یاسین برایم

کۆد ووێنەکان، لە نێو خودی رستەکان خۆیان حەشارداوەو وەستان وتێفکرینیان دەوێت، هەست دەکەیت لە پێشانگایەکی هونەریدایت. دەکرێت هونەرمەندێکی بە سەلیقەو بە ئەزموون لە نێو وێنەکانی ئەم رۆمانە خۆی بدۆزێتەوە، هەمان وێنەکان جارێکیتر لە رێگەی رەنگەوە نیشانی (خوێنەر + بینەر ) بدات. لە هەمانکاتیشدا کارێکی نوێیەوگرنگیدانیش بە کارو بەرهەم و خەیاڵ و هزرە نوێیەکانیش، لە داهێنان و بەرهەمی نوێترمان نزیک دەکاتەوە، ئەمەش چێژ و سوود بە مرۆڤ دەبەخشێت ئەم رۆمانەش ئەوەندە دێنێ بایەخی پێبدرێت.

 

وێنەی سوریالیزم:

لە ڕۆمانی ( نەتەوەی زێرابەکان)ى جەبار جەمال غەریب

دروستبوون و هاتنە کایەی هەر ڕێبازو قوتابخانە وکۆمەڵە و تەوژمی فیکری و سیاسی و فەلسەفی و هونەری و زمانی و زانستی و فەرهەنگی و سەرجەم کایەکانی تری ژیان.خوێندنەوەو شرۆڤەکردنێکی ژیرو قووڵی مێژیوی دەوێت.هەریەک لەمانەش لە سەر دەستی کەسانی فەیلەسووف وداهێنەرو رێچکەشکێن و کۆدەنگی و شارەزایی کەسانی رۆشنبیر هاتۆتە ئاراوە. مێژووی سەرهەڵدان و قۆناغ و فاکتەرەکانی گەشەکردن وئاستەنگەکان و سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەو ناسین و دانپێدانانیان بۆ هەر ڕێبازو قوتابخانەیەک،کاتێکی زۆری بریووە تا کەوتۆتە سەر پێ. قسەکردن لە سەر هەر رێبازێک و ئاشنابوون و ڕەنگدانەوەی لە لای هەر نەتەوە وڵاتێکدا ،جارێکی تر مێژووی ئەم ڕێبازە خۆی دروستدەکاتەوە ،ئەوەندە هەڵدەگرێت  بە ڕەگ و ریشەی ئەم رێبازە ئاشنا ببین. ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەو زانین و چۆنیەتی رەنگدانەوەی لە نێو بوارە جیاجیاکان هەیە. یەکێک لەم ڕێبازانەش (سوریالیزم) ە. لەم نووسینەدا، مەبەستی ئێمەیەو ئاوڕێکی بچووک لە دونیای گەورەی ئەم ڕێبازە هونەرییە بدەینەوە .

رێبازی سۆریالیزم ، جوڵانەویەکی هونەر و وێژەیی بوو لە ساڵی 1924 (ئەندری بریتۆن) بەیانامەی یەکەمی ئەم ڕێبازە بڵاو دەکاتەوە خۆیان لە دادایزمەکان جیاکردەوەو گرنگییان بەم ڕێبازە داو کاری جدیان بۆ سەرکەوتنی دەکرد.ئەمەش بووە هۆی گەشەسەندنی ئەم ڕێبازەو ڕەنگدانەوەی لە وێژەو هونەر و گەشەسەنندنی لە وڵاتانی تری ئەوروپاو گەورەبوونی ئەم بازنەیە لە شاعیران و هونەرمەندان و رۆشنبیرانی ئەو سەردەمە، خۆیان لە ژێر ئەم چەترە بینیوە ، کارە جوان و سەرەنجراکێشەکانی سیلفادۆر دالی ناوبانگێکی گەورەی لە هونەری سۆریالیزم پەیداکرد.

"رێبازی سوریالیزم لە سەرەتای سەدەی (20)ەمدا لە پاریس سەری هەڵداوە واتە لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی.... (1)" بەڵام ئەم گڕو تینە و ناوبانگییە لە ساڵی 1930 گەیشتۆتە بڵندی وناسین ،دواتر بە وردەکاری و جموجۆڵ و چالاکی جیاوازتر و گۆڕان ورەنگ و رووخساری تر وڵاتانی تری گرتەوەو بەرهەم و بڵاوکراوەو گۆڤاریان لەم بارەیەوە دەرکرد.

"سوریالیزم لە ناوبردن و یاخیبوون لە ژیانی واقیع و بەدوا داگەڕانی واقیعێکی باڵاتر لە واقیعی ڕاستەقینە.... (2)." لە نێوان دونیای (واقیعەت و خەیاڵ)دا، دونیایەکی ترمان بۆ دەنەخشێنێن، جیاوازتر لەوەی ئێمە لە نێویدا دەژین. دەتوانیین بڵین" سوریالیزم سەردەمی بیروباوەری پڕ نائومێدی مرۆڤی رۆژئاوایی وەدەردەخا، لە دونیایەکی پڕ لە کێشەی کۆمەڵایەتیدا، وە لە هەمان کاتدا فکر و زکری ئینسانی بەربڵاوتر کردوە لە بیگرەو بەردەی دەروونیدا.... (3)"

ئەگەر ئەم رێبازە لە سەدەی بیستەم خۆی ناساند بێت. ئەوە لە پێشتر لە نێو وێژەو هونەرو چیرۆک و داستان و ئەفسانەکان هەمان کارو هزرە بەدێ دەکەین و مرۆڤایەتی پێی ئاشنا بووە.لە داستانی (گێل گامێش ) ی سۆمەرییەکان نموونەیەکی زیندووەو سامانێگی گەورەی شارستانیەتی کۆنی نێوان دوو ڕووبارمان پێدەناسێنێت .بە وێنەیەکی سەیری گێل گامێشمان ئاشنا دەکات"گێل گامێش ، یەک سێ هەمی مرۆڤەو دووبەشەکەی تری خوایە، شارنشیان پەنجەگەزان چاو دەبڕنە پەیکەری . لە هێزو جوانیدا جیهان بە خۆیەوەی نەدیووە.... (4)" لە کارە هونەریەکان و پەیکەری خواوەند وپاشا و دەسەڵاتداران وشارستانەکۆنەکان وەک یۆنان و چین و میسروئێران دەستێکی باڵاو رەنگینیان لەم هونەردا هەبووەو پاشماوەو شوێنەوارەو پەیکەرەکان و دیواری پەرستگاکان و کۆشک و تەلارەکان گەنجینەیەکی بەنرخی مرۆڤایەتین. لە بوارەکانی وێژەشدا، لە نێو چیرۆک و ئەفسانەو داستان و و شانۆ و حیکایەتی میللی و لە هونەریش لە تابلۆو نەخش و نیگارو پەیکەرودیوارو قەڵایەکان و کاری بیناسازی ئەم جیهانەمان نیشان دەدەات.

لە نێوکوردانیش ، لە بەرهەمی زارەکی بە تایبەتی لە چیرۆکی میللی و داستان و حیکایەتە فۆڵکلۆریەکان و دەیان پاڵەوان و باڵندەو ئاژەڵی سەیرو سەمەرە ناویان هاتووە.دوای سەرهەڵدانی ئەم رێبازەش کوردیش بە درەنگەو  لەلایەن نووسەرو شاعیرو هونەرمەندانەوە هزری ئەم هونەرەیان گواستەوە نێو رۆشنبیری و هونەری کوردی. دواتر لە رێگای وەڕگێرانەوە کەم تا زۆر خۆی خزاندە نێو شیعر و شانۆ و چیرۆک و هونەر و کاریکاتێر. لەم ساڵانەی دوایش لە نێو رۆمانیش نەشو نمای کرد ، بەڵام هێشتا لە پەنجەی دەست تێناپەرێت .لێرەدا رۆمانی نەتەوەی زێرابەکانی جەبار جەمال غەریب هەڵدەبژێرین کە لەم هونەرە دەوڵەمەندە ، چەندین رستەو دەستەواژەو ئاماژەی و کەسایەتی و گیانداری سەیرو و نامۆ ، کە لە کەل و پەلی کۆن و خراپ و ئاسن و ئێسک و پروسکی مرۆڤ دروستکراون.لە رۆمانی (پێنجەمین کتێب) هەمان رۆمانووسدا ، وێنەی وا دەبینین بەڵام بەکەمی بە تایبەتی لەوکاتەی کچە کوریەکە ون دەبێت. شیری هوستاشی دەخواتەوە ،گۆرانکاری لە کچەکە روودەدات"کچەکەش دەبێتە پارچە تەختەیەکی تەنک و لە شێوەی گەڵایەکی سەوزی رەنگبردوو دەکەوێتە سەر ئاوەکە.تا ئێستا هەر کورییەک لە تەنیشت ئاوی دەریادا رەت بێ ، دەست بۆ هەموو پەلکە گەڵایانە دەبات کەوتوونە ئاوەکەوە بەو نیازەی ئەو کچە تەختە بووە بدۆزنەوە(5)".هەروەها بەختیار عەلیش لە رۆمانی (کەشتیی فریشتەکان) چەند کارەکتەرێکمان پێ ئاشنا دەکات کە لە شێوەی فریشتە دوو باڵی گەورەیان پیوەیە ، وەکو مەهدائیل و میرائیلی پرۆفسیۆر وماردینیا ودکتۆرمستەفای شوکاک وهۆشەنگی بولبولیارو وەفا رەفعەت بەگ (جانگیر)و چەند کارەکتەریکی تر کە باڵیان پێوەیە (6).

لە رۆمانی نەتەوەی زێرابەکان(7)، باس لە سەرگەردانبوونی منداڵێکی بێکەس دەکات، تووشی لادان و ژیانێکی سەخت و دژوارو واقیعێکی نەخوازراو دێت. دواتر لە بەغدای پایتەخت دەگیرسێتەوە لەوێ لە شێوەیی تارمایی تێکەڵ بە سوپای تارمایی دەبێت و روودەکاتە جیهانێکی پەنهان و ناواقیع و نابەرجەستمانە بۆ وێنا دەکات. لە نێو ئەم جیهانەدا، بونەوەرو کەسایەتی و شتی پەڕجۆمان پێ ئاشنا دەکات. راکردنە لە جیهانێکی پڕ کێشەو چەوساندنەوە و ژیانێکی پووچ و بێبەها.کە سیستەم و ئایدۆلۆژیای بۆگەن و مەرگدۆست و ترسهێنەری دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە پاانخوازەکان، بەرگێکی ڕەش و خەماویی بە باڵای ژیاندا دەکەن.کاتێ جەنگ و ماڵوێرانی و کوشتن بەرۆکی مرۆڤەکان دەگرێت.شتێک نامینێتەوە بە ناوی ئاشتیی ومرۆڤیش بەهای نامینێت. ژیانیش لە بەهای جوانی و پاکی و ڕاستگۆیی و خۆشی و ڕێزو وەفاو خۆشەویستی کاڵدەبێتەوە.نائومێدی و گۆشەگیری و نامۆیی یەخەی تاکەکان دەگرێت و نەخۆش و دەردەکانیش  دەبنە سەربار.مرۆڤ بە گومان دەکەوێت لە هاتنە ژیان و بوونی خۆی بۆیە ناچار دەبێت لە بوونی خۆی رابکات یاخود لە بوونێکی تر خۆی ببینێتەوە، بوون و جیهان و هێزو چەترێکی تر بۆ خۆنمایشکردن بدۆزێتەوە. هەر لە نێو هەناوی ئەم رۆمانەدا ، نمونەی ژیانی مرۆڤ لە نێو سەکرابخانەو تونێل و زێراب و ئاوەڕۆی بۆگەن و چڵکنی پڕ لە پاشماوەی مرۆڤ و ئاژەڵ ومەیت و بۆنی بارووت و گوللە.ژێر زەمینێک پڕ لە جورج و زیندەوەری زیانبەخش و تاری و پڕ لە تارمایی. هەمان دیمەنی ژیانی سەر زەوی هەیە لە بەرگێکی ناشیریندا، بۆن و خاک و مرۆڤی نیشتمانی لێدێت. بۆنی هەمان ئەو نیشتمانە چڵکنەی لێدێت کە چەندین سەدە بە ئاگر و ئاسن داغ بووە. خاکەکەی بە خوێن و فرمێسک پەڵە دەدات. لەشکری تارمایش هەمان خەسڵەت و ئایدیاو هزری بۆگەن و ململانێیان هەیە .لە نێوان جیهانی واقیعی مرۆڤەکان و جیهانی خەیاڵی تارماییەکان هەمان وێنەوسیمای شێواو و نادادی ژیانمان نیشان دەدات.ژیانێکی بێمانا و پوچ و چەقبەستوو، لەم رۆمانە کارەکتەری سەیرو سەمەرەکان دەمانوەستێنێت و دیمەنی و رووخسار و جوڵەو ئەندامەکانیان مایەی پێکەنینن.

ئەگەر سەرەتا باس لە گیانەوەرانی دڕندەوخشۆک و مێروولەومەڕوبزن وکرمەکان وباڵندەکان وەکو (چۆڵەکەو پاساری و کۆتر و پەرەسێلکە) و چەندان زیندەوەری وشکانی و ئاوی بکەین، دەبینین وێنەی سەیری ئەمانە دەبینین لە گەورەکردن و بچووکردنەوەی ئەندامەکانیان و یاخود بەتەنکردن وکردنی جوڵەودەنگ و شێوازی کۆمیدیانەی رۆیشتن وگەورەکردنی ئەندامێکی جەستەی گیاندارێکی بچووک بە گیاندارێکی زەبەڵاح و کردنی کارێکی ناوازەو سەرنجڕاکێش کە لە ژیانی واقیعی ئەم گیاندارانە مەحالە. تەنها ئەم وێنانە لە فیلم کارتۆنەکان بەرچاومان دەکەون ، بەشی زۆری ئەم وێنانە وێنەیەکی کاریکاتێریمان بۆ دەخەنەروو. لە خوارەوە تیشک دەخەینە چەند نمونەیەکی ئەم گیاندارانەکە وێنەیەکی ئەم هونەریان دروستکردووە. 

*لە خەونمدا بونەوەری درێژو قەڵەو لە شێوەی مارمێلکە دا لە سەر کلکە ئەستورەکانیان دەرۆیشتن و بە دەوری تەرمی سووتاوی نانەواکەدا بازنەیان گرێدەدا و بە دەمەو پان و درێژو پاچ ئاساکانیان تەرمەکەیان دەخوارد و جارجاریش پێدەکەنین.ل16.

* چەند تارماییە سەر مێکوتەکان هەوڵیان دەدا کتێبێک ، یان گۆڤارێک رزگار بکەن نەیاندەتوانی ، ئەوەندە هەبوو بەشی زۆریان پەنجەکانیان لە دەست دەدا، چونکە لە تەباشیرو باستیل دروستکرابوون.ل115.

*وێنەی جرج و مشکە ئاڵا هەڵگرەکان.ل123.

*ئەو تارماییەی لوولاقی لە پەڕەمووچێکی هەرە کۆن و درێژ بوو ، پشتی لە قەپیلکی کیسەڵ سەری لە بەردێکی کون کون بوو ، دەستەکانی بە پێچەوانەی عەقڵیەوە لە ورتکە بەردو شووشە بوون.ل136.

* گیاندارێکی دیکە لە نێوان بۆق و رەقەدا سەری تەنها چاوێکی گەورە بوو ، مێشکی لە چاویدابوو.ل144.

*ئەو تارماییە ئاسنگەرانە کە لاقیان لە مقاش و دەسکی مەدونە بوو ، دەستیان لە داس و شفرەو سەریان لە مەنجەڵی سووری مس بوو.ل180

* ئەو مارانەی سەریان لە شێوەی سەری شێرو کلکیان درێژو ئەستوور و قەڵغاندار وەک هی تیمساح و پێیەکانیان وەک پێی فیل بوو بەڵام کورتتر.ل181.

*مێروولەکان، مێروولە پۆڵاکان پادشایان لە نووکی پێیەکانیەوە هاڕیوە، ورد ورد وردیان کردەوە، جەنابی پاشا ببووە چەنگە خۆڵێک و رژا بووە ژێر تەختی سەڵتەنەتەکەی .ل206.

* هەزاران مێروولە بە سەر دەست و ڕانمدا هەڵدەگەڕان ودەهاتنەخوار ، تەواو وەک پەیکەرێک لە مێروولە راکشاوم.هەموو جەستەم مێروولە بوو، هەتا ناو کونە لووتەکانم و کونە گوێیەکانم.ل210.

بونی تارماییەکان و مرۆڤە ناوازەکان و جەستە و ئەندام لەکەلوپەلە لەکارکەوتوو کۆنەکان، ئەمانە هەمووی وێنەی سوریالی جوان و دگمەنن. ئامرازە دارەکان ، کەرستەکانی پایسکل و ئامێرە مۆسیقاکان وپاشماوەی تەقەمەنی و چەکەکان وکەلو پەلی نانخواردن و کاغەزو فایل و نەشرەو سەلەی زبل و بەکار هاتوون . هەریەکەی لەمانە لەئەندامێکی تارمایی و مرۆڤەکان و گیاندارەکان رۆلی خۆیان دەگێرن .هەروەها دانانی ئەم کەلو پەلە سەیرو لەکارکەوتوانە بۆ مرۆڤ و تارمایەکان ، کارەکتەری جیاواز وشازمان بۆ دێنێتە بەرهەم .دەبینین بۆ هەر ئەندامێک کۆمەڵێک کەرستەی تر بەکار هاتوون هەندێکیان تایبەتن بە ژن ، وەک:

سەر: مەنجەڵی ساز ، سەلەی زبل ، مەنجەڵی گوللەی کڵاشینکۆف .

سنگ : سەنتور ، چوپ و تایەی باریک ، ساجی نان ، مەخزەنی بی کێ سی.

کەلەی سەر: مەنجەڵی کۆنی قۆپاوی کون کون ، سەلەی زبل ، مەنجەڵی سووری مس.

لاق: قامیش ، زل ، مقاش ، سترێچ ، لوولەی تفەنگ ، گیتار ، کەمان.

دەست : لوولەی مقەبای تۆپە قوماش ، تیرۆک ، شمشاڵ ، باڵەبان ، بەرد ، شووشە ، پەڕی چۆلەکە ، داس ، زنجیری شریتی گوللە.

لۆلاک : نەشرەو فایل ، بۆری بەدەنی ئاسن .

مەمکی ژنان : قاپی فافۆنی ئاوخواردنەوە ، هەویری شل .

پشت : قەپیلکی کیسەل.

پەنجە ، تەباشیر ، باستیل ، گوو.

بسکی پرچ : گوریس ، مار.

قژ : لفکە و تەلی قاپان.قەوان.

پێ : پارچە پایدەر.

ئەمانەو دەیان کەلو پەل وشتی تر ، تەنانەت پاشماوەی پیس و پاشەڕۆی مرۆڤ و گیاندارو خوێن و ئاوەرۆی چڵکن و بۆگەن کە مرۆڤ لە گەڵ ناوهێنانیان هەڵێنجی دێتەوە ودەرشێتەوە. هەندێک لەو نمونانە مایەی گاڵتەونەفرەتلێکردن و رەتکردنەوەن.هەندێکی تریش مرۆڤ توشی گومان و تێرامان و بیرکردنەوەی قووڵ دەکات و جوان و چێژێکی تایبەت بە مرۆڤ دەبەخشێت.

* چەند کەسێک بە دەستە مسەکانیان ژنێک هەڵدەگرن و فڕێی دەدەنە ناو گری ئاگرەکەوە. ل59.

* هەزاران لاقی باریک باریک وەک زەل و قامیشی بێ ئاو کە تارماییە بێ سەنگەکانیان هەڵگرتبوو دەورەیان دابووم.ل80.

* تارماییەکی بچووک لە بەردەم دەرگا زێرابەکە ئامادەبوو ،کە تەواوی جەستەی لە پەڕۆ کۆن بوو ، کەللە سەری مەنجەڵێکی کۆنی قوپاوی کون کون بوو ....ئەو تارماییە یەکەمینەی بەر دەرگا دەستەکانی لەو لوولەمقەبایانە بوو کە تۆپە قوماشی ژنانی لێ لوول دەدەن ، پشتێنەکەی لە ریخەڵۆی ئەو بزن و بەرخانە بوو فڕییاندابوونە ناو زێرابەکانەوە ....ل90.

*ئەو حەمباڵە پیرە فەیلییە وەک یەکەم کارگوزاری تارمایی لە قووڵایی زێرابەکاندا بوو. ئەو تارماییە پیرە بە پەنجەکانی  کە تەواویان لە گوو، یان لەسوپلەی درێژ دروست بوو بوون. ل91.

*سنگی هەریەکێکیان جۆرە پیت و نەخشەو هێڵکارییەکی لەسەر بوو ، هەموو پیت و مەرەکەبەکەش ئاو تێکەڵ پێکەڵی کردبوو.لولاکی ئەو تارماییە شاعیرە باریکانە لە نەشرەو فایلی ئەو قوتابیانە بوو  .... کەللە سەری ئەو تارماییە باریکانە لەو سەللەی زبڵانە بوو لە ژێر مێزو سووچی ژوورەکان دادەنران و بەشی هەرە زۆریان پڕبوون لەلاپەڕەی ڕۆژەژمێرە بەسەرچووەکان.ل113

* ئەو ژنە قژ لفکە وتەلی قاپان جارجار دەهات و هەندێک سەموون و ئێسقان و لەتکە سێوهەناری لە پشت سەردادەنام.ل116.

* لە زستان دا بسکی درێژی ژنان ، پرچی هۆنراوەی گوریس ئاسای کچانی بەغدا بەلافاو بە زێرابەکاندا دەهاتن.ل119.

* بە هەمان شێوە هونەرمەندەکانیش ،لە تابلۆکانیاندا پرچی دوورو درێژی کچەکانیان وەک مارەکان لە تابلۆکاندا بەکاردێنا.منیش لە مارڕیژکردنی تاقەکەدا پرچی ئەو کچانەم زۆربەکارهێنابوو.ل123.

*ئەو شاعیرەیان کە هەر پەڕە سیغارێک بوو گوتی ، ل129.

*تارمایی کارگوزار بە خۆیو درەوشە تەختیکی تیژەوە ، لە ناو لیتەوقوڕەوە بە دوای پەیامدا دەگەڕا...133

* ئەو تارماییە شاعیرە باریکانە وەک کرمی باریک و درێژ کەتبونە ناو کتێبە نیوە سووتاو و تەڕ و دڕاوەکانەوە .ل133.

* جگە لە وەش وامزانی دەبێ ئەو فەیلەسوفانە دەستەکانیان لە پەڕی چۆلەکە بێت ، کەچی ئەو دەستەکانی تەواو لە بەرد و شووشە بوون.ل136

* ئەو ژنە تارماییەکی کامڵ بوو ، واتا ژنێکی کامڵ بوو ، ورگ و ناوقەدی لە جوبەوعەبا دروستکرابوو ، لاقەکانی لە سترێج و مینۆژۆپ و مەمکەکانی لە قاپی فافۆنی ئاو خواردنەوە و سەرو قژی لە تەلی قاپ شووشتن پێکهاتبوو.ل148_149.

* ئەو تارماییە ژنە کامڵە بۆیەکەم جار دەستی برد و چەند لوولاک و ئێسقانی پەراسوو و حەوزی سمتی گۆڕستانەکەی بە ئەنداز جیا کردەوە و کورسییەکی بچووکی لەو مردووانە دروستکرد. ئەو داهێنانە سادەیە (کورسییەک لە ئێسقان) سەرنجی هەموانی راکێشا ، هەریەکەو بە ئارەزووی خۆی شتێکی دروستکرد.ئێسقانی قۆڵ و باسک دەکرانە گۆچان ،کەللە سەر بۆ ئاوتێکردن . ئەو ئەشکەوتە گەورەیە بە کورسی و مێزو سیسەمی لە ئێسقان دروستکراو رازایەوە ....ل 149.

*چەند کەسێک لەوانەی لە تەمەنێکی زۆر زوودا ، ببوونە تارمایی ، ئەوان لاقیان لە گیتارو کەمان ، دەستیان لە شمشالڕ و باڵەبان ، سنگیان لە سەنتووروسەریان لە مەنجەڵی ساز دروست کرابوو... ل150.

*لە سەر تەختی پاشایەکە هەرکەللە سەر ولوولاکو بڕبڕە پشت و پەراسووی کەوان و وردە ئێسکی پەنجە ، پەیکەری پاشایەکی تەواویان بە دارو دەستەوە دروستکردبوو ....دوو کەنیزە بە شەرم و نەوازشەوە وەستا بوون . هەر دوو کەنیزە دوو باوەشێنی گەورەیان بە دەستەوە بوو کە تەواو تا تەختی سەڵتەنەتی درێژببوونەوە و پەڕی باوەشینەکان  لە پەراسووی خوارو و خێچ و باریک پێکهاتوون.ل151.

* شارێکی گەورەو گران لە ئێسقان و کەللە سەرن هەزاران کورسی و مێزو تەختی خەوی گەورەو بچووک.ل152.

* ئەو هەستەوەرانەی بە شاعیریش ناو دەبران ئەوان سەریان لەو سەللە زبڵە تەلانە دروستکرابوو کە تەنها کاغەزی بچووک و پەڕی بەسەرچووی ڕۆژژمێرەکانیان فرێدەدایە ناوی.ئەو کاغەز پەروەرانە زۆر ناڕازی و نیگەران بە مانای (نا، نا)دەستیان رادەوەشاند، دواترئەوەی هەرە نازداریان کە گوونەکانی لەو کیسە باخەڵە بچووکانە بوو جاران ژنان پارەی وردەیان تێدا هەڵدەگرت و بە زنجیرێکی بچووکتر دادەخران.ل159.

* هەرە بچووکەکەیان کە لوولاکەکانی لە بۆڕی بەدەنی پاسکیل دروستکرابوون ، پێیەکانی لە پارچە پایدەرودەستەکانی لە زنجیرو سینگی لە چوپ و تایەی باریک.ل160_161.

*  سێ تارماییە گەنجەکە ، منداڵە تارماییە گیتار لە ملەکە ، پیرە پەیکەرسازەکە ، ژنە تارماییە کامڵە قژ لفکەکەی لای من . ئەو پیرێژنانەی لوولاک و دەستیان لەتیرۆک و سینگیان لە ساجی نان ومەمکیان لە هەویری وشکەوە بوو و دڵیان لە هەوێنی ماستی بۆگەن بوو ....ل162.

*تارماییەکان زۆرترین بوتڵیان کۆدەکردەوەو بەپێی قەبارەیان کەڵەکەیان کردن.سەرەتا دیوارێکی دوورو درێژیان بوتڵ رێژ کرد.ئەو دیوارە یەکپارچە سەوزێکی مات بوو، سەوزێک رەنگی لە رەشدا بێت .هەر بە هەمان رەنگ و لە بوتڵە شووشەکان پەیکەری عبدولئەمیریان دروستکردبوو.ل177.

* ئەو کۆتر و پاساری و پەرەسێلکانەی لەو شووشە وردانەیان خوارد بۆ هەمیشە مەست بوون و بۆنی شەراب و وێسکی و ئەلکهولی خوێنیان رۆژە رێیەک دەڕۆیشت.ل183.

*لە ناو قژی لفکە هەرتەلی گڤی ژنەی تەنیشتم دوو پەڕەسێلکە هێلانەیان کردبوو. ل183.

* هەر لەو ساڵەدا ، کە هەندێک ناویان نابوو ساڵی ژنە بێ مەمکەکان ، بەلافاو تەرمی ژنان و کچان دەهاتن خوار، بەشی هەرە زۆریان مەمکیان بڕابوو ، یەکەم ژنی سەر بڕاوی ئەو وەرزە ژنێکی باڵا بەرزو تۆزێک کامڵَ بوو ، ئەو ژنە ئاڵایەکی وڵاتیان بە زۆر خستبۆوە ناو ئەندامی زاوزێیەوە. ئاڵایەکە ئەستێرەکانی هەر پێوە مابوو تەنها رەنگی بۆرو رەش ببوو ، بێ گومان بە خوێن.ل187.

* ئەو تارماییە وەک بەشێکی زۆر لە هاوەڵەکانی لاق و باسکەکانی لە لوولەی تفەنگ و سینگی لە مەخزەنی دوورو درێژی بی کەی سی و سەری لە مەنجەڵی گوللە کڵاشینکۆف و مووی سەری لە قەوان بوو .ل190.

*پاشا ئەوە نازانێ ، دەمانچەکەی بەر پشتێنی ئێسقانی نوشتانەوەی جومگەیە ئەو دەیتەقێنێ ، پاسەوانەکان کوا دەزانن ئەو تفەنگانە لە لوولاکن .ل201.

* هەموو ئەو تارماییانەی لەشیان لە لوولەی تفەنگ و قەوانە تۆپ بوو، دەستیان لە شریتی گوللەو هەموو لەشیان ئاسن بوو خۆیان یەک لا کردبۆوە کە دەگەرێنەوە بۆ سەر زەوی .ل217.

 هەندێکجار لەنێو ئەم وێنە سەیرو سەمەرانە ، هەستدەکەیت  رستەکان خۆیان وەک وێنەی جوڵاو و نمایشکراو دەبینەوەو زیاتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆی دەچن.

* ژنە کامڵە سەر گروازە و هونەرمەندەکە بە دوامدا هات ، کە گەیشین تاڤگەکان پێشوازیان لێ کردین ، زێرابەکان سەمایان بۆکردین و نەخشەو نیگاری مارەکانی سەردیوارەکان جووڵەیان تێکەوت. تاڤگەکان ماسی گەورە گەورەیان فڕێ دەدایە بەردەممان . بۆقە رەش و گەورەکان بە ریزو لە سەر یەک ریتم خۆیان هەڵدەدایە ناو زێرابەکان و لە جێگای نقوم بوونی ئەوان مشکە بچووکەکان بە ریز کلکیان دەردێناو دەیانلەقاندن.ل168_169.

*کچەکان بە باوەشینی گەورەوە وەستابوون. باوەشێنەکان زۆر هونەرمەندانە دروستکرابوون. پەراسووی باریک و درێژی مرۆڤیان تیدا بەکار هاتبوو . ئێسقانی باریکی پێ و مەچەکیان وەک ریشالڕ پێدا شۆڕکردبوونەوە .ل205.

*مێروولە پۆڵاکان پادشایان لە نووکی پێیەکانیەوە هاڕیوە ، ورد ورد وردیان کردەوە، جەنابی پاشا ببوە چەنگە خۆڵێک رژا بووە ژێر تەختی سەڵتەنەتەکەی .ل206.

* هەزاران مێروولە بە سەر دەست و ڕانمدا هەڵدەگەڕان ودەهاتنەخوار ، ل210.

زۆر دەستەواژەو گرێ و رستەی تر هەیە ،خۆی لە خۆیدا تابلۆیەکی هونەری سۆریالی گەورەیە ، ئەگەر بە شێوەیەکی هونەریانە لەم روانگەیەوە سەیر بکەین ، مرۆڤ لە بەردەمیدا دونیایەکی تری ئیستاتیکا وجوانی لە هزرو خەیاڵماندا دەنەخشێنێت. دەبێ پاشماوەی ئێسک و پرۆسکی مرۆڤ چیمان پێبڵێت ، لە شەڕو ماڵویڕانی و کوشتنی جوانیەکان وبێبەهاکردنی مرۆڤ و ژیان ، دیرۆکێک لە بێڕیزیکردن وئایدۆلۆژیە قیزوەنەکان و دەسەڵاتە نەزۆکەکانمان بۆ دەگێرێتەوە . نموونە وەک لە رستەی (کورسیەک لە ئێسقان ، شارێکی گەورە لە ئێسقان و کەللەی سەر، کێوێک لە ئێسقان ،لافاوی تەرمی ژنان وکچان، رووباری مەیت و کوشتار، ژنە بێ مەمکەکان، تاڤگەی گواوی، مارە سەر خەنجەرەکان ، منداڵە کلکدارەکان.....هتد)لە نێو گرێ و رستەو پەرەگراڤەکان چەندین وێنەی تری تیدایە، بەدەر لەو وێنانەی کە هەندێکیان چەند جارێک دووبارەکروانەتەوە. ئەدەب و هونەر ئاوێزانی یەکتر بوینەو خوێنەر تووشی ڕامان و پرسیارکردن دەکات و کۆد ووێنەکان ، لە نێو خودی رستەکان خۆیان حەشارداوەو وەستان وتێفکرینیان دەوێت، هەست دەکەیت لە پێشانگایەکی هونەریدایت .دەکرێت هونەرمەندێکی بە سەلیقەو بە ئەزموون لە نێو وێنەکانی ئەم رۆمانە خۆی بدۆزێتەوە، هەمان وێنەکان جارێکیتر لە رێگەی رەنگەوە نیشانی (خوێنەر + بینەر )بدات.لە هەمانکاتیشدا کارێکی نوێیەوگرنگیدانیش بە کارو بەرهەم و خەیاڵ و هزرە نوێیەکانیش ، لە داهێنان و بەرهەمی نوێترمان نزیک دەکاتەوە ، ئەمەش چێژ و سوود بە مرۆڤ دەبەخشێت ئەم رۆمانەش ئەوەندە دێنێ بایەخی پێبدرێت.

سەرچاوەکان:

1 .د. هیمداد حوسێن ، رێبازە ئەدەبییەکان ، دەزگای توێژینەوەو بڵاوکردنەوەی موکریانی ،چاپی یەکەم ، هەولێر ،2007،  ل 223.

2. سەرچاوەی پێشوو ، ل223.

3.خەسرەو جاف ، دائیرەتولمەعاریف ، بەرگی حەوتەم ، بەشی سێیەم ،2009.

4. جەلیل ئازادیخواز ، وەرگێڕانی لە فارسییەوە (گێل گامێش ) ، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ، سلێمانی ، 2005 ، ل11.

5. جەبار جەمال غەریب ، رۆمانی (پێنجەمین کتێب) ،دەزگای توێژینەوەو بڵاوکردنەوەی موکریانی،چاپی یەکەم ،  چاپخانەی خانی ، دهۆک ،2009، ل97.

6. بەختیار عەلی ، رۆمانی (کەشتیی فریشتەکان)،بەرگی یەکەم ، بەرگی دووەم ، ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، 2013.

 

7. جەبار جەمال غەریب ، رۆمانی (نەتەوەی زێرابەکان )،ناوەندی رۆشنبیریی وهونەریی ئەندێشە ، چاپخانەی ڕۆژهەڵات ، چاپی یەکەم ، هەولێر ،2013.

بازدید: 1237