فەڕۆخ نێعمەتپوور

 بەداخەوە لە سەردەمێکدا ئێمەی تیا دەژین دەقە وەرگێڕدراوەکانی ئەدەبی تەنیا لە رێگای زمانەوە لەگەڵ خوێنەر پێوەندی بەرقەراردەکەن و بۆیە ئەو چێژەی ئەم دەقانە بە خوێنەری زەمانی سەرەکییەکەی دەیبەخشن، بە خوێنەری زمانی دووهەم نایبەخشن.

 

دەق، کلتور، زەمەن

فەڕۆخ نێعمەتپوور

زمان و کلتور پێوەندێکی نەچڕاویان لەگەڵ یەکتردا هەیە. بۆیە لە کاتی فێربوونی زماندا گەلێک گرینگە لە کلتوری ئەو وڵاتە یاخود ئەو کۆمەڵگایەی وا زمانەکە تێیدا زمانی سەرەکییە، ئاگادار بین. بە بێ ئاگاداریی کلتوری، رەوتی فێربوونی زمان قۆرتی گەورەی تێدەکەوێ و پرۆسەی فێربوون بەتووش کێشەوە دەبێ.

وەک دەیشزانین کلتور خاوەن مانا و پانتاییەکی بەرینە و بۆیە ئاشنابوون لەگەڵیا کارێکی فراوان دەخوازێ. لێرەوە زەمەن (کاتی فێربوون) و ماندووبوون دوو رەگەزی ترن کە خۆ بە ناو پانتایی فێربوونی زماندا دەکەن.

ئەمە، دەقە وەرگێڕاوەکانیش دەگرێتەوە. بۆ ئەوەی لە دەقێکی شیعری یاخود دەقی چیرۆک و رۆمان کە کراون بە زمانێکی تر بگەین، گرینگە لە کلتوری زمانی سەرەکیش بگەین. بەداخەوە لە سەردەمێکدا ئێمەی تیا دەژین دەقە وەرگێڕدراوەکانی ئەدەبی تەنیا لە رێگای زمانەوە لەگەڵ خوێنەر پێوەندی بەرقەراردەکەن و بۆیە ئەو چێژەی ئەم دەقانە بە خوێنەری زەمانی سەرەکییەکەی دەیبەخشن، بە خوێنەری زمانی دووهەم نایبەخشن.

لێرەوە تەنانەت ئەگەر وەرگێڕیش ئەوپەڕی دیقەت و وردبینی لە کاتی تەرجەمەدا پیشاندابێ، دیسان دەبینین خوێنەری بەرهەمەکەی ناتوانێ بەو شێوەیەی وا پێویستە لەگەڵ دەقی وەرگێڕدراو تەماس بگرێ و زۆرجار لەبەرچاویا بێتام و کەمبایەخ دەنوێنێ؛ یاخود پێی سەیرە ئاوەها ئەو دەقە، گرینگیی لەم چەشنەی پێدراوە و لە ئەدەبی جیهانیدا بەو رادەیە ناسراوە.

جگە لە پرسی زمان کە تێیدا هەر زمانەی دەتوانێ شێوازی تایبەت بۆ دەربڕینی خۆی هەبێ و ئەمە لە زمانەکانی تر جیای بکاتەوە، پاشخانی کلتوریش زۆر دەور لە چلۆنایەتی دەقدا دەبینێ. لێرەوەیە گەلێک کەس لایان وا دەقی ئەدەبی لە بنەڕەتدا ناتوانێ وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی تر.

هەڵبەت هونەری وەرگێران پانتاییەکی بەرفراوان لە کلتوری جیهانی داگیردەکا و ئێمە ناچارین دەق تەرجەمە بکەین. بە بێ وەرگێڕان دیوار و سنووری نێوان مرۆڤەکان بەرزتر و فراوانتر دەبن و بۆیە تەرجەمە شوێنی تایبەتی خۆی هەیە. لە راستیدا مرۆڤ لە رێگای وەرگێڕانەوەیە دەستدەداتە ئاڵوگۆڕی بیروڕا و کلتور لە نێوان خۆیدا.

بەس وەک خوێنەر نابێ لەبیرمان بچێ کە دەق تەنیا وشە و رستە نیە و لە کاتی تەماسگرتن لەگەڵ ئەم جۆرە بەرهەمانەدا دەبێ هەوڵبدەین کەمێکیش (لانیکەم) لەگەڵ کلتوری زمانی سەرەکی ئاشنابین. بە بێ ئەم ئاشنایەتییە بەشێکی زۆری پەیام لێمان وندەبێ و لە کۆتاییدا دەبینین نە چێژێکی ئەوتۆمان بینیوە و نە زانیارییەکی وەهامان وەرگرتووە.

رەنگە جیمز جۆیس یەکێک لەو نووسەرانە بێت کە دەقەکانی بەجوانی هەڵگری ئەم تایبەتمەندییەن.

دیارە ئەمە دەکرێ لەناو یەک زمانیشدا رووبدات. دەکرێ ئێمە دەقێک بە هەمان زمان بخوێنیەوە کە زمانی خۆمانە، بەڵام پاشخانی کلتورییەکەی کەمێک جیاوازە.

بگرە تەنانەت زەمەنیش مۆرکی خۆی لە دەق دەدا و جیاوازیی نێوان نەوەکان کارتێکەریی هەیە لەسەر جۆری راڤەی دەق و تێگەیشتن لێی.

تەواوی ئەمانەی وا باسمان لێکردن بەرەو ئەوەمان دەبەن (لەپاڵ لایەنەکانی تری دەق، وەک تکنیک و سەبک و ...) کە تێگەیشتن لە دەقی ئەدەبی ئەوەندەی بەڕواڵەت خۆی دەنوێنێ تێگەیشتنێکی ئاسان نیە و پێویستی بە کار و ماندووبوونێکی باشە.

بەڵام دەبێ باس لەوەیش بکەین کە لە هەمان کاتدا جیاوازیی کلتور و زەمەن ئەو دەرفەتەیش دەخوڵقێنن خوێندنەوەی جیاواز بۆ دەقێک بکرێ کە لەناو کلتوری سەرەکیدا و لە زەمەنی سەرهەڵدانی ئەو دەقەدا ناتوانین بۆی بکەین.

لێرەوە دەق دەبێ بە سەرچاوە و بیانووی بێ ئەژمار خوێندنەوەکان.