ما 3877 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رۆژێک گوێم لە دەنگی تەپڵ و زوڕنا بوو. چوومە دەرەوە. بە شوێن دەنگەکەدا رۆیشتم. گەیشتمە کۆڵانی کوڕەکە. شایی و زەماوەندێکی سەیربوو. خەڵکی جمەیان دەهات. گووپەکانی کاکی زوڕناژەن لەوانە بوون بتەقێن. لۆتییە تەپڵژەنەکە بەدەم گۆرانی وتنەوە رەگی ملی بەقەد بەنەخوێنێک هەستابوو. ئەوسا زاوا و بووکم بینی هەڵدەپەڕین.

 

دەوڵەت

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من و باوکم ژنمان دەوێ. ژنەکەی باوکم (واتە دایکی من)، لەمێژ ساڵە مردووە. ئیتر لەو کاتەوە، بەهەر هۆکارێک بێت، هەتا ئیستا باوکم نەیتوانیوە ژن بێنێتەوە. منیش ئەگەرچی بگرە لە قەیرەبوونیش لامداوە، بەڵام بە ژیانم چییە ئافرەتم بەخۆمەوە نەبینیوە. تەنیا لە دوور و نزیکەوە لێم رووانیون. گەر بە درۆیش نەبێ دەبێ بڵێم جاروبارەیش بۆنیانم هەڵمژیوە. کاتێک تێپەڕیون.

من و باوکم زۆر دەست و پێ سپین. جاری وایە روودەکەمە باوکم و دەڵێم ئەیچۆن توانیت دایکم بێنیت. ئەویش دەڵێ رۆڵە باوکم بۆی هێنام. باوکی، واتە باوەگەورەی من. بیردەکەمەوە دەبێ چەند زیرەک بووبێ و لایشم سەیرە لەو زیرەکییە هیچ بەر باوکم و لەوێوە بەرمن نەکەوتووە. بڵێی باوەگەورەم وەجاخ کوێر نەبووبێت!

ئێمە زۆر جار لە ژوورەوە دادەنیشین و بێدەنگ بە سەعات لەبەردەمی خۆمان دەڕوانین. ئەوسا باوکم دەڵێ هەستە چاییەک لێنێ. منیش چای لێدەنێم. بەدەم سازکردنەکەیەوە مل دەکێشم و لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوە دەکەم. ژنێک دەبینم بە چارشێوی تەنکەوە. لەش و لاری چەند جوان دەلەنگێتەوە. دەڵێم باوکە یەکی تریان دەرکەوت! باوکم دەست دەبا بۆ بن پشتوێنەکەی، تووتن و پەڕە و دەمنەکەی دەردەهێنێ و جگەرەیەک دادەگیرسێنێ. لەبەر دووکەڵ لەیەکتر وندەبین. باوکم وەستای قاندانی ژوورە.

بەلام وەک دەڵێن بە خۆشییەوە ماوەیەکە کوڕێکی دراوسێمان کە تازە لە خوێندن گەڕاوەتەوە و زۆر زیرەک دەنوێنێ و لە گەڕەکەکەماندا ناوبانگی دەرکردووە، بۆ هەموو شتێک رێگاچارەی پێیە. رێگا چارەکەی لەگەڵ خۆی هێناوەتەوە و گوایا یەکجار دەگمەنە. تا ئیستا کەس شتی وای نەبیستووە. رۆژێ بەڕیکەوت لە کۆڵان بە تووشییەوە بووم. من کە وەک هەمیشە خۆم لە خەڵکی دەبوارد و بەڵام لە دڵەوە حەزم دەکرد بمبینن و بمدوێنن، بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا کەسێک دەنگی هەڵبڕی و هاواری لێکردم. راوەستام. بە بزەوە و بە روویەکی یەکجار خۆشەوە دەستی لەگەڵ لێدامەوە و، لەپاش پرسینی حاڵ و ئەحواڵ گوتی کە:

ـ "خەم مەخۆ،... هەم تۆ و هەم باوکت! لە خەم و لە کێشەتان دەگەم. دڵنیابە دووای ئەوەی بووین بە خاوەنی دەوڵەت، ئێوەیش دەبن بە خاوەنی ژن. بەدبەختی ئێمە لە بێ دەوڵەتییەوەیە! دەوڵەت هەموو شتێ چارەسەر دەکا. رۆژە روون و گەشەکان چاوەڕوانمانن.

ئەوسا دەستی کرد بە مشت، بەرزی کردەوە و چەندجارێک بە تووندی رایوەشاند.

هەر کە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە ئەمەم بۆ باوکم گێڕایەوە. باوکم گوتی "دەوڵەت!" ئەوسا بە قووڵی چووە فکرەوە.

ئیتر لەو رۆژەوە من و باوکم چاوەڕوانی ئەوەین ئەو کورە ببێ بە خاوەن دەوڵەت و ژن بۆ من و باوکیشم بێنێ.

رۆژان و هەفتان هاتن و گوزەران، بەڵام هیچ خەبەرێک نەبوو. رۆژێک باوکم وتی "ئەرێ رۆڵە هەستە و بڕۆ بزانە ئەو جوانخاسە نەبووە بە خاوەن دەوڵەت، بەڵکو بووبێ و خوا رەحم بکا و کاری ئێمەیش رێک بخا،... بە خوا دەترسم ئێمەی لەبیر چووبێتەوە."

وتم باوکە لێیگەڕێ، بەخوا ئەوەی من بینیومە قەت ئێمەی لەبیر ناچێتەوە، ئاخر خۆی قاوی لێکردم، خۆ من نەچووم بە دەمییەوە.

باوکم دەستدەکاتەوە بە بن پشتێنەکەیدا و دیسان ژوورەکە قاندەداتەوە.

راستییەکەی ئەوە بوو منیش بەرەبەرە بێ تاقەت ببووم. زۆری خایاندبوو. بۆیە رۆژێک هەستام و بە ئەنقەست بە بەر ماڵەکەی ئەواندا چەند جارێک ئەمسەراوسەرم کرد، بەڵکو بە رێکەوتیش بووە بیبینم. بەخۆشییەوە دەرکەوت. بەرەوڕووی یەکتر رۆیشتین. من سەیری ناوچاویم نەکرد. خۆم لێ حۆلکرد. بە تەنیشت یەکتردا تێپەڕین بە بێ ئەوەی وەک جارەکەی پێشوو دەنگ هەڵبرێ، بانگم لێبکا و بمدوێنێ. کە تێپەڕی، بە دزییەوە لامکردەوە. نا هیچی پێنەبوو. ئەی دەوڵەت لەکوێ بوو؟

رۆژێ باوکم وتی بەخوا رۆڵە ئەمیشمان فت‌!

من کە ئەمەم زۆر پێناخۆشبوو، وتم نا باوکە وا نیە، دەبێ چاوەڕوان بین، هێشتا زۆری لێنەڕۆیشتووە.

رۆژێک گوێم لە دەنگی تەپڵ و زوڕنا بوو. چوومە دەرەوە. بە شوێن دەنگەکەدا رۆیشتم. گەیشتمە کۆڵانی کوڕەکە. شایی و زەماوەندێکی سەیربوو. خەڵکی جمەیان دەهات. گووپەکانی کاکی زوڕناژەن لەوانە بوون بتەقێن. لۆتییە تەپڵژەنەکە بەدەم گۆرانی وتنەوە رەگی ملی بەقەد بەنەخوێنێک هەستابوو. ئەوسا زاوا و بووکم بینی هەڵدەپەڕین. کە جوان سەیرمکرد، بینیم زاوا خۆیەتی، هەمان کوڕە جوانخاسەکە.

بەپەلە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە. وتم باوکە موژدە،... موژدە،... کوڕە جوانخاسەکە ژنی هێناوە،... دەوڵەتی هێناوە،... خۆزگە لەوێ بوایتایە و بتبینیایە!

باوکم بە سەرسوڕمانەوە لێمی رووانی. بێدەنگ بێدەنگ. ئەمجارە باوکم ژوورەکەی قاننەدا. هەستا چووە بەرپەنجەرەکە. لەبەر خۆیەوە وتی: "بێ دەوڵەت خۆم،... ئاخ بێ دەوڵەت خۆم!"

بەڵام من بەردەوام باوەڕم بە جوانخاسەکە هەیە. بۆ خۆی وتی کە دەوڵەت هات هەموومان دەبین بە خاوەن ژن.

دوو رۆژ دوواتر چووم لە دەرگاکەیانم دا. کورەکە خۆی دەرگاکەی کردەوە. دەڵێم:

ـ "باوکم عەرزی سڵاوی هەیە و دەفەرمێ نۆرەی ئێمە کەی دێت؟!"

Bilderesultat for løgn

گەڕان بۆ بابەت