لە نۆروێژییەوە: سایتی قەڵەم

ئەو کەسەی رۆمان دەنووسێ خۆی دەهاوێتە ناو گێڕانەوەوە، جا گێڕانەوەکە دەتوانێ خاوەن نەقشەیەکی روون بێت یان نەبێت. بە شێوەی سادە: ئێمە تەنیا یەک ژیان دەژین، بەڵام دەتوانین گەلێک رۆمان بخوێنینەوە، ئەو رۆمانانەی دەرفەتی ئەوەمان دەدەنێ بەشداری لە ژیانی فرەتردا بکەین.

 

رۆمان وەک فۆڕم کاردانەوەیە بەرامبەر ژیانی تاکەکەسی یاخود گشتی، هاوکاتیش کەڵک لێوەرگرتنیانە بۆ چێکردنی جیهانێک، رەنگە هەروەها بۆ تێگەیشتن لە ژیان. بۆیە لە لاپەڕەکانی دوواتردا من باس لە ئانترۆپۆلۆگیی رۆمان دەکەم، یاخود بەقەرز وەرگرتن لە تیۆریستی پێشڕەوی رۆمان 'فرانچکۆ مورەتی' باس لە هێزی ئانترۆپۆلۆگیانەی رۆمان دەکەم. بە واتایەکی تر توانای رۆمان بۆ وێناکردنی جیهانێکی مومکین کە "سەرلەنوێ هەستی ئێمە بەرامبەر بە واقع بەکەڵک وەرگرتن لە وجودی مرۆڤ و دەرکی کات و زمان پێناسەدەکاتەوە."٣ لەمەبەدووا بابەتەکانی وەک واقع، مرۆڤ، کات و زمان، هەروەها گەردوون و شوێن؛ بەکورتی هێزی رۆمان بۆ چێکردنەوەی جیهانێک یاخود جیهانەکان تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرێ، دەبنە باسی سەرەکی ئێمە. ئاساییە ئەو شێوازەی رۆمان جیهانی خۆی پێشکەش دەکا بە گوێرەی کات و شوێن گۆڕانی بەسەردابێت. وەک چۆن مورەتی دەڵێ روانگەی ئانترۆپۆلۆگیانە دەبێ پێوەند بدرێ بە لێکدانەوەی فۆڕم یان تکنیک؛ ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین رۆمان چۆن.

ئەوەیکە رۆمان چییە گرێدەدرێتەوە بەوە رۆمان چی دەتوانێ بکا، لانیکەم بەوەوە چی دەکا. یەکێک لەو شتانەی رۆمان دەتوانێ بیکا و ئەنجامی بدا، گێڕانەوەیە. لەناو هەموو ئەو فۆرمە هونەرییانەی وا دەوری ئێمەیان داوە، تەنیا رۆمانە بە گێڕانەوەوە گرێدراوە. بێگومان هەر لەسەرەتای کاتەوە گێڕانەوە هەبووە ـ لەم دووسەد ساڵەی دوواییدا رۆمان لەپێش بەشەکانی تردا نوێنەرایەتیی گێڕانەوەی کردووە. پرسیار ئەوەیە گێڕانەوە بۆ ئەوەندە گرینگە؟ وەڵامەکان دەتوانن بەقەدەر خوێنەرکان بن، بەڵام بەگوێرەی روانگەی ئانترۆپۆلۆگی، گێڕانەوە لە مرۆڤبوون جیاناکرێتەوە. بۆ قسەکردن لەسەر ئەوەی ئێمە کێین، چیدەکەین، پلانمان هەیە یان پلانەکەمان جێبەجێکردووە، بەناچار کەڵک لە فۆڕمی گێڕانەوە وەردەگرین. ئەو کەسەی رۆمان دەنووسێ خۆی دەهاوێتە ناو گێڕانەوەوە، جا گێڕانەوەکە دەتوانێ خاوەن نەقشەیەکی روون بێت یان نەبێت. بە شێوەی سادە: ئێمە تەنیا یەک ژیان دەژین، بەڵام دەتوانین گەلێک رۆمان بخوێنینەوە، ئەو رۆمانانەی دەرفەتی ئەوەمان دەدەنێ بەشداری لە ژیانی فرەتردا بکەین.

لەپاڵ ئانترۆپۆلۆگی و تکنیکدا دەمەوێ باس لە روانگەیەکی سێهەمیش بکەم کە زۆر ئاسان لە لێکۆڵینەوەی فۆرمالیستی و کلتوریدا وندەبێ، واتە روانگەی پتانسیەڵی ئەخلاقی کە تێیدا لە رۆمان وەک دەروازەیەکی تایبەت بۆ تێگەیشتن لە پێوەندی نێوان مرۆڤەکان سەیردەکرێ. پێش لە هەر شتێک لەو وێنانەی لە مرۆڤەکان پێشکەشدەکرێ، پتانسیەڵی ئەخلاقی خۆی دەردەخا. بە باشترین شێوە رۆمان دەتوانێ باس لەوە بکا مرۆڤێک چۆن بیردەکاتەوە، بە ژیانی دەروونییەکەی ئاشنامان بکا، پێوەندی لەنێوان مرۆڤەکاندا دروست بکا و بیانخاتە ناو ئەو دۆخانەوە وا تێیدا مرۆڤەکان هەڵدەبژێرن و هەروەها هەڵگری ئەو مانایانەن وا کەسانی تری ناو رۆمانەکەیش دەگرنەوە، بەڵام هاوکات لەگەل ئەو ئەنجامانەی بۆ خوێنەری دەرەوەی رۆمانەکەیش دەیانبێ.

ئاننا کارەنینا نمونەیەکە بۆ ئەم سێ روانگەیە. ئەم رۆمانە ئەو بەسەرهاتانە دەگرێتەوە وا خاوەن هێزی ئانترۆپۆلۆگیانەی گەورەن، ئەم رۆمانە بەشێوەیەک دەگێڕێتەوە کە چۆنیەتی خوێندنەوەی دەقەکە و تێگەیشتن لە رووداوەکان لە لایەن خوێنەرەوە بەڕێوەدەبات و، خۆی دەکاتەوە بۆ ئەنالیزێکی قووڵ لە نێوان مرۆڤە جۆراوجۆرەکاندا. بەڵام هاوکات خۆیەتی، بە واتایەکی تر تاقانەیە: ئەم رۆمانە باس لە شتێک دەکا کە ناتوانین بە شێوەی تر باسی بکەین مەگەر ئەوەی کە ببێ بە دەقێکی تر. بە واتایەکی تر ئەم رۆمانەی تۆلستۆی پێمان دەڵێ رۆمان چۆن دەتوانێ هەبێ، بەڵام باس لەوە ناکا هەموو رۆمانەکان چۆنن.

نمونەکانی ناو ئەم رۆمانە زۆرن، بەڵام هاوکات بەدوورن لە هەرچەشنە میژوویەکی گشتگیر. ئەمە نە دەکرێ و نە خوازراویشە. من لە پێش هەر شتێکدا نامەوێ پێناسەی رۆمانەکە بکەم، بەڵام دەمەوێ باس لە هەندێ تایبەتمەندی بکەم کە بەشداری بکەن لە ناساندنی پرۆڤایلی ئەم  ژانرەدا. رەنگە باشتر وابوایە بموتایە پرۆڤایلی رۆژئاوایی ژانرەکە، لەبەر ئەوەی من هێشتم رۆمانی سەدەی نۆزدەی ئۆرووپا شوێنێکی گەورە لە باسەکەدا وەربگرێ، ئەگەرچی پێوەندی نێوان ئەمە و رۆمانەکانی سەر بە کات و شوێنەکانی تر دوواتر دێنمە ناو باسەکەمانەوە. دەتوانرا هەڵبژاردنی رۆمانگەلێکی بەناوبانگ لێرەدا فاکتەرێکی تر بوایە لە پێناوی پێناسەکردنی پرۆڤایلی ئەم ژانرەدا؛ واتە ئەو رۆمانانەی وا سەردەمی خۆیان بەزاندووە و زۆر جار کراونەتە نۆروێژی.٤ لێرەدا من مێژووی رۆمانی نۆروێژیم نەنووسیوەتەوە، یاخود ئەوەیکە بمەوێ باشترین رۆمانە نۆروێژییەکان بناسێنم. زۆریەک لەو رۆمانانەی من لام بەرزن لێرەدا باسم لێکردوون، بەڵام هاوکات باسم لە زۆریشیان نەکردووە، لەبەر ئەوەی ئەم رۆمانانە نەیانتوانیووە ببنە جێی مشت و مڕ و کردنەوەی لایەنێکی تر لەم ژانرەدا.

دەمەوێ بە مێژووی رۆمان و قسەوباس لەسەر سەرەتای رۆمان و ئەو بیروبۆچوونانەوە دەست پێبکەم کە تیۆریست و نووسەرە سەرەکییەکانی ئەم ژانرە باسیان لێکردووە (پاژی یەکەم). دوواتر بەرەبەرە دەچمە ناو دونیای تایبەتی رۆمانەوە، لە مرۆڤەکان و لە نەقشە دەڕوانین، هەروەها باس لەوە دەکەین چلۆن رۆمان دەتوانێ وەسفێک لە ژیانی دەروونی و دەرەکی بدات و هەروەها پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان بنوێنێتەوە. بە شێوەی قووڵ باس لە خۆشەویستی دەکەین وەک تێما و وەک نەقشە  plott(پاژی دووهەم). بەڵام رۆمان تەنیا وەسفی جیهانێک ناکا، بەڵکو بۆخۆی بەشێک لەو جیهانەیە، جێگیر لە کات و لە شوێندا؛ بەشێوەی جۆگرافی، سیاسی و مێژوویی. رۆمان هەروەها لە رێگای زمان و تێماوە گرێدراوە بە نەتەوەوە؛ لێرەدا ئێمە قسە لە سەر ئەو رۆمانانە دەکەین نۆروێژی، ئاڵمانی یاخود فەڕەنسین؛ بەڵام کتێبەکان سنوورە نەتەوەییەکانیش دەبەزێنن و بەشێک لە بازاڕێکی گەورەترن کە ئەوان دەخەنە ژێر کاریگەرییەوە. بۆ وێنە لە دونیای بەجیهانیکراودا چی بەسەر رۆماندا دێت، چلۆن نووسەرەکانی دەرەوەی ئۆرووپا لە پرسیاری رۆمان چییە دەڕوانن؟ (پاژی سێهەم). لە پێوەندی لەگەڵ جیهاندا: پێوندی نێوان راستی و نووسین چییە، پێوەندی نێوان حەقیقەتی ناو رۆمان و دەرەوەی رۆمان کامەیە؟ تا چ ئاستێک دەتوانین مەرجەکانی رۆمان درێژبکەینەوە و پەرەیان پێبدەین؟ داخۆ ئەوە راستە ئەمڕۆکە سریاڵی تەلەفزیۆنی جێگرەوەی رۆمانە؟ چ لە رۆمان روودەدات کاتێک ئیتر لە دوو توێی بەرگێکدا چاپ نەکرێ و بە هۆی چاپکردنی ئەلکترۆنیانە و خستنە سەر نێت، دەرفەتی ئەوە دروستبێ دەقەکانیان دەستکاری بکرێن؟ داخۆ رۆمان وەک فۆرم سەردەمی تەواوبووە و، ئێمە دەیانخوێنینەوە تەنیا لەبەر ئەوەی حەزمان بە ئەدەبییاتە، یاخود ئەدەبییاتی بەناوبانگ دەخوێنینەوە بۆ ئەوەی ئەوانی تر بە خۆمان سەرسام بکەین؟ ئەم پرسیارانە لە دوو پاژی دووایی کتێبەکدا، واتە پاژی چوارەم و پێنجەم، دەخەینە بەرباس.

بەگشتی ئەم کتێبە بە ناو گەلێک پرسیاردا سەبارەت بە فۆڕم و کارکردی رۆمان تێدەپەڕێ و، دەبێ بڵێین ئەم پرسیارانە بە تەواوی لە کتێبێکی وەهادا بەتەواوی وەڵام نادرێنەوە. هومێد ئەوەیە ئەم کتێبە بتوانێ دەستپێکێک بێت بۆ گفتوگۆ و بیرکردنەوەی زیاتر لەمەڕ ئەم بابەتە.

دووا پرسیار هەروەها ئەوەیکە: سەرئەنجام چ بەسەر ئاننا کارەنینادا دێت؟

دەبێ بڵێم ئەوەی دەیخوێنێتەوە، پێی دەگا.

درێژەی هەیە...

Bilderesultat for ‫رمان ادبیات‬‎