ما 6859 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رۆژێک کە هەروا بەناو نێتدا دەسووڕایەوە، کتوپڕ چاوی بە سایتێک کەوت، لەسەری نووسراوبوو "چ جۆر خودایەکت دەوێ؟" بەپەلە چووە ناو بابەتەکانییەوە. سایتەکە نوسیبووی لەسەردەمێکدا هەموو شتێک تازەدەکرێتەوە و خەڵکی یەکجار سەرقاڵی نوێگەرین، سایتەکەی ئەوانیش مشووری ئەمە دەخوا و بۆیە هەوڵدەدا بە نوێگەری لە بواری خودادا.

 

خانووی نوێ و خودای نوێ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەمێژبوو لە خانوویەکی کۆندا دەژیا. لەدووای ئەوەی لەپاش ماوەیەکی زۆر بڕە پارەیەکی لادابوو و پاشی مردنی باوکیشی میراتێکی بۆ بەجێمابوو، بڕیای دا خانوویەکی نوێ بکڕێ. کە لێکیدایەوە زانی دەتوانێ خانوویەکی باش لە یەکێک لە باشترین گەڕەکەکانی شار بۆ خۆی دەستەبەربکا.

بۆ ئەم مەبەستە چووە سەر نێت و زۆر شوێن و زۆر خانووی بەسەرکردەوە. سەرئەنجام لەسەر یەکیان ساخ بووەوە، خانووەیەک لە گەڕەکێکی رۆژئاوای شار، بە شوێنێکی بەرزەوە و بە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش.

منداڵەکانی وتیان بابا تازە کە دەتەوێ خانووی نوێ بکڕی بۆچی هەر چی شتی ناوماڵیشە تازەیان نەکەینەوە؟ بۆ وێنە پەردەی نوێ، فەرشی نوێ، مۆبلی نوێ و هتد. باوکی کە ئەم فکرەی لا پەسەندبوو، قبوڵیکرد. بۆیە ئەو رۆژەی لەکڕینی خانووەکە و واژۆکردنی قەباڵەکەی بووەوە، چوو بۆ بازاڕ و شمەکەکانی تریشی کڕی. ئیتر چاوەڕوان مایەوە تا رۆژی گواستنەوە بێت و بەیەکجاری بچنە ناو خانووەکەوە. ئەو کە باوەڕی نەدەکرد توانیبێتی وەها قەڵەمبازێکی گەورە لە ژیانیدا بەرەو پێش بهاوێ ، شەوانە بە هەزار خەون و داڵغەوە سەبارەت بەوەی لە دووای گواستنەوە چیتر بکات، سەری دەخستە سەر سەرینەکەی.

هەتا رۆژی گواستنەوەکە نزیک و نزیکتر دەکەوتەوە، هەستیدەکرد حەزی بە شتی نوێی زیاتر یاخود نوێگەرایی زیاترە. بۆیە بڕیاری دا حەوشەکەیش بگۆڕێ. بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ باخەوانێ قسەیکرد و ئەویش نەقشەیەکی نوێی لەسەر حەوشەیەکی مودێڕن و جوان بۆ سازکرد و پێیدا. نەقشەیەک کە لەسەر کامپیوتر کێشرابووەوە و لە هەموو گۆشەنیگایەکەوە حەوشەکەی بۆ دەخستیتە بەرچاو.

دووای ئەوە دیسان بڕیاری دا رەنگی رووی دەرەوەی خانووەکەیشی بگۆڕێ. لەناو هەموو رەنگەکان رەنگی قاوەیی سووتاوی لا پەسندتر بوو. وەستایەکیشی بۆ ئەوە گرت.

هێشتا بۆ گواستنەوە مابووی. بیری کردەوە چی تریش بکا. بینی هیچ نەماوە. دڵی کەمێک تەنگ بوو، بەڵام نا، ئیتر بەسە، نابێ زێدەڕۆیی بکا.

تا کتوپڕ رۆژێک پێش گواستنەوە بیرێک لەمێشکی دا. بیری کردەوە مادام کە هەموو شتێکی ژیانی تازەکردووەتەوە، بۆچی ئایینەکەیشی نوێ نەکاتەوە. بەڵام باشە کام ئایین باشە؟

چووە سەر نێت و لەسەر زۆربەیانی خوێندەوە. ئایینی جوولەکەی کەمێک رەق هاتە بەرچاو. مادام دەیگواستەوە بۆ خانوویەکی وەها جوان و بە بەرجەوەندێکی وەها نایابەوە، واچاکە ئایینەکە لەگەڵیا بێتەوە. ئەوسا چووە سەر ئایینەکانی هیند و هەروەها وڵاتی چین. کۆنفۆسیۆس نەرم و نیان بوو و ئەوانەی هیندیش هەستیکرد هەر لەو حاڵ و هەوایەدان. بەدڵی بوو، بەلام پەشیمان بووەوە، کەمێک لە لاوازبوونی خودا لە ناویاندا دڕدۆنگ هەڵگەڕا.

ئەوڕا چووە سەر مەسیحیەت. ئەمەی بەدڵ بوو. لەبەر ئەوەی هەم خواکەی هەمان خواکەی جاران بوو، هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە دەهات و هەم بەتایبەت بینی لەچاو دووانەکەی تر زۆر نەرم و نیانتر دەینواند. کەواتە ئەمە لەگەڵ خانووەکەی دەهاتەوە. بەڵام لەگەڵ کوێ تەماس بگرێ؟ بینی لە شارەکەی ئەوان هیچ شوێنێک دەستناکەوێ. نە کلیسایەک و نە قەشەیەک. بیری کردەوە گرینگ نیە، گەر ئایین باوەڕە ئەوا من باوەڕی پێ دێنم و ئیتر تەواو! بەڵام لەمەیش پەشیمان بووەوە. گەر بەڵێن بوو خودا هەمان خودای جاران بێت، ئیتر بۆ ئایین بگۆڕێ.

رۆژێک کە هەروا بەناو نێتدا دەسووڕایەوە، کتوپڕ چاوی بە سایتێک کەوت، لەسەری نووسراوبوو "چ جۆر خودایەکت دەوێ؟" بەپەلە چووە ناو بابەتەکانییەوە. سایتەکە نوسیبووی لەسەردەمێکدا هەموو شتێک تازەدەکرێتەوە و خەڵکی یەکجار سەرقاڵی نوێگەرین، سایتەکەی ئەوانیش مشووری ئەمە دەخوا و بۆیە هەوڵدەدا بە نوێگەری لە بواری خودادا، ئەو خودایەی مشتەری خوازیاریەتی بۆی بەرهەم بێنێ و پێشکەشی بکا. لە کۆتاییدا نووسرابوو لە دووای پڕکردنەوەی فۆڕمی دیاریکراو لە دووای دە رۆژ خواکەی خۆت لە چوارچێوەی تابلۆیەکدا لە رێگای پۆستەوە وەردەگری و دەتوانی بە دیواری ژووری دانیشتنەکەتدا هەڵیواسی! ئەوجا لەخوار باباتەکەوە بەکلیککردنی ئەستێرەیەک چووە ناو فۆڕمی داواکارییەکەوە.

ئەم کە یەکجار خۆشحاڵ بوو، دەستیکرد بە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە. لە دووای پڕکردنەوەی ناونیشان و ئادرێس و شتی لەم باباتە فۆڕمەکە بەم شێوەیە بوو. هەڵبەت هاوکات لەبەر دەم ئەو شوێنانەیدا وا ئەم بەدڵی بوون زەربێکیشی لێدا:

خودای خۆت دیاریبکە!

خودای تۆ:
ـ تەنیا خوڵقێنەری دونیا بێت
ـ تەنیا چالاک لە کاروباری دونیادا بێت
ـ هەم خوڵقێنەر و هەم چالاک لە کاروباری دونیادا بێت
ـ نە خوڵقێنەر نەبێت و نە چالاک لە کاروباری دونیادا بێت X

خودای تۆ:
ـ پیغەمبەری هەبێ
ـ پێغەمبەری نەبێ X

خودای تۆ:
ـ تەنیا خاوەن جەهەننەم بێت
ـ تەنیا خاوەن بەهەشت بێت X
ـ خاوەنی هیچیان نەبێت
ـ خاوەنی هەردووکیان بێت

خودای تۆ:
ـ خواردنەوە قەدەغەبکات
ـ خواردنەوە قەدەغە نەکات
ـ کاری پێ نەبێت X

خودای تۆ:
ـ خاوەن کتێب بێت
ـ خاوەن کتێب نەبێت X

خودای تۆ:
ـ نوێژت بۆ دیاری بکا
ـ نوێژت بۆ دیاری نەکا X

خودای تۆ:
ـ دووای مردن زیندووت بکاتەوە
ـ زیندووت نەکاتەوە X

خودای تۆ:
ـ گەر کاتێ حەزت کرد وازی لێ بێنی بە هیچ هەڕەشەی سزایەک X
ـ نەتوانی وازی لێ بێنی

خودای تۆ:
ـ توڕە بێ
ـ میهرەبان بێ X
ـ هەردووکیان بێ
ـ هیچیان نەبێ

خودای تۆ:
ـ کە قسەت لەگەڵ کرد وەڵامت بداتەوە X
ـ کە قسەت لەگەڵ کرد وەلامت نەداتەوە.

خودای تۆ:
ـ نێرینە بێت
ـ مێینە بێت
ـ هیچیان نەبێت X

لە دووای دە رۆژ وەک بەڵێنیان دابوو، پۆست تابلۆیەکی لە کاغەزەوە پێچراوی بۆ هێنا بەردەمی ماڵەوە. بردییە سەرەوە. کە کردییەوە بینی تابلۆیەکی سپییە کە تێیدا وێنەی هەیکەلێکی بێ ناوەڕۆکی تیاکێشرابوو. هەیکەلێکی بزۆز کە بەردەوام چوارچێوەی خۆی دەگۆڕی. لەگەڵ تابلۆکە بەستەیەکیش قەڵەمی رەنگی و هەروەها چەند قەڵەمێکی رەشیش هاوپێچکرابوون.

لەو رۆژەوە، ئەو کاتێک لە کار دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، پێش ئەوەی بچێتە باڵکۆنەکەی، لەسەر کورسییەکەی دابنیشێ و سەیری دیمەنە جوانەکەی بەردەمی بکا، قەڵەمەکان هەڵدەگرێ و ناوەڕۆکی ئەو خودایەی ئەو شەوەی خۆی دیاریدەکا. خوداکەی کە وەک ئەو روو لە دیمەنەکەیە و، وەک خۆی لەوێوە لەدونیا دەڕوانێ.

گەڕان بۆ بابەت