ما 4951 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شەڕ و ترادیسیۆن

شەڕ، تەنیا فەزای "من" و "ئەو"ە، یاخود "ئەم" و "ئەو". ئیتر لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا جێگای کەسی تر نابێتەوە. هەموو مرۆڤەکان یان لەمبەرن یان لەوبەر، یان رەشن یان سپی، ئیتر لە نێوان ئەم دوو رەنگەدا جێگای رەنگی تر نابێتەوە.

کە شەڕ دێت فەزاکانی تر ون دەبن، رەنگەکانی تر خۆیان دەشارنەوە، ئیتر گەلێک ئاسانتر دەبێ بۆ ئەوانەی کە "ئەم" یان "ئەو"ن، هەمووان هان بدەن کە وەک "ئەم" یان وەک "ئەو"یان لێ بێت. بۆ ئەوان یەکجار ئاسانتر دەبێ مرۆڤەکان بە سەر دوو بەرەدا دابەش بکەن، ئەوانەی وا لە دەروونی خۆیاندا حەزیان نەدەکرد کۆمەڵگا رەنگین بێت.

 

کە شەڕ دێت، پێناسە ترادیسیۆنەکان بەرجەستەتر دەبن و زۆربەی شتەکانی زوو دەگەڕێنەوە، قۆناغی پێناسە تەقلیدییەکان سەر لە نوێ خۆی دەردەخاتەوە. ئیتر جورئەت و دەرفەتی رەخنە دادەبەزێ و کەمتر دەبێتەوە، مرۆڤەکان زێتر بە کاوەخۆ هەنگاو هەڵدێنن، وەک یەک بوون و یەک جەستە بوون دەبێ بە بایەخ.

کە شەڕ دێت، ئەوانەی وا بێڕەحمترن زیاتر دەردەکەون، ئەوانەی خەون بە رۆژە حیماسییەکانی ناو مێژووەوە دەبینن، زیاتر دەرفەتی خۆدەرخستنیان بۆ دەڕەخسێ. ئازایەتی دەبێ بە پێناسەی سەرەکیی مرۆڤ. کە شەڕ دێت ژنان و منداڵەکان زیاتر خوو بە ماڵەوە و بە خۆیان دەگرن. گەڕەک دەبێ بە شوێنی چاوەڕوانی.

شەڕ، فەزای مەدەنی لاواز دەکا. بەر بە خۆرسکان و پەروەردە بوونی پێناسە تاکەکەسیی و گروپی ـ کۆمەڵایەتییەکان دەگرێ. لە فەزای شەڕدا سەرکردە و رێبەر زیاتر لە جاران باو دەبێتەوە. خوێن و ئارەق دەبێتەوە بە پێناسەی سەرەکیی وەفادار بوون.

زۆر جار لە شەڕ کەڵک وەرگیراوە بۆ راوەستاندنی ئەو رەوتانەی وا دەسەڵاتداران حەزیان پێی نەبووە و، کەچی لە دەروونی کۆمەڵگاوە خەریکی سەرهەڵدان بوونە،... نەیانتوانیووە بەری پێبگرن و بۆیە "شەڕ" دووا چارە و دوا دەرمان بووە. هەر بۆیە زۆر ئاسان پلانی شەڕیان داناوە، یاخود لەو پلانانەدا بەشداریان کردووە وا بە گشتی رەوتەکەی بەرەو شەڕ بردووە. وە چەندە ئاسانیش "شەڕ" لە پشت دروشمە حیماسییەکانەوە و لە پشت پێناسە ترادیسیۆنەکانەوە دەشاردرێتەوە.  

شەڕ وەهایە بە بێ ئەوەی هەمیشە پێویست بێت کەسێکی تر پێت بڵێ دەبێ چۆن بیت، بۆ خۆی پیت دەڵێ دەبێ چۆن بیت. شەڕ، زمان و لوژیک و عەقڵی خۆی هەیە،... زۆر ئاسان دەتباتەوە ئەو شوێنانەی وا بۆ خۆیشت بڕوات نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان بچیتەوە ناوی.

سایتی قەڵەم

 

٢٧ نوڤێمبری ٢٠١٤ 

گەڕان بۆ بابەت