لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئاننا کارەنینا بیری ئێمە دەخاتەوە کە رۆمان سەروکاری لەگەڵ مێژوو و رووداوەکاندا هەیە. ئێمە زۆر شت لەسەر مێژووی رووسیا و گۆڕینەوەی مانا لەسەردەمی تۆلستۆی فێردەبین، بۆ وێنە لە پێوەندی لەگەڵ رێفۆرمە یاساییەکان و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان. زۆر سادە دەتوانین بڵێین رۆمان جۆرێک لە مێژووی کۆمەڵایەتی یاخود مێژووی ئایدیایە لە فۆڕمی ئەدەبییاتدا.

 

رۆمان چییە (١)

نووسینی: تونە سلبوە

لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

 

گوێکانی کارەنین

 

کاتێک 'ئاننا کارەنینا' بەیانیەکی زووی زستان لەو قەتارە دادەبەزێ لە مۆسکۆوە بەرەوە سێنت پێتێرزبورگ دەڕۆیشت، هاوسەرەکەی لە وێستگەکە چاوڕوانی بوو. یەکەم خەیاڵ بە مێشکیدا هات ئەوە بوو شتێک لە هاوسەرەکەیدا گۆڕابوو. هاوسەرەکەی ناوچاوتاڵ و نادۆستانە لەوێ راوەستابوو، هەڵبەت ئەمە بۆ ئاننا شتێکی تازە نەبوو، بەڵام گوێکانی کتوپڕ جۆرێکی تریان لێهاتبوو: "وای خودایا! ئەم گوێیانەی لەکوێوە هێناوە؟' ئەمەی لە دڵی خۆیدا گوت لە کاتێکدا سەیری رواڵەتی سارد و خۆگرانەی پیاوەکەی دەکرد، بەتایبەت سەیری ئەو گوێیانەی ئەم لایوابوو کلاوە خڕەکەی سەرسەری رەپ راگرتبوو."١

ئەمە ئەو پیاوەی بوو ئاننا ساڵانی ساڵ لەگەڵیا ژیابوو و خاوەنی منداڵێکیش بوو لێی؛ بۆیە دەبا بۆی ئاشنا بایە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەڵێی یەکەم جارە دەیبینێ. هەڵبەت خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە ئەوە کارەنین نیە گۆڕاوە، بەڵکو ئاننا کارەنینایە گۆراوە. لە مۆسکۆ بۆ یەکەم جار 'ڤرنۆشیج'ی دیتبوو، ئەو ئەفسەرەی ئاننا لەگەڵیا دەبێ بە خاوەن چیرۆکی خۆشەویستیی بێ سنوور. دیمەنەکە لێرەدا خوێنەر وشیاردەکاتەوە، بەڵام خودی ئاننا هێشتا لێی ئاگادارنیە: شتێک روویداوە کە بەڵێنە جیهانی ئەو بەتەواوی بگۆڕێ و بەرەو کارەساتی ببات، ئەو جیهانەی وا ئاننا لای وایە دەیناسێ. لەناو قەتارەکەی شەودا ئاننا لە هەستێکی هەڵچوو وپەرێشاندابوو. کتوپڕ 'ڤرۆنشیج'ی لێ پەیداببوو و گوتبووی بە شوێنیەوە بووە. کاتێک سبەی دێت و ئەو لە ماڵەوەیە، هێشتا بیری ڤرۆنشیج هەر بەرینادا، بگرە کاتێک 'کارەنین'ی هاوسەریشی دەبینێ، یان باشتر بڵێین کاتێک گوێکانی دەبینێ.

ئاننا کارەنینا کاراکتێری سەرەکیی رۆمانی تۆلستۆیە بە هەمان ناوەوە کە لە ساڵەکانی ١٨٧٥ تا ١٨٧٧ نووسراوە و، ئەوەی من لێرەدا هێنامەوە لە پاژی یەکەمی رۆمانەکە وەرگیراوە. ئەم بەشە دەربڕی فۆڕم و گێڕانەوەی رۆمانەکەیە. پێش لەهەر شتێک باس لەوەدەکا رۆمانەکە لەسەر مرۆڤ و چارەنووسی دەدوێ. بەروڕووبوونەوەی ئەم دوو هاوسەرە کەم تا کورت وێنەیەکی دەرەکیمان لەسەر کەسانێک پێشکەشدەکا. بەڵام گرینگە سەرنج بدەینە ئەوەی کە رقی کتوپڕی ئاننا لە گوێیەکانی هاوسەرەکەی، باری دەروونیی ئەومان بۆ دەردەخا. رووداوێکی بەڕواڵەت سادە ئاماژە بەو شتە سەرەکییە دەکا کە بەڵێنە رووبدات، کە هەڵبەت لە ئاستێکدا هەر روویداوە: گوێیەکانی کارەنین وەک ئاوێنەیەک گشتیەتەکە دەنوێننەوە. دیداری نێوان ئەم دوو هاوسەرە لەو وێستگەیە هەروەها لە کات و زەماندا جێگایان بۆ کراوەتەوە، وێستگەیەکی قەتار لە سێنت پێتێرزبورگ لە سەدەی هەژدە، کە بەگوێرەی خوێنەر دونیایەکە دەکرێ هەم ئاشنا بێت و هەم نائاشنا.

ئاننا کارەنینا بیری ئێمە دەخاتەوە کە رۆمان سەروکاری لەگەڵ مێژوو و رووداوەکاندا هەیە. ئێمە زۆر شت لەسەر مێژووی رووسیا و گۆڕینەوەی مانا لەسەردەمی تۆلستۆی فێردەبین، بۆ وێنە لە پێوەندی لەگەڵ رێفۆرمە یاساییەکان و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان. زۆر سادە دەتوانین بڵێین رۆمان جۆرێک لە مێژووی کۆمەڵایەتی یاخود مێژووی ئایدیایە لە فۆڕمی ئەدەبییاتدا. سێنی Scene گوێکانی کارەنین ئاماژە بە موتیڤ و تێمایەکی تەواو سەرەکی دەدا کە بەتەواوی گرێدراوە بە رووداوی ناو رۆمانەکەوە: ئێرۆتیک، سێکسوالیتە و خۆشەویستی. رووداوی خۆشەویستی، جا قسە لەسەر خۆشەویستیی نێوان دوو هاوسەر بێت، نێوان دوو ئاشق یاخود دایک و باوک و منداڵ، لەگەڵایە بۆ ئەوەی وەک فۆڕم رۆمانەکە بونیات بنێ. ئەم رۆمانە خاوەن هەموو ئەمانەیە و هەروەها لە جیاتی یەک بەسەرهات خاوەن دوو رووداوی خۆشەویستییە کە شان بە شانی یەکتر رێگادەکەن و هەر کامەیان لە سەرەتاوە ئاماژە بە تێما دەدەن: یەکەمیان هەر لە سەرەتاوە تراژێدیایە و بە شکست دەگا و، دووهەمیان خاوەن هارمۆنیایە و لەسەر بونیاتی پێکەوەبوون و کار چێکراوە. دوو بەسەرهات کە هەر کامەیان خاوەن کۆتایی تایبەت بە خۆیانن. بەسەرهاتی ئاننا بە سەنتەری شارەکانی وەک مۆسکۆ و سێنت پێتێرزبورگەوە گرێدراوە و تایتڵی رۆمانەکە پێک دێنێ و بە شکستێکی تەواویش کۆتایی دێت. لەبەرامبەر ئەمەدا رووداوی خۆشەویستییەکی تر دەبینین کە لە گوندێکی رووسیادا روودەدات و بە خۆشی کۆتایی دێت. ئەم دوو بەسەرهاتە لە رێگای پێوەندیی بنەماڵەیی و فیتنەکانەوە وەک پەلکە پێکەوە گرێدراون و دوو دونیای جیاوازی ناو رۆمانەکە پێکدێنن. بەڵام گومان لەوەدا نیە کە خوێنەر چیرۆکی ناخۆشی ئاننا وەک چیرۆکی سەرەکیی ناو رۆمانەکە لێکدەداتەوە.

'هونورە دێ باڵزاک' نووسەری سەدەی نۆزدەی فەڕەنسی کاتی خۆی گوتی ئەو دەیەوێ ئەو مێژووە بنووسێتەوە وا مێژوونووسان لەبیریان کردووە. میلان کۆندرا، نووسەری 'چێک'یش لە دووای زیاتر لە دوو سەد ساڵ بە شوێن هەمان شتەوەیە کاتێک پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ لە کاتێکدا نووسینە مێژووییەکان بە شوێن مێژووی کۆمەڵگاوەن، بابەتی رۆمان بریتییە لە مێژووی مرۆڤ.٢ مێژوو و رووداوەکان، ئەو وشە راستەوخۆیانەن کاتێک لە سەر رۆمان قسەدەکەین، خۆگێل کردن لێیان دژوارە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەموو رۆمانەکان بە شێوەیەک دەچنە ناو مێژووەوە، چ وەک ژانر و چ وەک کلتور، بۆ خۆشیان خەریکی دروستکردنی مێژوون، هەموو رۆمانەکان لە یەک ئاستدا خاوەن رووداوەکان نین ـ دیارە مەبەستمان لە پێوەندی لەگەڵ نەقشەplott  یاخود رووداوە پێکەوە گرێدراوەکانە.

رۆمانەکەی تۆلستۆی بێ نەقشە نیە، بەڵکو رۆمانێکە پێکەوەگرێدراو  لە رووداوەکان وەها کە ئێمە لە کاتی خوێندنەوەدا بە شوێن ئەوەوەین دوواتر چ روودەدا. گەر کەسێک لێمان بپرسێ رۆمانەکە لەسەر چییە، لە ئاستێکی زۆردا دەتوانین وەڵامی بدەینەوە. بەڵام ئاننا کارەنینا بابەتێکی تریش سەبارەت بە رۆمان دەورووژێنێ، ئەویش توانای پێشکەشکردنی دۆخ، سریمە، وێنە و تیشکێکە لە ژیانی دەروونی و لە هەستی مرۆڤ؛ کە باس لێکردنیان دژوارە. ئایا رووداوی گوێکانی کارەنین زیاتر نیە لە بەدیارخستنی بیرێکی کتوپڕی و سەیر، بیرێک کە پێش ئەوەی ببێ بە بیر، لە فۆڕمی گێڕانەوەدا تێیدەگەین؟ تۆلستۆی تێگەیشتن لە ئێمەدا دروستدەکا لە سەر شتە رواڵەتییە رۆژانەکان کە لەهەمان کاتدا وەحی یاخود ئیلهامێکە بۆ ئاننا، هەروەها بۆ خوێنەریش، کە دەبنە هۆی زانیاری لەسەر هەستە سەیرەکانی ئاننا. تۆلستۆی ئەم هەستانە پیشاندەدا، ئەو بە وشە وێنەیەک چێدەکا. ئەم نیشاندانە لە بەرگی رۆماندایە کە تەنیا هونەری وێنا یاخود خەیاڵ دروست ناکا، بەڵکو تایبەتمەندی لە نووسینی مێژوویشەوە بەقەرز وەرگرتووە. ئەم تایبەتمەندییە لە بەشە بێ نەقشەکانی ناو رۆمانەکەدا دەبینینەوە (کە زۆریشن) وەک پەرەگرافە دێکۆمێنتی و درێژەکانی سەر کشت و کاڵ و ریفۆرمە کشت و کاڵییەکان لە رووسیای ئەو سەردەمە؛ ئەو پەرەگرافانەی پێوەندی کەمیان (یاخود هەر پێوەندیان نیە) بە بەسەرهاتی کەسی سەرەکیی ناو رۆمانەکە واتە ئاننا کارەنیناوە. ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی مرۆڤ، ئەو دوو بوارەن رۆمانەکەی تۆلستۆی زانیاری لەسەر دەبەخشن.

درێژی هەیە...

   Bilderesultat for anna karenina