ما 7344 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەرۆکی دەستکرد و بووکەشووشەیی

ئەو سەرۆکانەی بۆ هەموو تەمەنیان سەرۆکن، بەناچار لە خانووە هەمیشە گەمارۆدراوەکاندا دەژین و هەمیشە لەرێگای ئەم و ئەوەوەیە لەگەڵ جیهانی دەرەوە (واتە ژیانی ئاسایی) لە پێوەندیدان. بۆیە پێوەندی ئەوان لەگەڵ جیهانی دەرەوە پێوەندێکی ناڕاستەخۆیە، ئەوان رەنگە تەنیا سرووشت راستەخۆ ببینن، ئەویش تەنیا ئاسمان و حەوشێ لە رێگای پەنجەرەکانیانەوە و، یاخود ئەو مەودایەی ناوی حەوشەیە و ئەوان دەتوانن جاروبارە تێیدا پیاسەیەکی کورت بکەن.

گرینگە کە مرۆڤ ماوەیەکی دیاریکراو سەرۆک بێ، لانیکەم لەبەر خۆی. چونکە مرۆڤ لە راستیدا بوونەوەرێكی ئاسایی و کۆمەڵایەتییە و پێویستی بەوەیە لەناو خەڵک و کۆمەڵگادا بە شێوەی راستەوخۆبێت و شتەکان لە رێگای هەستەکانی خۆیشیەوە ئەزموون بکا. دوورکەوتنەوە لەوەها دۆخێک دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی سەرۆکە دەستکردەکان، ئەو سەرۆکانەی بەرەبەرە لە مرۆڤبوونی خۆیشیان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەتاڵدەبنەوە و دەبنە سەرۆکی لە چەشنی بووکەشووشە.

درۆمان نەکردووە گەر بڵێین ئەوان دەستکرد دەبن و دەبنە بووکەشووشە. دەستکرد چونکە پێوەندی ناڕاستەوخۆ بەمانای ئەوەیە کەسانی تر لە رێگای زانیاری و حەز و داواکانی خۆیانەوە ئەوان شکڵ پێدەدەن؛ بووکەشووشە چونکە دوواتر زیاتر بەگوێرەی هەمان زانیاری و داوا و حەزەوە بڕیاردەدەن. سەرۆک لێرەدا دەبێ بە کەسێک کە کۆی زانیارییە ناڕاستەوخۆکانە.

گرینگە سەرۆک لانیکەم هەر چوار ساڵ جارێک بچێتەوە ماڵی خۆی و لەوێوە بتوانێ دەرفەتی ئەوەی هەبێ جاروبارە سەردانی شەقام و کۆڵان بکا، دەستی منداڵەکەی بگرێ و بچێ بۆ قوتابخانە، لە جەژنی دۆستان و هاوگەڕەکەکاندا بەشدار بێت و لە شەقام ماشین بئاژوێ. ئەو دەبێ راستەوخۆ وڵات ئەزموون بکا.

بە داخەوە نیشتمانی ئێمە پڕە لە سەرۆکە دەستکرد و بووکەشووشەییەکان. ئەو سەرۆکانەی کە کەس بەقەدەر ئەوان لە راستبوونی خۆیان دڵنیا نین و بۆیە کەس بە قەدەر ئەوان حەزناکا لە سەر کورسی دەسەلاتی گەورە و بچووک بمێننەوە. مرۆ کە لای وابوو راستەقینەترینە، پێداگرترینیشە. لە نێوان زانیاریی ناڕاستەوخۆ و سەرۆکی دایمبووندا پێوەندێکی تۆکمە هەیە.

وە ئەم جۆرە سەرۆکانەیش زۆربەی کات خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن، یاخود بۆ خۆیان ئەرکی شۆڕشگێی قایلن. سەرۆکە ناڕاستەوخۆکان هەر هەموویان شۆرشگێڕن! ئەوان شەرعییەتی شوێنی خۆیان لە ئەرکێکەوە دەهێنن کە ناویان ناوە ئەرکی مێژووی، نەتەوەیی، چینایەتی و ئایینی. کەس نازانێ بۆ ناکرێ نەتوانین ئەم ئەرکە دابەش بکەین بە سەر سەرۆکەکانی تریش دا؟ ئەو سەرۆکانەی کە هەنووکە دەتوانن لە دووای هەمان سەرۆک، بە شێوەی دیمۆکراتی و بەردەوام بێن، نەک ئەوەی راوەستن تا ئەو سەرۆکە تەواو پیر و پەککەوتە دەبێ!

لە خۆوە نیە لە دووای گۆڕانەکانیش هەمان ئەزموونی پێشوو دووپات دەکرێتەوە. چونکە کاتێک ژیان و کۆمەڵگا لەسەر ئەقڵی تاک سەرۆکی بڕوات، ئەوانی تر دەبن بە پاشکۆ و پاشکۆیەتی واتای دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە هەبوو. جا با ناوەکەیشی ناوێکی تر بێت.

مێژووی ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان بریتییە لە شەڕی نێوان سەرۆکە ناڕاستەوخۆکان. ئەوانەی یان لە باڵاخانە گەورە و جۆربەجۆر و فرەچەشنەکاندان و ئەوانەی وا لە ناو کونەتەیارە مودێڕنەکاندان. سەرۆکە ناڕاستەوخۆکان بەداخەوە وەهایش لە دووای ساڵانی ساڵ بەم شێوە ژیانە خوویان گرتووە کە تازە ناتوانن لای خۆیان وێنای ژیانی ئاسایی لە ریزەکانی کەمێک خوارترەوە بکەن.

بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە سەرۆکی ناڕاستەوخۆ سەرۆکیش نیە. ئەوان لە هەر دوو دونیا بوونە. نە دەتوانن سەرۆک بن و نە دەتوانن مرۆڤێکی ئاسایی. ئەوان لەدووا مانادا بەکەڵکی هیچ شتێک نایەن جگە لە خۆیان!  

سایتی قەڵەم

٤ ئۆگۆستی ٢٠١٩

Bilderesultat for leader

گەڕان بۆ بابەت