە سنووری پەیوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ڕەتی دابوو بەرەو پەیوەنديیەكی كۆمەڵایەتی و خێزانیی جوان، بۆیە هەمیشە ئێمە جەنابتان وەك ئەندامێكی بنەماڵەی (مارف خەزنەدار) دەبینین، تەنانەت بۆنوبەرامەی باوكم لە دڵسۆزی ئێوە و چەند كەسانێكی دڵسۆزی وەك ئێوە بەدی دەكەین و دیدەنی و بەسەركردنەوەتان بۆ ئێمە مایەی هەناسەیەكی شادییە بە دەروونمان دەبەخشرێت. لەدوا ساتەكانی تەمەنی باوكم هەمیشە سەردانەكانتان مایەی شادمانیی و دڵنەوایی بوون بۆ باوكم و بۆ ئێمە و ناسۆری ئەم قۆناغە سەختەی نەخۆشكەوتنی باوكم و دواتر گیان سپاردنی تا ئەندازەیەكی زۆر لە بیر بردینەوە. لە كۆتاییەكانی سەدەی ڕابردووەوە ئێوە هەمیشە هاموشۆی ساڵۆنەكەی خەزنەدارتان دەكرد، ڕەنگە ئەو كاتە ئەو هەڵسوكەوتە ئەدەبی و ڕۆشنبیریانەی لە (مەڵبەندی ڕووناكی) ئەنجام دەدران لە كۆمەڵگای كوردەواری بە تایبەتی لە ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی تا ڕادەیەك نامۆبوون، لەوانە (ساڵۆنی ئەدەبی و تۆماركردنی چالاكییە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەكانی میوانانی ساڵۆنی (مەڵبەندی ڕووناكی) و ڕێكخستنی ئەرشیفێكی ناوازە و هەمەڕەنگ و گەلێ كردەوەی تر). ئێوە بەشێكی گرینگ بوون لەو چالاكیانە و بەشداربوویەكی چالاك بوون.

من لێرەدا بە پێویستییەكی مێژوویی دەزانم، كە سوپاسگوزاری جەنابتان بم بۆ هەموو هەڵوێستێكتان بەرانبەر بە ئێمە و بنەماڵەكەمان تەنانەت دوای كۆچی یەكجارەكی باوكیشم، بە تایبەتی بەشداری كردنتان لە زۆربەی ساڵیادەكان بە نووسین و تێكستی شیعریی و بڵاوكردنەوەیان لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان. بوونی ئێوە و پەیوەندیتان لەگەڵ بنەماڵەكەمان بۆ ئێمە وەك دۆزینەوەی گەوهەرێكە لە زۆنگاوی ڕۆژگارێك، كە بەداخەوە هەنگاوی زۆر بەپەلە دەنێت بەرەو كزبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بنیادنانی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكان.

برای بچووكت لەم چەند دێڕەی سەرەوە هەوڵيداوە بە وشە زەڕەیەك پاداشتی ئەم وەفادارییەتان بداتەوە، كە بەرانبەر بە ئێمە و بە بەهەشتیی باوكم نواندووتانە. دووبارە ڕێز و سڵاوی برای خۆت قبوڵ بفەرموون.

 

 

                                         بنیاد خەزنەدار

31/5/2019  هەولێر

 

 

6

(نامەی جەوهەر كەریم ڕەشید بۆ سەباح ڕەنجدەر)

 

كاكه‌ ڕه‌نجده‌ر وه‌ك ده‌زانین لاپه‌ڕه‌كانی ژیان تۆمارگا و یاداشتنامه‌ی ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نی خۆیه‌تی. خولخوله‌ی ئه‌م قه‌تاره‌یه‌ له‌ جووڵه‌ ناكه‌وێت. ئه‌وه‌ ئێمه‌ین له‌یه‌كێ له‌ وێستگه‌كانی ئه‌م كاروانسه‌رایه‌ جێده‌مێنین، ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه‌ یاد و یاده‌وه‌ریه‌كانی یه‌كتره‌ له‌لامان، ئه‌ویش له‌باره‌ی دنیابینی و هه‌ڵسوكه‌وت و چالاكییه‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانه‌. ئیتر هه‌ندێ له‌یه‌كترناسینه‌كان ته‌مه‌نیان كورته‌. له‌ سه‌ره‌تا، یان له‌ ناوه‌ندی ڕێگا ده‌پووكێنه‌وه‌. هه‌ندێكیشیان، كه‌ دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و منایه‌تی و حیزبایه‌تییه‌. واته‌: خۆڕسك و ڕه‌سه‌نایه‌تی و دید و دیداری هاوبه‌ش، یان نزیك له‌ یه‌كتر كۆیان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه ‌پێ ده‌گرن و ڕه‌نگه‌ هاوڕێیه‌تی درێژایی ته‌مه‌ن كه‌مەندكێش بكه‌ن. وه‌ك ئاوی كانی قۆناغ دوای قۆناغ، به‌هار دوای به‌هار ڕوونتر و سازگارترده‌بن.

بیرمه‌ له‌ كانوونی یه‌كه‌می 1986 شیعرێكم له‌ ژماره‌ (51)ی گۆڤاری: (كاروان) به‌ناونیشانی: (چاڵه‌ به‌فره‌كان) بڵاوكرایه‌وه‌. بۆ ئێواره‌كه‌ی هاتمه‌ گازینۆی: (مه‌چكۆ)، كه ‌ماوه‌یه‌كی كه‌مبوو یه‌كترمان ناسیبوو، له‌ دووره‌وه‌ زۆر به‌ڕۆحه‌وه‌ پێشوازی و پیرۆزباییت لێكردم. زۆرم شایی به‌خۆهات، هه‌روه‌ها پێشتریش شیعرێكم له‌ ژماره‌ (2)ی گۆڤاری: (ئاسۆس) له‌ 1984 به‌ناونیشانی: (توانه‌وه‌) بڵاوكردبووه‌وه.‌ ئەمیشت لە یادگە مابووەوە پیرۆزبایی و سه‌رنجی وردت له‌باره‌وە دامێ. گوتت هه‌موو شیعرێكی جوان به‌ شیعری خۆم ده‌زانم، له‌ هه‌قیقه‌تدا بۆچوونێكی ئێجگار شاعیرانه‌‌بوو، ئه‌م جۆره‌ بۆچوونانه‌ ته‌نیا شاعیره‌ داهێنه‌ره‌كان ده‌توانن بیده‌ن، ئەم ئاستە داهێنانەش سەدا سەد لە تۆدا هەیە. 

ئیتر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا زانیم به‌ ڕاستی خوێنه‌ر و شاعیرێكی به‌ئاگا و وریای. شیعر له‌ هه‌رگۆشه‌ و دیوان و بڵاوكراوه‌یه‌ك سه‌ری ده‌رهێنابووایه‌ كاكه‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر وه‌ك نێچیر ڕاو و شه‌نوكه‌وی ده‌كرد و زۆر به‌وردی و ئه‌زموونه‌وه‌ له‌سه‌ره‌خۆ وه‌كو فه‌قێ ده‌توانم بڵێم: به‌حونجه‌ ته‌جویدی ده‌كرد.

كاكه‌ سه‌باح ته‌مه‌نێكمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر بردووه‌، براده‌رایه‌تییه‌كی دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی له‌ نێوانماندا شانازییه‌ و شانازی پێوه‌ ده‌كه‌م. (6 - 7) ساڵ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ گۆڤاری: (كاروان) و دوای ئه‌وه،‌ له‌و ماوه‌ زیاتریش له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاند و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر، له ‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ كارمان كردووه‌. ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ساردییه‌كيش له‌نێوانمان دروست نه‌بوو. هه‌میشه‌ نموونه‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بوویت بۆ من و زۆرێك له‌ هاوڕێیانی هاوپیشه‌. به‌ڕاستی هه‌ناسه‌ و خه‌یاڵ له‌ ڕێبازی هه‌ڵوه‌دای شیعرییه‌ت ئه‌م په‌روه‌رده‌ ژیارییه‌ به‌ مرۆڤی دڵپاك ده‌به‌خشێ. تۆ ته‌نیا باسی ئه‌ده‌بت ده‌كرد، نه‌تده‌توانی باسی شتێكی تر بكه‌یت و زۆر ده‌م به‌ ئامانه‌ت بووی.

هیوادارم هه‌میشه‌ به‌رده‌وام و به‌رده‌وام بیت له‌م جۆره‌ ئاكاره‌ مرۆڤدۆستانه‌ و شاعیرانه‌ و شیعر و ئێستێتیكای شیعر، مه‌له‌ی ئاسووده‌یی و دڵنیایی بكه‌یت.

 

 

جه‌وهه‌ر كه‌ریم ڕه‌شید

20/6/2019 هه‌ولێر

7

(نامەی سەنگەر زراری بۆ سەباح ڕەنجدەر)

كاكە سەباح ڕەنجدەر سڵاو: ئەمە نامەیەك نییە لە دوورییەوە نووسرابێت، نامەیەكە بۆ جیهانی ئەدەب نووسراوە و دەبێ واش بخوێنرێتەوە.

كاكەی ئازیز: ئایا دەزانی كێن ئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن؟ هەستم بەوە نەكردووە تۆ بزانی كێ سەرۆكی حكوومەتە و كێ سەرۆكی پەرلەمان، یان سەرۆكی هەر دامەزراوەیەكی دیكەی سیاسی و ئیداریی گەورەی ئەم وڵاتەیە، كە ئێمە ڕۆژانە سەروكارمان لەگەڵیاندا هەیە؟ نازانم دەزانی چ ڕووداوێكی سیاسی و سەربازیی گەورە لەسەر ئاستی جیهان ڕوودەدەن، یان نا؟ سەرەڕای ئەوەی زۆر بەیەكەوە دانیشتووین و گەڕاوین و سەفەری شارانمان كردووە و چەند شەویش ماوینەتەوە، بەڵام نەمزانیوە تۆ ئاگات لە دنیای دەرەوە هەبێت، دیارە مەبەستم لە دنیای دەرەوە، دنیای دەرەوەی ئەدەبیاتە، مەبەستم دنیای سیاسەت و ئەو ڕووداوانەیە، كە تەحەكوم بە هەموومانەوە دەكەن و ئێمەیان كۆنتڕۆڵ كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەو بێئاگاییەی بەرانبەر دنیای ڕووداوە گەورە سیاسییەكان هەتە، هەروەها سەرەڕای ئەوەی ئینتەرنێت بەكارناهێنی و پەیج و ئەكاونتت لە هیچ تۆڕێكی كۆمەڵایەتی نییە، كەچی لە (ئێمەی ناو ئەو دنیا ئەلكتڕۆنییە) زیاتر ئاگات لە ڕووداوە ئەدەبییەكانە، تەنانەت كاتێك گەنجێكی تازەدەركەوتوو دەقێكی ئەدەبی بڵاودەكاتەوە، لە هەموو چەشنەكانی: شیعر، چیرۆك، ڕۆمان. تۆ ئاگاداریت و لە یەكەمین كەسەكانی، كە ئەم دەقە دەخوێنیتەوە و بە ئاشكرا، یان نهێنی. باش، یان خراپ.سەرنجی خۆتت لەبارەوە هەیە. ئەو ڕاستگۆییەی تۆ بەرانبەر ئەدەبیاتت هەیە، لە كەم نووسەر و ئەدیب دەبینرێ، ئەمە نیشانەی ئەوەیە تۆ خۆتت بۆ ئەدەب یەكلایی كردووەتەوە. بەجۆرێك، كە ژیانی خۆتت وەكو خوێنەرێك بۆ خوێندنەوەی هەموو چەشنە جیاوازەكانی ئەدەبی و وەكو نووسەرێكیش ژیانت بۆ نووسینی شیعر تەرخان كردووە، بە جۆرێك شیعر هەموو لایەنێكی ژیانی داگیر كردوویت، ئەوەتا جارێك نووسیبووت: «ژیانم خۆشدەوێ و زۆریش بەتاسەیەوەم، شیعریشم یەكجار خۆشدەوێت، چونكە خوێنی بنەچە و خودی خۆمە، تاڕادەی توانەوە لەناویدا تواومەتەوە، بەڵام بە دەستی ئەوانەی هونەری نووسین نازانن و قسە و قسەڵۆكەكانیانەوە ئازاری زۆرم تێیدا چەشت و ستەمیان لێ كردووم و بە دەستیانەوە ماندوو بووم و ماندووم..».

خۆشەویستیت بۆ شیعر زۆر جار تووشی سەرئێشەی كردووی، بە تایبەتی لە خودی ناوەندی ئەدەبییەوە، هەر لەبەر ئەمەشە، كە لە ناو ناوەندی ئەدەبیدا، چەندە یارت هەن، ڕەنگە ئەوەندەش نەیارت هەبن.

پەیوەستبوونی ڕاستەقینەت بە دنیای ئەدەبییەوە، لەلایەك زیانی ئەوەی لێ داوی، كە دڵت ناسك بێتەوە و نەیارەكانت كارت تێبكەن، بەڵام لە لایەكی دیكەوە قازانجێكی گەورەت لێ كردووە، ئەویش ئەوەیە نووسین و خوێندنەوە دڵی پاك كردوویەتییەوە و بەم هۆیەشەوە هەمیشە دڵت بە گەنجان و نەوەی دوای خۆت خۆشە و بەگەرموگوڕییەوە پێشوازی لە بەرهەمەكانیان دەكەی، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو هەندێ جار خۆشت بە تاوانبار دەزانی لە بەرانبەریان، وەكو نووسیبووت: «ئێمە ئازاری زۆری ئەوانە دەدەین كە مەوداكانی شیعریان دۆزیوەتەوە و داهێنەرن، لەو مەیلە ناقۆڵایەوە، چەندان بەهرە و خولیا، خانە بە خانە جەستەیان داچۆڕا و ڕۆحیان هەلا هەلا بوو..». ئەمە لەكاتێكدا كە تۆ لەمڕووەوە نەك هەر تاوانبار نیت، بەڵكو هەمیشە هاندەریانی تا ئەو كاتەی دەزانی بەڕاستی دەیانەوێ ببنە ئەدیب و نووسەر، كە بزانی ڕاستگۆن، خۆشت دەوێن و هاندەریانی، بەڵام ئەگەر بزانی ڕقنن و لەسەر بەرهەمی كەسانی دی دەژین، ئەوا لێیان بێدەنگی و هەر هیچ نەبێ ستایشییان ناكەی. گەلێك جار هەست دەكەم كە تۆ هیچ دەقێكی ئەدەبیت لەبن دەست قوتار نابێ و هەموو دەقێك دەخوێنییەوە. نیشانەی دڵسۆزییە، كە تۆ خۆت بۆ ئەدەبیات تەرخان كردووە، لەكاتێكدا ئەدەبیات نەك قازانج، بەڵكو زیانیشی لێ داوی، دیارە لێرە مەبەستم ڕووە ماددییەكەیە، چونكە گەلێك نووسەر و ئەدیب قازانج و دەسكەوتی زۆریان لە ئەدەب دەستدەكەوێت و بەهۆیەوە بوونەتە خاوەن پلە و پۆست، كەچی ئەو دڵسۆزییەشیان بۆ ئەدەب نییە، كە تۆ هەتە.

من هیوادارم تۆ بیرەوەرییەكانت بنووسیتەوە و وەك چۆن ئەدەبیانە هێناوتە، ئەدەبیانەش بینووسیتەوە، چونكە لێرە و لەوێ هەندێك سەرەقەڵەمی بیرەوەرییت نووسیونەتەوە، كە بەڕاستی چێژم لێ بینیوون.

هاوڕێی خۆشەویست: ئەم پەیوەستبوونەت بە ئەدەبیاتەوە، بەدیوێكدا ڕاستگۆییە بەرانبەر ئەدەب و دنیای ئەدەبی و بە دیوەكەی دیكەشدا بێ موبالاتییە بەرانبەر دنیای واقیعی و دەرەوەی ئەدەبیات، بە تایبەتیش خەمساردییە بەرانبەر بەئاگابوون لە ڕووداوە گەورە سیاسی و تەكنەلۆژییەكانی دنیا، كە كونی چاوی هەموومانی داگیر كردووە و خەریكە بە پێست و كوڵكەوە دەمانخوا، من لەگەڵ ئەوە نیم، بەڵام تۆ ڕاستگۆی لە بەرانبەری و پەیڕەوییش لەم ڕاستگۆییەت دەكەی.

هەر ساغ و سەلامەت بیت یاخودا.

 

سەنگەر زراری

25/6/2019 هەولێر

 

8

(نامەی سابیر ڕەشید بۆ سەباح ڕەنجدەر)

 

سڵاو كاكه‌ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر: به‌بۆنه‌ی چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شیعره‌كانت له‌ دوو به‌رگدا به‌ناونیشانی: (دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) خۆم به‌ تێكۆشەرێكی ڕاستگۆی ئەدەب ده‌زانم، له‌ دڵه‌وه‌ هەقیقەتی بۆچوونمت بۆ دەنووسم. له ‌خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانتدا هه‌ستم به‌وه‌كرد پیاوێكی ته‌واو نقوومی دنیای شیعر‌ی نوێی، هه‌ستم به‌ فره‌شێوازی و فره‌واتایی شیعره‌كانت كرد، هه‌ستم كرد سێ به‌شی ژیانی خۆت بۆ دنیای شیعر‌ ته‌رخانكردووه‌، بۆیه‌ وه‌ك: (نالی) له‌باره‌ی شیعره‌كانی خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێ: (بەحری غەزەلم پڕ دووڕ و گەوهەرە، ئەمما - غەو‌واسی ده‌وێ، یەعنی بە تەعمیقی بزانه‌)، شیعره‌كانی تۆش پیاو و كه‌سی خۆیان ده‌وێ تا تێیان بگات و ئه‌م دووڕ و گه‌وهه‌رانه‌ بژاربكات، كه‌ له‌ناویاندا ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. برام ئه‌گه‌رچی من یه‌ك دوو هه‌وڵی لێدوان و نووسینم هه‌بووه‌ له‌باره‌ی شیعری كوردییه‌وه‌ و دووجاریش له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ كوردییه‌كاندا له‌باره‌ی ئه‌زموونی تۆوه‌ نووسیومه‌ و كه‌مێك سه‌ر له‌ شیعری نوێ ده‌رده‌كه‌م، كاتی خۆشی له‌ هه‌شتاكاندا، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی نوێخوازی شیعریی له‌ هه‌ولێر به‌هێزبوو، من له ‌به‌ره‌ی نوێخوازییه‌كه‌دا بووم، كه:‌ (مه‌حموود زامدار) چاوچاغی ده‌كرد و له‌به‌رانبه‌ریشدا چه‌ند نووسه‌ر و شاعیرێكی تر دژی ده‌وه‌ستان، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌دژی بوون، بڵاوكراوه‌ كوردییه‌كانی ئه‌وسا. واته‌: گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان به‌ده‌ست ئه‌وان بوو، ڕێیان له‌و شاعیره‌ نوێخوازانه‌ ده‌گرت، پێیان ده‌گوترا: (پێشڕه‌و). ئه‌وكاته‌ ساڵانی هه‌شتاكان چه‌ند گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌كی كوردی هه‌بوون، ئاوبێنه‌ و ده‌ستان بشۆ، ئه‌وان ئابڵووقه‌یان خستبووه‌ سه‌ر شاعیره‌ نوێخوازه‌كان و نه‌یان ده‌هێشت بابه‌تیان بڵاوبكرێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئێمه‌ كه‌ لایه‌نگیری بزووتنه‌وه‌ی نوێخوازی بووین، كه‌وتبووینه‌ به‌ر ئه‌م شاڵاوه‌، به‌ڵام جارجاره:‌ (مه‌حموود زامدار) چه‌ند شیعر‌ێكی، یان نووسینێكی ئێمه‌مانانی ده‌برد به‌ ده‌رده‌سه‌ری بۆی بڵاوده‌كردینه‌وه‌ و له چاپخانه‌ ده‌بووه‌ ئێشكگر نه‌وه‌ك ئه‌وان ده‌ری بێنن.

بێ هیچ گومانێك، تۆ شاعیرێكی له‌و شاعیرانه‌ی شێوازی نوێت هێنایه‌ ناو شیعری كوردی و له‌گه‌ڵ ئه‌و شاعیرانه‌ی ئه‌وسای هه‌ولێر نوێكارێك بوویت و زۆریش شه‌ڕیان له ‌دژتدا كرد و ڕێگایان لێگرتی و چاڵیان بۆ هه‌ڵكه‌ندی و دژت وه‌ستان و خه‌ڵكیان هاندا له ‌دژت بنووسن، گاڵته‌شت پێبكه‌ن، به‌ڵام به‌ پێداگری و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی خۆت و خۆسووتاندن و به‌خشینی ژیانی خۆت و خێزانه‌كه‌ت، توانیت هه‌موو ئه‌م دژایه‌تیكردنه‌ ڕابماڵی و ورده‌ ورده‌ شوێنپێی خۆت فراونتر بكه‌یت و به‌ وه‌رگێڕانی شیعره‌كانیشت بۆ سه‌ر به‌شێك له‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی دنیا، ئه‌وانه‌ و ئێمه‌ش هه‌موو به ‌توانای خۆت سه‌رسام بكه‌یت و سه‌لماندت ڕێچكه‌یه‌كی جیاوازی و خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆتی له‌ بزووتنه‌وه‌ی نوێخوازی شیعری كوردیدا له ‌ده‌یه‌ی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كان، دواتریش. دڵنیام جیاوازی و خاوه‌ن ڕێچكه‌ و جیهانبینی و شێوازی تایبه‌ت به‌ خۆتی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی شیعره‌كانت بخوێنێته‌وه‌، هه‌ست به‌ قووڵیی زمان و زه‌خره‌فه‌ی زمان و جوانیی زمان و ده‌ربڕین و كورتبڕی و مانای شاراوه‌ی ده‌ق ده‌كات. ئه‌وه‌ی شیعره‌كانت بخوێنێته‌وه‌ ده‌بێ خاوه‌ن ڕۆشنبیرییه‌كی فراوان بێت به‌تایبه‌تی له‌ بواری هێماكانی ئایینی و ته‌سه‌وف و فه‌لسه‌فه‌ و دنیای شاراوه‌ی شاعیرانی دنیا و كورد، تا بتوانێ هێما و جه‌فه‌‌نگه‌كان شیبكاته‌وه‌ و مه‌به‌ست و كرۆكی شیعر و جیهانبینی و فه‌لسه‌فه‌ی شیعرت بخوێنێته‌وه‌، به‌ڵام داخه‌كه‌م به‌ شه‌رمه‌وه‌ش ئه‌م ده‌ربڕینه‌ ده‌رده‌بڕم، من دوای ئه‌م هه‌موو خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ساڵه‌ و ئاگاداربوون و پێداچوونه‌ی سه‌دان ڕۆمان و شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م له ‌ئاستی شیعره‌كانتدا نیم. واته‌: ئاستی تێگه‌یشتنی من بۆ ده‌قی شیعره‌كانت به‌و ڕاده‌یه‌ نییه‌ ته‌واو له‌ نهێنی و دنیای شاراوه‌ی ناو شیعره‌كانت بگه‌م. ئه‌وه‌ش به‌و هۆیه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ لێكدانه‌وه‌ی هێما و جه‌فه‌نگی شیعریی مه‌له‌وان نیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌زانم شیعره‌كانت به‌رزن و گه‌یشتوویته‌ ئاستی شاعیرانی جیهانیی، له‌گه‌ڵ شاعیرانی تر خۆت جیاكردۆته‌وه،‌ ئه‌م خۆجیاكردنه‌وه‌یه‌ش‌ پیرۆزه‌.

    

                                      سابیر ڕه‌شید

1\ 7\ 2019 هه‌ولێر

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت