ما 7104 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کێشەی ئەخلاق و سیاسەت

سەرهەڵدانی مەکیاڤیللی و جیاکردنەوەی سیاسەت لە ئەخلاق لەلایەن ئەوەوە بە یەکێک لە پێناسەکانی سەردەمی مودێڕن دادەنرێ. لای مەکیاڤیللی راگرتنی دەسەڵات و پاراستنی هێمنی و ئاسایش ئەرکی سەرەکیی دەسەڵاتە و بۆ ئەوەی دەسەڵاتدار بتوانی بەم ئەرکەی خۆی هەستێ پێویستە گوێ نەداتە ئەخلاق!

بە واتایەکی تر مەکیاڤیللی لای وابوو سیاسەت خاوەن یاسا و رێسای خۆیەتی و نابێ لەگەڵ بەشەکانی تر بۆ وێنە ئەخلاق تێکەڵ بکرێ. بەم شێوەیە سیاسەت بوو بە زانستێکی دابڕاو لە ئەخلاق. هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە لەوە پێش لە پێوەندیی نێوان ئەم دووانەدا کێشەیەک لە ئارادا نەبووە، کاری مەکیاڤیللی ئەوە بوو ئەم جیابوونەوەیەی بەفەرمی کرد.

لە راستیدا مەکیاڤیللی روانگەیەکی پوزیتیڤیستی لەسەر سیاسەت هەبوو. وەک چۆن فیزیکدانێک لەکاتی لێکۆڵینەوەدا کاری بە سەر ئەخلاقەوە نیە، ئەم بیرمەندە لای وابوو کاری سیاسەتمەدارێکیش هەر بەم چەشنەیە.

بەڵام ئەو لەبیری کرد سڕینەوەی سیاسەت لە ئەخلاق، خۆی جۆرێکە لە ئەخلاق. کاتێک دەسەڵاتدار لەپێناوی مانەوە و راگرتنی دەسەڵاتدا دەتوانێ فێڵ بکا و بکوژێ لە راستیدا جۆرێک لە ئەخلاق لە کردەی خۆیدا رەچاودەکا بە ناوی کردەی ئەخلاقیی خراپ. مەکیاڤیللی تەنیا سڕینەوەی ئەخلاقی باشی لە سیاسەتدا برەوپێدا. کەواتە قەت سیاسەت لە ئەخلاق بێ بەری نەبووە.

رەنگە قەت بەقەدەر ئەم سەردەمە مرۆڤ عەوداڵی گەڕانەوەی ئەخلاق بۆ سیاسەت نەبووە. ئەخلاق ئەو شتەیە سیاسەت ئینسانی دەکا و دەتوانێ هێمنی و ئارامیی راستەقینە دەستەبەر بکا.

هەموو کیشەکە ئەمەیە: داخۆ مرۆڤ دەتوانێ پێوەندێکی تۆکمە لەنێوان ئەم دووانەدا سازبکا، یان بەردەوام بەرەو پیشوازیی کارەساتەکان دەڕوا؟

سایتی قەڵەم

٢٣ ئۆکتۆبری ٢٠١٩

Bilderesultat for ‫ماکیاولی و سیاست‬‎

گەڕان بۆ بابەت