ما 9195 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پاش ماوەیەک هەڵدەستم. دەستدەکەم بە گیرفانمدا و تەلەفۆنەکەم دەردێنم. دەبینم لە کارەکەمەوە چەند جارێک زەنگیان داوە، چەند ژمارەیەکی نەناسراوی تریشی بەسەرەوەیە کە بێگومان هی شوێنە رێکلامەییەکانن. شوێنە رێکلامەییەکان!؟ دەکیشم بە رانی خۆمدا، حەکک ماڵتە بۆ لە بیریا نەبووم!

 

ئەمڕۆ رۆژێکی ترە

بەیانی لەخەو هەڵدەستم. وەک هەمیشە دەچم بۆ ئاودەست، دەست و دەموچاو دەشۆم، ناشتادەکەم و هەر کە دەمەوێ جل و بەرگ لەبەربکەم و بچمە دەرەوە، بیرم دەکەوێتەوە ئەمڕۆ دەبێ شتێکی تر بکەم، شتێک جیاواز لە رۆژەکانی تر. وتم بیرم کەوتەوە، ئا، هەر وایشە بیرم کەوتەوە، چونکە وەک شتێک ئەمشەو لە خەومدا ئەمەم بینیبوو. راستییەکەی ئەوەیە من بەگوێرەی عادەتێکی کۆن کە زەحمەتە ئەوەندە بە ئاسانی لەبیرم بچێتەوە، لە ژیانی رۆژانە بێزاربووم و بێزارهەم و، لانیکەم دەبێ ئەمڕۆ بۆ من جۆرێکی تر بێت.

دەست دەبەم تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم، دەمەوێ زەنگ بۆ خاوەنکارەکەم لێبدەم و بڵێم ئەمڕۆ نەخۆشم و ناتوانم بێم بۆ کار. بەڵام پەشیمان دەبمەوە. خودی تەلەفۆنکردنەکە، ژیانی ئەمڕۆم وەک هەمیشە لێدەکاتەوە، با نەچمە سەر کاریش. بەڵام گەر لە ماڵیش بمێنمەوە دیسان وەک خۆیەتی. نا، من دەبێ ئەمڕۆ شتێکی تر بکەم، شتێک جیاواز لە هەموو شتەکانی تر.

ئەها، چۆنە ئەمڕۆ شۆرش بکەم؟ پلکەیەک دەتەقێنم و سەرێکی بۆ دەلەقێنم و دەگەمە ئەو ئەنجامەی ئەمە باشترین بڕیارە. ئەی ئەوە نیە شۆڕش بە مانای گۆڕانی بنەڕەتی دێت! من ئەمڕۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی دەکەم. یەکەم کارم ئەوەیە نابێ ئاگاداری کارەکەم بکەمەوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ نامەوێ بچم بۆ کار. زەنگیش بدەن هەڵیناگرم، ئەسڵەن تەلەفۆنەکەم دەکوژێنمەوە. ئێ باشە،... زۆرچاکە! ئەی دووایی، دووایی چی بکەم؟ خانووەکەم بشۆم و خاوێنی بکەمەوە؟ نا نا، ئەمە دەبێتەوە بە ژیانی جاران، ئەی ئەوە نیە بە هەفتەیەک جارێک ئەمە دەکەم! نا نا، ئەی چۆنە خانووەکە رەنگ بکەم، قاوەییە و دەیکەم بە خۆڵەمێشییەکی کاڵ. لەمەیش پەشیمان دەبمەوە. ئاخر ئەمە کەی شۆڕشە!

دەبێ بیر لە دەرەوەی ماڵەوە بکەمەوە. لە شوێنێک لە دەرەوە. دەی باشە چی؟ بیر لە هەواڵەکان دەکەمەوە بزانم دوێ شەو باسی چییانکرد. هەواڵنێر و هەواڵخوێنەکە باسی خەستەخانەیان کرد کە گوایا سەرەی نەخۆشەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە چاو جاران دوورودرێژتر بووە، باسی بەیەکدادانی ماتۆڕێک و ماشینێکیان کرد کە بووە هۆی کوژرانی ماتۆڕسوارەکە، باسی سەرۆک وەزیرانی کرد کە بە هۆی ناڕازیبوون لە یەکێک لە وەزیرەکانی لە کار هەڵیپەساردبوو. زۆر باشە! چۆنە دروشمێک لەسەر کاغەزێکی گەورە بنووسم و بچم لەبەر دەم وەزارەتی تەندرووستی راوەستم، یاخود لەبەر دەم پۆلیسخانەی ناوەندی شار، یان بچم لە بەردەمی بینای سەرۆک وەزیراندا بە هەمان دروشمەوە راوەستم و بڵێم بۆ لە سەرەتاوە بە جوانی لێکی نادەنەوە و دەبێ خەڵکی رێک لە ناوەڕاستی ئەرک و کارەکانیاندا دەربکەن؟

سەرئەنجام دروشمەکە دەنووسم "سەرۆک وەزیر بۆ دەرەوە!" و، بڕیاردەدەم بچمە بەردەم بینای سەرۆک وەزیران. ئاخر نەک ئەوەی شۆرش بریتییە لە قڵمکردنەوەی هەرە پایەبەرزەکان! بە قەتار و بە پاس خۆم دەگەیەنمە ناوەندی شار و دەچم لەبەر دەم بیناکە، هەڵبەت لەوبەر شەقامەکەوە رادەوەستم. دڵنیام خەڵکێکی زۆرم لێ کۆدەبێتەوە، ئەمەیش کامێراکانی راگەیاندنە جۆراوجۆرەکان دەهێنێتە ئێرە و ئیتر تەواو،... شۆڕشێکی راستەقینە. ماوەیەکی چاک رادەوەستم. رێبوارە قژ زەرد و چاو شین و سەوزەکان هەندێکیان لێم دەڕوانن و هەوڵدەدەن دروشمەکە بخوێننەوە. منیش تا دەتوانم هەوڵدەدەم وەهای رابگرم کە بێ دڵییان نەکەم. کتوپڕ هەندێ پۆلیس پەیدادەبن. دێن. دەڵێن وەرەقەی ئیزنی خۆپیشاندانەکەیان نیشان بدەم. من تووڕە دەبم و دەلێم قسەی قۆڕ! بۆ شوێنێک تەلەفۆن دەکەن و ئەوسا داوام لێدەکەن بارگە و بنەم بپێچمەوە و بڕۆم. سینگم قوتدەکەمەوە، دەریدەپەڕێنم و دەڵێم بۆ کوێ؟ بە دووان ئەملاو لام دەگرن و لەگەڵ خۆیان دەمبەن و، دەمخەنە ناو دوواوەی سەیارەیەکی گەورەوە. هاوار دەکەم و دروشم دەدەم. خەڵکی وەک بڵێی هەر هیچ نەبووە، دێن و دەڕۆن. هاواردەکەم مەرگ و نەمان بۆ سەرۆک وەزیران! 'وەزیرانەکەی' بە هۆی پێوەدانی دەرگای ماشینەکە ناگاتە گوێی رێبواران. پۆلیسەکان لە دووای ئەوەی ناو و ناونیشانم لێوەردەگرن، دەمبەنەوە بۆ ماڵەوە. لە حەوشێ لە داخانا و لەبەر رق دروشمەکەم بەر شەق دەدەم!

بەڵام مرۆڤی شۆڕشگێڕ نابێ وازبێنێ. دیسان بیر لە هەواڵەکانی شەو دەکەمەوە. ئەها، باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشیان کردبوو. باسی شەڕی سووریا کە تێیدا لە دوو بۆمباراندا کە لە لایەن هێزە دژبەرەکانەوە کرابوون، بە دەیان کەس کوژرابوون و بریندارببوون. کەواتە دەبێ دروشمێکی تر بنووسمەوە و بچم بۆ... راستی بۆ کام لایان؟ بۆ بەر سەفارەتی سووریا و رووسیا، یان ئامریکا و تورکیا؟ دەچمە سەر کۆمپیوترەکەم و ئادرەسەکانیان دەدۆزمەوە. پەحح کە لەیەکتریش دوورن! بەڵام هەر ئەمەیش نیە، بیرم دەکەوێتەوە کە دەبێ ئیجازەی یاساییشم هەبێ.

لە تەنیشت دروشمە شەق تێهەڵدراوەکەم بە نائومێدی هەڵدەتروشکێم و، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشم.

پاش ماوەیەک هەڵدەستم. دەستدەکەم بە گیرفانمدا و تەلەفۆنەکەم دەردێنم. دەبینم لە کارەکەمەوە چەند جارێک زەنگیان داوە، چەند ژمارەیەکی نەناسراوی تریشی بەسەرەوەیە کە بێگومان هی شوێنە رێکلامەییەکانن. شوێنە رێکلامەییەکان!؟ دەکیشم بە رانی خۆمدا، حەکک ماڵتە بۆ لە بیریا نەبووم!

من کە لەمێژە وەڵامی یەک دانەیان چییە نادەمەوە و لەمێژە قسەم لەگەڵ نەکردوون، دانە بە دانەیان دەگرمەوە. سەرئەنجام یەکیان وەڵام دەداتەوە.

ـ ببورن بۆ زەنگتان دابوو،... جگە لەمە لە کوێوە زەنگ دەدەن؟

ـ شرکەتێکی بەرهەمهێنانی گۆروەین. جوانترین گۆرەوی بە باشترین کواڵیتێتەوە بەرهەم دێنین. ژمارەی قاچت چەندە و تەمەنت چەندە؟... ناردنەکەی بەلاشە و تۆ پێویست ناکا پووڵی پۆستەکەی بدەی...،... .

من ئاشقی دەنگ و شێوەی قسەکردنی ئەم رێکڵامچییانەم. وزە و هێزت دەدەنێ. رۆژەکەت لێدەکەن بە رۆژێکی تر، رۆژێکی بە تەواوی جیاواز.

بە دوو پەنجە سەر ئەژنۆی شەڵوارەکەم دەگرم و بەرزیدەکەمەوە، سەیری قاچ و گۆرەوەیەکەم دەکەم. دێتەوە بیرم لەمێژە گۆرەویم نەکڕیوە. منیش چ مرۆڤێکی سەیرم!

ـ زۆر باشە،... وەڵڵا مەمنوونیش دەبم،... ئادرەکەیشم ئەمەیە: شەقامی... .

گەڕان بۆ بابەت