فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیجیتاڵ جۆرێک لە دیمۆکراسی و کراوەیی لە فەزای خۆیدا پێک هێنا کە هێشتا زۆر لایەن بۆ ئەو کراوەییە ئامادەنەبوون. جگە لەمە دیجیتاڵ فاکتەری بیر و لێکدانەوەی بەرجەستەترکرد. بیر و لێکدانەوەیش وەک دەزانین پێویستی بە خەڵکی پەروەردەکراو و زانا هەیە. چیتر قوتابخانەی حیزبی یاخود حیزب وەک قوتابخانە ناتوانێ دابینکەر و بەرهەمهێنەری وەها هێزێک بێت.

 

دیجیتاڵ و گۆڕان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەردەمانێک دەگوترا گەر دونیای تکنولۆژی و دیجیتاڵ بێتە ناو وڵاتانی دیکتاتۆرییەوە ئەوا دۆخەکە بەقازانجی خەڵک دەگۆردرێ و ئەو جۆرە دەسەڵاتانە چیتر خۆیان ناگرن و، لە رەوتێکی دیاریکراودا گۆڕانی جیدییان بەسەردا دێت یاخود دەسەڵات جێدێڵن.

بەڵام دونیای تکنۆلۆژی و دیجیتاڵی هات و گۆڕانێکی ئەوتۆ وەها کە لە خەیاڵی لایەنگرانی ئەو بۆچوونەدا هەبوو، چێ نەبوو. هۆکاری ئەمە چی بوو؟

دەتوانین بڵێین سێ هۆکار لەمەدا دەور دەبینێ:

ـ زیرەکیی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بۆ خوێندنەوەی دۆخی نوێ و خۆگونجاندنیان لەگەڵیا،

ـ دونیای نوێ چەندە بۆ ئەم جۆرە سیستمانە مەترسی هێنەر بوو هەر بەو رادەیەیش پەردەی لەسەر دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی ئەوان لابرد و واقعییەتی ئەوانی باشتر ئاشکراکرد. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن جاران لە ژێر پەردەی حیماسە، خوێن و رۆمانتیزم دا خۆیان حەشاردابوو و عەیبیەکانیان بە شێوەی پێویست دەرنەدەکەوتن، بەڵام جیهانی دیجیتالێ چلۆنایەتی ئەوانی باشتر دەرخست و چیتر تەنیا حیماسە و خوێن و رۆمانتیزمی شۆڕشگێڕی نەیدەتوانی وەک جاران تەنیا رواڵەتێکی جوانی دووراودووریان بداتێ. جیهانی دیجیتاڵی عەیب و کەم و کووڕییەکانی ئەوانیشی دەرخست. دیجیتاڵ، هەموو شتەکانی بە چاک و بە خراب خستەڕوو،

ـ هاتنی تکنۆلۆژی و دونیای دیجیتال خوبەخۆ بە مانای گۆڕینی دۆخ نایەت، واتە هاتنی مودێرنیزم خۆبەخۆ بەمانای هاتنی مودێڕنیتە نیە. گۆڕینی ئامراز تەنیا یەکێک لەمەرجەکانە و بریتی نیە لە کۆی هەموویان.

بەم شێوازە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە لەگەڵ ئەوەی تێیدا هیواکان گەورە بوونەوە، بەڵام بەکردە لاوازتربوون.

رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی تر ئەوە بوو هەموو کەس پێی وابوو لەڕێگای رۆشنگەریی و زانیارییەوە وا ئەم دۆخە لەگەڵ خۆی دەیهێنا خۆبەخۆ جۆرێک لە یەکانگیری گشتی بۆ گۆڕان دروستدەبێ. هەموو کەس چاوەڕوانی سەرهەڵدانی دۆخێک بوو کە لای وابوو ئیستانائیستا روودەدا و لەخۆوە لە شەقام و کۆڵانەوە سەرهەڵدەدات و ئەم تەنیا پێویستە بچێتە ناو ریزەکانییەوە و پێی پەیوەست بێ.

راستە جیهانی تکنۆلۆژی و دیجیتاڵ، بووە هۆی رۆشنگەری و زانیاری زیاتر، بەڵام مەرج نیە لە نیوان رۆشنگەری و زانیاری لە لایەک و کردە لە لایەکی ترە پێوەندی راستەوخۆ هەبێ. پرۆژەی گۆڕان، پرۆژەیەکی زیاترە لە زانیاری و پێویستی بە بزووتنەوە و ئۆرگان و جووڵە هەیە. زانیاری وەک مارکس دەیگوت تەنیا نابێ خەریکی تەفیسری جیهان بێت بەڵکو دەبێ هەڵگرەکەی لەبیری گۆڕانی جیهانیشدا هەبێ. بەڵام لە جیهانێکدا کە ئۆپۆزیسیۆنیش لەگەڵ دەسەڵاتەکەی بەرامبەری بەتووش قەیرانەوە دەبێ و ئاستی راستەقینەی دەردەکەوێ، رێکخستنی جووڵەی مەبەستداری رێکخراو یەکجار دژوارتر دەبێتەوە. هەروەها لە سەردەمێکدا کە سیستمی دەسەلات دەتوانێ (ئەم توانینە بەشێکی لە سەرهەڵدانی هێزی نوێ لە خودی کۆمەڵگاکەدایە) لەڕیگای دیجیتاڵەوە جۆرێک لە توانای بیر و سیاسیەت لە راگەیەنێرە گشتییەکان بەتایبەت لە رۆژنامەکاندا چێ بکا، ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن لە بواری بیر و تیۆردا قورستر دەبێتەوە، ئەرکێک کە پێویستی بە دابینکردنی ئیمکاناتی زۆر لە لایەن ئەوانیشەوە دەبێ بۆ ئەوەی بتوانن ئاستێکی بەرزتر لەوەی وا لە خودی کۆمەڵگاکەدا هەیە پێشکەش بکەن.

دیجیتاڵ جۆرێک لە دیمۆکراسی و کراوەیی لە فەزای خۆیدا پێک هێنا کە هێشتا زۆر لایەن بۆ ئەو کراوەییە ئامادەنەبوون. جگە لەمە دیجیتاڵ فاکتەری بیر و لێکدانەوەی بەرجەستەترکرد. بیر و لێکدانەوەیش وەک دەزانین پێویستی بە خەڵکی پەروەردەکراو و زانا هەیە. چیتر قوتابخانەی حیزبی یاخود حیزب وەک قوتابخانە ناتوانێ دابینکەر و بەرهەمهێنەری وەها هێزێک بێت.

دیجیتاڵ لەڕێگای هێنانە ئارای زۆری چالاکانەوە، ئەو چالاکانەی وا چلۆنایەتییان زۆر جار باشترە لە حیزبییەکان، بەشێکی زۆری ئەرکەکانی ئۆپۆزیسیۆنی گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگا. لێرەدا ئیتر جۆرێک لە دوورکەوتنەوە لە حیزب لە فەزای گشتیدا درووستدەبێ.

بەگشتی دەتوانین بڵێین هاتنی دیجیتال، کۆمەڵیک تایبەتمەندیی لەگەڵ خۆی هێناوە کە هێشتا بە جوانی نەخوێندراونەوە و بۆیە هێشتا بەتایبەت ئۆپۆزیسیون نەیتوانیووە خۆی لە گەڵ ئاسەوارەکانی رێکبخا.

بەڵام گەشبینین بەوەی دیجیتاڵ بە گشتی دونیای گۆڕیوە و یەک لەوان بەتایبەت بنەما کۆمەڵایەتییەکان. بۆیە دەبێ بەردەوام چاوەڕوانی ئەنجامە بەکردەوەکانی بین.

 Bilderesultat for ‫دیجیتال‬‎