ما 7660 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 فەڕۆخ نێعمەتپوور

ـ دەی باشە ناکرێ بە بێ نەڕەنەڕیش بیخوێننەوە؟

ـ شەڕە،... مەگەر شەڕ وا نیە؟

ـ خۆ ئەمەی دەیخوێنێتەوە لە شەڕەکەدا نیە، ئەوانی ترن شەڕدەکەن، ئیتر ئەم بۆ گڕی گرتووە!

ـ رەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت وای دەخوێنێتەوە!

ـ بە نەڕە نەڕ کەس نەبووە بە قارەمان،... ئەمەیش لەسەریان!

هەواڵەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پیاوەکەی من، پیاوێکی زۆرخۆرە. جاران وانەبوو، ماوەیەکە وای لێهاتووە. رەنگە بپرسن چەندە دەبێ؟ دەبێ بڵێم رەنگە چەند ساڵێکە. کتوپڕ دەستی کرد بە زۆرخواردن. دەخوا و دەخوا. سەوزەیشی لەگەڵا. زوو زوو ئاویشی بەسەردادەکا و هەمیشە میشە میشیشی دێت. لە کاتی خواردندا قسەناکا. تەنیا دەڕوانێ. لەم لا، لەولا، لە من، لە سەقفەکە، لە سفرەکە، لە پەنجەرەکە و لەوێوە لە دەرەوە، ئیتر هەرچی دەستکەوێ و چاو و نیگا بتوانێ بیانقۆزێتەوە.

رادیۆکە هەمیشە لە تەنیشتی منیشدا لە سەر سفرەکە دەنگی دێت. هەواڵە، باشتر بڵێم هەواڵەکانن. من لەم ئیزگەوە بۆ ئەوی تریان دەچم، لە ئەوی تریشیانەوە بۆ ئەوەکەی دیکەیش. باسی شەڕە. بە خۆشییەوە کاتەکانیان کەمێک جیاوازە و بۆیە فریای هەموویان دەکەوم. رادیۆکە نرکەی دێت. ژوورەکە لێواولێوی دەنگ دەبێت.

مێردەکەم بەدەم پاروو جاوینەوە دەڵێ:

ـ دەی باشە ناکرێ بە بێ نەڕەنەڕیش بیخوێننەوە؟

من کە پێم ناخۆشە، سەرهەڵدەبڕم و لێی دەڕوانم و دەڵێم:

ـ شەڕە،... مەگەر شەڕ وا نیە؟

ـ خۆ ئەمەی دەیخوێنێتەوە لە شەڕەکەدا نیە، ئەوانی ترن شەڕدەکەن، ئیتر ئەم بۆ گڕی گرتووە!

میشە میشەکەی بەرزو بەرزتر دەبێتەوە،... دیسان چاوەکانی لەسەر دەورووبەری دەستدەکەنەوە بە گەڕان. دەڵێم:

ـ رەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت وای دەخوێنێتەوە!

ـ بە نەڕە نەڕ کەس نەبووە بە قارەمان،... ئەمەیش لەسەریان!

ـ پێم وانیە بیەوێ ببێ بە قارەمان.

ـ من پێم وایە. ئەوە دەیبینی.

ـ بەخوا سەیری!

ـ پیاوەکان شەڕدەکەن و تۆیش گوێیان لێدەگری.

ـ مەبەستت چییە؟

ـ هیچ، هەروا وتم.

میشە میشەکەی واز ناهێنێ،... دەبێتە هەناسەبڕکێ. جاری وایە ترسم لێ دەنیشێ.

هەواڵەکە باسی شەڕێکی قورسە. سەربازێکی زۆر و زەبەندەی کوژراو و دیل هەیە. هەستدەکەم مێردەکەم پارووەکانی گەورەتر دەبن. هەناسەی سوارە. نیگاکانی لە ساتێک لەمەوپێش زیاتر بە ژوورەکەدا دەگەڕێن. جاری وایە نیگاکانی بۆ ناو چاوەکانی ناگەڕێنەوە. بەڵام ئەو پەلەی نیە، لەسەریان رادەوەستێ. بە خۆشییەوە ئەوانیش زۆر ماتڵی ناکەن. دەگەڕێنەوە. دەڵێم:

ـ دەبێ بزانین دونیا چ خەبەرە، خۆ هەر ئاوا نابێ، خۆ ناشوکری نەبێ لەهەموو شوێنێ بەزمە،... شەڕە.

ـ ئەرێ، منیش لەبەر ئەمە دەڵێم، شەڕی ئەمانت بەس نیە و خۆت بۆ بیستنی ئەوانیش هەڵدەدەی!

ئەم بەیانییە بوو، لە دوورەوە دەنگی فڕۆکە دەهات. لە دراوسێکانەوە دەنگی قیژە قیژ و هات و هاواری خەڵکی بەرزبووەوە. بێگومان بەرەو ژێرزەمینییەکانیان هەڵاتوون. بەخۆشییەوە هەر دەنگێکی دوور بوو و بەس. فڕۆکەکان نزیک نەکەوتنەوە. دەڵێم:

ـ ئەم دوو شەڕە جیاوازن.

ـ جیاوازن؟

ـ جیاوازن.

ـ چۆن؟

ـ ئەوەیان شەڕی ناو غەددارەکانە و ئەمیان شەڕی نێوان غەددار و کوڕچاکەکان.

ـ ئەم نەڕەنەڕە لە کاتی خوێندنەوەی هەواڵدا ئەمە ناڵێ.

ـ مەبەستت چییە؟

ـ نازانم، بەڵام لەوە دەچێ فێڵێکی تیابێ، ئاخر چ پێویست بەمە دەکا؟

من کە بۆم دژوارە شی بکەمەوە، دەڵێم:

ـ لەهەموو شوێنێک وەهایە.

ـ لە هەموو شوێنێک؟

ـ لە،... لە هەموو... شوێنێک.

ـ دڵنیایی؟

ـ باشە تۆ کارت بەمەی چییە، گوێ لە هەواڵەکە بگرە نەک دەنگەکە،... سەرنجت بچێتە سەر هەواڵەکە!

ـ چۆن؟ من پێم ناکرێ،... یەعنی مەگەر ئەم نەڕەنەڕە دەهێڵێ.

مێردەکەی من لە شەڕ ناترسێ. کاتێک فڕۆکەکان دێن وەک خەڵکی نیە رابکا، لە ترسا بنەڕێنێ و بلەرزێ. ئەو تەنیا وەک هەمیشە چاوەکانی دەگەڕێن. رەنگە ئەمجارەیان بە کەمێک سەرسوڕمانی زیاترەوە. دەڵێم:

ـ ئەوەندە مەخۆ، باش نیە،... ئاگات لەخۆت بێت.

سەیری سفرەکە دەکا و دەڵێ:

ـ برسیمە،... برسیمە ئافرەت.

ـ تۆ بخۆ و میشەت بێت و ئەوانیش بە سکی برسی شەڕت بۆ بکەن.

ـ بۆ من؟... چووزانی؟... تازە بە من چی. بۆ منی بۆ دەکەن،... بۆ خۆیانی دەکەن.

ـ بە تۆ چی!؟

ـ ئەی بە من چی.

ـ جا لە بەر من و تۆ نەبێ بۆ خۆیان بە کوشت دەدەن، مەگەر خوا شێتی کردوون؟

ـ رەنگە.

تەواو رقم هەڵدەستێ. من کە بەهۆی ئەم قسەوباسەوە بە جوانی گوێم لە هەواڵەکە نەبووە، دەست دەبەم و ئیزگەکە دەگۆڕم. بە دەم گۆڕینییەوە دەڵێم:

ـ نەتهێشت گوێم لە هەواڵەکانیش بێت.

دووای کەمێک جیقە و فیقە رادیۆکە دەچێتە سەر ئیزگەکەی تر. ئەویش بە خۆشییەوە رێک لە کاتی خوێندنەوەی شەڕدایە. دەڵێم:

ـ با گوێمان لێی بێت.

مێردەکەم وەڵام ناداتەوە و خەریکی خواردنە. دەورییەکی تر دەکێشێ. ئەو لە دونیادا حەزیشی بە نانی تازەیە. نان لەواشەکە هێشتا بۆنی تازەی لێ هەڵدەستێ.

ئیزگەکە هەواڵی شەڕێکی قورس دەخوێنێتەوە. باسی کوژراو و بریندارەکانی دوژمنە. من وەک هەمیشە سەرم بە ئازایەتییان سوڕدەمێنێ و بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانم. کتوپڕ لە کۆتایی هەواڵەکە ئیزگەکە باس لە دوو شەهید و سێ برینداری خۆیان دەکا. بە خوێندنەوەی یەکەم ناو نا بە خوێندنەوەی دووهەم ناو کەوچکەکەم لەدەست بەردەبێتەوە و، بەدووادا دەکەوم. مێردەکەیشم لە مڵچە مڵچ دەکەوێ. نیگای لەسەر من قەتیس دەمێنێ. قیژەیەکی بەرز لە ژوورەکە شوێن بە ئیزگەکە چۆڵ دەکا.

 

لەو رۆژە چەندین هەفتە تێپەڕیوە. من چیتر رادیۆکە بە کاتی نیوەڕۆ ناگرم. من کە هەمیشە سەرم دێشێ و پەڕۆیەکم بە سەرمەوە بەستووە و چاوەکانیشم سوورن، بە چاوە فرمێسکاوییەکانمەوە بە مێردەکەم دەڵێم بخۆ بۆ ناخۆی! ئەو وەک هەمیشە نیگاکانی دێن و دەڕۆن. وەیلان.

هەڵدەستم. دەچم رادیۆکە، کە لە سەر تاقەکەیە هەڵدەگرم و دەیهێنم. دەیهێنمەوە بەردەست.

لە دووای چەندین هەفتە سەرلەنوێ ئیزگەکان دەگرمەوە. ئەویش دەستدەکاتەوە بە خواردن.

Bilderesultat for war kunst

گەڕان بۆ بابەت